روفاتی کۆچبەرانی ونبووی سەر سنووری نێوان پۆڵەند و بێلاڕووس دۆزرانەوە

16 August 2024
روفاتی کۆچبەرانی ونبووی سەر سنووری نێوان پۆڵەند و بێلاڕووس دۆزرانەوە
روفاتی کۆچبەرانی ونبووی سەر سنووری نێوان پۆڵەند و بێلاڕووس دۆزرانەوە

چیرۆکی دیارنەمانی کۆچبەران لە رێگەی قاچاخ یەکێک لە چیرۆکە هەرە تراژیدی و هەستیارەکانی ئەم چەند ساڵەی خەڵکی کوردستانە. 
زۆرجار دایکێک بە دەنگێکی لەرزیو و ماندووەوە پەیام بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا دەنێرێ و دەیەوێ سۆراخی رۆڵە ونبووەکەی بۆ بکەین. ئێمە ئەوەمان پێناکرێ، چونکە کەیسەکان یەکجار زۆرن. بەڵام کاتێک هەواڵێک لەوبارەیەوە دەبیستین، پەلەمانە زوو بڵاوی بکەینەوە. 
ئێستا لە پۆڵەند هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە روفاتی هەندێک لەو کۆچبەرانە دۆزراوەتەوە کە لەسەر سنووری نێوان پۆڵەند و بێلاڕووس دیارنەماون. سیاسپۆرا بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی راست و ورد لەسەر ئەو هەواڵە میوانداریی زیاد رەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەند کرد.  
لەم بارەیەوە زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەند رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەرمی گەنجێک دۆزراوەتەوە، گومان دەکرێت کورد بێت و تەمەنی لە 28 بۆ 35ساڵە، باڵای نزیکەی 180 سانتیم بووەو چاویلکەشی لەچاو بووە و هەروەها چاوەکانی قاوەیی و قژیشی رەش بووە، پۆلیس داوا دەکات هەر کەسێک بیناسێت هەواڵیان پێبدەن بۆ ئەوەی تەرمەکەی بدەنەوە دەست کەسو کارەکەی.
زیاد رەئووف داوای کرد هەر خانەوادەیەک بەر لە ساڵیک کەسێکیان لێ ون بووەو بەو تایبەتمەندیانەی باسمان کرد پەیوەندی بکات بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە ناسنامەی کەسەکە.
چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا 40٪ کەمیکردووە
لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا داتای نوێ لەسەر کۆچبەران بڵاوکرانەوە. 
پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا (فرۆنتێکس)، کە بارەگا سەرەکییەکەی لە پۆڵەندە، رایگەیاندووە لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 113 هەزار و 400 کۆچبەر لەلایەن ئەو ئاژانسەوە لەسەر سنوورەکان گیراون و زانیارییەکانیان تۆمار کراوە. ئەمەش دەکاتە 40% کەمتر بە بەراورد بە ساڵی رابردوو. 
کۆچبەران زۆرتر لە سێ رێگەی سەرەکییەوە بەشێوەی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە نێو یەکێتیی ئەورووپا. 
رێگەیەکیان ئەوەی وڵاتانی بالکانە. رێگەیەکیان یۆنان و ئیتاڵیایە. رێگەی سێیەمیش لەرێگەی ئەفریقایە. 
وەک فرۆنتێکس باسیدەکات رێگەی ئەفریقا وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵام لە دوو رێگەکەی دیکە رێژەکە زۆر کەمبووەتەوە. 
ئەڵمانیا.. هێرشکردنەسەر کۆچبەران بەراورد بە ساڵی رابردوو 70٪  کەمیکردووە

لە ئەڵمانیا و سەرتاسەری ئەورووپا و تەنانەت ئەمریکاش گوتاری دژی کۆچبەران و ئەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە بەهێزە و دەنگ کۆدەکاتەوە. 
پۆلیسی ئەڵمانی دەڵێت ئەمساڵ بەراورد بە پار کەمتر رووداوی هێرشکردنە سەر کۆچبەران تۆمارکراون. 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 519 کەیسی هێرشکردنە سەر کۆچبەران هەبووە، ساڵی 2023 لە هەمان ماوەدا 1155 کەیس تۆمارکراون. بەدرێژایی پاریش 2450 کەیس هەبوون. 
شارەزایانی پۆلیس دەڵێن زۆربەی کەیسەکانی هێرشکردن لەو ناوچانە تۆمارکراون کە بەمنزیکانە هەڵبژاردنی لۆکاڵییان تێدا دەکرێن. وەکو توورینگن یان باڤاریا. لە شوێنەکانی وەکو بەرلین و هامبورگ و برێمن رێژەی هێرشەکان لەخوارەوەیە. 

