کاریگەریی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر قوتابی

06 July 2024
کاریگەریی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر قوتابی

دۆخی دەروونی قوتابی لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 و هەروەها گوشاری خێزان و کۆمەڵگە لەسەریان و وابەستەکردنی ژیانیان بەو قۆناخەی خوێندنیان مژاری بەرنامەی ئەمجارەی دەروون بوو.

دەروون گێژەن پێشکێشکاری بەرنامەکە لە دەستپێکی بەرنامەکەدا روونیکردەوە، تاقیکردنەوەی پۆلی 12 تەنیا قۆناخێکی ژیانی خوێندکارە، نەک دوا وێستگە و داهاتووی ئەو بێت، بەڵام کۆمەڵگە وابیردەکاتەوە ئەنجامی پۆلی 12 واتە دیاریکردنی دوارۆژی خوێندکار، لەکاتێکدا ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. دەروون لە ئینفۆگرافیکێکدا چەند کەسێکی داهێنەر و بلیمەت وەکو نموونە لەبەردەم میوانەکانیدا پیشاندا کە داهێنانەکانیان ئەوەندە مەزن و کاریگەرن تاوەکو مرۆڤایەتی ماوە شانازیان پێوەبکات، ئەو کەسانە نەک تەنیا لە پۆلی 12، بگرە کەسانێک بوون لە خوێندن سەرکەوتوونەبوون. لە بەرنامەکەدا باسی گوشار و بیرکردنەوەی خێزان و کۆمەڵگە لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بەسەر دەروونی خوێندکاراندا کرا.

دکتۆر عەبدولرەحمان وەهاب، مامۆستای زانکۆ میوانی بەرنامەکە بوو باسی ئەوەی کرد کە بارێکی زۆر خراوەتە سەر ئەنجامی پۆلی 12ی ئامادەیی و  ئەو گوشارە گەورە و زۆرەی خیزان و کۆمەڵگە لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بەسەر خوێندکاردا لەڕووی پەروەردەییە زۆر کێشەدارە و دەڵێت "ئەو گوشارانەی دەخرێتە سەر خوێندکار سترێسی زۆری بۆ دروست دەکات، لەکاتێکدا نابێت سترێس ببێتە هۆی دەستبەستنەوە و سەرلێشێواندنی خوێندکار".

تەها حوسێن، پۆسپۆرێکی دەروونییە و میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەو بارەیەوە گوتی "ئەو دۆخەی دروستکراوە لە پۆلی 12 بۆ خوێندکار بە هەموو پێوەرەکان نادروستە، هۆکارەکەشی ئەو سیستەمە پەروەردەییە کە بەکاریدەهێنین، کە هەموو گوشارێکی خستووەتە سەر یەک ساڵی خوێندن بەسەر خوێندکاردا". هەروەها دەڵێت "ئەنجامی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 دەرخستنی ئاستی زیرەکی خوێندکار نییە، بەڵکو بەشێکی بچووکی پێوانەکردنی زیرەکی خوێندکارە". تەها حوسێن روونیکردەوە، ئەو گوشارەی دایک و باوکان دەکەنە سەر رۆڵەکانیان لە پۆلی 12 بۆ ئەوەیە بەرزترین نمرە بێنن لەبەر خۆیانە، یاخود خوێندکار هەیە حەزی لە بەشی وەرزشە یان هونەرە هەر هەر بوارێکی دیکە، کەچی بەشێک لە دایک و باوکان رێگری لێدەکەن و حەز و بەهرەکانیان دەکوژن.

هەر لە بەرنامەکەدا چەندین خوێنکار ئامادەبوون باسیان لەو دۆخە کرد کە پێیدا تێپەڕیون لە پۆلی 12 یاخود هێشتا تێیان نەپاڕاندووە، باسی ئەو گوشارانەی خێزان و دەوروبەریان کرد لەسەریان بۆ هێنانی نمرەی بەرز، هەروەها رەخنەیان لە سیستمی پەروەردەیی گرت کە هەموو داهاتووی خوێندکاری وابەستەی تەنیا ساڵێکی خوێندن کردووە لە کۆی 12 ساڵی خوێندن، لەکاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو نمرە ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵکو لێهاتوویی و ئارەزوو و تاقیکردنەوەی لێهاتوویی لە هەموو شتێک گرنگترە، بۆیە ئەوان گەیشتوون بەو ئاستە بەرزەی پێشکەوتن و زانیاری.