وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پێدانی ڤیزە بە ماڵباتی کۆچبەران تۆمەتباردەکرێت

09 August 2024
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پێدانی ڤیزە بە ماڵباتی کۆچبەران تۆمەتباردەکرێت
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پێدانی ڤیزە بە ماڵباتی کۆچبەران تۆمەتباردەکرێت
سەرەڕای ئەوەی ساڵ و نیوێکە دۆسێی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەری بەردەوامن، بەڵام لەمڕۆژانەدا گوشارەکان لەسەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا تووندتر بوونەتەوە. بەتایبەتیش پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی ئەڵمانیا تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە بە ئاسانکارییەکانی بۆ پێدانی ڤیزا بە کۆچبەران سیستمی کۆچبەریی ئەڵمانیای تێکداوە. 
بەپێی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکراوە لە میدیای راسئاژۆی لیبراڵی ئەڵمانیادا ئانالێنا بێربۆک و تیمی وەزارەتەکەی رێنمایی نهێنییان بۆ ژمارەیەک باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا ناردووە، کە هەولێر و ئیستەنبوڵ و تارانیشی تێدایە و داوایانلێدەکەن پێدانی ڤیزا بە پەنابەران و ئەوانەی دەیانەوێ ماڵباتەکانیان بهێننە ئەڵمانیا قورس نەکەن. بەتایبەتیش لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانیان و لێکۆڵینەوە لە راستی یان ناڕاستییان کارەکە قورس نەکەن. 
ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت خانمی وەزیر، کە سەرۆکی پارتی سەوزەکانیشە، بە رەحم بڕیاریداوە و ئاسانکاریی بۆ هاتنی کۆچبەری زیاتر بۆ ئەڵمانیا کردووە. بێربۆک و وەزارەتەکەی بەبەردەوامی دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو بڕیار و سیاسەتانەی بۆ پێدانی ڤیزا و هاتنی کۆچبەران دایانناوە بەپێی یاساکان و بڕیارەکانی دادگاکانی ئەڵمانیا بووە. 
ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لە 19 دۆسێدا دەکات کە دەگوترێ بە ئاسانکاریی نائاساییی وەزارەتی دەرەوە ڤیزایان وەرگرتووە. 

دادگەی هۆڵەندا سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەر کۆچبەرێکی کورددا دەسەپێنێت
دادگای شاری ماسترێخت لە هۆڵەندا 14 ساڵ زیندانی بۆ پیاوێکی کۆچبەری کورد بڕییەوە. ئەویش لەبەرئەوەی دوو تاوە رۆنی قرچاندبوو و بە لەش و دەموچاوی دوو خانمی هۆڵەندییدا کردبوو. پێشتر داواکاری گشتی داوای 7 زیندانی بۆ ئەو کۆچبەرە کردبوو کە خۆی وەک (تاریق) ناساندووە. بەڵام لە یەکەمین دادگاییدا دادوەر پێیوابوو کەتنەکەی تاریق هێندە گەورەیە کە دەبێ 5 ساڵی دیکەش بچێتە سەر زیندانیکردنەکەی و ببێتە 12 ساڵ. 
ئێستا دادگای تێهەڵچوونەوەش پێیوایە کەتنەکە گەورەترە و جگە لە 14 ساڵ زیندان، بڕیاریداوە کە دەبێ ئەو کۆچبەرە کوردە 109 هەزار یۆرۆش وەک قەرەبوو بداتە دوو خانمەکە. 
رووداوەکە ساڵی 2022 لە کەمپێکی پەنابەراندا روویداوە. کۆچبەرە کوردەکە چەندینجار داوای پەنابەرییەکەی رەتکراوەتەوە و پێشیان راگەیاندووە کە لەو کەمپە دەیگوازنەوە بۆ کەمپێکی دیکە. ئەویش لە چێشتخانەی کەمپەکەدا دوو تاوە رۆنی قرچاندووە و بەئەنقەست کاخەزێکی سووتاندووە، بۆئەوەی ئالارمی چێشتخانەکە لێبدات و کارمەندانی کەمپەکە بێن. 
دوو ژنەکە کارمەند بوونە و یەکەمجار یەکێکیان بەپەلە خۆی گەیاندووەتە چێشتخانەکە. کوردەکە یەکسەر تاوەیەک رۆنی پێداکردووە. بەدوایدا هاوکارێکی ژنی هاتووە و ئەویش تاوەی دووەمی پێداکراوە. بەپێی گێڕانەوەکانی نێو دادگا یەکێک لە قوربانییەکان دوو رۆژ لە کۆمادا بووە. دوای ئەوەش هەردووکیان چەندین نەشتەرگەریی جوانکارییان بۆ کراوە. کۆچبەرە کوردەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. 

