قەرز: دۆسیەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و ئابووری

21 December 2024
قەرز: دۆسیەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و ئابووری
قەرز: دۆسیەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و ئابووری

دوایین بەرنامەی دەروون تایبەت بوو بە بابەتێکی هەستیار و گرنگی نێو کۆمەڵگەی کوردستان، ئەویش بریتییە لە: قەرزداری و کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی.

لە شیکردنەوەیەکی قووڵ و هەمەلایەندا، بەرنامەکە لەڕێگەی دوو شارەزای بواری دارایی و یاسایی، بیلال سەعید و ئاسۆ هاشم، چەندین رەهەندی گرنگی ئەم دۆسیەیەی تاوتوێکرد. 

رۆڵی دامەزراوەکان و کەرتی دارایی

بیلال سەعید، وەکو شارەزایەکی بواری بازرگانی و بازاڕگەری، کێشەی خۆشباوەڕی و نەبوونی میکانیزمی دروستی قەرزدانی خستەڕوو، ئەو گوتی: "هەر کامێک لە ئێمە یان قەرزمان داوە یان قەرزمان وەرگرتووە، بەڵام ئێمە خۆشباوەڕییەکی زۆرمان هەیە و کە سەیری رابردوو دەکەین، چەندجارێک هەڵخەڵێتراوین، زوو بڕیار دەدەین و دەچینە ژێر کاریگەرییەکانەوە." بیلال سەعید بەردەوامبوو لە شیکردنەوەکانی و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی داراییدا. پێیوایە کە دامەزراوەکان، میدیاکان، حکومەت و پەروەردە دەبێت رۆڵی زیاتریان هەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری دارایی خەڵک، ئاماژەی بەوەشکرد کە سیستەمی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا یارمەتیدەری خەڵک نییە بۆ ئەوەی داهاتی هەبێت و قازانج بکات.

 

لایەنە یاساییەکانی قەرزداری

لە روانگەی یاساییەوە، ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار، روانینێکی ورد و گرنگی خستەڕوو: "بابەتی قەرز پەیوەندی بە نەبوونی هۆشیاری تاکەوە هەیە، نەک کەموکوڕی لە یاسا. لە 100 دۆلارەوە تاوەکو یەک دەفتەر دۆلار قەرز، پێویستە نووسراو لەنێوانی لایەنەکاندا هەبێت. سەد شایەد هەبێت، بەڵام بەبێ نووسراوی فەرمی هیچت بۆ ناسەلمێندرێت." ئاسۆ هاشم زیاتر روونیکردەوە: "لە عێراق یاسا لە بەرژەوەندی قەرزاردایە،" و زیاتر گوتی: "ئەو خاوەن قەرزە زۆرانەی کە هیچ کۆنووسێکی فەرمییان نییە، رێکارەکانی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان بە هەڵە دەستپێدەکەن." وەکو ئامۆژگارییەکیش بۆ قوربانییەکی بەشداربووی بەرنامەکە، ئاسۆ هاشم گوتی: "پارێزەر وەکو پزیشک وایە، ئەگەر زوو خۆت بگەیەنیتەلای، دەتوانێت چارەسەرتبکات."