کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەریتانیا لەسەر کۆچبەران

05 July 2024
کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەریتانیا لەسەر کۆچبەران
کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەریتانیا لەسەر کۆچبەران

هەرچەندە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام هەموو ئەوانەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیایان کردووە دەڵێن ئەوەی روویدا (بوومەلەرزە) بوو. 

بوومەلەرزەیەک کە وایکرد ریشی سووناک، رێبەری پارتی پارێزگارەکان و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەست لە سەرکردایەتیی پارتەکەی بکێشێتەوە. ئەو ریشی سووناکە بۆ کۆچبەرانی کورد لە بەریتانیا ناوێکی ناسراوە. ناوێک کە مانگەکانی رابردوو کۆچبەرانی بە لێدوانەکانی رادەچڵەکاند و نادڵنیاتری دەکردن سەبارەت بە ئایندەیان. تاوەکو دوێنێش مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆچبەرانی کورد و ناکورد لە بەریتانیا هەبوو کە بنێردرێنە رواندا. 

رواندایەک کە خۆی نێوبانگێکی بەکێشەی هەیە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و لەسەر سنوورەکانیشی جەنگی ماڵوێرانکەر هەڵایساون. ئەمڕۆ وەک دوێنێ نییە. 
پارتی کرێکاران زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی هێناوە. ئەو پارتە لەسەرەتاوە رایگەیاندووە کە بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هەڵدەوەشێنێتەوە و ناهێڵێ جێبەجێ بکرێ. بەڵام هەڵوەشاندنەوەکە هێندە ئاسانە.




دووسبەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت

لەوبەری ئاو چەپئاژۆکان لە راستئاژۆکانیان بردەوە و دوای زۆرتر لە پازدە ساڵ، کورسیی حوکمڕانییان وەرگرتەوە. 

لەمبەری ئاو دووسبەی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەیە. بەڵام وەک بەریتانیا نییە. لە فەرەنسا راستئاژۆ پەڕگیرەکان بە رێبەرایەتیی ژۆردان باردێللا و مارین لوپێن رکابەری دەکەن لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکانی دیکەی فەرەنسا. هەر لە پارتەکەی سەرۆک ماکرۆنەوە تاوەکو چەپترین پارتی سیاسیی فەرەنسا پێکەوە هەوڵدەدەن نەهێڵن راستئاژۆ پەڕگیرەکان زۆرینەی پەرلەمانی بهێنن. 

دوایین راپرسی کە پێش دەستپێکردنی ئەم بەرنامەیە کراوە پیشانیدەدات ماکرۆن و ئەوانیدیکە دووسبەی سەرکەوتوو دەبن لە هەوڵەکانیان. 

زۆرینەی پەرلەمانی ئەوکاتە دەبێ کە یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکان بتوانێ لە کۆی 577 کورسی، 289 کورسی بهێنێ، بەڵام بەپێی راپرسییەکی دامەزراوەی (هاریس ئینتەرئاکتیڤ) پارتەکەی لوپێن و هاوپەیمانە کۆماریخوازەکەی لە باشترین حاڵەتدا 270 کورسی دەهێنن. 


ئەڵمانیا کار بە بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی لە بەیرووت ناکات

ئەگەر خۆت یان کەسێکی ماڵباتەکەت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی چوویتە لقی ئەنستیتیوتی گۆتە لە لوبنان، ئەم هەواڵە زۆر گرنگە بۆ تۆ. 

لە رۆژانی رابردوودا ئاشکرا بووە کە 449 کەس لە بەیرووت بەشێوەی نایاسایی و بە ساختەکاری بڕوانامەی زمانی ئەڵمانییان وەرگرتووە. وەک ئەنیستیتیوتی گۆتە رایگەیاندووە دوو کارمەندیان لە لوبنان بەشێوەی نایاسایی چوونەتە نێو سیستمەکەیان و بڕوانامەی زمانیان بە خەڵک فرۆشتووە.

