تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بۆ سینگڵی

27 July 2024
تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بۆ سینگڵی

مژاری بەرنامەی ئەمجارەی دەروون تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بوو بۆ سینگڵی، د. نزار گزالی، دەروونناس، میوانی بەرنامەکە بوو و لەوبارەیەوە رایگەیاند، سینگڵی شەرم نییە و کەسێک بە تەنیا بمێنێتەوە مانای ئەوە نییە کارێکی خراپی کردووە و بابەتی سینگڵی بە هەڵە و خراپ لە سۆشیاڵمیدیا باسکراوە.
دەڵێت" هۆکارەکانی سەڵتبوونی گەنجان زۆرن و بۆ نموونە، هەندێک کەس بە هۆی کێشەی بۆماوەییەوە بەسەڵتی ماونەتەوە وهەیە بەهۆی نەدۆزینەوی کەسێکی گونجاو، هەیە بەهۆی بینینی ئەزموونی ناخۆشی هەندێک هاوژین ناچنە نێو پرۆسەکە و هەشە لەبەر هۆکاری ئابووری هاوسەرگیری ناکەن".
د. نزار گزالی گوتیشی"لە عێراق 92٪ی خەڵک خێزانیان بەلاوە گرنگە و دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، لە بەریتانیاش 52٪ی سەڵتەکان لە دەست سینگڵی بێزارن".

کەژاڵ حەسەنی، چالاکڤانی مەدەنی. میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، ئەو زیاتر پشتیوانی لە سینگڵی دەکرد و دەڵێت"من خۆم سینگڵم و ئەمە هەڵبژاردەی خۆمە، بەڵام لە کۆمەڵگەی خۆماندا هەمیشە رووبەڕووی تانەلێدان دەبنەوە، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتیی سینگڵەکان لە کەسانی خێزاندار قورسترە".
کەژاڵ حەسەنی روونیکردەوە، سینگڵ بوون هۆکاری زۆرن، هەیە بۆ حەز و ئارەزووی خۆی بە سینگڵی دەمێنێتەوە، هەیە بە خۆشەویستەکەی نەگەیشتووە بۆیە بە سینگڵی دەمێنێتەوە، دەڵێت"بەبروای من هاوسەرگیری وەکو مردن وایە، بۆیە رێز لەو کەسانە بگرن کە سەڵتی هەڵدەبژێرن".
مامۆستا یادگار سەیدعەلی، پێشنوێژ و وتارخوێن، میوانێکی دیکەی دەروون بوو، ئەو زۆر جەختی لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکردەوەو رایگەیاند، لە ‌ئیسلامدا هەموو شێوازێکی ژیانێک جێگەی رێزە و دەڵێت" ئێمە وەک مامۆستایانی ئاینی جەخت لەسەر هاوسەرگیری دەکەینەوە و سینگڵی ئەگەر رەش و سپی بێت، ژیانی خێزانی رەنگاوڕەنگە، بۆیە پێم سەیرە گەنجێک بیەوێت بەبێ هاوژین بژی، چونکە هاوسەرگیری هەناسەیەکی پاکە و لەگەڵ ئەوەدام خەڵک هاوسەرگیری بکەن".
یادگار سەیدعەلی گوتیشی" هەندێک کەس هەیە گوناحە هاوسەرگیری بکەن، بەڵام بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئەوەی بارودۆخی گونجاوە بۆ هاوسەرگیری و نەیکات، گوناهبارە".
یادگار سەیدعەلی روونیکردەوە، نابێت هەموو خۆشییەکان لە رەگەزی بەرامبەردا کۆبکەینەوە و ناشبێت لەبەر تەنیایی خەڵک هاوسەرگیری بکەن.