نەخۆش و پزیشکی دەروونی
بەرنامەی ئەم هەفتەی دەروون بابەتێکی مشتومڕهەڵگر بوو بەم ناونیشانە " بۆچی خەڵکی کۆمەڵگەی ئیمە بە عەیبەی دەزانن بۆ چارەسەری کێشەکانیان بچنە لای پزیشکی دەروونی یان دەروونناس؟" کە بە میوانداریی د. جەعفەر عومەر، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، د. میدیا عەبدولخالق، دەروونناس، د. یوسف حەمەساڵح، دەروونناس بەڕێوەچوو. میوانەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە، باسیان لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە و چارەسەرەکانی کرد.
د. یوسف حەمەساڵح، وەکوو پسپۆڕێکی دەروونی، باسی لە هۆکارەکانی بابەتەکە کرد و گوتی: "ئێمە چارەسەرکاری دەروونیمان کەمە و مەرج نییە هەرکەسێک کە بڕوانامەی لە دەروونناسیدا هەبێت، شایستەی ئەوە بێت ببێتە چارەسەرکاری دەروونی".
هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێستا کەسانێک پەیدا بوون بێ هیچ لێپێچینەوەیەک، کلینیکێک دادەنێن و "بە خۆیان دەڵێن دەروونناس و ئەمە لە خراپکردنی ناوی ئێمە لەنێو خەڵکدا کاریگەریی نەرێنیی هەیە".
د. یوسف گوتیشی: "ئەو کەسەی کە خۆی دێتە لای ئێمە بۆ چارەسەری دەروونی، نیوەی کێشەکەی چارەسەر بووە".
ئەو دەروونناسە باسی رۆڵی پیاوانی ئایینی وەکوو چارەسەرکار یان رێنماییکاری دەروونی کرد و گوتی: "پیاوانی ئایینی بە هیچ شێوەیەک شایستەی ئەوە نین کە رێنمایی یان چارەسەری دەروونی بکەن. پیاوی ئایینی رۆڵی زۆر باشیان هەیە بەڵام زیاتر ئامۆژگاری بەکاردەهێنن، تەکنیکی ئێمەش وەکوو دەروونناس، ئامۆژگاری نییە و کار لەسەر ئامۆژگاری ناکەین".
د. میدیا عەبدولخالق، دەروونناس، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو و لەسەر ئەم بابەتە گوتی : "هەموو ئەو کەسانەی تاوان دەکەن خۆیان قوربانین، لەوانەیە لەلایەن دەوروپشتەکەیەوە چەندین جار رووبەڕووی تووندوتیژی بووبێتەوە".
د. میدیا گوتی : "ئێمە ئەو کاتەی دەتوانین چارەسەری کەسەکە بکەین کە بە ویستی خۆی بێتە لامان و داوای چارەسەر بکات، یان ئەوەی کە خێزانەکەی بیهێنێتە لای ئێمە تاوەکو چارەسەری بکەین".
ئەو دەروونناسە ئاماژەی بە هۆشیاری و رۆشنبیریی کۆمەڵگە لە بواری دەروونناسیدا کرد و گوتی : "کەسانی بەهێز و ژیر بۆ چارەسەر دەچنە لای دەروونناس و ئەگەر ئێمە منداڵەکانی خۆمان فێر نەکەین کە بۆ چارەسەری کێشەکانیان بچنە لای چارەسەرکاری دەروونی، ئەو هۆشیارییە لە نەوەکانی داهاتوودا درووست نابێت".
د. جەعفەر عومەر، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، میوانێکی دیکەی بەرنامەی دەروون بوو و لە بەرنامەکەدا ئاماژەی بە ئامارێکی رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی لە ساڵی 2006 لە عێراق کرد و گوتی : "بەپێی ئەم ئامارە 16٪ی خەڵک لە هەرێمی کوردستان گرفتی دەروونییان هەیە و لەم رێژەیە تەنیا 6٪یان چارەسەریان وەگرتووە".
د. عومەر ئاماژەی بۆ تێڕوانینی خەڵکی کۆمەڵگە لەبارەی پزیشکی دەروونییەوە کرد و گوتی : "خەڵک لە چارەسەری دەروونی دەترسن بێ ئەوەی بزانن چییە. باوەڕێکی هەڵە و پڕ لە خورافات لەم بارەیەوە هەیە کە وادەزانن ئالوودەی دەرمانەکان دەبن، بەڵام شتی وا نییە و ئەو دەرمانانەی ئێمە بە رەچەتە دەیاننووسین، ئەو کەسە ئالوودە ناکەن".
هەروەها د. عومەر ئاماژەی بە ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لەسەر چارەسەری دەروونی دا و گوتی : "لە کۆندا کەسێک نەخۆش بووایەت دەیانگوت دەیبەین بۆ شێتخانە، ئەم وشە زۆر ناشرینە و ئێستاش هەر ئەو شتە دووبارە دەکەینەوە و بە کەسێک کە نەخۆشیی دەروونیی هەیە دەڵێین بەخشراو و ئەمانە بەخشراو نین، چونکە ئێمە ئەو کەسانەی کە دێنە نەخۆشخانە دەرمانیان دەکەین".
لە کۆتایی بەرنامەکەدا هەر سێ میوانەکە رەخنەیان لەو کەسانە گرت کە لەناو سۆشیاڵمیدیادا بە ناوی چارەسەرکاری دەروونییەوە رێنوێنیی خەڵک دەکەن. هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپێچینەوە لەم کەسانە بکرێت.
هەروەها د. یوسف حەمەساڵح داوای لە وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا کرد کە لیژنەیەک لە دەروونناسەکان و پزیشکە دەروونییە بەئەزموونەکان بۆ لێپێچینەوە لەم کەسانە دروست بکەن و هەرکەسێک کە شایستەی کار لەم بوارەدا بێت، مۆڵەتی پێبدەن بۆ کارکردن.
بهشی بكه لە