لەو 449 کەسە 245 کەسیان ڤیزای ئەڵمانیایان لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامانە پێدراوە و هاتوونە لێرە مافی مانەوەیان وەرگرتووە. ئەڵمانیا بۆ ئەوانەی بۆنموونە بۆ یەکخستنەوەی خێزان یان کار دەیانەوێ بێنە ئەو وڵاتە داوای بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی دەکات. 

هێشتا دیار نییە چارەنووسی ئەوانەی ڤیزاکەیان لە لوبنان وەرگرتووە و هاتوونەتە ئەڵمانیا چی دەبێت. 


دانیمارک.. لەمەودوا هەرکەسێک بیەوێت کار بکات پێویستی بە مۆڵەت نییە

تاوەکو سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئەگەر کەسێک ویستبای وەک پزیشک یان ددانساز یانیش پەرستیار لە دانیمارک کار بکات، دەبووایە جگە لە مافی مانەوە، مافی کارکردنیش وەربگرێ. لەمەودوا ئەمە نامێنێ. 

دانیمارک رایگەیاندووە کە پێویستی زۆری بەو خاوەنپیشانەیە، بۆیەش ئاسانکاری دەکات بۆ هاتن و کارکردنیان لە دانیمارک. هەڵبەت پێش ئەوە دەبێ جگە لە زانینی دانیمارکی، ئەو کەسەی دەیەوێ کاربکات بە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی (فەرمانگەی سەلامەتیی نەخۆشان لە دانیمارک)دا بڕوات، کە دامەزراوەیەکە هەڵسەنگاندن بۆ تواناکانی پزیشک یان ددانسازەکە دەکات و بڕیار دەدات ئەو کەسە توانای ئیشکردنی هەیە یان نا.

جگە لەوەش دەبێ کەسەکە بیسەلمێنێ کە هێندە پارە لەسەر هەژمارە بانکییەکەیەتی کە بەشی ژیانێکی باش بۆ خۆی یان خۆی و ماڵباتەکەی بکات.


ئەڵمانیا.. سبەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا رادەگەیەندرێ

سبەی لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا رووداوێکی گرنگ روودەدات. بۆ یەکەمجار لە مێژووی دیاسپۆرادا فیدراسیۆنێک رادەگەیەندرێت کە کاری بایەخدانە بە زمانی کوردی. 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا ناوی دامەزراوەکە دەبێ، دوو لە دامەزرێنەرانی لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرابوون، هەریەکە لەخوناڤ حاجۆ، فەهمی کاکەیی کە دوو لە دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکەن میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون.

سەرەتا مامۆستا خوناڤ حاجۆ روونیکردەوە، رۆژی شەممە  6-7-2024 لە شاری کۆیڵن لە ئەڵمانیا کاژێر 4ی ئێوارە کۆبوونەوەی پێکهێنانی فیدراسیۆنەکە بە ئامادەبوونی 80 کەسی پسپۆر و خەمخۆری زمانی کوردی لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا دەستپێدەکات، گوتی" لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی رادەگەیێنین و دەستەیەکی بۆ دروست دەکرێت کەلە دە کەس پێکدێن و ئامانج و کاری سەرەکی پاراستن و گرنگی دانە بە زمانی کوردی لە دیاسپۆرا".

خوناڤ حاجۆ گوتیشی" دروستکردنی فیدراسیۆنەکە گرنگ و پێویست بوو، چونکە تەنیا لە ئەڵمانیا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کورد دەژین، ئەمە جگە لە وڵاتانی دیکەش، بۆیە فیدراسیۆنەکە بە جیددی هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا دەدات".
خوناڤ حاجۆ ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ئەڵمانیا رێگەیان پێدەدات پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەن و ئەوانیش وەک فیدراسیۆن دەیانەوێ دایک و باوکان هان بدەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ببەنە بەر خوێندنی زمانی کوردی".
خوناڤ کە چەندین ساڵە مامۆستای زمانی کوردییە لە ئەڵمانیا گوتی"سوێد باشترین مۆدێلی پاراستنی زمانی دایکە لە جیهان، دەمانەوێ مۆدێلی سوێد لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دروستبکەین".