دانیمارک لەترسی تاوانکاریی هەرزەکاران خاڵی پشکنین لەگەڵ سوێد دادەنێت

پۆلیسی دانیمارکی بڵاویکردووەتەوە کە لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 11 کەیسی تاوانکاریی گەنجانی هەرزەکاری خاوەن وەڵاتینامەی سوێدی لە دانیمارک تۆمارکراون. 
تەنیا هەفتەی رابردوو 3 گەنجی خوار هەژدە ساڵ دەستگیرکراون کە هەوڵی کوشتنیان داوە یان تەقەیان کردووە یان هەوڵی تەقاندنەوەی شوێنانیان داوە. 
پێیتەر هومێلگارد، وەزیری دادی دانیمارک، رایگەیاندووە هەموو شتێک دەکەن بۆئەوەی ئەو تاوانکارییە رێکخراوە لە سوێدەوە زیاتر نەیەتە نێو دانیمارک. دووریشی نەخستەوە کە دەست بە دانانی خاڵی پشکنینی سنوور لەگەڵ سوێد بکرێ. 

لە هەفتەیەکدا 736 کۆچبەر بە نایاسایی لە فەرەنساوە چوونەتە بەریتانیا

لە رۆژانی رابردوودا، 736 کۆچبەر بە 15 بەلەم لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. 
ئەمە داتای وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیایە، ئەو کۆچبەرانە لە 1ی 8 تاوەکو 7ی 8ی 2024 بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەیشتوونەتە ئەوبەر. سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران نەیانتوانیوە بگەنە بەریتانیا و لە فەرەنسا ماونەتەوە. 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا راشیگەیاندووە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هێزێكی نوێ بۆ پاراستنی سنوورەکان بەردەوامن و ئێستا لە قۆناخی دامەزراندن و پەیداکردنی کارمەندی کارامەن بۆ ئەو هێزە نوێیە. وەک لە وردەکارییەکانی دروستکردنی هێزەکەدا دەردەکەوێ، کە حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، هێزێکی هاوشێوەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێ و مەشقپێکراو و بەباشی پڕچەککراو دەبێ. ئەرکی ئەوە دەبێ رێگە بگرێ لە پەڕینەوەی کۆچبەران لەڕێگەی ئاوەوە بۆ نێو بەریتانیا. 

دۆخی کورد لەنێوان راستڕۆکان و دژە رەگەزپەرستییەکانی بەریتانیا

لە بەریتانیا ئەمڕۆژانە دیاسپۆرای کوردی و کۆمەڵگە کۆچبەرییەکانی دیکە دۆخێکی سەختیان هەیە. راستئاژۆ تووندئاژۆکان هەڵمەتێکی تووندی دژە کۆچبەری و ئیسلامییان دەستپێکرد و هێرشیان کردە سەر دامەزراوە و مزگەوت و بزنسی خەڵکی کورد و ناکورد. 
ئێستا هەڵمەتێکی خۆپیشاندانی ئەوانە دەستیپێکردووە کە دەڵێن رەگەزپەرستی لە بەریتانیا رەتدەکەنەوە و دژی ئەو کارانەی راستئاژۆکانن. 
بەختیار مام شێخ، سیاسەتڤان لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا و ئەندامی شارەوانیی شاهانەی کینزنگتن و چێڵسی لەم بارەیەوە میوانی دیاسپۆرابوو و رایگەیاند، لە بەریتانیا دەیان مزگەوتی کوردی لێیە و تێیدا خەریکی خزمەتگوزارین و هێرشی سەر پەنابەرانیش لە ئەنجامی چەند هەواڵی درۆ روویداوە.
بەختیار مام شێخ گوتی" تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ نەکراوەتە سەر کوردانی بەریتانیا و حکومەت و پۆلیسی بەریتانیاش بە تووندی وەڵامی هەڵمەتی راستڕۆکان دەداتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 راستڕۆ سزا دراون".
بەختیار مام شێخ گوتیشی" تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کەس بە تاوانی بەشداری لە هەڵمەتەکە دەستبەسەرکراون، هەروەها پۆلیسی بەریتانیا نزیکەی 700 کەسیشی دەستنیشانکردووە کە دەستیان لە هێرشی سەر کۆچبەراندا هەیە".
بەختیار مام شێخ روونیکردەوە، حکومەتی بەریتانیا 22 ملیار پاوەند کورتهێنانی هەیە لە بودجەی ئەمساڵدا، بۆیە دۆخی ئابووری کاریگەریی لەسەر هەڵمەتی راستڕۆکان دەبێت.

