هۆڵەندا رێکارەکان بۆ پێدانی وڵاتینامە تووندتر دەکات

24 May 2024
هۆڵەندا رێکارەکان بۆ پێدانی وڵاتینامە تووندتر دەکات

هۆڵەندا سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆچبەران تووندتر دەکاتەوە

حکومەتی نوێی هۆڵەندا ماوەی وەرگرتنی وەڵاتینامە لە 5 ساڵەوە دەکاتە10 ساڵ.
پاش چەندین مانگ دانوستاندن و چاوەڕوانی، پارتە براوەکانی هەڵبژاردن لە هۆڵەندا رێککەوتن. چوار پارت دەیانەوێ حکومەتی نوێ پێکبهێنن. 
ئەوەی بۆ ئەوانەتان کە لە هۆڵەنداوە تەماشا دەکەن گرنگ بێ ئەوەیە کە حکومەتێکی تووند بەرامبەر کۆچبەران بەڕێوەیە. هەر لە بەزۆر دیپۆرتکردنەوەوە بگرە تا دەگاتە سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەری نوێ و گۆڕینی یاساکانیش بۆ ئەوانەی ئێستا وەک کۆچبەر لەوێن، هەموویان ئەو خاڵانەن کە کابینە چاوەڕوانکراوەکە دەیەوێ جێبەجێیان بکات. 
هەروەها ئەوانەی تاقیکردنەوەی خۆگونجاندن دەکەن، دەبێ بیسەلمێنن کە لە چیرۆکی هۆلۆکۆست (واتە قڕکردنی جووەکان لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیدا) تێگەیشتوون. 
سەبارەت بە وەرگرتنی وەڵاتینامە یان پاسپۆرتیش دەبێ ئەو کەسەی داوای دەکات بەلایەنی کەمەوە 10 ساڵ لە هۆڵەندا ژیابێ. تاوەکو ئێستا ئەمە 5 ساڵ بوو.

نەمسا هاوشێوەی بەریتانیا دەیەوێ کۆچبەران رەوانەی وڵاتی سێیەم بکات.
نەمسا دەیەوێ مۆدێلی بەریتانی بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دووبارە بکاتەوە. وەک راوێژکاری ئەو وڵاتە دەڵێت ژمارەیەکی زۆر وڵاتی ئەوروپیش هەمان شتیان دەوێت.
نەمسا هەوڵدەدات یەکێتیی ئەوروپا هەمان رێگەی بەریتانیا بەکاربهێنێت و کۆچبەرانی نایاسایی بنێرێتە شوێنێکی هاوشێوەی رواندا. کارل نێمار، راوێژکار (یان سەرۆکوەزیران)ی نەمسا ئەم هەفتەیە لە ڤیەننا لەگەڵ ریشی سووکان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە. پاش کۆبوونەوەکە نێمار نەیشاردەوە کە سەرسامە بەو ’رێچکە‘یەی بەریتانیا پلانی بۆ داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرانی نایاسایی. ئەویش بە ناردنیان بۆ رواندا. 
وەک کارل نێمار رایگەیاند، ئەمە دەرگا دەکاتەوە بۆئەوەی یەکێتیی ئەوروپاش هەمان شت بکات. پێشتر نەمسا و 14 وڵاتی دیکەی ئەوروپا نامەیەکیان بۆ کۆمیسیۆنی ئەوروپا نووسیبوو و داوایان کردبوو بیر لە ’چارەسەری نوێ‘ بۆ کێشەی کۆچبەران بکرێتەوە. 
راوێژکاری نەمسا دەڵێت، ئەو وڵاتانە پشتیوانی لە بیرۆکەی هاوشێوەی رواندا دەکەن. ئەو وڵاتانەی نێمار باسیاندەکات، هەریەکە لە دانیمارک و هۆڵەندا و فینلەند و ئیتاڵیا و پۆڵەندیشیان لەنێودایە.

