پلاندانان کلیلی سەرکەوتنە لە کار و پیشەدا

11 January 2025
پلاندانان کلیلی سەرکەوتنە لە کار و پیشەدا

لە بەرنامەی "دەروون"دا، سێ خاوەنکاری سەرکەوتوو جەختیان لەسەر گرنگی پلان‌دانان کردەوە لە ژیانی تاک و کۆمەڵگادا. سامان ئاکۆ، خاوەنی پڕۆژەی گەشتیاری، هودا سەرهەنگ، خاوەنکار و بینا جەلال، راهێنەر و خاوەنکار، تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی پلان‌دانان بۆ گەیشتن بە ئامانج.
سامان ئاکۆ باسی لە کاریگەری بیروباوەڕی ئایینی کرد لەسەر پلان‌دانان و گوتی: "خەڵکی ئێمە لەگەڵ پلان‌دانان زۆر برادەر نین. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوونەی کە لە منداڵییەوە پێیان وایە هەموو شتێک پێشوەخت نووسراوەتەوە". 
لە لایەکی دیکەوە، هودا سەرهەنگ جەختی لەسەر رۆڵی خێزان کردەوە لە پەروەردەکردنی تاکی بەرپرسیار و گوتی: "کاتێک دایک و باوک تاکێکی بەرپرسیار پەروەردە دەکەن، ئەو تاکە ئامانجی دەبێت و پلانی بۆ دادەنێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخی سیاسی و ئابووری کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکان هەیە.
بینا جەلال، رەخنەی لە خوێندکاران گرت و گوتی: "خوێندکارەکانمان لە پۆلی دووەوە زیاتر پلان بۆ هەڵبژاردنی جلی دەرچوونی زانکۆ دادەنێن تا بۆ داهاتووی خۆیان". هەروەها داوای کرد کە زانکۆکان گرنگی زیاتر بە کارامەیی خوێندکاران بدەن.
هەرسێ میوانەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پلان‌دانان و نووسینەوەی پلانەکان، کلیلی سەرکەوتنە لە هەر کار و پڕۆژەیەکدا، بەتایبەت لە بواری خاوەنکاری و بیزنسدا.
سامان ئاکۆ پێنج خاڵی سەرەکی بۆ سەرکەوتن لە کاردا خستەڕوو و گوتی: "بۆ کارکردن پێویستمان بە پێنج شتە: بیرۆکە، نووسینەوەی بیرۆکە وەک پلان، بویری، سەرمایە و بەڕێوەبردن". هەروەها جەختی کردەوە کە خەڵک نابێت چاوەڕێی حکومەت بن و پێویستە خۆیان دەستپێشخەری بکەن.
ناوبراو دوو رێگەچارەی بۆ گەنجان خستەڕوو و گوتی: "یان دەبێت لە شاردا ببنە خاوەنکاری خۆیان، یاخود بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان و خەریکی پیشەسازی و ئاژەڵداری بن".
لە لایەکی دیکەوە، هودا سەرهەنگ باسی لە کاریگەری بارودۆخی ناوچەکە کرد لەسەر پلانەکان و گوتی: "شەڕی غەزە و ئیسڕائیل بووە هۆی داخستنی سنوورەکان و نەگەیشتنی کەرەستەی پێویست بە دەستمان". بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە نابێتە هۆی کۆڵدان و پێویستە پلانەکان بگۆڕدرێن بەپێی بارودۆخ.
بینا جەلال رەخنەی لە سیستەمی خوێندن گرت و گوتی: "زانکۆکانمان لە بواری ئەکادیمی باشن، بەڵام لە بواری کارامەییدا کەموکورتیمان زۆرە". هەروەها داوای لە خوێندکاران کرد کە باشتر خۆیان ئامادە بکەن بۆ ژیانی کاری دوای زانکۆ.
شایەنی باسە بەرنامەی "دەروون" تیشکی خستە سەر گرنگی پەروەردەکردنی نەوەیەک کە خاوەن پلان و ئامانجی روون بێت، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گۆڕینی ئەو کولتوورەی کە خەڵک بێ پلان و بەرنامە دەڕواتە پێشەوە.