دەروون - رۆڵی دایک و باوکان لە پەروەردەی منداڵدا
بەرنامەی دەروون ئەمجارە لەسەر بابەتی پەروەردەی منداڵ و بەرپرسیاریەتی دایک و باوکان لەسەر پەروەردەی منداڵەکانیان بوو.
د.کازم گزال، پسپۆڕی پەروەردەیی دەروونی، واران ئەحمەد، دەروونناسی پەروەردەیی، میوانی بەرنامەی دەروون بوون و بە وردی باسیان لە کەمبوونەوەی رۆڵی دایک و باوک لە پەروەدەی منداڵ و کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی کرد.
د.کازم گزال، باسی لە گرینگیدانی دایک و باوک لە 5 ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ کرد و گوتی" زۆر پێویستە منداڵ لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە بە تایبەت 3 ساڵی یەکەمی تەمەنی، نزیک بێت لە دایک و باوک و هەروەها گەشە کردن و دانانی هەموو بناخەکانی دەرووندروستی پەیوەستە بە 5 ساڵی یەکەم".
کازم گزال بە تێڕوانینێکی زانستییەوە گوتی" ئەگەر دایک و باوکێک زۆر ناچار نەبن، بردنی منداڵ بۆ دایەنگە، زیانێکی زۆر گەورەیە لە کەسایەتی، دروستی جەستەیی و دەروونی منداڵ".
د.کازم گزال جەختی خستە سەر هۆشیاری بنەماڵەکان و پێیوابوو ئاستی هۆشیاری خێزان، هۆشیاری کۆمەڵگە دروستدەکات و دایک و باوک کە بیانەوێت منداڵ دروست بکەن، دەبێت ئامادەباشی پێشوەختەی دەروونی و جەستەییان ببێت.
د.کازم باسی لە کاریگەریی سۆشیاڵمیدیا بۆسەر منداڵان کرد و گوتی" منداڵێکی بچووکی 1 بۆ 3 ساڵان بۆی نییە تەنانەت 10 چرکەش بەرکەوتەی هەبێت بە هیچ شاشەیەک و ئەمە لای ئێمە هێڵی سوورە و ئەو پێشکەوتنەی تەکنۆلۆجیا بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک شت هاتووەتە نێو ماڵەکانمان، هەر بۆیە بە نەبوونی چاودێری و بێ ئاگایی خۆت، منداڵەکە بەرەو کۆمەڵێک ئاقاری خراپ دەبات وەکو تێکدانی گەشەی منداڵ، زوو چوونە قۆناخی باڵخبوون، تێکچوونی باڵا و هەروەها کۆمەڵێک رەفتار لە سۆشیاڵمیدیا وەردەگرێت و تووشی لادانی سێکسی دەکات".
کازم گزال ئاماژەی بەوەکرد کە دەتوانین چاودێرییەکی زۆرترمان بۆ سەر منداڵەکانمان ببێت و ژیان بەرەو تێکەڵاوییەک ببەینەوە تاوەکو منداڵ و خیزان ئاگاداری یەکتر ببن.
واران ئەحمەد، دەروونناس، گرینگیدانی دایک و باوک بە منداڵ لە کاتی کۆرپەییەوە بە پێویست دەزانێت و دەڵێت منداڵ دەبێت تا دوو ساڵان شیری دایکی بخوات و ئەمە کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ دەکات.
واران ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە پەروەردەی منداڵ لە پەروەردەی دایک و باوکەوە دەستپێدەکات و پەروەردەی ئێستا لەگەڵ سەردەمی ئێمە جیاوازی زۆری هەیە و ئەو سەردەمانە پەروەردە یەکلایەنە بوو و دایک و باوک رۆڵی سەرەکییان لە پەروەردەی منداڵ هەبوو.
واران ئەحمەد بە تێڕوانینێکی رەخنەگرانەوە باسی لە چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلێکترۆنیکییەکان و کاریگەری نەرێنییەکانی لەسەر منداڵ کرد و گوتی" ئێمە کولتووری دروست بەکارهێنانی ئامێرە ئەلێکترۆنیکییەکانمان نییە و دایک و باوکێک کە ماوەیەکی زۆر مۆبایل بەدەستیانەوەیە و بە چەندین کاژێر بەدوای جلوبەرگ دەگەڕێن، بۆچی بەدوای بڕگەیەک ناگەڕێن لەسەر پەروەردەی منداڵەکانیان. بۆیە ئەگەر من نەتوانم پرۆگرامێکم هەبێت بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە، ناشتوانم بە منداڵەکەم بڵێم تۆ بەکاری مەهێنە. منداڵی ژێر دوو ساڵ نابێت شاشە بەکار بهێنێت، بەڵام منداڵی ئێستا لەدایک دەبێت، هەر لە خەستەخانەوە مۆبایلێک لە سەر سەریەتی".
هەروەها ئاماژەی بە گەشەی جەستەیی منداڵ کرد و پێیوابوو کە پێویستە دایک و باوک لەسەر گەشەی جەستەیی منداڵ زانیارییان هەبێت و ئەگەر بۆ منداڵەکانیان روون نەکەنەوە، تووشی گەشەی پێشوەختی جەستەیی دەبن.
بهشی بكه لە