ئینگلتەرا.. کوردێک بە تۆمەتی بەشداری لە قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکرا

12 July 2024
ئینگلتەرا.. کوردێک بە تۆمەتی بەشداری لە قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکرا
ئینگلتەرا.. کوردێک بە تۆمەتی بەشداری لە قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکرا

ئەم هەفتەیە لە باکووری ئینگلتەرە پیاوێکی کوردی تەمەن 25 ساڵ دەسگیرکرا. ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێ کەسە دەستگیرکراوەکە هاووڵاتیی عێراقە. 
سەبارەت بە بەشداریی لە پلاندانان بۆ گواستنەوەی بەقاچاخی کۆچبەران لە سەرتاسەری ئەوروپاوە بۆ فەرەنسا و لەوێشەوە بۆ بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدەکرێ. ئاڵ میوڵن، لێکۆڵەری ئاژانسەکەیە، دەڵێ پێشتریش پیاوێکی کوردی تەمەن 32 ساڵیان دەستگیرکردووە کە هاووڵاتیی ئێران بووە و ناوی یەکەمی ئامانج بووە. 
بەگوتەی ئەو لێکۆڵەرە ئەو دوو کەسە بەشداربوون لە پەڕاندنەوەی خەڵک بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە.
رۆژی هەینی 12/7/2024 ئاژانسە بەریتانییەکە رایگەیاند کە تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتی بە مرۆڤیان ئاشکرا و دەستگیرکردووە کە زۆربەیان ئەلبانین و میسریشیان لەنێودایە. ئەو تۆڕە ساڵێک بووە لەژێر چاودێریی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی بەریتانیادا بوونە و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست، دەستگیرکراون.
رۆژی هەینی 12/7/2024 لە نۆکەندی ئینگلیز 4 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. ئەویش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان کون دەبێ. 63 کۆچبەری دیکەی سەرنشینی ئەو بەلەمە لە مردن رزگارکراون و هێندراونەتەوە فەرەنسا. 
تەنیا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە 484 کۆچبەر بە بەلەم لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا. ئەمساڵ 11 كۆچبەر لەو نێوانەدا خنکاون، کە دوویان کچۆڵەی 7 ساڵی بوونە.
سوێد.. وەرگرتنی مافی مانەوە بۆ ئەندامانی خێزان قورس دەکات

بەشێکی زۆر لەو کوردانەی ئێستا لە سوێد دەژین، بەهۆی یاساکانی یەکخستنەوەی خێزانەوە گەیشتوونەتە ئەوێ. واتە سەرەتا کەسێکیان (بۆنموونە باوک یان دایک)ی ماڵباتەکە چووەتە ئەوێ و داوای مافی پەنابەری کردووە. دواتر داوای هێنانی ئەندامانی ماڵباتەکەی کردووە.
هەرچەندە ئەمساڵانەی دوایی سەختتر بووە، بەڵام سوێد یەکێک بووە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی ئاسانکاریی کردووە بۆ هێنانی خێزان. پێدەچێ لەمەودوا ئەمە بگۆڕدرێ. 
وەزیری کۆچبەرانی سوێد رایگەیاندووە کە حکومەتەکەی بەتەمایە لەوە بکۆڵێتەوە کە چۆن یاساکانی تایبەت بە هێنانی ماڵبات تووندوتۆڵتر دەکرێن. وەک ماریا مالمەر ستێنەرگارد باسیدەکات هاتنی کۆچبەری زۆر و خۆنەگونجاندن کێشەی بۆ سوێد دروستکردووە. 
تووندترکردنی رێساکانی هێنانی خێزان هەنگاوێکی باش دەبێ بۆئەوەی دۆخەکە بگۆڕدرێ. بۆیە حکومەت پلانی داناوە تاوەکو 25ی ئۆگەستی 2024 پلانێکی روون بۆ ئەمە دابنێ و جێبەجێی بکات. 
هۆڵەندا.. مافی مانەوە نادرێتە ئەوانەی بۆ ماوەیەک لە زینداندا دەمێننەوە

