'مەیسوون مەجیدی' بە تۆمەتی یارمەتیدانی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکراوە

28 June 2024
'مەیسوون مەجیدی' بە تۆمەتی یارمەتیدانی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکراوە
هەوڵەکانی کوردی دیاسپۆرا بۆ ئازادکردنی 'مەیسوون مەجیدی' بەردەوامە
'مەیسوون مەجیدی' بە تۆمەتی یارمەتیدانی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکراوە
پۆلیسی ئیتاڵیا بۆ دەستگیرکردنی مەیسوون پشتی بە گوتەی کۆچبەرێکی ئێرانی بەستووە
کۆچبەرە ئێرانییەکە: قسەکانم خراپ وەرگێڕدراوەتەوە و دەبێ 'مەیسوون' ئازاد بکرێت
حەوت مانگە خانمە کۆچبەرێکی کورد لەسەر شکایەتی کۆچبەرێکی ئێرانی و یەکێکی ئەفغانی لە زیندانەکانی ئیتاڵیادایە. کۆچبەرە پیاوە ئێرانییەکە دەڵێ بەهۆی هەڵەی وەرگێڕانەوە مەیسوون مەجیدیی وەکو یارمەتیدەری قاچاخچییان ناساندووە و ئێستا پەشیمانە. مەیسوون مانی گرتووە و کوردی دیاسپۆراش دەستیان بە واژۆکۆکردنەوە کردووە بۆ ئازادکردنی.
لە نێوەوەی ئیتاڵیا و لە سەرتاسەری ئەوروپاش چالاکڤانانی کورد و ئەوروپی خەریکی واژۆکۆکردنەوە و ناڕەزایی دەربڕینن. واژۆ بۆ ئازادکردنی مەیسوون مەجیدی کە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە زیندانەکانی ئیتاڵیادایە و ماوەیەکە مانی گرتووە.
مەیسوون لەگەڵ برایەکی و کۆچبەرانی دیکە بە بەلەمێک خۆیان دەگەیەننە کەناراوەکانی ناوچەی کالابریا لە ئیتاڵیا. لەوێ کۆچبەرەکانی دیکە ئازاد دەکرێن و کاپتنی بەلەمەکەش، کە خەڵکی تورکیا بووە، بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیر دەکرێ. دواتر دەردەکەوێ کە مەیسوون ئازاد نەکراوە. هۆکار؟ پۆلیس دەڵێ لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەراندا دەرکەوتووە مەیسوون یارمەتیی قاچاخچییەکەی داوە. تەنیا بەڵگەیەک بۆ ئەمە قسەی دوو کۆچبەر بووە کە یەکێکیان ناوی حەسەن حوسێنزادەیە و بەگوتەی پۆلیس ئێرانییە. حوسێنزادە ئێستا لە بەرلینە و لەوێوە رایگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەی لە وەرگێڕەکەی تێنەگەیشتووە وا لێکدراوەتەوە کە دەڵێت مەیسوون یارمەتیی قاچاخچییەکانی داوە. داواشیکردووە ئازادبکرێ. بەڵام هێشتا دادگا و پۆلیس لە کالابریا بەوە رازی نەبوونە. لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیاوە دوو میوانم لەگەڵن کە یەکێکیان بە بەردەوامی و بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ئەو خانمە کوردە زیندانیکراوە دەکات و کەمپەینەکەی واژۆ کۆکردنەوەیان دەستپێکردووە. 

جەهانگیر وریانی، لە ئەنجوومەنی هەماهەنگیی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە رایگەیاند، دۆخی مەیسوون لە گرتووخانەی ئیتاڵیا باش نییە و پەیوەندی لەگەڵی سەختە و گوتی"چەندین هەڵمەتمان بۆ کەیسەکەی دەستپێکردووە، ئەو لە زیندان دۆخی باش نییە، بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا سێ جار مانی لە خواردن گرتووە و هەروەها لەگەڵ بکوژێکدا بەندکراوە".
جەهانگیر وریانی گوتیشی" مەیسوون لە گرتووخانە ناڕاستەوخۆ ئەشکەنجە دەدرێت".