ئەڵمانیا ئاسانکاری دەکات بۆ چوونی دەستی کاری شارەزا
ئەڵمانیا رێوشوێنەکانی پێدانی وڵاتینامە ئاسانتر دەکات

حکومەتی  ئەڵمانیا دەیەوێ بە ماڵپەڕێک و کەمپەینێک ئاسانکاریی زۆرتر بکات بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ببنە هاووڵاتیی ئەڵمانیا. 
بەپێچەوانەی ئەو تووندکردنانەی لەو وڵاتانەی دیکە دەبیندرێن، ئەڵمانیا خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتەکەی ئێستایەتی سەبارەت بە کۆچبەران. ئەو بەرنامەیە ئاسانکاریی زۆرتری کرد بۆ هاتنی دەستی کاری شارەزا. 
لەلایەکی دیکەشەوە وەرگرتنی وەڵاتینامەی ئاسانتر کرد. ئێستا بۆئەوەی ئاسانتر زانیاری بداتە ئەوانەی وەرگرتنی وەڵاتینامە دەیانگرێتەوە، ئەڵمانیا بەتەمایە ماڵپەڕێک بکاتەوە و بە هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی زۆرتر بداتە ئەو کەسانە. 
بڕیاروایە ماڵپەڕەکە و هەڵمەتەکە بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی بن و کۆتایی مانگی داهاتوو (واتە مانگی شەش) دەستپێدەکەن.

ئایسلەند ئاسانترین سیاسەتی بۆ پێدانی ڤیزەی شنگن هەیە
ئایسلەند 98٪ـی داواکارییەکان بۆ پێدانی ڤیزە پەسند دەکات

