پرسیاری تایبەت و خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی تایبەتی خەڵک

03 August 2024
پرسیاری تایبەت و خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی تایبەتی خەڵک
مژاری ئەمجارەی بەرنامەی دەروون لەسەر پرسیاری تایبەت و خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی تایبەتی خەڵک بوو. دەستێوەردان و خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی خەڵک بووەتە دیاردەیەکی ناشرین لە کۆمەڵگەی کوردیدا و رۆژانە خەڵک رووبەڕووی دەبنەوە و بووەتە هۆی بێزار کردن و دڵشکاندنی زۆرکەس. بۆ زیاتر رونکردنەوەو شرۆڤەکردنی هۆکار و ئەنجامەکانی ئەم پرسە، دەروون میوانداری هەریەکە لە د. یوسف عوسمان دەروونناس، د. لەمیا کەمال دەروونزانی کۆمەڵایەتی و نوور یوسف پسپۆڕی پەروەردەیی کرد.

د.یوسف عوسمان یەکێک بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە و لەو بارەیەوە گوتی" پرسیاری تایبەت لە کەسی بەرامبەر وەکو نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە و ئەم بابەتە لە دیاردە دەرچووە و بووەتە خوویەکی کۆمەڵایەتی". هەروەها دەڵێت"رێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی یەکدی، یەکێکە لە نیشانەکانی شارستانییەت و پرسیاری تایبەت کردن لە خەڵک پێشێلکردنی مافی کەسی بەرامبەرە و ئەو کەسانەی پرسیاری تایبەت دەکەن هۆش و زیرەکی کۆمەڵایەتییان نییە".
هەروەها د. یوسف عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، تایبەتمەندییەکان پیرۆزن و دەبێت بپارێزرێن و دەڵێت"ئێمە تەنانەت مافی ئەوەمان نییە پرسیاری تایبەت لە خێزان و منداڵەکانیشمان بکەین و دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو کەسانەی پرسیاری تایبەت دەکەن کەم بکەینەوە".

د. لەمیا کەمال دەروونزانی کۆمەڵایەتی، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لە روانگەی دەروونزانییەوە باسی بابەتەکەی کرد و پێیوابوو ئەم دیاردەیە لە پەروەردەی نادروستی خێزانی و خوێندنگەوە دەستپێدەکات. دەشڵێت" پەروەردەی نادروستی منداڵ لە تەمەنی گەورەییدا خۆی دەخاتەروو، لە ئەنجامدا ئەو کەسە دەکاتە تاکێکی چاودێر". د. لەمیا کەمال جەختی لە سەر پەروەردەی دروستی منداڵ کرد و گوتی" ئێمە دەبێت نەوەیەک پەروەردە بکەین ئەم دیاردەیان تێدا نەمێنیت".

نوور یوسف پسپۆڕی پەروەردەیی دەروونی، میوانی دیکەی بەرنامەی دەروون بوو و زۆرتر لە روانگەی ئاینییەوە باسی بابەتەکەی کرد و گوتی"چەمکی تایبەتمەندی لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا خەریکە لە نێودەچێت و ئاینی ئیسلام ئەم بابەتە بە ناڕەوا دەزانێت و لە ئیسلامدا وەکو دیاردەیەکی ناشرین باسی لێکراوە و ئەو کەسانەی دەستێوەردان لە تایبەتمەندی خەڵک دەکەن گوناهبارن". نوور یوسف دەڵێت"هەر باوەڕ و ئایینێک دەستووری تایبەت بە خۆی هەیە، هەرکەسێک دەبێت بچێت بە دوای رەوشت و دەستووری ئەو بیروباوەڕ و ئاینەی هەیەتی لێیەوە فێر بێت، بەو جۆرە تووشی هەڵە نابێت.