هەر لە بارەی کەیسی مەیسوون، نەجمەدین واوی، چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤ لە UN، میوانی دیاسپۆرا بوو، لەو بارەیەوە گوتی "ئیتاڵیا پارێزەرێکی بۆ مەیسوون دیاریکردبوو کە شارەزایی نەبوو لە کەیسەکە، هەروەها دادگەی ئیتاڵیا بۆی سەلمێنراوە کە مەیسوون تاوانبار نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە بوونی شایەتحاڵە، لە دادگا شایەتحاڵان سوێندیان لەسەر بێتاوانبوونی مەیسوون خواردووە".
نەجمەدین واوی روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا دۆسیەی مەیسوون لە دادگەی ئیتاڵیا سێ قۆناخی بڕیوە، بەڵام لێپرسینەوەکانی دادگەی ئیتاڵیا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە.
نەجمەدین واوی گوتیشی "دەستگیرکردنی مەیسوون لە ئیتاڵیا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و مانگی داهاتوو بە فەرمی دادگایی دەکرێت".
نەجمەدین واوی ئاشکرایکرد، هەڵبژاردنی ئەورووپا کاریگەریی خراپی لەسەر دۆسیەی مەیسوون هەبوو، هەروەها بەڵگە هەیە رەخنەگرتنی مەیسوون لە شاخوازەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر دۆسیەکەی هەبووە.


پۆلیسی ئیتاڵیا گەنجێکی عێراقیی تۆمەتبار بە کوشتنی کوچبەرێک دەستگیر دەکات
کۆچبەرە عێراقییەکە تەمەنی 27 ساڵە و تۆمەتبارە بە خنکاندنی کچێکی 16 ساڵ
رزگاربوویەک: کۆچبەرەکە هەڵسوکەوتی بەدڕەوشتانەی لەگەڵ کچەکە کردووە
ئەمساڵ زیاتر لە 1000 کۆچبەر لە ئاوەکانی نێوان تورکیا، یۆنان و ئیتاڵیادا خنکاون

لە ئیتاڵیا ئەم هەفتەیە پۆلیس گەنجێکی عێراقیی دەستگیر کرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کۆچبەرێکی شازدە ساڵە لەنێو بەلەمە تێکشکاوەکەی هەفتەکانی رابردوو. 
بەگوتەی پۆلیس ئەو عێراقییە دەستدرێژیشی کردووەتە سەر ژنان لە بەلەمەکەدا.
هێشتاش دەرهاویشتەکانی تێکشکانی بەلەمەکەی کۆچبەران لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئاوەکانی ئیتاڵیا زۆرتر دەردەکەون. 
لەو بەلەمەدا کە زۆرتر لە حەفتا کۆچبەری تێدابوون و بەشێکی زۆریان کورد بوون، پێش تێکشکانی، رووداوێکی هەژێنەر روویداوە. پۆلیسی ئیتاڵی دەڵێ کۆچبەرێکی پیاوی عێراقیی 27 ساڵی دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارە بە خنکاندنی کچێکی 16 ساڵ لەنێو بەلەمەکەدا. ئەویش دوای ئەوەی یەکێک لە رزگاربووەکانی بەلەمەکە شکایەتی کردووە کە ئەو کۆچبەرە عێراقییە کچەکەی خنکاندووە و هەڵسوکەوتی بەدڕەوشتانەشی بەرامبەری کردووە. پۆلیس خنکاندنەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام دەستدرێژییەکە نا. 
هەر ئەم هەفتەیە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە چوار قاچاخچیی دەستگیرکردووە کە پێدەچێ پەیوەندییەکان بە دۆسێی بەلەمە نقومبووەکەوە هەبێ. 
تاوەکو ئێستا ئەمساڵ زۆرتر لە 1000 کۆچبەر لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیادا خنکاون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو بوونە.