لەنێو وڵاتانی ئەندام لە زۆنی شینگن، ئایسلەند ئاسانترین و ماڵتاش قورسترین سیاسەتی ڤیزەپێدانیان هەیە. 
ساڵی 2023ئایسەلەند تەنیا 2 لەسەتی داواکاریی ڤیزای رەتکردووەتەوە. ماڵتا 16 لەسەتی داواکارییەکانی رەتکردووەتەوە. بەدرێژایی ساڵی رابردوو هەموو وڵاتانی شینگن 8 ملیۆن و 500 هەزار ڤیزایان داوە. 
سویسرا وڵاتێکی دیکەی زۆنی شینگنە و بەوە بەنێوبانگە کە سیاسەتێکی کۆچبەریی تووندی هەیە، کەچی بۆ ڤیزەپێدان لەگەڵ لاتڤیا دووەمین و سێیەمین وڵاتن کە بەئاسانتر ڤیزا دەدەنە خەڵک.
فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی لە بەرلین بەڕێوەچوو
رۆژانی رابردوو فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی لە بەرلین بەڕێوەچوو. لەوێ چوار رۆژی پڕ لە چالاکی کوردیی جوان بەزوویی تێپەڕین کە سێیەم ساڵە بەڕێوەدەچێت.
مەکسیم عیسا کە سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکەیە دەڵێت "ساڵی رابردوو فیستیڤاڵەکە رەنگین و پڕ چالاکی بوو بەوپێیەی سیمینار و کۆنسێرتی زیاتر و تەنانەت بازاری کوردیش هەبوو و باسی جیاوازی فێستیڤاڵی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو دەکات و دەڵێت رەخنەیەک کە لە ئێمە گیرا ساڵی رابردوو ئەوەبوو کە هیچ چالاکی یان بەشێکی تایبەت بە منداڵان نەبوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ منداڵانیش بەشی تایبەت هەبوو ، چالاکی وا کە نەک تەنیا منداڵان بەڵکۆ خانەوادە و خێزانیش بتوانن بەشداری بکەن". 
جگە لەوە دەڵيت "کە بازارە کوردییەکەمان لە ساڵی رابردوو گەورەتر کردووە و خواردن و خواردنەوەی کوردی تێدا دەفرۆشرێن وەک چا و شەڕابی کوردیش، جگە لەوە لە فیستیڤاڵەکەدا دوو وۆرکشۆپ بەڕێوەچوون کە یەکەمیان تایبەت بوو بە شایی و هەڵپەرکێی کوردی کە تیایدا باسی مێژووی هەڵپەرکێی کوردی و چۆنیەتی فێربوونیان کرا ، وۆرکشۆپی دووەمیش لەسەر تاتۆی سەر دەستی ژنانی کورد بوو ، ئەو تاتۆیانەی کە لە کۆنەوە ژنانی کورد لەسەر دەست و دەموچاویان دەیان نەخشاند ، بۆ ئەو مەبەستە هاوکارێکمان کە  شارەزای ئەو تاتۆیانەیە و خۆی خەڵکی باکووری کوردستانە بۆ ماوەی دوو رۆژ وۆرکشۆپەکەی بەڕێوەبرد، ئەوانە ئەو جیاوازییانە بوون کە فێستیڤاڵی ئەمساڵی لەوانەی ساڵانی رابردووی جیادەکردەوە".
هەر لە فیستیڤاڵەکەدا چەند گەنجێکی کورد بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کرد، ئەڤین کە کچە گەنجێکی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و خوێندکاری گرافیک دیزاینە ، چەند بەرهەمێکی خۆی کە دیزانی لەسەر چەند جلوبەرگ و کەلوپەلێک کردووە بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردووە و دەڵێت "دەمویست لەو رێگەیەوە بەرهەمەکانی خۆم و دەستڕەنگینی گەنجی کورد بناسێنم، هەر لە فیستیڤاڵەکەدا جگە لە هونەرمەندانی کورد هونەرمەندی ئەڵمانیش بەشداربوون".
جوان مە‌‌حموود کە بەرگدروویێکی خەڵکی تربەسپی رۆژئاوای کوردستانە و بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردوە دەڵێت "بەشداریکردنم بۆ هاندانی گەنجەکانمان بووە تاوەکو جولەبەرگی کوردی لەبەربکەن و فۆلکلۆر و کولتووری خۆمان لە وڵاتانی ئەوروپا لەبیر نەکەین و ون نەبین لەناو نەتەوەکانی دیکە". جوان دەڵێت "من جلوبەرگی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەدوورم وەک دەستووری جلەکانی شنگال و زاخۆ و عەفرین و هەموو ناوچە جیاوازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان".
قادر جان کە میوزیکژەنێکی کوردە و بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردووە دەڵێت"بەشداریکردنمان لە فیستیڤاڵەکە بەمەبەستی ناساندنی میوزیک و گۆرانی کوردییە و لە فیستیڤاڵەکەدا هەریەکە لە ئامێرەکانی ساز، نەی، دەف و چەند ئامێرێکی دیکەش ناسێندران". 
هەر لە فیستیڤاڵەکەدا لەلایەن گەنجانەوە چەند گۆرانییەکی کۆن و فولکلۆری کوردی گوترانەوە و کاری دەستی چەند کچێکی بێسەرپەرشتی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیش نمایشکران بۆ فرۆشتن بەمەبەستی هاوکاریکردنیان.
بەشیکی دیکەی فیستیڤاڵەکە تایبەت کرابوو بەیادکردنەوەی هونەرمەندە کۆنەکانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان، هەروەها کتێبخانەیەکی کوردیش لە فیستیڤاڵەکدا کرابووەوە بۆ ناساندنی پەرتووکی کوردی.

دیبەیت.. دەرفەتەکانی خوێندن لەبەردەم گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا
لە پەراوێزی سێیەمین فێستیڤاڵی فۆلکلۆر و هونەری کوردیدا کە لە بەرلین بەڕێوەچوو، رووداو میوانداری چوار گەنجی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا کردووە کە لە سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە بوون، لە دیبەیتێکدا باسی ژیانی خۆیان لە دیاسپۆرا و گرنگیدانیان بە زمان و کولتووری کوردی دەکەن ، هەروەها باسی دەرفەتەکانی خوێندن و ژیانیان کرد بۆ گەنجانی کورد ئەڵمانیا.