کەمانژەنێکی کورد لە ئەڵمانیا چەند ئەلبۆمێک لەسەر میوزیکی کوردی بڵاودەکاتەوە

زەحمەتە کەس هەبێ گوێ لە میوزیکی کوردی بگرێ و بۆ جارێکیش بێ گوێی لە ژەنینێکی ئازاد خۆشناو نەبووبێ. بە پەنجە سیحراوییەکانی و بەو بزەیەی هەمیشە لەسەر لێویەتی، کەمانچەکەی دەکاتە ئامێرێکی ئەفسووناوی کە چیرۆکی زۆر پڕسۆز دەگێڕێتەوە. 
ئازاد خۆشناو لەدایکبووی شەقڵاوەیەو لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی میوزیکی دەبێت، بەتایبەتی ژەنینی ئامێری کەمان، ئەو دەڵێت" کاتێک تەمەنم هەشت ساڵان بوو ئامێرێکی کەمانیان بۆ دروست کردم و دەمژەنی، دواتر براکەم ئامێرێکی گیتاری کڕی و دواتریش ساز لە رێگەی ئەم دوو ئامێرەوە زیاتر ئارەزووی میوزیکم لا تۆخبوو، ئەو کات گوێم بۆ میوزیکی تیپی میوزیکی سلێمانی و هەروەها دهۆک دەگرت، بەتایبەت میوزیکەکانی مامۆستا دڵشاد".
ئازاد خۆشناو میوانی دیاسپۆرا بوو لە بارەی فێربوونی میوزیکەوە دەڵێت" لە منداڵییەوە هەوڵم بۆ فیڕبوونی میوزیک داوە، بەتایبەت کەمان، بەڵام ئەوکات لە شەقڵاوە هیچ میوزیکژەن و تیپێکی میوزیکی لێنەبوو، قورس بوو لە شوێنێکی ئاوادا بەباشی فێری میوزیک بیت، لە رێگەی تەلەفزیۆنی کەرکووک و رادیۆی کوردی لە بەغدا گوێمان لە میوزیک دەبوو"، دەشڵێت"کەمان لای من سازێکی پیرۆز بووە و بەردەوام میلۆدییە کوردییەکانم بە کەمان ژەنیوەتەوە و سوودم لە گرووپە میوزیکییەکانی سلێمانی و دهۆک وەرگرتووەو ئەوان بۆمن وەک قوتابخانەی میوزیک وابوون".
ئازاد خۆشناو روونیکردەوە، بەرهەمهێنانی ئەلبۆم کاری زۆر و ئیمکانیاتی زۆری دەوێت و بەرهەمهێنانی میوزیک پێویستی بە گرووپی ژەنیارە.
ئازاد خۆشناو گوتیشی"لە 2013 ئەلبوومێکی میوزیکی کوردیم بڵاوکردەوە بەناوی ئاوازەکانی چیای کوردان و  ئێستا نزیکەی 35 پارچە میوزیکی دیکەم ئامادەن وهەروەها چیرۆکی مەم و زینم بە کەمان گێڕاوەتەوە".
خۆشناو  دەڵێت"گوێگرتن لە میوزیک کاریگەریی لەسەر بارودۆخی خێزان هەیە".
ئازاد خۆشناو لە ساڵی 1996ەوە کوردستانی جێهێشتووەو لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیت.

یاریزانێکی گەنجی کورد لە وەرزشی کیک بۆکسینی ئەڵمانیا دەنگدەداتەوە
ئاراس سەردار سندی، یاریزانی کیک بۆکسینە و خەڵکی باشووری کوردستانە، ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە و خاوەنی چەند میدیالیایەکە لە کێشی خۆیدا.
ئاراس تەمەنی 18 ساڵە و ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو لەو بارەیەوە گوتی" کاتێک تەمەنم هەشت ساڵان بوو باوکم منی برد بۆ فێربوونی یاریی کاراتێ، دوو ساڵ یارییکردنی کاراتێم خوێند و بەباشی فێربووم".
ئاراس دەڵێت"دوای ئەوەی هاتینە ئەڵمانیا و لە شاری دۆسەڵدوورف نیشتەجێ بووین و دەستم بە فێربوونی یاریی کیک بۆکسێن کرد لەژێر سەرپەرشتی مامۆستاکەم سانکۆڤیچ، لە کێشی 70 کیلۆییدا".
ئاراس باسی یەکەم پاڵەوانییەتی خۆی دەکات کە چۆن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دەڵێت"پێش مانگێک لە رکابەرییەکی تووندا لەگەڵ یاریزانێکی هۆڵەندی یاریم کرد، ئەو یاریزانێکی زۆر بەهێز بوو، بەڵام باوەڕم بە تواناکانم هەبوو، ئینجا هەموو خانەوادەکەشم بۆ هاندانم لە نێو هۆڵەکە ئامادەبوون، بەیەک لێدان بەسەریدا سەرکەوتم، شتێکی زۆر خۆش بوو بۆ من  هەروەها بۆ خانەوادەکەم کە بۆ یەکەمجار پلەی یەکەمم بەدەستهێنا".
ئاراس سندی روونیکردەوە کە دەیەوێت بەردەوام بێت لە یاریی کیک بۆسکیندا و ئامانجی ئەوەیە لە هەموو رکابەرییەکاندا بەشداریی بکات و پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
ئاراس سەردار هەمیشە لەکاتی رکابەرییکاندا گوێ لە گۆرانییەکانی شڤان پەروەر دەگرێت و دەڵێت" گۆرانییەکانی شڤان پەروەر لەکاتی یاریی کیک بۆکسیندا وزەم پێدەدەن".