ئەڵمانیا رێکاری نوێ بۆ پێدانی کارتی نشینگە بە پەنابەران دەگرێتەبەر
ئەڵمانیا بەپێی چاودێریی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کارتی نشینگە دەداتە پەنابەران
ئەوانەیە کە لە ئەڵمانیان و ئیقامەیان هەیە یان بەتەمان وەڵاتینامە وەربگرن. لە ئیستاوە ئاگاداربن لایکی چی دەکەن و کۆمێنت بۆ کێ دەنووسن. چونکە دەکرێ لەسەر لایکێک ئیقامەکەتان لێوەربگرنەوە و دیپۆرتیش بکرێنەوە.
وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد کە حکومەتەکەی لەم هەفتەیەوە رێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەوانەی، وەک ئەو ناوی هێناون، ئیسلامی و دژە سامین و لە ئینتەرنێتەوە رق بڵاودەکەنەوە. هۆی دەرچوونی ئەو بڕیارەش، بەقسەی وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا ئەوەیە کە لە ئەڵمانیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەئاشکرا پشتیوانی لە حەماس کراوە لەدژی ئیسرائیل.
 وەزیرەکە روونیشیکردووەتەوە کە لەمەودوا حکومەتی ئەڵمانیا بە شێوازی جیاواز کۆنترۆڵی ئەوە دەکات کە کام کۆچبەرانە لە ئەڵمانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانی لە تیرۆر و تووندوتیژی دەکەن. ئەو وەزیرە دەڵێ هەرکەسێک هاووڵاتیی ئەڵمانیا نەبێ، یەک کۆمێنتی پشتیوانی لە تیرۆر بەسە بۆئەوەی دیپۆرتی بکەنەوە.  

بۆ ئەوانەش کە هیچ کێشەیەکیان نییە لە ئەڵمانیا، لەمڕۆوە یاسا ئاسانکراو و هەموارکراوەکانی وەرگرتنی وەڵاتینامە (پاسپۆرت) بەرکار دەبن.
ئەڵمانیا یاسای پێدانی وەڵاتینامە بە پەنابەران هەموار دەکاتەوە
بەپێی ئاسانکارییە نوێیەکان کۆچبەران بە پێنج ساڵ دەبنە هاووڵاتی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا یاساکانی وەرگرتنی وەڵاتینامە (پاسپۆرت)ی هەموار کردووەتەوە و ئاسانتر بوون. لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە ئەو یاسایانە بەرکارن.
نزیکەی چارەکێکی ئەوانەی بەشێوەی یاسایی دانیشتووی ئەڵمانیان، وەڵاتینامەی ئێرەیان نییە. هەندێک لەوانە زۆرتر لە دە ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین. بەتایبەتیش ئەوانەی هاووڵاتیی تورکیان و یاسا رێگەی نەدەدا دوو پاسپۆرتیان هەبێ، ساڵەها بوو نەیاندەتوانی داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن. لەنێو ئەوانەدا بە هەزاران کوردی خەڵکی باکووری کوردستانیش هەن. 
بەپێی ئاسانکارییە نوێکان کۆچبەران بە پێنج ساڵ دەبنە هاووڵاتیی ئەڵمانیا. ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەڵمانیا کردبێ بە چوار ساڵ وەریدەگرێ. هەندێک کۆچبەریش کە کاری تایبەتیان بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی کردبێ، دەکرێ بە سێ ساڵ ببنە هاووڵاتیی ئەڵمانیا. 


کوردێکی کۆبانێ وەرگێڕە لە سوپای دانیمارکە 
سۆزدار تەمۆ لە شەڕی دژی داعش راهێنانی بە هێزی پێشمەرگەو سەربازی عێراقی کردووە
سۆزدار تەمۆ خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو ئێستا ئەفسەرە لەنێو سوپای دانیمارک، بەردەوامیش لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆدا دەچێتە شوێنی جیاوازی جیهان.
ئەو ئەفسەرە کوردەی نێو سوپای دانیمارک کە لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ چووەتە زۆر شوێنی جیهان و یەکێک لەو شوێنانەش کوردستان بووە. 
سۆزدار باسی ئەوە دەکات کە چ هەستێکی هەبووە کاتێک مەشقیان بە پێشمەرگە کردووە.