لە هۆڵەندا حکومەتە راستئاژۆ نوێیەکە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ کۆچبەری کردووە. ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە یاسایەکی سەبارەت بەو کۆچبەرانەی تاوانیان کردووە هەموارکردەوە. 
بەپێی هەموارە نوێکە، هەرکەسێک بەهۆی تاوانەوە بچێتە زیندان مافی مانەوەی هەمیشەیی لە هۆڵەندا نامێنێ. 
بەپێی یاسا هۆڵەندی و ئەوروپییەکان، هەرکەسێک تاوەکو ماوەیەکی دیاریکراو مافی مانەوەی کاتیی هەبێ، دەبێ دوای ئەوە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی بۆی بکرێتە مافی مانەوەی هەمیشەیی. لەمەودوا ئەم یاسایە کەسانی تاوانکار ناگرێتەوە. تەنانەت ئەگەر کەسەکە لە هۆڵەنداش لەدایکبووبێت و هێشتاش نەبووبێتە خاوەنی وەڵاتینامە، دەکرێ بەهۆی ئەو هەموارە نوێیەوە مافی مانەوەکەی ببێتە کاتی و هەرکاتێک تاوانی نوێی کردەوە لە هۆڵەندا دەربکرێ. 
لە ساڵانی رابردوودا پارتە راستئاژۆکان بەبەردەوامی رەخنەیان لە سیستمی وڵاتەکەیان دەگرت. دەیانگوت کۆچبەران لە زینداندا وەک میوانی هوتێلی پێنج ئەستێرە مامەڵەیان لەگەڵدەکرێ و کە دێنە دەرەوەش هەموو مافێکیان پارێزراوە. 
بەو هەموارە دەرگا دەکرێتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوە و سەندنەوەی مافەکان لە کەسانی تاوانکار. 
ئەڵمانیا بووەتە نموونەی باڵای خۆگونجاندنی کۆچبەران لەنێو وڵاتانی ئەورووپا

رێکخراوی ئەوروپیی هاریکاری و پەرەپێدانی ئابووری OECD لێکۆڵینەوەیەکی نوێی کردووە لەنێو 38 وڵاتی ئەورووپیی ئەندام و نائەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا. لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە ئەمڕۆژانە بڵاوکراوەتەوە دەردکەوێ کە ئەڵمانیا باشترین نموونەی خۆگونجاندنی کۆچبەرانە. 
لە راپۆرتەکە باسی ئەوە کراوە کە دوو لەسەر سێی کۆچبەران لە ئەڵمانیا لەماوەی پێنج ساڵدا بەباشی فێری زمانی ئەڵمانی دەبن و بەشی هەرە زۆریشیان چوونەتە نێو بازاڕی کارەوە. بەپێی ئەو راپۆرتە 70 لەسەتی کۆچبەران لە ئەڵمانیا کاریان هەیە. 
دۆخی ژیانی کۆچبەرانیش بە بەراورد بە ژیانی دانیشتووانی دیکەی ئەڵمانیا زۆر جیاوازتر نییە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە. 
ریم عەلابالی-رادۆڤان، کە خۆی بە بنەچە عێراقییە و وەزیری کۆچبەرانە لە ئەڵمانیا، لە راپۆرتەکەدا بەشانازییەوە دەڵێت ئەڵمانیا هەمیشە وڵاتی کۆچبەران بووە و ئەمەش ئەڵمانیای بەهێزکردووە. 
ئەمریکا.. کوردێک دوای چوار ساڵ لە ونبوونی دۆزرایەوە

