روواڵەتبینی لەنێو گۆمەڵگەی کورد

29 June 2024
روواڵەتبینی لەنێو گۆمەڵگەی کورد

روواڵەتبینی و ھەڵسەنگاندنی مرۆڤ بو جۆر و گرانی و ھەرزانی جلوبەرگەکەی و کەلوپەلەکانی، مژاری بەرنامەی ئەمجارەی دەروون بوو. لە دەستپێکی بەرنامەکە، دەروون گێژەن پێشکێشکاری بەرنامەکە سێ کەسی لەگەڵ خۆی هێنایە نێو ستۆدیۆ، یەکێکیان جلوبەرگی مامۆستایەکی ئایینی پۆشیبوو، یەکێکی دیکە جلوبەرگی پۆلیس و ئەوەی دیکەش خانمێک بوو بە جلوبەرگی پزیشکییەوە. دەروون لە ئامادەبووانی پرسی ئەمانە چ کارەن؟ ئەوانیش بەگوێرەی جلوبەرگیان وەڵامیاندایەوە، کە لەراستیدا هیچیان راست نەبوو، نە مامۆستای ئایینی بوون و نە پزیشک و نە پۆلیس بوون.

ئەم تێروانینەی خەڵک بۆ جلوبەرگ وایکردووە مرۆڤەکان بەگشتی قوربانی بدەن، یاخود لە تێڕوانینیان بۆ جلوبەرگی کەسەکە کەسایەتییان دیاری بکەن و بڕیار لەسەر بیرکردنەوەیان بدەن، بەڵام هەندێک جاریش ئەم تێڕوانینە باجی قورسی هەیە، بۆنموونە خانمان، هەندێک لە خانمان لە پێناوی ھەڵگرتنی جانتایەکی مارکە، یان پێڵاوێک، یان چاکەتێک تەنازول بە کەسایەتی خۆیان بکەن.

تەرزە جاف، توێژەر و نووسەر، میوانی بەرنامەکە بوو و گوتی، هەرسێ کەسەکەم بە پێی پۆشینی جلوبەرگەکانیان پێناسەکرد، "روواڵەتبینی لە پۆشینی جلوبەرگ زۆر گەورەترە و سیستمێکی کۆمەڵایەتی لای خۆمان دروستبووە کە بنەماکەی گەندەڵییە" دەشڵێت" دەوڵەمەندەکانی جیهان بۆ هەموو شتێک یەک رەنگ دەپۆشن، بەڵام لە کۆمەڵگەی خۆمان پێچەوانەیە، هۆکارەکەشی پەروەردەی کۆمەڵگەکەمانە، بۆ نموونە بمەوێت بچمە بازاڕ، ئەگەر جلێکی جۆرێک لەبەربکەم، پێم دەڵێن پلە". تەرزە جاف روونیکردەوە، نەک تەنیا جلوبەرگ، هەندێکجار کەلوپەلاکانیش، بۆ نموونە مۆبایل، دەڵێت "ئاسایی نییە بەهای مۆبایلەکەت مووچەی شەش مانگی کەسەکە بێت، ئەمە دەردێکە بەرۆکی زۆر کەسی نێو کۆمەلگەی ئێمەی گرتووە".

دەروون گێژەن پێشکێشکاری بەرنامەکە چیرۆکێکی گێڕایەوە و گوتی "پرۆفیسۆرێکی کورد ھەیە لە رووسیا دەژی کە دێتەوە بۆ کوردستان تاک شەرواڵێک و کراسێک لەبەر دەکات، ئیشی فەرمانگەیەکی دەبێت، پێویست دەکات پەنجەمۆر بکات، ئەمیش دەڵێت دەتوانم ئیمزابکەم، عەریزە نووسەکە سەیری دەکات و دەڵێت بۆ تۆ خوێندەواریت ھەیە؟! تاکە ھۆکاری ئەو قسەیەی عەریزە نووسەکە بۆ نەخوێنەواری پرۆفیسۆرەکە جلوبەرگەکەی بوو".

مامۆستا هەژار هەورامی، مامۆستای زانکۆ میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەم بارەیەوە گوتی "روواڵەتبینی دەردێکی گرانی کۆمەڵگەکەمانە و هەرچەندە کۆمەڵگە ئاستی پێشکەوتن و بیرکردنەوەی نزمبێت، ئەوا روواڵەتبینینەکەی زیاتر دەبێت، واتە چاوەکان بە هەڵە شتەکان دەبینن و بیرکردنەوەی هەڵەش بونیاد دەنێن". مامۆستا هەژار  گوێزێکی لە گیرفانی دەرهێنا و پیشانی ئامادەبووانی بەرنامەکەیدا و پرسیاری کرد کێ دەزانی ناوەڕۆکی گوێزەکەی ساخە یان رزیوە، ئەمە نموونەیەک بوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هەرگیز روواڵەت ناخ دەرناخات و گوتی "گرنگە مرۆڤی تێگەیشتوو بە رووخسار و روواڵەت هەڵسەنگاندن بۆ هیچ کەسێک و شتێک نەکات".

لە بەرنامەکەدا میوانەکان روونیانکردەوە کە مرۆڤەکان پێویستە جلوبەرگ و کەلوپەلەکانیان رێکوپێک بێت و پاک و جوان بێت، بەڵام هەڵخەڵەتێنەر نەبێت و کەسەکە خۆی نەکات بە قوربانی بەدەستهێنانیان.