ئەڵمانیا چوار کەس بە تاوانی کوشتنی کۆچبەرێک رادەستی هۆڵەندا دەکاتەوە
لە ئەڵمانیا لە شاری (رێمشاید) 4 کەس بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی کۆچبەرێکدا لە هۆڵەندا دەستگیرکران. 
مانگی رابردوو، لە شاری دێنهاخ و لەتەنیشت باڵەخانەی پەرلەمانی هۆڵەندا گەنجێکی 23 ساڵەی کۆچبەر هێرشی کرایەسەر و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. 
ئەو چوار کەسەی گیراون تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 23 ساڵدایە و بەفەرمانی دادگای هۆڵەندی پۆلیسی هۆڵەندا داوای لە پۆلیسی ئەڵمانی کردووە رادەستیان بکاتەوە. 
گەنجە کوژراوەکە لە کەمپێکی پەنابەراندا دەژیا. خەڵکی سۆماڵ بوو و سێ ساڵ بوو هاتبووە هۆڵەندا.  


ئەمساڵ زیاتر لە 33 هەزار کەس لە سوێد پاسپۆرتیان وەرگرتووە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە سوێد 33 هەزار و 633 کەس وەڵاتینامە (پاسپۆرت)ی سوێدییان وەرگرتووە. زۆربەشیان هاووڵاتیی سووریا و ئەفغانستان و ئەریتیریان. 
هەر لەو ماوەیەدا 47 هەزار و 700 کەس مافی مانەوەیان دراوەتێ. ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2023 زیاترە، کە ئەوکات 45 هەزار و 138 کەس مافی مانەوەیان وەرگرتبوو. 
پێویستە بگوترێ کە زۆرینەی ئەوانەی مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بۆ کار وەریانگرتووە نەک وەک پەنابەر. زۆرتریش لە بوارەکانی ئای تی و ئەندازیاری و کەسانی خاوەن بڕوانامەی زانکۆیین. 
ئەڵمانیا.. کۆنفرانسێک بۆ گەنجانی سەربەخۆی کوردستانی لە دیاسپۆرا بەڕێوەدەچێت
لە شاری هامینکلن لە ئەڵمانیا. گەنجانی دیاسپۆرانشین لە سەرتاسەری دنیاوە هاتوون و رۆژی شەممە و یەکشەممە 17 و 18/8/2024 کۆنفرانسێک لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت، بەناوی کۆنفرانسی گەنجانی سەربەخۆی کوردستانی لە دیاسپۆرا. 
گەنجە بەشدارەکان خوێندەوار و چالاک و پڕ لە وزەن و پلانیان زۆرن. تیمی دیاسپۆرا بەشێوەیەکی مەیدانی چووە نێو  هۆڵی کۆنفرانسەکە تاوەکو لە نزیکەوە لەسەر پلان و ئامانجی کۆنفرانسەکە لە زاری چەند رێکخەرێکی کۆنفرانسەکەوە بە بینەرانی ئاشنا بکات. 
هەریەکە لە رێزان عەبدوڵڵاهی و رۆژدا باکووری لە رێکخەرانی کۆنفرانسی گەنجانی دیاسپۆرا بوونە میوانی دیاسپۆرا. سەرەتا رێزان عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە، ئەوان هەوڵدەدەن گرنگیی زیاتر بە چالاکییەکانی کورد بدەن لە دیاسپۆرا و گوتی"دیاسپۆرای کورد رۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێستا بایەخی زۆر زیاتر بووە".
رێزان عەبدوڵڵاهی لەبارەی پانێڵەکانی کۆنفرانسەکە گوتی" لە کۆنفرانسەکە چوار پانێلی تایبەت بە چالاکیی گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا بەڕێوەدەبەین، بریتین لە پانێلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پانێلی وەرزشی، پانێلی هونەر و سینەما و پانێلی ئەدەبیات و وەرگێڕان، بەڵام زیاتر گرنگی بەلایەنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەسانی شارەزای کوردی دیاسپۆرا دەدەین، دەیانکەین بە سەکۆیەک بۆ ئەوەی کورد زیاتر لێک نزیکببنەوەو یەکتر بناسن و ئامانجە گەورەکەی دۆزی کورد بەڕوونی بگەیێنین و هەروەها کاری بۆ بکەین و بیهێنینەدی".
 