هێرش نادر گەنجێکی کوردی دانیشتووی ئەمریکایە، بەر لە چوار ساڵ ون دەبێت و بێسەروشوێن دەبێت، پاشان بەهەوڵی برا و براژنەکەی دەدۆزرێتەوەو بەڵام بە کەمئەندامی.
بیهێنە پێشچاوی خۆت رۆژێک لە رۆژان ئازیزێکت بڕواتە سەفەر و بڕیاربێ زوو بێتەوە. بەڵام ساڵان تێبپەڕن و تەنانەت هەواڵێکیشی لێ نەزانی. دەبێ ئەو ساڵانە چەند سەخت تێبپەڕن و چەندە فرمێسکیان تێدا بڕژێندرێ. لەوەش سەختتر ئەوەیە کە هەم ئازیزە ونبووەکەت لەنێو تەنیایی دیاسپۆرادا بزربووبێ و خۆشت لە سوێد، بای ئەوپەڕی ساردی زستان و هەناسەی ئەوپەڕی ساردی چاوەڕوانییەکی دوورودرێژ، کزە لە جەرگت بهێنن. 
ئەمە چیرۆکی شوان کەرکووکییە کە لە سوێدەوە چووە ئەمریکا و دوای ئەو هەموو ساڵانە براکەی خۆی دۆزییەوە.

شوان کەرکووکی، برای هێرش لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، دۆخی تەندروستی هێرش باشە و بە وردی باسی ئەو رووداوە دەکات کە هێرشی برای تووشی بووەو دەڵێت" ئێوارەیەک هێرش لەسەر شەقام دەبێت دەچێت بۆ کارێک، ئۆتۆمبێلێک لە ناکاو خۆی پێدا دەکێشێت و دواتر ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێتەوەو جارێکی دیکە بە بەگەوە بەسەر هێرش دەکەوێت و بەجێی دێڵێت، ئیتر ماوەی کاژێر و نیوێک لەسەر سەقام دەمێنێتەوەو دواتر بەئاگادێتەوە و لەوێ کەنیسەیەکی لێیە و ئەوان لەخۆی دەگرن و بەوهۆیەوە لە سەریدا تووشی خوێنبەربوون دەبێت و خوێن لە مێشکیدا کۆدەبێتەوەو دووچارەی جەڵتەی مێشک دەبێت، بەو هۆیەوە دەستێک و قاچێک و زمانی ئیفلیج دەبن و هیچی بیرنامێنێت".

شوان کەرکووکی دەڵێت، دوای دۆزینەوەی هێرش ئەومان بردەوە سوێد لای خۆمان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێرش هاووڵاتیی سوێد نییە ناتوانێت چارەسەرەکان بە خۆڕایی وەربگرێت، تەنیا لە رێگەی پزیشک و دۆستەکانمان چارەسەری بۆ وەردەگرین".

شوان کەرکووکی دەشڵێت"دوای چوار ساڵ دابران و نەبوونی هیچ هەواڵێک چووینە ئەمریکا و سۆراخمان کرد و رۆژی پێش جەژنی قوربان هێرشمان دۆزیەوە".

شوان روونیکردەوە، هەرچەندە هێرش ئێستا تەندروستی باشترە، بەڵام پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەرە و تاوەکو ئێستاش زمانی زۆر قورسە و بەباشی لێی تێناگەن.

دەقی نیوزفیچەری دیار کوردە لەسەر هێرش نادر
ئەمە دیمەنێکی تەواو دڵخۆشکەرە بۆ خێزانی هێرش نادر کە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئەمریکا بێ سەروشوێن ببوو، دواتر بەهەوڵێکی بێوچانی شوانی برای و تارای ئامۆزای دۆزرایەوە.
هێرش کە کوردێکی خاوەن وڵاتینامەی ئەمریکایە، لە ساڵی 2020 کاتێک بەمەبەستی راکێشانی هاوژینەکەی کە تازە مارەی بڕیبوو دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی یووتا لە ئەمریکا، بەڵام دوای شەش مانگ لە گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا رووداوێکی نەخوزراو رێڕەوی ژیانی دەگۆرێت و لە هەموو کەسوکاری دادەبرێت.
شوان نادر، برای هێرش نادر:
"لە دوای ئەوەی هێرش گەڕایەوە ئەمریکا بۆ ئەوەی خێزانەکەی رابکێشێت، پەیوەندیمان نەما و پەیوەندییەکان پچڕان، دواتر بۆمان دەرکەوت کە هێرش تووشی رووداوی ئۆتۆمبێل بووە و دووجار ئۆتۆمبێل لێی داوە جارێک لە پێشەوە لێیداوەو دواتر ئۆتۆمبێلەکە گەڕاوەتەوەو جارێکی دیکە بە بەگ لێیداوەتەوە، ئیتر هێرش دە رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرچووە هەر بریندار بووەو لەوێ کەنیسەیەک دەگرێتە خۆی، لای ئەوان بووە، ئێستا لای چەپەی کار ناکات و هەروەها قسەشی پێناکرێت".

