هەوڵەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی سەرنشینانی بەلەمەکە بەردەوامن

21 June 2024
هەوڵەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی سەرنشینانی بەلەمەکە بەردەوامن

هەوڵەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی سەرنشینانی بەلەمەکە بەردەوامن
زۆرینەی سەرنشینانی بەلەمەکە کورد بوون
رزگاربووەکان لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا چارەسەر وەردەگرن

پاش نزیکەی هەفتەیەک لە تێكشكانی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئیتاڵیا، هەوڵەکانی دۆزینەوە و رزگارکردنی سەرنشینانی بەردەوامە. زۆربەی ئەوانەی سەرنشینی بەلەمەکە بوون، کوردن. زۆرتر لە 60 کەسیان دیارنین، کە 26 یان منداڵن. 
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی کارەساتبارە بۆ ئەوانەی بە بەلەم و لەڕێگەی دەریاوە ویستوویانە بگەنە ئەوروپا. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دوازدە کەس لە سەرنشینانی بەلەمە تێکشکاوەکەی کۆچبەران لەنێو ئاوەکانی هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا بە زیندوویی دۆزراونەتەوە.
 یەکێک لەو دوازدە کەسانە لەڕێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. شەش کەسیش بە خنکاوی دۆزراونەتەوە. 26 منداڵ لەنێو ئەو کەسانەدان کە تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، کە دەگوترێ لەنێوان 60 تاوەکو 66 کەسدان. زۆر لەوانە کوردن و خەڵکی باشوور یان رۆژهەڵاتی کوردستانن. هەندێکیان تەواوی ماڵباتەکانیانن و منداڵی چەند مانگەیان تێدایە.
لە ناوچەی لامپێدووسای ئیتاڵیاش بەلەمێک دۆزراوەتەوە کە تێکنەشکاوە و 55 سەرنشینی بەزیندوویی دۆزراونەتەوە و رزگارکراون. لەو بەلەمەدا 10 کۆچبەر بەمردوویی دۆزراونەتەوە، کە هەموویان پیاون و سەرچاوە فەرمییە ئیتاڵییەکان دەڵێن پێدەچێ بەنگلادیشی و پاکستانی بن. 
لە دورگەکانی کەناریی ئیسپانیاش 67 سەرنشینی بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران رزگارکراون و 6 کەسی دیکەش بە مردوویی دۆزراونەتەوە. ئەو بەلەمەش کەسی کوردستانی تێدا نەبووە و سەرنشینەکانی خەڵکی ئەفریکان.
زنار شینۆ نێردراوی رووداو بۆ ئیتاڵیا زانیاریی وردی باسکرد و رایگەیاند، سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 21/6/2024 ئۆپەراسیۆنی فراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان دەستی پێکردووەو دەڵێت" شەش تەرمی دیکە دۆزراونەتەوەو هێنراون بۆ نەخۆشخانەی لوکری ئیتاڵیا و خۆم سەردانی نەخۆشخانەکەم کرد وەک نێردراوی رووداو قسەم لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانەکە کرد و گوتیان، تەرمەکان وێنەیان بۆ گیراون، بەڵام لەژێر چاودێری ورد دان و دواتر رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆ ئەوەی رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت".
زنار شینۆ گوتیشی"کاتێک لەوێ بووم، چەند کەسوکارێکی قوربانییەکان لەوێ بوون بەمەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکان، یەکێک لەوانە هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان بوو کەلە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، ئامۆزایەکی لە نێو قوربانییەکان بوو  و دەڵێت 20 وێنەیان نیشاندام و لەوە دڵنیابووم کە ئامۆزاکەم لە نێو قوربانییەکان دایە".
زنار شینۆ ئاشکرایکرد، کە پۆلیس توانیویەتی 35 تەرم بدۆزێتەوەو هەوڵەکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەریادا بەردەوامن بۆ ئەوی تەرمەکانی دیکەش بدۆزێتەوە، گوتیشی" ئـێمە لە شارۆچکەی رۆچێلاین، رۆژی شەممە خۆپیشاندانێک دەکرێت بەمەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی باشتر لە گەڵ کۆچبەران بکات و هەروەها لە دەریادا گیانی کۆچبەران بپارێزێت و هەروەها لە میدیاکانیشەوە گلەیی لە حکومەتی ئیتاڵیا دەکرێت کە وەک پێویست بە هانای کۆچبەرانەوە ناچن و ناکرێت کەشتی رزگارکردن هەبێت، کەچی کەشتییە ماسیگرەکان بە هانی کۆچبەرانەوە بچن لەکاتی نقوووم بوون و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان".
 زنار شینۆ روونیکردەوە لە کۆی 76 کەسی نێو یەختە نقوومبووەکە، تەنیا 11 کەسیان رزگاربوونە و یەکێکیان خەڵکی سووریایە و یەکێکێکیش تورکمانێکی دانیشتووی کەرکووکە و نۆ کەسی دیکەش کوردن و شەشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و سێ دیکەشیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تاوەکو ئێستاش 35 تەرم دۆزراونەتەوەو گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانی دیکەش بەردەوامە.
 
سەرنشینانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا دەیانویست بچنە بەریتانیا
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا دەڵێ تەنیا لە یەک رۆژی ئەم هەفتەیەدا نزیکەی 900 کۆچبەر لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە ئەوبەر. ئەمەش لە ساڵی رابردوو زیاترە.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لەرێگەی ئاوەوە دێن، لەنێو یەکێتیی ئەوروپا راناوەستن و دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. بۆ ئەمەش دەبێ بچنە فەرەنسا. 
لە رۆژانی داهاتوودا هەم لە فەرەنسا و هەم لە بەریتانیاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکرێن، کە مژاری سەرەکیی بانگەشەکانیان کێشەی کۆچبەرانە. 
دروست لەوکاتەدا وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 882 کۆچبەر توانیویانە لە فەرەنساوە و بە 15 بەلەمی بچووک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا. بەمەش ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ توانیویانە بگەنە بەریتانیا گەیشتووەتە 12،313 کەس، کە زۆرترە لە ژمارەی ئەوانەی پار و پێرار تاوەکو ئەمکاتانە خۆیان گەیاندبووە ئەوێ. 
بەهۆی تووندبوونی یاساکانی کۆچبەری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و هەبوونی دەرفەتی باشتری کارکردن و ژیان، زۆربەی کۆچبەران لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا نامێننەوە و بە نۆکەندی ئینگلیزدا رێگەی هات و نەهات بۆ گەیشتنە بەریتانیا دەگرنەبەر.
فۆتۆگرافەرێکی کورد وێنەکانی لە پۆڵەندا نمایش دەکات
وێنەکان باسی چیرۆکی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە لە رێگەی کۆچ بێسەرووشوێن بوون
وێنەی دایکێکی کورد کە لە سەر کۆمبارێک دانیشتووە و تەلەڤیزیۆنەکەی پشت سەری کوژراوەتەوە و دەگریێت؛ یان وێنەی بووکێکی دەم بە خەندە کە چەپکە گوڵێکی بەدەستەوەیە و لەسەر شاشەی مۆبایلێک لەسەر فەرشێکی گوڵاوی وێنەی گیراوە، ئەو وێنانەن کە شەمال حیسامەدین لە کوردستان لە خەڵێکی تایبەت گرتوونی. 
لەوانە کە رۆڵەکانیان هاتنە رێگەی کۆچبەری و قەت کەس هیچی لەبارەی چارەنووسیان نەزانییەوە. ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە ئەو وێنانەی هێناوە و لە پۆڵەند نمایشی کردوون. 
شەماڵ حیسامەدین لە وارشۆوە بەرێگەی سکایپ میوانی دیاسپۆرا بوو گوتی" خۆم خەڵكی پشدەر و بتوێنم لە سنووری ئیدارەی راپەڕین،  ئەو ناوچەیەی زۆرترین رێژەی کۆچی بۆ ئەوروپا تێدایە و رێژەکە ئەوەندە زۆرە کەلە حاڵەت دەرچووەو بووە بە دیاردەیە، واتە دەگمەنە ماڵێک بدۆزیەوە کەسێکیان کۆچی نەکردبێت، بەرزبوونەوەی رێژەی کۆچکردنیش لە ساڵی 1998ەوە دەستی پێکردووەو کە زۆرترین قوربانیشی هەیە، من بە فۆتۆکانم هەوڵمداوە هەموو ئەوانەی خنکاون یان لە رێگەدا مردوون یاخود لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا بێسەروشوێن بوونە لە رێگەی پێشانگەکانم بڵاویان بکەمەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە قوربانیانی ساڵانی نێوان 1998 تاوەکو 2022".
شەماڵ حیسامەدین کەلە پۆڵەندا دەژیت روونیکردەوە، خانەوادەکان باوەڕ بە لەدەستدانی رۆڵەکانیان ناکەن، هەمیشە چاویان لەوەیە رۆژێک لە رۆژان رۆڵەکانیان بگەرێنەوە، کە ئازاڕێکە زۆر جەرگ بڕە.
شەماڵ حیسامەدین لەبارەی پیشەنگای فۆتۆگرافییەکەی کەلە وارشۆی پایتەختی پۆڵەند کردبووەو تێیدا وێنەی قوربانیان ناوچەکەی نمایش کردبوو دەڵێت" پیشانگەکەمان کردبوو بە دوو بەش، دوازدە وێنەمان لەسەر تابلۆ نمایشکردبوو بە دیواری هۆڵەکە هەڵمانواسیبوون و چیرۆکی قوربانییەکە بە زمانی پۆڵەندی و ئینگلیزی لە ژێریدا نووسیبوومانەوەو  بەشەکەی دیکەش وێنەکان خرابوونە سەر مۆبایل و نمایش دەکران و تێیدا روونکرابوونەوە کە قوربانییەکان لە کام ناوچەوە هاتبوون و چەند وڵاتیان بڕیوە بۆ ئەوەی بگەن بە خەونەکانیان و هەروەها ئەوەش روونکرابووەوە کە تاوەکو ئیستاش وێنەی قوربانییەکان لەسەر  شاشەی مۆبایلی کەسوکاریانن، دواتر مۆبایلەکان دەدرانە خەڵکی پەنابەر کەلە پۆڵەند دەژین".