لای خۆیەوە مامۆستا فەهمی کاکەیی رایگەیاند، سبەی ئامانجەکانی فیدراسیۆنەکە بە فەرمی رادەگەیێنرێت و دەڵێت"ماوەیەکی زۆرە خەریکی دروستکردنی فیدراسیۆنەکەین، بەو هۆیەشەوە ئامارێکمان لە وڵاتانی ئەورووپی کۆکردووەتەوە کە چەند مامۆستا و خوێندکاری کورد هەن".
سەبارەت بە جەرجییەکانی فیدراسیۆنەکە مامۆستا فەهمی کاکەیی گوتی" وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێداوین هاوکاری ماددیمان بکات و دەشڵێت" ئێستا نزیکەی 500 مامۆستامان هەیە بۆ زمانی کوردی".

سوێد وڵاتێکە لە جیهاندا کە پێشەنگە لە پاراستنی زمانی دایک بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی تێیدا دەژین، فەهمی کاکەیی کە خۆی دانیشتووی سوێدە لەو بارەیەوە دەڵێت" سوێد 60 ساڵە گرنگی بە زمانی دایک دەدات، بەڵام خوێندنی زمانی دایک تاوەکو ئێستا ئیختیارییە، ئێستا دەمانەوێ فێربوونی زمانی دایک ببێتە فەرمی و ناچاری، چونکە بەشێک لە دایک و باوکان لە ئەوروپا وابیربکەینەوە ئەگەر رۆڵەکانیان بە زمانی کوردی بخوێنن، ئەوا ناتوانن زمانەکانی دیکە بە باشی فێرببن، کەچی پێچەوانەکەی راستە".

مامۆستا فەهمی ئامارێکی بۆ فێربوونی زمانی دایک لە سوێد ئاشکرا کرد و گوتی"ئێستا  نزیکەی 16 هەزار قوتابی لە سوێد لە قۆناخی بنەڕەتی بە زمانی دایک دەخوێنن، واتە نزیکەی 49%ی ئەوانەی کە مافی خوێندنی زمانی دایکیان هەیە بە زمانی دایکیان دەخوێنن، بەڵام رێژەکەی لە چاو ساڵێ رابردوو 7٪ کەمیکردووە، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ حکومەتی راستڕەوی ئێستا کە هاوکار نییە بۆ خوێندنی زمانی دایک لەو وڵاتە".


ئێرلاند.. بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایشدەکرێ

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلەند نمایش دەکرێ. چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلەند. 

زمناکۆ، کە ئێرلەندییەکان پێیدەڵێن زاک، پێشتر میوانی دیاسپۆرا بووە. ئەو جگە لەوەی یاریزانێکی ناسراوی یاریی هەرلینگە، وەک چالاکڤان و نووسەریش کاری زۆری لەدژی راسیزم و بۆ دۆزی کوردستانیش لە میدیا گەورەکانی ئێرلەندادا کردووە.
لە بارەی فیلەمەکەیەوە زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند،  فیلمەکە لە 12ی ئەم مانگە نمایش دەکرێت، دەڵێت" کاتێک لە ساڵی 2002 گەیشتمە ئێرلاند و دوای ئەوەی پگەیشتم بیرم کردەوە کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆم وچۆنییەتی گەیشتنم بە ئێرلاند و هەروەها ئەو مەینەتییانەی بەسەر گەلی کورد و کوردستاندا هاتوون بگێڕمەوە، دوای تەواوکردنی کتێبەکەم کەسێک بەناوی دێکلان رایان، کە بازرگان و ملیاردێرێکی ئێرلەندییە و هەروەها دامەزرێنەری هێڵی ئاسمانی رایان ئێرە کتێبەکەم دەخوێنێتەوەو زۆر سەرنجی رادەکیشێت و بڕیار دەدات چیرۆکی کتێبەکەم بکاتە فیلمێک و بڵاوی بکاتەوە، ئیتر قسەمان کرد و رێککەوتین و لە ساڵی 2023 دەستمان بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە کرد و ئەمساڵ تەواومان کرد".