دۆزینەوەی هێرش کارێکی ئاسان نەبوو، هەر ئەمەش وایکرد براکەی و هاوژینەکەی کە هاوکات ئامۆزای هێرشە لە وڵاتی سوێدەوە بێنە ئەمریکا بۆ ویلایەتی یووتا لە شاری ساڵت لێکستی بۆ گەڕان و دۆزینەوەی هێرش، بۆ ئەم مەبەستە وێنەی هێرشیان لە دارو دیواری ئەم شارەدا هەڵبواسن و بڕی هەزار دۆرایش بکەنە دیاری بۆ ئەو کەسەی هێرشیان بۆ بدۆزێتەوە.

تارا - ئامۆزا و براژنی هێرش:
"ئێمە هاتین بۆ شاری ساڵت لێکستی بۆ گەڕان بەدوای هێرش کە ماوەی چوار ساڵ بوو ون ببوو، کەسمان نەماندەزانی ماوە یان نەماوە، دوای گەڕانێکی زۆر لە هەموو باخچە و لە هەموو شوێنەکان هاوارمان کرد و گەڕاین و تووشی هەزاران کەس بووین، سەرەتا دەستمان بە گەڕان کرد لەنێو ئەو کەسانەی لەسەر سەقامەکان کەوتوون، بەداخەوە ئەمریکام لەبەر چاوم ناخۆش بوو، لەبەر ئەوەی خەڵکی زۆر لەسەر شەقامەکان کەوتوون و دەخەون، وایە دەوڵەت هاوکارییان دەکات بۆ خواردن و جێگە، بەڵام هەمووی دەرمان دەخۆن و لەسەر شەقامەکان کەوتوون و بێکارن، گەڕانەکەی وای لە ئێمە کرد پرسیار لە هەموو جۆرە کەسێک بکەین، دواجار وێنەی هێرشمان گەورەکرد و لەسەر دارو دیواری ئەم شارەمان هەڵواسی، هەروەها ئۆفەرێکمان دانا کە هەر کەسێک هێرش بدۆزێتەوە بڕی هەزار دۆلاری پێدەدەین".

بەگوتەی خێزانی هێرش دیار نەمانی هێرش دەگەڕێتەوە بۆ رووداوێکی هاتووچۆ ، کە کاریگەری تەواوی بەسەر جەستە و بیرکردنەوەی هێرش دروستکردووە، بەجۆریک خۆی لەبیر کردووەو بێ ماڵ ماوەتەوە لە ئەمریکا، هەر ئەمەش وایکردووە دەستێک و قاچێکی ئیفلیچ ببن و هاوژینەکەشی لەو ماوەیەدا وازی لێهێناوە، چونکە هێرش هیچ سۆراخێکی نەبووە، دوای پێنج رۆژ گەڕان لە شاری ساڵت لێکستیش دواجار هەواڵە دڵخۆشکەرەکەش گەیشت و  هێرش دۆزرایەوە.

تارا - ئامۆزا و براژنی هێرش:
"هەر بەردەوام بووم لەگەڕان، چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ من، ئەموت لەوانەیە دەرمانی خواردبێت و لەسەر شەقام مابێتەوە فێری تلیاکخواردن بووبێت و لە جێگایەکی ئاوا بیدۆزمەوە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە نەبووم، یەکەم کەس بووم کە هێرشم بینی بە پایسکل بەرەو روومان هات و سەیرمان کرد هێرشی جاران نەمابوو، هاوارم کرد هێرش هێرش، کەچی هێرش منی نەناسیەوەو ئەویش تووشی شۆک بوو ، ئیتر دەستمان بە گریان کرد، زۆر گریام کاتێک هێرشم بینی نە دەستێکی کاردەکات و نە قاچێکی کاردەکات و دەستێك و دەمیشی بەردەوام دەلەرزن".