ناوم سۆزدارە، خەڵکی شاری کۆبانێم لە رۆژئاوای کوردستان، ماوەی 13 ساڵە لە دانیمارک دەژیم، کاتێک ئێمە گەیشتینە دانیمارک فێری زمانی دانیمارکی بووین.
ماوەی شەش ساڵە وەک وەرگێڕ لە وەزارەتی بەرگری دانیمارک کار دەکەم.
سۆزدار تەمۆ چیرۆکی چوونی خۆی بۆ نێو وەزارەتی بەرگری دانیمارک بۆ رووداو دەگێڕێتەوەو دەڵێت"لە ساڵی 2018 وەزارەتی بەرگری دانیمارک ویستی تیمێک دروست بکات بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لەگەڵ هێزەکانیان لە ناتۆ لە شەڕی دژی داعش، ئەوەبوو ماوەی هەفتەیەک زیاتر لە هەزار کەسی لێهاتوو رکابەرییان کرد، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئەرکە وەربگرن، لەو ژمارەیە نزیکەی 20 بۆ 25 کەس سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکەدا بەدەستهێنا، دواتر وەرگیراین و نزیکەی ساڵێک راهێنانی سەربازیمان لە دانیمارک پێکرا، لەسەر پلانی سەربازی و ناوی چەکەکان و  بەکارهێنانیان، هەروەها سواربوون لە تانک و زریپۆشەکان و بەکارهێنانیان و لەگەڵ تێستکردنی هەموو چەکەکان، بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ هەموو ئەگەرێک لەکاتی شەڕدا".
 دەشڵێت"من وەک وەرگێڕ لەگەڵ هێزەکانی دانیمارک لە چوارچێوەی ناتۆ چوومەتە زۆر وڵات، لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کوێت و ئیسپانیا وچەندین وڵاتی دیکە". 
کاتێک عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی جەنگی داعش بوونەوەو ناتۆ هاتە نێو جەنگەکە و دژی داعش شەڕی کرد، ئەوکات سۆزدار لە رێگەی وڵاتەکەیەوەو لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆ دێتە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوێ سەرباز و پێشمەرگە فێری هونەری جەنگ دەکەن و هەروەها فێری بەکارهێنانی چەکی نوێیان دەکەن لە دژی داعش و هەروەها چۆنیەتی خۆپاراستنیشیان.
سۆزدار تەمۆ دەڵێت"کاتێک هاتمە عێراق  و هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆش بووم وەک کوردێک لە رێگەی دانیمارک و ناتۆوە بێمە وڵاتەکەم و بتوانم لەو رێگەیەوە خزمەت بە گەل و نەتەوەکەم بکەم".
 سۆزدار خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە و ئەو زۆر دڵخۆشە لەگەڵ خیزانەکەی و دەڵێت" زۆر حەز دەکەم زۆرترین کاتەکانم لەگەڵ خێزان و منداڵەکانم بەسەر ببەم و هەروەها گرنگی زۆریش بە وەرزش دەدەم و رۆژانە وەرزش دەکەم و کتێبیش دەخوێنمەوە، بەرتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە کارەکەمەوە هەبێت".

هۆڵەندا.. چیرۆکی پزیشکێکی کوردی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر
ئارام مەحموود لە هۆڵەندا بووەتە پزیشکی تایبەت بە وازهێنان لە مادەی هۆشبەر
ئارام مەحموود لە کوردستان پزیشکی نەشتەرگەری بووە
د. ئارام مەحموود: وازهێنان لە مادەی هۆشبەر لە کوردستان ئاسانترە لە ئەورووپا
دیاسپۆرا چیرۆکی پزیشکێکی کوردی سەرکەوتوو لە هۆڵەندا دەگێرێتەوە کە بووەتە پسپۆڕی ئالوودەبوون  بە ماددە هۆشبەرەکان و کحوول.