ئاریانا حاجی: دوای شەڕی عەفرین ناچاربووین کۆچ بکەین
ئاریانا حاجی: دەمویست بە ئینگلیزی بخوێنم بۆیە بڕیارمدا لە چیک بخوێنم
ئاریانا حاجی: لە عەفرین دەڵێن" فێربوونی زمانێک لە هەزار داری زەیتوون گرنگترە"
ئاریانا حاجی: ئەگەر ئێمە کوردی قسە نەکەین ئەوکاتە نەتەوەی کورد نامێنێت
ئاریانا حاجی: ئێمە هیچ کات لە ماڵەوە بە زمانێکی جگە لە کوردی قسەمان نەکردووە
ئاریانا حاجی: هێشتا دایک و باوکی من نازانن بە کوردی بنووسن و بخوێننەوە
ئاریانا حاجی: بۆ خەڵکی ئەڵمانیا گرنگە کورد پارێزگاری لە ناسنامەکەیان بکەن
ئاریانا حاجی: دەمەوێ دوای تەواوکردنی خوێندن بگەڕێمەوە کوردستان


ئاریانا ‌حاجی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و دوو ساڵ و نیوە لە ئەوروپا دەژیت، دەڵێت "لەدوای هاتنی داعش و دەستپێکردنی شەر ناچاربووین کۆچ بکەین، دەمویست بە زمانی ئینگلیزی بخوێنم، بۆیە بڕیارمدا بچمە وڵاتی چیک و لەوێ درێژە بەخوێندن بدەم". لەبارەی فێربوونی زمانێکی دیکە ئاریانا کە خۆی خەڵکی عەفرینە دەڵێت "ئێمە لە عەفرین دەڵێین فێربوونی زمانێکی دیکە لە هەزاران داری زەیتوون گرنگترە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە گرنگی فێربوونی زمانی دیکە تێگەشتووە باسی ئەوەش دەکات کەنابێ فێربوونی زمانی دیکە کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر زمانی دایک و دەڵێت "ئەگەر بە کوردی قسە نەکەین ئەوە نەتەوەی کورد نامێنێت و ئێمە هەمیشە لەماڵەوە جگە لە زمانی کوردی بەهیچ زمانێکی دیکە قسە ناکەن". ئاریانا دەیەوێ دوای تەواوکردنی خوێندن بگەڕێتەوە کوردستان و لەوێ خزمەت بکات.

شەهریار مورادی: ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم
شەهریار مورادی: لە ئەڵمانیا دەرفەتێکی زۆر بۆ کار و خوێندن هەیە
شەهریار مورادی: لە ئەڵمانیا راستڕەوەکان خەریکە بە دەسەڵات دەگەن
شەهریار مورادی: زمان ناسنامەی مرۆڤە
شەهریار مورادی: زۆر گرنگە منداڵەکانمان فێری زمانی کوردی بکەین
شەهریار مورادی:  ئێستا سەرقاڵی نووسینی کتێبێکم بە کوردی

شەهریار مورادی، خوێندکاری زانکۆیە و ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، دەڵێت "لە ئەڵمانیا دەرفەتی زۆر بۆ کار و خوێندن هەیە، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کە خەریکە راستڕەوەکان دەگەنە دەسەڵات و ئەوەش وەک مەترسییەک بۆ سەر خودی خۆی و گەنجانی دیکەی بیانی دەبینێت کە لە ئەڵمانیا دەژین. لەبارەی قسە کردن و پاراستنی زمانی دایک لەناو گەنجانی دیاسپۆرانشیندا شەهریار دەڵێت "زمان ناسنامەی مرۆڤە بۆیە زۆر گرنگە پارێزگاری لە زمانی دایک بکرێت و گرنگترین کاریش کە دایک و باوکان بیکەن فێرکردنی منداڵەکانیانە بە زمانی کوردی". 
شەهریار ئێستا سەرقاڵی نووسینی کتێبێکی کوردییە.