بەهۆی ئەو رووداوانەوە هێرش هیچ بەڵگەنامەیەکی نەما، بەڵام دواجار براکەی توانی بە هاوکاری چەند کوردێکی ئەمریکا ناسنامە و پاسپۆرتی ئەمریکی بۆ دروستبکاتەوە و لەگەل خۆی بردەوە بۆ سوێد.

خانمە دیزاینەرێکی کورد بنێشتی کوردی کردووەتە کەرەستەی دیزاینەکانی 

بنێشتی کوردی لەنێو کوردی دیاسپۆرادا هەوادار و دژبەری زۆرن. زۆر کەس کە دەچێتەوە کوردستان، یەکێک لەو شتانەی دەیهێنێ ئەو بنێشتەیە. هەستێکی نۆستالژیی تێدایە و دەشڵێن بۆ تەندروستیش باشە.

هیچ نەبێ باشترە لەو بنێشتانەی لێرە هەن و شەکریان تێدایە. هەشە بەپێکەنینەوە دەڵێ بنێشتێک نەتوانیت بڵقی پێ دروستبکەی، بنێشت نییە. دەڵێن کاتی خۆی سەدامیش گاڵتەیەکی رەگەزپەرستانەی بە خۆبەڕێوبەریی کوردی کردووە و گوتوویەتی: 'بنێشتی کوردیم بیستووە، بەڵام حکومەتی کوردی نا'. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بنێشتی کوردی بەشێکە لە سامانی کولتووری و ئابووریی کوردستانیش. هەر ئەمەش وای لە خەندە کەریم کردووە کارێکی زۆر تایبەتی پێبکات. 
شارەزایانی دیزاین لە سەرتاسەری جیهان دێنە ئەمستەردام و لەوێ یەکێک لەو کارانەی دەیبینن بنێشتە کوردییەکەی ئەو خانمە دیزاینەرە کوردەیە.

خەندە میوانی دیاسپۆرابوو لە ستۆدیۆ و گوتی" من رید فێڵ ئەکادیممی بۆ دیزاین لە ئەمستردام تەواو کرد و هەوڵمدا تابلۆکانم بە جیاوازتر لە سێوەکاران دروست بکەم" دەشڵێت"پێم گرنگ بوو بنێشتی کوردی لە دیزاینەکانم بەکار بێنم، بەو هۆیەوە سەرنجی بینەران رابکێشم".
خەندە کەریم کە خەڵکی سارۆچکەی مەخمووری سەر بە هەولێری پایتەختەو هێشتا بە زمانێکی کوردی ۆپاراو قسەدەکات، لەکاتێکدا تەمەنی تەنیا شەش ساڵ بووە کە لەگەڵ خانەوادەکەی گەیشتووەتە هۆڵەندا دەڵێت" چیاکانی کوردستان کوردی یەکخستووەو پێکەوەی گرێداوە، لە تابلۆکانم ئەمە بە باشی رەنگدەداتەوە".

خەندە دەشڵێت"خەڵک پرسیارم لێدەکەن بۆچی بنێشتی کوردی بەکاردەهێنی، منیش دەڵێم چونکە بنێشتی کوردی رۆحی مرۆڤی لە خۆ گرتووەو زۆر بە باشی خۆی دەنوێنێت، بۆیە هۆڵەندییەکان بەلایانەوە سەیربوو کە بنێشتی کوردیم بۆ تابلۆکانم بەکارهێنا".