د. ئارام مەحموود لە کوردستان پزیشکی نەشتەرگەری بوو. لێرە بووە پزیشکی وازهێنان لە ئالوودەبوون . کێشەیەک کە دەمێکە یەخەی وڵاتانی رۆژئاوایی گرتووە و لە کوردستانیش پەیامی باشی لەبارەوە نابیستین. ئەو لە کلینیکێکی گەورە لە هۆڵەندا کاردەکات و ئەزموونێکی زۆری کۆکردووەتەوە. پێیوایە ئەو ئەلکحوول و ماددە هۆشبەرانەی لە کوردستان بەکاردێن زۆر مەترسیدارترن لەوانەی بۆنموونە لە هۆڵەندا هەن، کەچی وازهێنان لە ئالوودەبوون  لە کوردستان بە ئاسانتر دەزانێ وەک لە ئەوروپا. سەرەتا پرسیاری ئەوەم لێکرد کە دەرمانێک هەیە کەسی ئاڵوودەبوو بیخوات و رزگاری بێ؟ گوێتان لە وەڵامەکەی بێ. 

د. ئارام مەحموود دەڵێت"ئالوودەبوون کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و یاساییە، ئەمیش نەخۆشییە ، بەڵام چارەسەرییەکەی درێژخایەنە، واتە کەسێک کە نەخۆش دەکەوێت هەڵامەتێک یان سک ئێشەیەک یان هەر نەخۆشیەکی دیکەی تووش دەبێت، دەچێتە لای پزیشک و دوای وەرگرتنی چارەسەریی بە رۆژێک یان هەفتەیەک یان مانگێک چاک دەبێتەوە، بەڵام ئالوودەبوون  چارەسەرییەکی رەنگە ساڵێک یان چەند ساڵێک بخایەنێت، جگە لە بەکاربەر، خێزان و کۆمەڵگە و دەسەڵاتیش ئەوەندە ساڵە پێیەوە سەرقاڵ دەبن".
"من ئارام مەحموود تۆفیقم، دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندام و ماوەی 27 ساڵە لەو وڵاتە دەژیم، خەڵکی شاری سلێمانیم لە باشووری کوردستان، لە ساڵی 1985 کۆلێژی پزیشکیم تەواوکردووە، بە دەردەسەری زۆر و فەسڵکردن و سەربازی تێپەڕیوم، دوای راپەڕینی ساڵی 1991 وەک پزیشکی نەشتەرگەری گشتی دەستبەکاربووم، لە ساڵی 1997 بەهۆی هەندێ بارودۆخی کەسی و هەروەها نالەباری بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان روومکردە هاندەران و هاتمە هۆڵەندا و رێوشوێنەکانی داواکردنی مانەوەی هەمیشەییم دەستپێکرد و هەرچەندە زۆری خایاند، بەڵام دوای وەرگرتنی مافی مانەوە خێزان و منداڵەکانیشم هێنا و دواتر دەستمکرد بە خوێندن و پاشان بڕوانامە عێراقییەکەم لێرە یەکسانکردەوە، لە مانگی 12ی ساڵی 2007 دەستم بەکارکردن کرد، لە بواری چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی ئالوودەبوون .
دکتۆر ئارام زیاتر گوتی"لە سەرەتای ساڵی 2009 دەستم بە خوێندنی باڵا کرد و لە 2011 بڕوانامەی ماستەرم بەدەستهێنا، لەکارەکەم بەردەوام بووم و لەگەڵ ئەوەشدا وەک پزیشکێک لە رێکخراوی تاکتۆس کە رێکخراوێکی گەورەو بەتوانایە لە بواری رووبەڕووبوونەوەی ئالوودەبوون کاردەکەم و هەروەها سەرپەرشتی ئەو خوێندکارانە دەکەم کە لە نەخۆشییەکانی ئالوودەبوون  ماستەر دەخوێنن".