بێناڤ مستەفا:  کوردبوون واتای بە ژیانی من بەخشیوە
بێناڤ مستەفا: زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی زۆر بە باشی دەزانم
بێناڤ مستەفا: ماوەی هەشت ساڵە لە ئەلمانیا دەژیم
بێناڤ مستەفا: ئەو کەسانەی تەمەنیان زۆر بە سەختی فێری ئەڵمانی دەبن
بێناڤ مستەفا: جیاوازی ژینگە دەبێتە هۆی هەستکردن بە تەنیایی لە ئەڵمانیا
بێناڤ مستەفا: لە 17 ساڵیدا هاتمە ئێرە و بە 5 مانگ ئەڵمانیم قسە دەکرد
بێناڤ مستەفا: پێویستە رەوەندی کوردی بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن
بێناڤ مستەفا: لێرە رێگە دەدرێت کە منداڵانی پۆلی دە بە کوردی بخوێنن
بێناڤ مستەفا: هەوڵێک هەیە لە ئەڵمانیا منداڵان سەرەتا بە زمانی دایکیان پەروەردە بکرێن
بێناڤ مستەفا: بەر لە 8 ساڵ لە ئەڵمانیا قوتابخانەی کوردی نەبوون
بێناڤ مستەفا:  دۆخی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بەرەو پشکەوتنی زیاتر دەچێت
بێناڤ مستەفا:  هیوادارم بتوانم هێز و زانستی خۆم بخەمە خزمەتی کورد

بێناڤ مستەفا  خاتوونێکی دیکەیە کەبەشداری لە دیبەیتەکەدا کردبوو، ئەو ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، بەڵام شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات و دەڵێت "کوردبوون واتای بەژیانم بەخشیوە"، ئەو کە زمانەکانی کوردی، ئەڵمانی و عەرەبی بەباشی دەزانێت، دەڵێت "لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاتمە ئەڵمانیا کە تەمەنێکی گونجاوە بۆ فێربوونی زمانی دیکە بۆیەوە دوای پێنج مانگ بە ئەڵمانی قسەم کرد و ئەو کەسانەی تەمەنیان زۆرە و درەنگ دەگەنە ئێرە بەسەختی فێری زمانەکە دەبن". 
لەبارەی دۆخی زمانی کوردی لەناو دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا باسی ئەوە دەکات کە ئێستا دۆخەکە باشترە لە جاران رێگە دەدرێت منداڵانی پۆلی دە بە کوردی بخوێنن و هەوڵێکیش هەیە منداڵان لە ئەڵمانیا سەرەتا بە زمانی دایکییان پەروەردە بکرێن دواتر بە ئەڵمانی. 
لەبارەی ژیانکردن لە ئەڵمانیا دەڵێت "جیاوازی ژینگە و کولتوور هەندێجار لە ئەڵمانیا هەست بە تەنیایی دەکەن"، بێناڤ هیوای خواست بتوانێت هێز و زانستی خۆی بخاتە خزمەتی کورد.

نیاز رەحمانی: بە روانینێکی گشتگیرەوە رووم لە ئەڵمانیا کرد
نیاز رەحمانی: ئەڵمانیا دەرفەتی ئەوەی پێدام بە دڵی خۆم دەرس بخوێنم
نیاز رەحمانی: ئەوە راست نییە کە دەڵێن؛ خەڵکی ئەڵمانیا ساردن
نیاز رەحمانی: کەمتر لە ساڵێکە هاتوومەتە ئەڵمانیا
نیاز رەحمانی: فێربوونی ئەڵمانی بە واتای دوورکەوتنەوە لە کوردی نییە
نیاز رەحمانی: لە دوای هاتنم بۆ ئەڵمانیا هەوڵمدا کرمانجی فێربم
نیاز رەحمانی: دەمەوێ روانینی وڵاتانی دیکە بەرامبەر کورد بگۆڕم