رێزان عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە بۆ کۆنفرانسەکە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی بواری سیاسیی کورد لە دیاسپۆرا بانگهێشتکراون، چونکە ئەوان کاریگەرییان زۆرە و دەڵێت"گرنگی و بایەخی کوردی دیاسپۆرا بۆ ئامانجە گەورەکە کە سەربەخۆییە پاڵپشتییەکی بەهێزە". 

لای خۆیەوە رۆژدا یاشک، کە ئەمیش یەکێکە لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە گوتی" ئێمە جیاوازی لە نێوان کوردی هیچ پارچەیەک ناکەین و وەک یەک پارچە کاردەکەین و یەک ئامانجمان هەیە ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە بە هەموو پارچەکانییەوە"، دەشڵێت"هەموو پارچەکانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەتوانن هاوکاری یەکدی بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە".

رۆژدا یاشک روونیکردەوە، ئامانجێکی دیکەی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە دەیانەوێ لە رێگەی کۆنفرانسەکەوە خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ کوردستان لە رێگەی دیاسپۆراوە دابین بکەن.

رۆژدا یاشک ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵدەدەین لە دیاسپۆرای کورد پێناسەی سەربەخۆیی بکەن.

رۆژدا یاشک گوتیشی" هەرچی کورد دەیکات بۆ خزمەتکردنە بە نیشتمانەکەی و ئێمەش لە کۆنفرانسەکەدا کار بۆ ئەمە دەکەین".

هەر لە کۆنفرانسی گەنجانی سەربەخۆی کوردستانی لە دیاسپۆرا، یەکێک لە بەشداربووان خاتوو هیڤرۆن بوو، کە خانمێکی هونەرمەندی کوردی دیاسپۆرایە و کەسێکی زۆر بەناوبانگە و جگە لە کاری هونەری لەبواری تەندروستیشدا چالاکە، ئەو لەدایکبووی سوێدە و ئێستا لە کەنەدا کاری هونەری دەکات، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو و باسی کۆنفرانسەکەی  و کارەکانی کرد و رایگەیاند، کوردانی دانیشتووی سوێد لە زۆربەی بوارەکاندا سەرکەوتوو بوون و دەڵێت"کوردانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە دەرەوە یەکگرتووترن، بەگشتی کورد لە دیاسپۆرا توانیوێتی سەرکەوتنی باش بەدەست بێنێت و دڵنیام ئەم کۆنفرانسەش ئامانجەکە نزیک دەکاتەوە".
سەبارەت بە دیاسپۆرای کوردی لە سوێد هیڤرۆن دەڵێت" کورد لە سوێد کاریگەریی زمانەکانی دیکەی لەسەرە و بۆیە هەمووان ناتوانن فێری کوردییەکی باش بن، بەڵام کاتێک چوومە کەنەدا لەوێ فێربوونی زمانی کوردی ئاسانتر بوو بۆم و لەوێ بەباشی فێربووم".
هیڤرۆن کە ئێستا نیشتەجێی کەنەدایە روونیکردەوە، کە لە کەنەدا ئەو سنووردار نەبووە بۆ چالاکیی نەتەوەیی و توانیویەتی بچێتە دەزگاکانی راگەیاندن و لەگەڵ کارەکەی دۆزی نەتەوەکەی زیاتر بگەیێنێت و دەشڵێت"لە ساڵی 2015 دوای کارەساتی سەر ئیزدییەکان لەلایەن داعشەوە هاوکاریی خەڵکی شنگالم کردووە لەڕووی تەندروستییەوە".
لەبارەی پێکەوە کارکردنی هونەر و تەندروستی هیڤرۆن دەڵێت" کاری هونەری و چالاکیی تەندروستیم گرێدراوی یەکدین و دڵخۆشم بە هەردووکیان".
لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا فێستیڤاڵی هەموو رەنگێکی ژیان بەڕێوەچوو
فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە خواردنە کوردییەکان
لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە خواردنە کوردەوارییەکان بەشدارن

رۆژانی رابردوو لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا فێستیڤاڵێکی کولتووریی پڕ لە رەنگی جوان و بەناوی (هەمی رەنگێن ژیانێ) بەڕێوەچوو.