دکتۆر ئارام چیرۆکی وەرگرتنی خۆی لە رێکخراوی تاکتۆس بۆ رووداو دەگێڕێتەوەو دەڵێت "رێکخراوی تاکتۆس نامەیەکیان بۆ ناردووم کە وەک پزیشکێک بچم بۆ ئەوەی لەگەلیان کاربکەم، کاتێک رۆیشتم دوو کەس لەوێ دانیشتبوون بۆ ئەوەی تێستی من بکەم و جار جار لە نێوان خۆیان قسەیان دەکرد، منیش گوتم ئێوە قوماردەکەن، گوتیان واتە چۆن؟، گوتم ئێوە بەدوای پزیشکێکدا دەگەڕێن شارەزایی لەو بوارەدا هەبێت، من لەلایەک شارەزاییم هەیە و پسپۆرم، لە لایەکی دیکەوە ئێوە پێتان وایە من کوردێکم و لە عێراقەوە هاتووم و لەوانەیە زمانەکەم وانەبێت و ئێوە نازانن لە نێوان ئەم دوولایەنەدا کامیان هەڵبژێرن، مەبەستم لە قومارەکە ئەوەیە، پێم گوتن، ئێوە دەتوانن هەلێکم پێبدەن و منیش هەموو تواناکانی خۆم بەکاردەهێنم، ئەوەبوو دوای دوو رۆژ ئاگاداریان کردمەوە کە بچم لەوێ هەڵیکم پێدراوە و چووم بۆ ئەوێ و بە هاوکاری پزیشکێکی هۆڵەندی کەلەوێ کاری دەکرد توانیم سەرکەوتووبم و زۆر شت لەو پزیشکە فێربووم و وایلێکردم لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەوەندە فێرببم کە توانیم بەتەنیا ئەوێ بەرێوەببەم و کارەکەم بە باشی بکەم".
دکتۆر ئارام لە تاقیگەوە باسی چۆنییەتی پشکنینی ئەو نەخۆشانە دەکات کە چارەسەریان وەرگرتووەو دەڵێت" دوای ئەوەی نەخۆشەکە چارەسەری وەرگرت، لەم تاقیگەیە لەبەرچاوی پزیشک دەبێت میزەکەی بخاتە ناو قودوێک، نەکا نەخۆشەکە میزی کەسێکی دیکە لەگەڵ خۆی بێنێت و بیخاتە نێو قودوەکە، یاخود ئاوی تێبکات، بۆیە لەبەر چاوی پزیشک میزەکەی دەخاتە نێو قودوەکە ئەوانیش بە ژمارە، میزەکەی دەنێرن بۆ تاقیگەی نەخۆشخانە و بەبێ ئاشکراکردنی ناوی نەخۆشەکە و دواتر ئاگادار دەکرێنەوە ئایە بەتەواوی چاکبووەتەوە، یاخود نەخۆشەکە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە".
دکتۆر ئارام دەڵێت" لێرە هەموو کەسێک پزیشکی خێزانی هەیە و کاتێك دەزانرێت یەکێک لە تاکەکانی خێزانەکە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنێت و لە کۆنترۆڵ دەرچووە دەچنە لای پزیشکی خێزانەکە و داوای لێدەکرێت رەوانەی یەکێک لە رێکخراوەکانی چارەسەری ئالوودەبوون بکرێت، کاتێک نەخۆشەکە دێتە لای ئێمە ئێمە دوو پزیشک ماوەی دوو بۆ دوو کاژێر و نیو گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین و دەبێ بزانین کەی دەستیپێکردووەو چەند بەکاردەهێنێت و چ مادەیەک بەکاردەهێنێت، ئایە پێشتر بەکاریهێناوەو دواتر وازی لێهێناوە یاخود ئەمە یەکەمجارە، ئایە کێشەی دەروونی یان کۆمەڵایەتی هەیە، ئایە خێزاندارە یان سینگڵە و چ کارەیە، ئایە کێشەی قەرزی هەیە، کێشەی لەگەڵ پۆلیسدا هەبووە، لەگەڵ چەندین پرسیاری دیکە، هەموو وەڵامەکانی نەخۆشەکە دەکرێن بە راپۆرتێک، دواتر لەهەمو ورۆژانی سێشەممە کۆبوونەوەمان هەیە هەموو پزیشکەکان لە پسپۆڕی جیاواز گەنگەشەی لەسەر دەکەین، ئیتر ئێمە قۆناخەکانی چارەسەری بۆ دەستنیشان دەکەین، تاوەکو چارەسەری کۆتایی بۆ دەدۆزینەوەو دواتر بە نەخۆشەکە دەڵێن ئەمە چارەسەرییەکەتە ئایە رازی، ئینجا نەخۆش واژۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەرییەکە بکات و دواتر هەر نەخۆشەکە کەسێک دەستنیشان دەکات لەکاتی پێویست پەیوەندی پێوە بکەین، چونکە جگە لەو کەسە ئێمە زانیاریی لەسەر نەخۆشەکە نادەین بەهیچ کەس و لایەنێک و پارێزراو دەبێت".
