کاریگەریی رەزیلی بەسەر کەس و خێزان و کۆمەڵگە

28 December 2024
کاریگەریی رەزیلی بەسەر کەس و خێزان و کۆمەڵگە
کاریگەریی رەزیلی بەسەر کەس و خێزان و کۆمەڵگە

رەزیلی، ئەو تایبەتمەندییەی کە زۆر کەس هەیانەو کاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر خۆیان و کەسانی دەوروپشتیان.
بەرنامەکە بە میوانداریی دوو دەروونناس، کۆچەر خۆشناو، چارەسەرکاری دەروونی و بوشرا فازڵ، دەروونناس، و هەروەها یادگار سەعید، پێشنوێژ و گوتارخوێن، بەڕێوەچوو، لە روانگەی دەروونناسی و ئایینییەوە باسیان لەسەر بابەتەکە و چارەسەری ئەم تایبەتماندییە کرد.

کۆچەر خۆشناو، باسی لە تایبەتمەندییەکانی کەسی رەزیلی کرد و گوتی" کەسی رەزیل نەخۆش نییە و دەتوانین بڵێین ئەمە تەنیا تایبەتمەندیێکە و رەزیلی دەگەڕیتەوە بۆ ترسی لەدەستدان لەلایەن ئەو کەسەوە ". کۆچەر خۆشناو جەختی کردە سەر کاریگەرییەکانی رەزیلی لەسەر تاک و گوتی" رەزیلی کاریگەری دەخاتە سەر پەیوەندییەکان و هەروەها کاریگەری لەسەر خۆیشی دەکات بەجۆرێک کە هەر شتێک بۆ خۆیشی و بنەماڵەکەیشی بکڕێت بیری لێدەکاتەوە کە بۆچی وایکرد ". 
خۆشناو ئاماژەی بە شێوەی چارەسەری رەزیلی کرد و دەڵێت" پێویستە ئەو کەسە راهێنان بکات لەسەر ئەوەی ببەخشێت، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی رەزیلی بەخشینە و ئەمەش دوو سوودی هەیە، یەکەم، کاتێک تۆ دەبەخشیت هەستێکی ناخۆشت هەیە، بەڵام دوای چەندجار راهێنان مێشکت بەو شتە رادێت و دەڵێیت کە بەخشین خەتەر نەبوو و توانیم ببەخشم، دووەم ئەوەیە کە هۆرمۆنێک لە مێشکدا هەیە کە تایبەتە بە پاداشت و کاتێک دەبەخشیت هەستێکی خۆشت لات دروستدەبێت".
بوشرا فازڵ، دەروونناس روانینی خۆی بۆ بابەتی رەزیلی باسکرد و گوتی" کاتی دەسگیرانداری کاتی سەرسامییە، بۆیە کەسەکان هەمووشت بە پەمەیی دەبینن و لەو کاتە جوان دەتوانین بزانین ئەو کەسە رەزیلە، بەڵام چاومانی  لێدادەخەین. بۆیە زۆرترین کێشەکان و جیابوونەوەکان دوایی ساڵ و نیوێک بۆ سێ ساڵ دەستپێدەکات". 
هەروەها بوشرا فازڵ پێیوابوو رەزیلی چارەسەری هەیە و بۆ چارەسەری ئەم بابەتە  دەبێت سەرەتا کەسەکە دان بنێت بەوەی کە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە و هەروەها دەبێت کەسەکانی دەورووبەری هەستی ئەمان بدەن بەو کەسە و سەرنج بخەنە سەر لایەنە باشەکانی و سوپاسی بکەن تاوەکو باوەڕبەخۆبوون لەو کەسە زۆر بێت و ترسی لە بەخشین نەمێنێت.
مامۆستا یادگار سەعید، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە رووە ئاینییەکەیەوە باسی لە بابەتی رەزیلی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە رەزیلی لە ئیسلامدا زۆر ناشرین و قیزەون کراوە. 
یادگار سەعید دەڵێت" کاتێک رەزیلی دەکەیت، لەبەرامبەر رزقی خودا وەکو جۆرێکە لە متمانە نەبوون بە خودا و فەرموودەمان هەیە کە دەڵێت ئەو کەسەی دەبەخشێت دۆستی خوایە ونزیکە لە بەهەشت و نزیکە لە رەحمەتی خودا و بە پێچەوانەوە نزیکە لە ئاگر، چونکە رەزیلی سەر دەبات بەرەو ئیرەیی".  هەروەها یادگار سەعید ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو پەیامانەی لە ئیسلامەوە هاتووە، بۆ ئەوەیە فێری بەخشندەییمان بکات، وەکو زەکات دان لە ماڵ، سەرفیترەکان و یارمەتیدانی هەژار و هاوکاریکردنی رێبواران.