دەقی نیوزفیچەری  (هەمی رەنگێن ژیانێ) لە ئەڵمانیا:

دەنگی سروشتی....

ئەحمەد
هاونیشتمانی

ئەمڕۆ ئـێمەی کورد لێرە کۆبووینەتەوە، بە دلێكی نەتەوەیی و بە عیشقەوە، کارەکەمان کارێکی نەتەوەییە و  سەر بەهیچ لایەنێک نییە، بۆیە هەموو کەسێک هات و من پێیانەوە سەربەرزم و دەست و چاویان ماچ دەکەم، ئەمانە شێری کوردن، نەک ژنی کورد، ئەمڕۆ شێرە کوردەکان سەلماندیان ئەوان کێن، ساز، ئاواز و شێوەکار و هونەرمەند و هەموویان لێرە ئامادەبوون.

دەنگی سروشتی..
جیهان
هاونیشتمانی

زۆر سوپاسی هەمووان دەکەم، بەتایبەتی ژنانی ئێمەی عەفرینی کە زۆر ماندووبوونە و ئامادەکاریی زۆریان کردووەو نان و شیویان ئامادەکردوون و ئێمە زۆر دڵخۆشین و با ماندووبوونەکەیان بە ئێمە حەلال بکەن.

ناوم جیهانە و خەڵکی کۆبانێم و لە هۆڵەندا نیشتەجێم و هاتووین بۆ ئەڵمانیا بۆ بەشدارییکردن لەو ئاهەنگەدا و زۆر پێی دڵخۆشین ، بەڕاستی ئێمەی کورد بریندراین و زۆر ئازارمان چەشتووەو هەرچەندە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەویە کەمێک لەو ئازارەی هەمانە کەم بکەینەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانین ئەو ئازارەی چەشتوومانە لەبیری بکەین و هەمیشە لە دڵماندایە.

دەنگی سروشتی..
ئەمەل حەسەن
نووسەر

 وەک نووسەرێک و شاعیرێک لەو ئاهەنگەدا بەشداربووم و  ماوەی دوومانگە ئامادەکاریی خۆمان دەکەین بۆ ئەم ئاهەنگە ، ژن رەنگی ژیانە و ژیانیش رەنگی ژنە بۆیە ئاهەنگەکە پیرۆزە.

دەنگی سروشتی..

ئێمە وەک ژنی کورد خۆمان بە سەربەرز دەبینین و ئاڵای کوردستان بەرزدەکەیەنەوەو بۆیە ئێمە لەهەر شوێنێک بینین ئێمە هەر ژنەشێری کوردین، بۆیە بەڵێنمان داوە سازش لەسەر ماف و ئازادییەکانمان ناکەین تاوەکو وڵاتەکەمان ئازاد نەبێت ، سوپاس بۆ هاتنی ئیوەو هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم چالاکییە دەخوازین و بەردەوام بن و بژی کورد و بژی کوردستان.

دەنگی سروشتی..

ناوم جیهانە و لە ئەلمانیا لە دایکبوومە و دایک و باوکم خەڵكی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانن و بەهۆی ئەوەی من لە ئەڵمانیا لەدایکبوومە و ژیاوم زۆر دڵخۆشم لێرەم کە بەشێک لە کولتووری نەتەوەکەم ببینم و من بەهەمووی یەک و دوو جار سەردانی عەفرینم کردووە، بۆیە من دڵخۆشم بەو ئاهەنگ و چالاکیە و  فێربین و دواتر منداڵەکانیشمان فێر بکەین ، بۆیە پێم کارێکی زۆر باشە و دەستخۆشیان لێدەکەم.
 