دادگەیەکی ئەڵمانیا وەڵامی سکاڵای پەنابەرێکی سووریایی دەداتەوە
ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی دیکە مافی پەنابەری هەبێت، مانای ئەوە نییە لە ئەڵمانیاش ئەو مافەی هەیە
وەکچۆن لەمساڵانەدا لەسەری راهاتوون کە لە دیاسپۆرادا زانیاریتان لەسەر کۆچی یاسایی و دوورکەوتنە لە کۆچی نایاسایی بدەینێ، لە ئایندەشدا هەر وا دەبێ. وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەشتان دەدەینەوە کە یاسایی بن. 
زۆر جار لەڕێگەی هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە پرسیاری ئەوەمان لێدەکرێ کە ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی نێو یەکێتیی ئەوروپا مافی پەنابەریی وەرگرتبێ، دەتوانێ بێت لە ئەڵمانیا بژیت؟ هەیە دەپرسێ: مادام وڵاتێکی دیکە دانی بەوەدا ناوە کە پەنابەرم و مافی پەنابەری پێداوم، دەتوانم بێم و مافی پەنابەرییەکەم بکەمە ئەڵمانی؟ 
ئەم هەفتەیە دادگای باڵای ئەوروپا وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە: ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی دیکە مافی پەنابەریی وەرگرت، مانای ئەوە نییە کە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی دەتوانێ مافی پەنابەریی ئەڵمانیا وەربگرێ. 
بڕیارەکەی دادگا وەڵامی سکاڵای خانمێکی هاووڵاتیی سووریایە، کە لە یۆنان مافی پەنابەریی وەرگرتبوو و داوای کردبوو ئەڵمانیا دان بەو مافی پەنابەرییەدا بنێت. بەڵامئەڵمانیا تەنیا مافی مانەوەی کاتیی داوەتێ و وەکو کۆچبەرێک نەک پەنابەر مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

یۆرۆ : ٢٢ هەزار پۆلیس لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیان
ئەوانەی ناسنامەیان بەسەرچووە ناتوانن بچنە نێو خاکی ئەڵمانیا
تاوەکو ئێستا رێگە لە 1400 کەس گیراوە بچنە نێو خاکی ئەڵمانیا
ئەوانەی بەنیازن بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بچنە ئەوروپا، دەبێ ئاگایان لەوە بێ کە پێشئەوەی بلیتی یارییەکان بکڕن، بەڵگەنامەی یاسایی و تەواوەتی لەگەڵ خۆیان بهێنن. 
بۆنموونە ئەگەر لە بەلجیکا بژی و ناسنامەکەی بەسەرچووە یان مافی مانەوەی نییە، دەبێ بزانێ لەسەر سنوورەکان  کۆنترۆڵ دانراون و ناتوانی وەک دۆخی ئاسایی بچیتە نێو ئەڵمانیاوە. 22 هەزار پۆلیسی ئەڵمانی لەمڕۆژانەدا لەسەر سنوورەکانن و کۆنترۆڵ دادەنێن. تاوەکو ئێستاش 1400 کەس بەهۆی تەواونەبوونی بەڵگەنامەکانیان لەسەر سنوورەکان گێڕدراونەتەوە. 
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 173 دەرکراوە. کۆنترۆڵەکانی سەر سنوور ئۆتۆمبێلەکانیش دەپشکنن و ژمارەیەک هاووڵاتیی سلۆڤینیایان دەستگیرکردووە کە مادەی هۆشبەریان لەگەڵ خۆیان هێناوە.

لە لەندەن کۆنفرانسێکی تایبەت بە زمانی دایک بەڕێوەدەچێت
رۆنەچوون ، پاراستن و بووژاندنەوەی بەردەوام دروشمی کۆنفرانسەکەن
رۆژی شەممە 22/8/2024  لە شاری لەندەن لە بەریتانیا کۆنفرانسێکی تایبەت بە زمانی دایک بەڕێوەدەچێ. دروشمی کۆنفرانسەکە (رۆنەچوون، پاراستن و بووژاندنەوەیەکی بەردەوام)ە. 
ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی ئەکادیمی لە کوردستان و ئەوروپاوە تێیدا بەشداردەبن. 
رەوا هەژار، سەرۆکی کۆمیتەی رێکخراوی کانگا، کە رێکخەری کۆنفرانسەکەن، میوانی دیاسپۆرابوو لە بارەی کۆنفرانسەکەوە گوتی" رێکخراوی کانگا کە رێکخراوێکی قازانج نەویستە و گرنگی بە زمانی دایک دەدات و لە ساڵی 2005 لەلایەن عەدنان شاسوارەوە دامەزراوە، کۆنفرانسەکە ساز دەکەین و ئامانجمانە لە رێگەی کۆنفرانسەکە گرنگی و بایەخی زمانی دایک بەتایبەتی زمانی کوردی بخەینەڕوو، ئەو زمانەی کە توانای مانەوەی هەیە و وەک قەڵایەکە بۆ مانەوەی نەتەوەی کورد سەرەڕای ئەو هەموو فەرمان و داگیرکارییە بەسەریداهاتووە".
رەوا هەژار روونیکردەوە، رۆژی شەممە 22/6/2024 یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەیە و  دوو رۆژ دەخایەنێت، کەسانی پسپۆر لە زمانی کوردی قسەکەری کۆنفرانسەکەن و هەروەها میوانەکانیش هەموو ئەو کەسانەن کە پسپۆری زمانی کوردین، دەشڵێت" ئێمە ناتوانین بڵێین بەهۆی کۆنفرانسەکەوە کێشەی زمانی کوردی چارەسەر دەکەین، بەڵکو بتوانین هۆشدارییەکی باش لەسەر هەڵە و کەموکوڕییەکانی زمانی کوردی بدەین و ببێتە هەوێنێک بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکەش بایەخی زیاتری پێبدەن و کێشەکانی زمانی کوردی چارسەر بکەن".

دیمانەی شانۆیی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت
رۆژانی داهاتوو دیدارێکی تایبەت لە ئەڵمانیا دەکرێ. دیمانەی شانۆی کوردیی دیاسپۆرا. ناونیشانی دیدارەکە (بیرەوەری گێڕانەوە.. گەڕانەوە بۆ نیشتمان بۆ شانۆ) دەبێ. 
رزگار مونزر بەڕێوەبەری هونەریی گرووپی کابارێتی کوردی و رێکخەری دیمانەکە لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو.
رزگار مونزر لە بارەی دیدارەکەوە رایگەیاند، لەپێناو ناوێکی سەرەنجراکێش ناوی دیدارەکەمان کردە دیمانەی شانۆیی کە گرووپی کابارێتی کوردی سەرپەرشتی دەکات کە ماوەی چوار ساڵە لە ئەڵمانیا دامەزراوە و چالاکانە کاری خۆ دەکات، دەڵێت" سەرکێشی و ئیڤێنتێکە تێیدا سێ شانۆ نمایش دەکرێن، یەکێکیان لە کەلارەوە دووانەکەی دیکەش لێرەوە نمایش دەکرێن، دەمانویست ژمارەی شانۆکان لە کوردستانەوە زیاتر بن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڤیزاوە نەمانتوانی".
ئیڤێنتەکە لە شاری کالە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت لە 28ی ئەم مانگە دەستپێدەکات تاوەکو 30 مانگ دەخایەنێت.
بەڕێوەبەری هونەریی گرووپی کابارێتی کوردی روونیکردەوە، هەموو رۆژێک شانۆیەک نمایش دەکرێت و لەگەڵیشیدا وۆرکشۆپێک یان دیدارێک بەرێوەدەچێت و دەڵێت" ئەوانەی بەنیازن بێن بۆ بینینی کاروچالاکییەکانمان دەتوانن لە رێگەی هەژماری ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی(Kurdish diaspora) زانیاری وەربگرن و  یاخود لە رێگەی ژمارە مۆبایلەکانمان کەلەسەر پەڕەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانمان نووسراون پەیوەندیمان پێوە بکەن".