نیاز رەحمانی گەنجێکی دیکەی کوردی بەشداربووی دیبەیتەکەی رووداو بوو، ئەو تەنیا حەوت مانگە گەیشتۆتە ئەڵمانیا و ئێستا خەریکی فێربوونی زمانەکەیانە، دەڵێت "من بە روانینێکی گشتگیر رووم لە ئەڵمانیا کرد و ئەو وڵاتەش دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندم کە بەدڵی خۆم وانە بخوێنم"، لەبارەی تێروانینی خەڵک لەسەر ئەڵمانییەکان کە بە گەلێکی سارد ناویان دەبەن، دەڵێت "ئەوە راست نییە و خەڵکی ئەڵمانیا سارد نین".
لەبارەی فێربوونی زمانی دیکەش دەڵێت "فێربوونی ئەڵمانی بەواتای دوورکەوتنەوە لە زمانی کوردی نییە" و دەشڵێت "دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا هەولێ فێربوونی کورمانجیشی داوە".
وەک خۆی ئاماژەی پێکرد هەوڵدەدات جوانترین وێنەی کورد نیشانی خەڵک بدات و مەبەستیەتی روانینی خەڵکی وڵاتانی دیکە بەرامبەر کورد بگوڕێت.

کێبڕکێی بەتامترین هەمبەرگەر لە بەرلین بەڕێوەچوو
خێزانێکی کورد بەشداربوون لە کێبڕکێی بەتامترین هەمبەرگەر
16شێفی ناسراوی جیهان بەشداریی کێبڕکێکە بوون
رزگار موراد: پاکی خواردن و تامەکەی لەگەڵ خزمەتی کڕیاران گرنگترین شتە

لە  بەرلین  کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی  بۆ بەتامترین هەمبەرگەر بەڕێوەچوو،  یەکێک لەوانەی بەشدارە کوردە.  
نازدار موراد ، کە یەکيکە لە ئەندامانی ئەو خێزانە کوردەی خاوەنی بڕاندی هەمبەرگرەکەن، دەڵيت "بەشداریکردنمان لەو کێبرکێیە زۆر باشە، چونکە خەڵک زۆر پەسنی کارەکەی ئێمە دەکەن و خواردنەکەیان بەلاوە خۆشە".، لەبارەی گۆشت و ئەو کەلوپەلانەی کە لە دروستکردنی هەمبەرگەرەکە بەکاردەهينرێن، نازدار "دەڵێت هەموو شتەکان فرێشن و رۆژانە بۆمان دێن".
نازدار روونیکردەوە کە خۆی کارەکەی زۆر پێخۆشە، چونکە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی ئەو کارە دەکات.

رزگار موراد، برای نازدارە ئەویش باسی ئەو لایەنە باشە دەکات کە ئەندامانی یەک خێزان بەیەکەوە لە کارێکدا بەیەکەوەن و باسی پێشبڕکێکەش دەکات و دەڵێت "ئەو کێبڕکێیە یەکەمجارە لە ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت و پێشتر لە ئیسپانیا کراوە ، ئەمساڵ بەبەشداری ١٦ هەمبەرگەری ناسراوی نێودەوڵەتی ڤێستیڤاڵ و کيبرکێکە بەڕێوەدەچێت کە لە وڵاتەکانی وەک ئیسپانیا ، ئەڵمانیا ، سوێد و فەرەنسا هاتوون و خانەوادەی ئەوان وەک یەکەم خانەوادەی کورد بەشدارن".
 رزگار  روونیکردەوە، ئەوان دوو شوێنی فرۆشتنی هەمبەرگەریان هەیە لە بەرلین و وەک چۆن لەوێ خزمەتی کڕیار دەکەن لەو فێستیڤاڵەکەش بەهەمان رێگە و کەلوپەلە فريشەکانی دوکانەکانیان خزمەتگوزاری پێشکەش بە کڕیارانیان دەکەن و دەڵێت "چۆن لە دوکانەکانمان رێز لە کڕیاران دەگرین لێرەش بەهەمان شێوەیە، بۆیە لەماوەی ئەو ١٠ رۆژەی کە لێرەین کارەکانمان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و بۆ ئێمە گرنگترین شت پاکوخاوێنی و  خزمەتکردنی کڕیارەکانمانە.