لە هۆڵەندا داوا لە هونەرمەندێک کورد دەکرێت مۆنیومێنتەکان نۆژەن بکاتەوە
ئەحمەد عەبدۆ دەمێک نییە هاتووەتە هۆڵەندا. کارە هونەرییەکانی بە دار سەرنجی هۆڵەندییەکانی راکێشاوە. بەتایبەتیش لە شاری فالکنبورگ، کە یەکێک لە خۆشترین شارە گەشتیاری مێژووییەکانی ئەو وڵاتەیە، داوای لێدەکرێ شوێنەوار و مۆنیومێنتەکانیان بۆ نۆژەن بکاتەوە. 
فیچەرێکی سەرنجڕاکێشی هاوکارمان جەنگۆ شەریفی. 

ناوم ئەحمەد عەبدۆیە، خەڵکی عەفرینم، لە ساڵی 1973 دەستم بە کاری نەقاڕی کردووە، سەرەتا لەسەر تەختە و کورسی دەستم پێکرد هێواش هێواش، دواتر تابلۆم دروست کرد، کاتێک هاتمە هۆڵەندا لە کامپ بووم، لەوێ لەسەر مێز و کەلوپەلەکان وێنەم دروست دەکرد، ئەوکات بەڕێوەبەری کامپەکە کە کەسێکی هۆڵەندی بوو، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەندین وێنەی منی بڵاوکردەوەو منی ئاشکراکرد کە کەسێکی سووری لە کەمپەکەیەو کەسێکی لێهاتووەو وێنەی جوان لەسەر تەختە دروست دەکات، دوای ئەمە چەند کەسێکی هۆڵەندی هاتنە لام لە کەمپ و تەختە و کەلوپەلی نەقارییان لەگەل خۆیان هێنا و تاوەکو من وێنەیەک دروست بکەم و ئیتر دروستم کرد و ئەوان هاوکارییان کردم.
مریام ئۆدێکێرکن
هاوکاری ئەحمەد عەبدۆ

 لێرە لە فالکنبورخ ئەحمەدمان ناسی. ئەو زۆر بیری پیشەکەی خۆی دەکرد. بۆیە لەسەر فەیسبووک بانگەوازێکمان کرد بۆ ئەوەی خەڵک یارمەتیمان بدەن بە کەرەستەی دارتاشی. بەهاوکاریی هاوڕێیەکی من کە ئەویش هونەرمەندە ئەو کەرەستانەمان دەستکەوت. ئیتر دوای ئەوە داوامان لە ئەحمەد کرد کە دەمانەوێ لێرە لە فالکنبورخ مۆنیومێنتێک نۆژەن بکەینەوە. بەڵام بینیمان هێندە کۆن بووە کە ناچار بووین مۆنۆمێنتێکی نوێ دروست بکەین. ئیتر ئەحمەد دەستی پێکردووە و هەفتانە خەریکی ئەوەیە کە مۆنۆمێنتەکە دروست بکات. 

ئەحمەد عەبدۆ
هونەرمەند
تابلۆیەک هەبوو بەناوی شێری هۆڵەندا، گەیاندیان بە پادشای هۆڵەندا، ئەوەبوو پاشا و خانەوادەی پاشای هۆڵەندا نامەیەکی سوپاسگوزارییان بۆ ناردم و دیارییان بۆ ناردم، دواتر چەندین پێشانگام بۆ کارەکانم کردەوە، هەروەها چەندین خەڵات و سوپاسگوزاریم لەلایەن شارەوانییە جیاوازەکانی هۆڵەندا بۆ هاتووە کەلە وێنەکاندا دیارن، گەورەترین خەڵاتیش لای من خەڵاتی پاشای هۆڵەندا بوو کە زۆر منی دڵخۆش کرد و سوپاسگوزاری ئەوم.
زۆر جار داوام لێدەکرێت بچم بۆ گوتنەوەی وانەیەک یان فێرکردنی ئەو خوێندکارانەی لەوبوارە دەخوێنن یان ئارەزووی دەکەن، منیش دەچم و فێریان دەکەم.
ئەمە تابلۆیەکی مۆنۆمێنتی کۆنی شاری فالکنبورگە و تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵە و داوایان لێکردم نۆژەنی بکەمەوە، ئەوەبوو جگە لە نۆژەنکردنەوە دانەیەکی دیکەشم دروست کرد کە چەندین مانگە خەریکم و لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەتەواوی کارەکانی تەواو دەبن و یەکێکیان لەبەردەم دەرگای قەڵای ناوبانگی ئەم شارە دادەنرێت.