دکتۆر ئارام دەڵێت" ئەگەر ئێمە لە کوردستان دەستبکەین بە چارەسەری کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر چارەسەرییان زۆر زۆر ئاسانترە وەک لێرە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئەورووپی کۆمەڵگەیەکی تاکە، کاتێک کەسێک بەتەنیا لە نێوان چوار دیواردا دەژیت بێزار دەبێت و بۆ کەمکردنەوەی سترێس و ماندووبوون و شەرم و هەر شتێک کە بۆ کەسەکە ناخۆش بێت پەنا دەباتە بەر خواردنەوە ئەلکحوول و هۆشبەرەکان ئینجا لەکاتی چارسەریشدا هەر تەنیایە و زۆر هەوڵدەدەین پشتگیری خێزانی بۆ دەستبەر بکەین، بەڵام زۆر قورسە، بەڵام لە کوردستان پێچەوانەیە، کۆمەڵگەکەی کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتییە و تووشبوو لە هاوڕێیەک یان کەسێکی نزیکییەوە تووش دەبێت، کاتێک چارەسەری بۆ دەکەین پشتگیری خێزانی بەهێزی هەیە، دایک، باوک، خوشک و برا و هەموو ئەوانەی لە دەورووبەرین هاوکاری دەبن، بۆیە چارەسەرییەکەی ئاسانە و رێژەی سەرکەوتن بەرزدەکاتەوەو هەروەها نەگەڕانەوەی بۆسەر ماددەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە".
دەشڵێت"بەڵام ئالوودەبوون لە کوردستان لەچاو ئێرە زۆر مەترسیدارترە، بەهۆی ئەوەی ئەو ماددە ئەلکحوولییانەی لە کوردستان دەخورێتەوە نازانن چۆن دروستکراوەو چ ماددەیەکەی تێکراوە، هەندێکیان هەن راستەوخۆ چاو کوێر دەکەن، بازرگانەکانیش لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر گوێ بەوە نادەن بزانن چی تێدایە، بۆیە زۆر ترسناکە".
دکتۆر ئارام روونیکردەوە، کە ئەو ساڵانێکی زۆرە لەو بوارە کاردەکات و بە دەیان ئالوودەبووی بینیوەو دەزانێت بۆچی ئەو کەسانە پەنا دەبەنە بەر ئەو ماددانە و بۆ بەکاری دەهێنن و کاریگەرییەکەشی دەزانێت، دەشڵێت" کەسی تووشبوو، خێزانی لەدەستداوە، ماڵی لەدەستداوە، کاری لەدەستداوە، پارەیەکی زۆر قەرزدارە و  خێزان و منداڵەکانی لێی دوورکەوتوونەتەوەو باری جەستەیی و دەروونی رووخاوە و کێشەی زۆری لەگەڵ پۆلیسدا هەیە، کاتێک کەسێک ئەمە دەبینێت، بەسە بۆ ئەوەی هەرگیز لەو ماددانە نزیک نەبیتەوەو هەرگیز بەکاریان نەهێنی، چونکە ئاگرێکە ئەگەر تەنیا لێشی نزیک ببیتەوە دەتسووتێنێ".

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلەند نمایش دەکرێ. چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلەند. 
زمناکۆ، کە ئێرلەندییەکان پێیدەڵێن زاک، ئەو جگە لەوەی یاریزانێکی ناسراوی یاریی هەرلینگە، وەک چالاکڤان و نووسەریش کاری زۆری لەدژی راسیزم و بۆ دۆزی کوردستانیش لە میدیا گەورەکانی ئێرلەندادا کردووە. 

زمناکۆ مۆرادی- قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان