دیاسپۆرا - پێنج رۆژە دوو گەنجی کورد لە شاری بیلەفێلدی ئەڵمانیا بێسەروشوێنن

14 June 2024
دیاسپۆرا - پێنج رۆژە دوو گەنجی کورد لە شاری بیلەفێلدی ئەڵمانیا بێسەروشوێنن
دوو گەنجەکە تەمەنیان 15 و 16 ساڵە و دوای دەرچوون لە قوتابخانە دیار نەماون

لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە دوو گەنجی کورد لە شاری بیلەفێلد-ی ئەڵمانیا دیارنەماون. 

بەهزاد موراد ئەلیاس، کە تەمەنی پازدە ساڵە و رەزڤان وەلید شێخ سلۆی شازدە ساڵ دوایینجار رۆژی دووشەممە لە قوتابخانە دەرچوون و نەگەڕاونەتەوە. بەگوێرەی شایەتحاڵێک ئەو رۆژە لە شەمەندەفەرێکدا بیندراون کە بەرەو شاری ئاخنی ئەڵمانیا لەسەر سنووری هۆڵەندا و بەلجیکا رۆیشتووە. 

دیار خێرۆ، مامی بەهزاد بەناوی هەردوو ماڵباتەوە، ئەو زانیارییانەی بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا پشتڕاستکردەوە. راشیگەیاند پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی عێراقیشەوە کردووە بۆئەوەی ئەوانیش لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە هەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو گەنجە چڕ و پڕ بکرێنەوە. 

بەقسەی دیار خێرۆ هەردوو گەنجەکە هیچ کێشەیەکی ماڵباتییان نەبووە. بەهزاد مافی مانەوەی هەبووە لە ئەڵمانیا و رەزڤان نەیبووە. 

هەرکەسێک هەریەک لەو دوو گەنجانەی لە ئەڵمانیا یان هەر شوێنێکی ئەوروپا یان جیهاندا بینیبێ، دەتوانێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە بکات، کە لەسەر شاشەی رووداو دەبیندرێ

لە میدیاکانی فەرەنسا بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەگوترێت 'قومارەکەی ماکرۆن'

لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، ئێمانووێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات. 
ئەم هەفتەیە لەجیاتی ئەوەی فەرەنسییەکان و تەنانەت ئەوروپییەکانیش باسی بردنەوەی راستئاژۆ پەڕگیرەکان بکەن لە فەرەنسا، باسی ئەوە دەکەن کە چۆن ماکرۆن ئەو بڕیارەی داوە. 
هەندێک میدیا و دامەزراوە ناوێکیشیان بۆ ئەو کارەی دۆزیوەتەوە و پێیدەڵێن (قومارەکەی ماکرۆن). چونکە وا بیردەکەنەوە کە سەرۆکی فەرەنسا ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا راستئاژۆ پەڕگیرەکان سەرکەوتنی گەورە بەدەستنەهێننەوە. بەڵام ئەگەر وا دەرنەچوو و ماکرۆن لە قومارەکەیدا نەیبردەوە، ئەوکات پەڕگیرەکان بەهێزتریش دەبن لە فەرەنسا. 
بەهێزبوونی ئەوانە کاریگەریی لەسەر دیاسپۆرای کوردیش دەبێ لە فەرەنسا. پرسیار زۆرن و وەڵامیان پێویستن. بۆیە رەنگە کەس لە د. ئاسۆ عەبدوڵڵا حەسەنزادە، - پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی، باشتر نەبێ وەڵاممانبداتەوە، کە لە فەرەنساوە لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرابوو لەو بارەیەوە گوتی" هەنگاوەکەی ماکرۆن هەنگاوێکی بوێرانە بوو، بەڵام لەو بڕیارەدا تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی بووە، بۆیە خەڵکی فەرەنسا بە بڕیارەکەی شۆک بوون".
ئاسۆ حەسەنزادە روونیکردەوە کە کاریگەریی بڕیارەکەی ماکرۆن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنووردار دەبێت.

ئاسۆ حەسەنزادە دەشڵێت" ئێستا پێگەی ماکرۆن لاوازترە لە پێگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و بۆیە لە ئاستی ئەورووپا پێویستی بە رێککەوتنی گشتی هەیە، لەکاتێکدا راستی تووندڕەوی ئەورووپا یەکدەست نین و ئامادەی رێککەوتن نین".

سەبارەت بە رۆڵی راستڕەوەکانی فەرەنسا لەسەر دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە، هەروەها هەوڵوێستیان بەرامبەر بە دۆزی کورد، ئاسۆ حەسەنزادە گوتی" دەسەڵاتی راستڕەوەکانی فەرەنسا کاریگەریی لەسەر دۆخی کورد نابێت و جیاوازیی زۆر لەنێوان راستەکان و چەپەکانی فەرەنسا نییە بەرامبەر بە کورد".

دانیمارک ئاسانکاریی زیاتر بۆ "یەکگرتنەوەی خێزانی" دەکات 
دانیمارک کە پێشتر ئەزموونی راستئاژۆیی پەڕگیری تاقیکردبووەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا دەنگی زۆرینەی بۆ پارتەکانی نێوەڕاست و چەپ رۆیشت. 
زۆر کورد کە وەڵاتینامەی دانیمارکیان هەبوو ساڵانی پێشتر چوونە وڵاتی دیکە. بەڵام ئێستا کە دۆخی دانیمارک بۆ کەسانی بە بنەچە بیانی باشتر بووە، رەنگە بیانەوێ جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان مافی مانەوەیان لە دانیمارک نییە، نەتوانن ئەوە بکەن. 
لە کۆتایی ئەم مانگەوە ئیشەکەیان بۆ ئاسان دەبێ. هەرکەسێک بیەوێ بۆ کار بگەڕێتەوە دانیمارک، دەتوانێ ماڵ و منداڵیشی لەگەڵ خۆی بباتەوە. مەرجەکەش ئەوەیە کە دەبێ کەسی گەڕاوە بتوانێ بەو شارەزاییەی هەیەتی یان لە بواری زانستیدا یانیش لە بواری ئابووریدا خزمەتی دانیمارک بکات. بۆنموونە بتوانێ ئاژەڵداری بکات یانیش توێژەر بێ و کارێکی زانستیی گرنگ بۆ دانیمارک بکات. 

هۆڵەندا و سویسرا ڤیزا دەدەنە پزیشک و پەرستاران
ساڵانی زۆرە ئەڵمانیا و هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپی کێشەی کەمیی پزیشک و کارمەندی تەندروستییان هەیە. بۆیە ئەڵمانیا هەموو رێگەیەک تاقیدەکاتەوە بۆئەوەی بە کۆچبەران و دەستی کاری دەرەکی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دوازدە لەسەتی پزیشکەکانی ئەڵمانیا وەڵاتینامەی ئەو وڵاتەیان نییە. واتە یەک لەسەر هەشتی هەموو پزیشکەکانی ئەڵمانیا کۆچبەرن و ژمارەیان 62 هەزار پزیشکە. 
ئێستا وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش هەمان کێشەیان هەیە و ئاسانکاری دەکەن بۆ هاتنی پزیشک و کارمەندی تەندروستی. سویسرا، نەمسا، دانیمارک، نەرویج و ئێرلەندا ئەو وڵاتان کە دەیانەوێ وەک ئەڵمانیا بکەن و ئاسانکاری بکەن. کاتێک باسی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین، مەبەست لە پزیشکان و پسپۆڕانی دیکەی وەک فیزیۆتێراپیست و پەرستیاری پرۆفێشنەڵ و مامان و دەرمانسازیشە. 

چیرۆکی ژن ومێردێکی کوردی دانیشتووی ئۆزبەکستان
دیاسپۆرا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی نێو ئەو دەیان چیرۆکە کە لەنێو کوردی سۆڤیێتی جاران هەن و هێشتا نەگێڕدراونەتەوە بۆتان دەگێڕێتەوە. 
کاتێک کۆماری کوردستان تێکچوو، مەلا مستەفای بارزانی و پێشمەرگەکانی چوونە یەکێتیی سۆڤیێت. لەوێ بەسەر وڵاتانی جیاوازدا دابەشکران. بەشێکیان کەوتنە ئۆزبەکستان. نزیکەی هەشتا ساڵ دواتر، ژن و مێردێک لەوێ چیرۆکی باڵکێشی خۆیان دەگێڕنەوە. 
یەکێکیان رۆڵەی پێشمەرگەیەکی مهابادییە و ئەویدیکەش رۆڵەی پێشمەرگەیەکی بارزانییە. ئەوان لە دیاسپۆران، بەڵام دڵیان بۆ کوردستان لێدەدا. 

تاشکەند پایتەختی ئۆزبەکستان، مەحموود و هەدیە دوو هاوژینی کوردن، هەردووکیان منداڵی پێشمەرگەیەکی مەلا مستەفا بارزانین. 
باوکی مەحموود - رەحمان مەحموود ئەحمەد، خەڵکی مەهاباد بوو، باوکی هەدیە - بابەکر محەممەد زوبەیر خەڵکی بارزان بوو.  
دوای رووخانی کۆماری کوردستان، لە ساڵی 1947، ئەو دووانە پێکەوە لەگەڵ 499 پێشمەرگە، بە سەرکردایەتیی مستەفا بارزانی، چوونە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤیێت و لە ساڵی 1948 گواستراونەتەوە بۆ ئۆزبەکستان و لە ناوچەی نەمانگان نیشتەجێ دەبن.

مەحموود رەحمان – کوڕی پێشمەرگە:
لە نامانگان دەست دەکەن بە فێربوونی زمانی رووسی. لە ساڵی ١٩٥٤ باوکم رەفیقە ئوسمانۆڤای دایکمی ناسی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد. لە ساڵی 1955 خوشکم ساشا لەدایک بوو. پاشان لە ساڵی ١٩٥٨ مستەفا بارزانی رایگەیاند کە دەگەڕێینەوە بۆ وڵات. لەو سەردەمەدا زۆرێک لە کوردەکان لە گوندی ڤرێڤسکی کە بە زمانی ئەلمەزارای ئێستا، هاوسەرگیریان کردووە. کێ ژنی تێتەری هێنا، کە ئۆزبەکی هێناوە، کێ تێتەری لە کریماوە هێناوە، کێ تێتەری لە کازانەوە هێناوە. هەریەکەیان دوو سێ منداڵیان هەبوو. هەموویان سواری کەشتی "گورزیە" دەبن و دەگەنە بەسرەی عێراق و پاشان خۆیان دەگەیێننە کوردستان. 
   لە ساڵی ١٩٦١ جارێکی تر شەڕ دەستی پێکردەوە. من لە ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەولێر لەدایک بووم. دایکم هەموو منداڵەکانی دەبات بۆ بەغدا و لەوێ ناسنامەیەکی نوێم بۆ دروست دەکات و ناوی کۆتایی خۆی بە حەبیبولین دەداتێ. هەروەها نووسراوە کە من لە بەغدا لەدایک بووم. ئەمە لە ناسنامەکەمدا بنووسە: بەغدا، عێراق.  لە ترسەوە ئەو قسەیەی نووسیوە. چونکە، دەنگۆیەک بڵاوبووبووەوە کە کوڕێکی رەحمان لەدایک بووە و مەترسی ئەوە هەیە بیکوژن یان بیگرن، بۆ ئەوەی باوکم بگرن. وە بە هاوکاری باڵیۆزخانەی سۆڤیێت دایکم عێراق بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئۆزبەکستان. 
هەدیە بابەکر - کچی پێشمەرگە: 
دایکم بەرگەی سەختییەکانی شەڕی نەدەگرت. منداڵەکانی بچووک بوون و بۆیە دەترسا. مانگێک پێکەوە بە کەشتیی "گورزیە" گەشتمان کرد و گەیشتینە شاری ئۆدێسا، لەوێشەوە بەرەو مۆسکۆ و لەوێشەوە بۆ تاشکەند.

مەحموود رەحمان – کوڕی پێشمەرگە:
ساڵی 1964 جارێکی دیکە ئاگربەست لە نێوان عێراق و کوردستان راگەیەندرا.  پاشان باوکم دەزانێت دایکم عێراقی بەجێهێشتووە. بڕیاریدا خێزانەکەی بدۆزێتەوەو لە ساڵی ١٩٦٥ بە شێوەیەکی نایاسایی عێراقی بەجێهێشت.  هەروەها لە ئێرانەوە بەسەر رووباری ئێرزەوە سنوور دەبڕێت. هەموو رێگاکەی بە باشی دەزانی. بەڵام سنوور دەستگیری دەکەن. بۆ ماوەی یەک دوو مانگ بە وەک زیندانی دەمێنێتەوە. پاشان دایکم کە هاوڵاتی یەکێتی سۆڤیێت بوو داواکاری پێشکەش کرد و لە پاییزدا باوکم گەیشتە تاشکەند. 
ئامانجی باوکم هێنانەوەی خێزانەکەی بوو. بەڵام کەی جی بی- یان هەواڵگریی سۆڤیێتی ئەوکات پێی دەڵێن، تۆ بڕۆ و بگەڕێوە، بەڵام خێزانەکە لێرە دەمێنێتەوە، چونکە خێزانێکی سۆڤیێتییە. باوکم ئیتر هیچ بژاردەیەکی نەماوە. بەبێ خێزانەکەی نەیدەتوانی بگەڕێتەوە. لە ئەنجامدا ئەویش دەمێنێتەوە. 
هەدیە بابەکر - کچە پێشمەرگە:
ساڵی 1972 باوکم هەوڵیدا خێزانەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان. هەموو بەڵگەنامەکان ئامادە دەکات و دەینێرێت. لێرەدا حکومەتی سۆڤیێت ٤٨ رۆژی پێداین بۆ ئەوەی بڕیاری خۆمان بدەین. براکانی دایکم دەستیان کرد بە قەناعەت پێکردنی دایکم کە بمێنێتەوە. گوتیان: هەڵەی پێشووت دووبارە مەکەرەوە. بیر لە منداڵەکانتان بکەرەوە”. بەڕاستی دایکم حەزی دەکرد بگەڕێتەوە. بەڵگەنامەکانیش ئامادە بوون. بەڵام دەمێنێتەوە.  بەڵام پەیوەندیمان بەردەوام بوو، باوکم بە بەردەوامی نامەی دەنارد. یارمەتی نارد، بەپێی دەرفەتی خۆی. هەروەها وەک پێشمەرگە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدا، ئێمەی لە بیر نەکرد. باشە ئەوە چارەنووسی ئێمە بوو.  پەیوەندی ئێمە تەنیا کاتێک پچڕا کە روویان لە ئێران کرد. بەڵام دواتر ئەو پەیوەندییە دروست بووەوە. باوکم لە نەغەدەوە نامەی بۆ دەناردین. 
دایکم لە ساڵی ٩٣ کۆچی دوایی کرد.  ئەو ئامۆژگاری کردین کە “بە دڵنیاییەوە سەردانی وڵاتەکەت بکەین. پەیوەندیتان لەدەست مەدەن، چونکە گەڕانەوەمان بۆ ئۆزبەکستان چارەنووسسازە”.
مەحموود رەحمان – کوڕی پێشمەرگە:
- کاتێک یەکێتی سۆڤیێت ڕووخا، باوکم بڕیاریدا بچێتە ئەو وڵاتە. ماڵەکەی فرۆشت تا بەهەمان پارە بگاتە عێراق. بەڵام مانگێک پێش ئەوەی بڕوات، پاسێک لێیدا. لەبینی وڵاتەکەی بێبەش بوو. 
لە ساڵی ٢٠٠٤ پەیامێک بۆ ژنەکەم هات، کە باوکی بابەکر لەوێ هاوسەرگیری کردووەتەوە. وە بنەماڵەی دووەمیشی پەیامێکیان ناردووە کە بێن، کوردستان ئێستا ئازادە، بارودۆخی وڵات زۆر باشە. 
سەرەتا بە ژنەکەمم وت کە تۆ بڕۆیت، چونکە تۆ و زاواکەت تەلەفۆنیان بۆ کرد. زوبەیری برای ئەو کاتە لە ژیاندا بوو. چوونە ئێران. لە ئێران نادری برای بەخێرهاتنیان دەکات. وە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٤ هەنگاویان ناوە سەر خاکی کوردستان. پاشان ژنەکەم لەوێوە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی مەحموودیش وەرە. و من و کوڕەکەمیش چووینە کوردستان.   
هەدیە بابەکر - کچە پێشمەرگە:
لە سەر سنوور هەموو خزمەکانمان هاتبوون بۆ پێشوازیکردنمان. براکانم، خوشکەکانم، تەنانەت خاڵۆزا و پورەکانیشم هاتبوون. زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردین. هەموومان گریاین. 
پێکەوە سنوورمان بەزاند. وە گەیشتینە ماڵی باوک. بەم شێوەیە وڵاتەکەمان دەبینی.  
براکانم زۆر باشن. فکری دەرهێنەرە، فیلمی دیکۆمێنتاری، سینەماکاری، نازانم. نادر مێژوونووسە. تا دەیتوانی پشتگیریی کردین. ماوەیەک لەگەڵ براکانمان دەژیاین، لەگەڵ دایکی دووەمم. دوای ئەوەی هاوسەرەکەم و کوڕەکەم دەستیان بە کار کرد، خانوویەکمان بەکرێ گرت.
مەحموود رەحمان – کوڕی پێشمەرگە:
بەڵێ لە کوردستان ماینەوە. ساڵ و نیوێک لەوێ ژیاین. پاشان لەگەڵ خێزانەکە هاتینەوە تاشکەند. بەڵام هەموو ساڵێک دەگەڕیمەوە، چونکە مووچە وەردەگرم. هەردوو خزم و کەسوکاری ژنەکەم لەوێ دەژین. بێگومان خەونم ئەوە بوو کە لەوێ بمێنمەوە. پەنا بەخوا ئەگەر دەرفەتێکی وا هەبێت، ئەگەر خانوویێکمان پێ بدەن، بۆ ئەوەی بتوانین وەک خێزان لەوێ بژین، من بە خۆشی لەوێ دەمێنمەوە.  
هەدیە بابەکر - کچە پێشمەرگە:
من سوپاسگوزارم بۆ وڵاتەکەم. دەمەوێت هەمیشە پێشمەرگایەتیمان لەبیربێت. لەبیرمان نەچێت چۆن خەباتیان بۆ ئازادی کرد. من سوپاسگوزاری حکومەتی کوردستانم، کە هاوکارە بۆ پاراستنی یادەوەرییان، هاوکاری منداڵەکانیان دەکات، وەک منداڵی خۆیان. زۆر سوپاس! 
تێکێست: پێشمەرگە بابەکر - باوکی هەدیە لە بارزانی بە خاک سپێردرا. پێشمەرگە رەحمان - باوکی مەحموودیش لە تاشکەند. 
مەحموود و هەدیە تەنیا یەک کوڕ و دوو نەوەیان هەیە. دیارە هەمیشە پێکەوە سەردانی گۆڕی باپیرانیان دەکەن.

پەیکەرسازێکی کورد سەرنجی خەڵکی ئەڵمانیا رادەکێشێت
ساڵح نەمر خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و هەر لە کوردستانیش دەستی بە کاری هونەری کردووە.ئێستا لە ئەڵمانیا کارە ناوازەکانی بوونەتە جێی سەرنجی ئەڵمانەکان. 


ناوم ساڵح نەمرە و خەڵکی گوندێکی کۆچەرانم لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان، لە شام پەیمانگەی هونەرە جوانەکانم تەواو کردووە لە ساڵی 1995. هەر لە سەرەتای قۆناخی خوێندنی پەیمانگە لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا بە باشی دەستم بە فێربوونی پەیکەرتاشی کردووەو بەباشی فێربووم.

من لە ساڵی 2014ەوە لە ئەڵمانیا دەژیم  ولێرەش هەر کاری پەیکەرتاشی دەکەم و لێرە خوولی فێربوونی پەیکەرتاشی دەکەینەوەو خەڵک حەز بە فێربوونی دەکات، سەرەتا گرنگە چۆن بتوانی لەگەڵ بەردێک مامەڵە بکەیت و وەک ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەی و بیکەی بەشتێک کە خۆت بتەوێت.

فلۆریان توولی - پەیکەرتاش
"رۆژێک هاتمە شوێنی کارەکەم. دوو پیاوی سووری لەوێ وەستابوون و یەکێکیان گوتی من بە دوای کاردا دەگەڕێم و گوتم هیچ کارێکم بۆ تۆ نییە، پاشان تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا و ژنێک گوتی. ئەو بە دوای کاردا ناگەڕێت، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت کار بکات، بەم شێوەیەش هاوڕێم ساڵح نەمرم ناسی. من بە پیشەی خۆم وەستای بەردم، ساڵحیش هەمیشە پێم دەڵێت، تۆ ماسترۆی منیت، منیش دەڵێم بەڵێ، بەڵام تۆ پرۆفیسۆری منیت".

لە 2016ەوە کاری پەیکەرسازی لێرە دەکەم و ئێستا پڕۆژەیەکم هەیە و ماوەی ساڵێک زیاترە کاری لەسەر دەکەم و  ئەویش ئەوەیە کەلە ناوچەی کۆچەری ئێمە هەندێک شایی و هەڵپەڕکێی هەن بەداخەوە ئێستا نەماون و ونبوون، دەمەوێ لە رێگەی پڕۆژەکەمەوە ئەو شایی و هەڵپەڕکێیانە لەرێگەی تاشینەوە دۆکیۆمێنتیان بکەم.

گرنگە خەڵک و حکومەت بزانن کە کولتوور وەک قەڵایەکی گەورە وایە کە بتوانین خۆمان لەنێویدا بپارێزین و لەنێو نەچین.

ساڵح نەمر لە سوێدەوە لە رێگەی سکایپ باسی چالاکییەکی کرد کە بڕیارە رۆژی شەممە دەستپێبکات و گوتی" فێستیڤاڵ و چالاکییەکی هونەرییە لە شاری مالمۆ لە باشووری سوێد بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بەشی کوردی لە چالاکییەکەدا بەشدارە".

ساڵح نەمر گوتیشی" لە چالاکییەکەدا 11 هونەرمەندی کورد بەشدارن و پێکهاتوون لە 8 پیاو و 3 ژن و لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژدا کارە هونەرییەکانی خۆیان نمایش دەکەن".


گرووپێکی شانۆیی کوردی سەرنجی ئەڵمانییەکان رادەکێشێت 
دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا هەر لە بواری خوێندن و کاردا سەرکەوتوو نین، بەڵکو کاری کولتووریی باشیش دەکەن. یەکێک لەوانە ئەو گرووپە شانۆییەیە کە کۆمەڵێک هونەرمەندی بەشەکانی کوردستان و تەنانەت جیۆرجیاش لە شاری هانۆڤەر گرووپی شانۆیی راگوزەریان دروستکردووە. 
دوو خانمە ئەکتەر کە ئەندامی گرووپەکە، هەریەکە لە سابات ساڵح، ئەکتەر و  ئیلۆنا، سترانبێژ و ئەکتەر میوانی دیاسپۆرابوون.
سەرەتا سابات ساڵح گوتی" گرووپەکەمان فراوانە و بەشێویەک هەر چوار پارچەی کوردستانمان لە گرووپەکەماندا کۆکردووەتەوە". 

سەبارەت بە گێڕانی رۆڵی خۆی لە سەر شانۆدا سابات ساڵح گوتی" لەسەر شانۆ دەبمە ئەو کارەکتەرەی کە رۆڵەکەی دەگێڕم و دەمەوێ وێنە زیندووەکە پیشان بدەم".

سابات ساڵح باسی رۆڵی ژنی کوردی کرد کە دەتوانێت لە هەموو بوارەکاندا شوێنپەنجەی هەبێت و گوتی" پێویستە ژنی کورد لە لایەن خێزانەکانییانەوە پاڵپشتی بکرێن و خۆشیان بێنە پێشەوە".

ئیلۆنا ئاڤێستا کە هەم گۆرانی بێژە و هەمیش ئەکتەر و شانۆکارە، زیاتر وەک گۆرانیبێژ لە شانۆکاندا دەردەکەوێت دەڵێت" کەیفخۆشم بە بەشداربوون لە گرووپێکی شانۆیی کوردی و دەڵێت" لە ساڵی 2015ـەوە دەستم بە گۆرانی گوتن کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوام و لە گۆرانییەکانمدا چیرۆکی کوردی ئێزدیی جۆرجیا دەگێڕمەوە".