زمانکۆ کە خەڵکی سەرپیل زەهاوە لە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت" فیلمەکە زۆر بەهێزە و بەهۆی چیرۆکەکانییەوە، کە بەشێکی باسی ئەو مەینەتییانەی بەسەر گەلی کوردستان، لە راگواستن و کیمیاباران و ئەنفال دەکات، هەروەها ئەو رێگەی سەختەی کە خانەوادەکەم پێی گەیشتین بە ئێرلاند دەگێڕێتەوە، بۆیە بروام وایە لەم فێستیڤاڵەدا کەیەکەم جارە بەشداری دەکات پلەیەکی باش بەدەستبێنێت".
زمناکۆ ئێرلاندییەکان پێی دەڵێن زاک، ئەو کەسێکی ناسراوە لەلایەن ئێرلەندییەکان، چونکە پێشتر یاریزانێکی ناسراوی یاریی هەرلینگە بوو و ئێستا راهێنەرە، دەڵێت" فیلمەکە لە دەرهێنانی ترێڤەر وێلانە و هەروەها ویل رۆک و ئیلین جەیمس کاری پرۆدیوسەریان بۆ کردووەو ماوەی فیلەمەکە 52 خولەکە".

زاک کەسێکی نەتەوەییە و هەمیشە لە دەرکەوتنەکانی لە تیڤییە بەناوبانگەکانی ئێرلاند و هەروەها میدیاکانی ئەو وڵاتە کوردبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوەو لە هەر دەرفەتێکدا بێت باسی دۆزی نەتەوەکەی دەکات.



هۆڵەندا.. کتێبی زارۆکانی زاگرۆس بە کوردی بڵاودەکرێتەوە

لە ئێرلەنداوە دەچمە هۆڵەندا. زارۆکانی زاگرۆس کتێبێکی زۆر تایبەتی شاد رەئوف قەزازە کە ئەمڕۆژانە بە زمانی کوردی بڵاودەبێتەوە. پێشتر کتێبەکە بەناوی  (Kinderen van de Zagros بڵاوکرابووەوە.

شاد قەزاز، نووسەری کتێبی زارۆکەکانی زاگرۆس، لەدایکبووی شاری رانیەیە و لە سلێمانی گەورە بووە، لە ساڵی 1997 لەگەڵ خانەوادەکەی دەگەنە هۆڵەندا کە ئەوکات تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بووە و دواتر لەوێ بروانامەی بەکالۆریۆس لە فەلسەفەدا بەدەستدەهێنێت.

شاد لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرابوو و لەبارەی کتێبەکەی گوتی" لە ساڵی 2022 دەستم بە نووسینی کتێبەکە کرد بە زمانی هۆڵەندی و دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک توانیم تەواوی بکەم و بڵاومان کردەوە، ئێستا نزیکەی 600 دانەی لێفرۆشراوە".

شاد کە کوڕی ئازاد قەزازی نووسەری کوردە کە چەندین کتێبی لە بارەی مێژووی کورد و هەروەها ئاینەوە نووسیوە، دەڵێت" دوای ئەوەی کتێبەکەم تەواوکرد بە زمانی هۆڵەندی باوکم بڕیاریدا کتێبەکە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، ئەوەبوو کتێبەکەی وەرگیڕا و تەواوی کرد و لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوەو دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران".

شاد روونیکردەوە، نێوەڕۆکی کتێبەکەی باسی شازادەیەکی کورد دەکات ، کە خانمێکە و لەلایەن باوکییەوە کە پادشایە رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی دوای مردنی شوێنی ئەو پڕبکاتەوە، لەکاتێکدا ئەو خانمەشازادیە چەند برایەکی هەیە و لەخۆشی گەورەترن، بۆیە کچکە رازی نابێت و لەگەڵ پاسەوانێک رادەکات و لەوێوە کۆمەڵێک رووداو روودەدەن.. .