کچە خوێندکارێکی کورد یەکێک لە بەرزترین نمرەی سەر ئاستی ئەڵمانیا بەدەستهێنا

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو قوتابییەی نمرەکەی بگاتە بیست واتە بەرزترین نمرەی هێناوە. لە بەشەکانی دیکە دە و سەت ژمارە هەر بەرزەکانن. لە ئەڵمانیا بەپێچەوانەوەیە. 
لە قۆناخی ئامادەییدا هەرکەسێک یەک یان کەمتری هێنابێ، زیرەکترینە. ئەوانەش دەگمەنن و لەسەر ئاستی وڵات رێزیان لێدەگیرێ. 
لیلاڤ حوسێن کچێکی کوردی زیرەکە و توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە. 

لیلاڤ لە دایک و باوکێکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام لە ئەڵمانیا لە دایکبووەو لەوێ گەورە بووە، لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو، گوتی" توانیم نمرەی 0.8ی لە قۆناخی ئامادەیی بەدەستبهێنم، کە یەکێکە لە بەرزترین نمرەکان لە ئەڵمانیا، بەو هۆیەوە لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام".

لیلاڤ حوسێن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو نمرە بەرزەی بەهاوکاریی دایک و باوکی بەدەستبهێناوە.

لیلاڤ کە بە کورمانجییەکی رەوان قسەی دەکرد و هێشتا تەمەنی تەنیا 18 ساڵە باسی چۆنییەتی خوێندنی خۆی کرد و گوتی" زۆر بەباشی خوێندم و هەموو کاتەکانم بۆ خوێندن تەرخانکرد، هەموو چوونە دەرەوەیەک و تێکەڵاویەکم وەلانا و تەواوی سەرنج و بیروهۆشم لای خوێندنەکەم بوو، زۆر ماندووبووم، بەڵام کاتێک نمرەکانم وەرگرتەوە زۆر دڵخۆشبووم و هەموو ماندووبوونەکەمی لەبیر بردمەوە".

لیلاڤ حوسێن گوتیشی" دەمەوێ ببمە پزیشک و هاوکاری کەسانی نەخۆش بکەم، بەڵام دەمەوێ لە زانکۆیەک بخوێنم لە ماڵباتەکەم نزیک بێت".

لیلاڤ حوسێن هۆکاری کوردییە باشەکەی گەڕاندەوە بۆئەوەی کە ئەوان هەمیشە لە ماڵەوە بە کوردی قسە دەکەن و دەڵێت"ئێمە کوردین چۆن دەبێت زمانی خۆمان نەزانین".
خۆزگەشی خوارد هەموو کوردی دیاسپۆرا نمرەی باش بەدەستبێنن و سەری خۆیان و خێزان و کورد بەرزبکەنەوە.


دانیمارک.. خێزانێکی کورد سەرنجی دانیمارکییەکان رادەکێشن
کاتێک مرۆڤ دەچێتە ماڵی مەلەک موختاری شێوەکار لە دانیمارک، هەستدەکات هاتووەتە نێو بەهەشتێکی هونەری. ئەو هونەرمەندە عەفرینییە بەدەم کێشانی تابلۆکانیەوە گۆرانیی دڵڕفێن دەڵێت. هاوژین و کوڕەکەشی بە میوزیک هاوڕێیەتیی دەکەن. 
من مەلەک موختارم، خەڵکی عەفرینم، ماوەی 10 ساڵە لە دانیمارک دەژیم، من زۆر پێشانگام کردوونەتەوە، یەکەم پێشانگام لە دانیمارک کردەوە، دووەم پێشانگام لە ئەڵمانیا بوو، لە زۆر شار، وەک شتوتگارت، هامبۆرگ و بۆن..، دوای ئەویش لە مۆزەخانەی ستراسفۆر لە فەرەنسا کردەوە، پاشان چوومە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان و لەوێ پیشانگایەکم کردەوە، من خۆم لەمەدا دەبینمەوە.
زۆر جار پرسیارم لێدەکەن، بۆچی رەنگی خۆڵەمێشی بەسەر تابلۆکانتدا زاڵە، پێیان دەڵێم ئەمە رەنگدانەوەی ئەو ژیانەیە کەمن تێیدا دەژیم، من لە دانیمارک دەژیم لێرە رەنگەکانم خۆڵەمێشین، هەمووی بەستووەو تەنانەت دارەکانیشی من بە رەشی دەیانبینم، بۆیە کاریگەری کەشی ئێرە رەنگدانەوەی زۆری بەسەر رەنگەکانی تابلۆکانمدا هەیە، بۆیە من رەنگی خۆڵەمێشی و رەش لە زۆربەی تابلۆکانمدا بەکاردەهێنم و گوزارشتەکانم پێی دەردەبڕم، من خۆم لە قوتابخانەی گیدا دەبینمەوە، چونکە پێموایە نزیکە لە رۆحمەوە لە میوزیکمەوە لە نۆتەکانمەوە.
دەمێکە من دەستم بەکارێکی نوێ کردووە، بە عەرەبی پێی دەڵێن(کائینات ملک موختار) من وەک کائیناتەکانی خۆم دەیانبینم، بۆیە من لەسەر تابلۆکانم دەیاننەخشێنم، کە پرۆژەیەکی خۆمە و کاری لەسەر دەکەم.

زۆر کەس پرسیارم لێدەکەن باسی تابلۆکانت بکە و بۆمان روونبکەوە، منیش وەڵامیان دەدەمەوەو دەڵێم، هەندێجار تابلۆکار لەبەردەم تابلۆکەی دادەنیشێت و نازانێت چی لێبکات، بەڵام دواتر رەنگەکانی و ریشەو هێڵەکانی دەبن بە جیهانێکی دیکە، بۆیە کاتێک بەو رەنگ و ریشاڵ و هێڵانە دەچینە نێو جیهانێکی دیکە دەبینین شتێکی نایابی لێدروست دەبێت و کائیناتەکانی منی لێدەردەکەون، واتە خۆم ناوم ناون کائینات.
من زەیت و ئاو بەکاردەهێنم و کارلێکیان پێدەکەم، بەڵام زیاتر حەزم لە بەکارهێنانی زەیتە.
وەلید حەمۆتۆ ، هاوژینی مەلەک موختار:
"ماوەی 25 ساڵە لەگەڵ مەلەک پێکەوە دەژین و دەستمان لەناو دەستی یەکە و من پاڵپشتی دەکەم و ئەویش پاڵپشتیم دەکات لەکاری میوزیکدا، من لێرە چالاکیم هەیە.  پشتگیری و هاوکاریی مەلەک دەکەم لە کردنەوەی پێشانگەکانی ئێمە پێکەوە سەربڵندین، ئێمە منداڵێکمان هەیە بەناوی عەلی شێر ئەویشمان فێری میوزیک کردووە و بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئێستا میوزیسمانە و  رۆحی ئەو لە رۆحی ئێمە نزیکە، ئێمە هەموومان رۆحێکین لە ماڵێکدا، من زیاتر کاری میوزیک دەکەم، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی فوویان پێدا دەکرێن، وەک باڵەبان و دوودووک، عەلی کوڕیشم ساز دەژەنێت و مەلەکی هاوژینیشم گۆرانی دەڵێت، کاتەکانمان بەو جۆرە بەسەر دەبەین، هەندێکجار مەلەکیش ئامێر دەژەنێت وەک دەف".
عەلی شێر حەمۆتۆ ، کوڕی مەلەک موختار:
"لەوکاتەی من هاتوومەتە دونیاوە لەنێو میوزیکدا گەورەبووم، دایک و باوکم زۆرهانیان دام و فێریان کردم، باوکم بەشێوەی ماددی و مەعنەوی و هەروەها وەک مامۆستایەک لەپشتم بوو بۆ فێربوونی میوزیک بەشێوەی ئەکادیمی، هەروەها دایکیشم بەهەمان شێوە، بۆیە کاریگەری ئەوان زۆر لەسەرم هەبوو، کاتێک دەێینەوە ماڵەوە پێکەوە هەموو شتێک وەلا دەنێنین  و گۆرانی دەڵێن و ئامێری میوزیک دەژەنین و کەشێکی خۆش دروست دەکەین".