دەروون - ناوبانگ لە دونیای ئەمڕۆدا

17 August 2024
دەروون - ناوبانگ لە دونیای ئەمڕۆدا
بەرنامەی دەروون ئەم هەفتە لەسەر بابەتی ناوبانگ لە دونیای ئەمڕۆدا بوو کە  بابەتێکی گرێدراوە بە دونیای تەکنۆلۆجیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. دەروون بابەتی ئەمجارەی بەم پرسیارە ورووژاند: جاران کێ بەناوبانگ بوو ئێستا کێ بەناوبانگە؟
دوو میوانی بەرنامەی ئەمجارەی دەروون، کامەران سوبحان، نووسەر و ئەڤین ئیبراهیم، مامۆستای زانکۆ بابەتی ناوبانگیان لە ئێستادا پەیوەست دا بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە و کاریگەری سۆشیاڵمیدیایان لە سەر درووستکردنی جیاوازی لە نێوان کەسانی بەناوبانگ لە دونیای کۆن و ئەمڕۆدا باسکرد.
ئەڤین ئیبراهیم، مامۆستای زانکۆ، ئاماژەی بەوە کرد، مرۆڤی ئێستا دوای کەسانێک کەوتوون و بوونەتە هۆی بەناوبانگبوونیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە بەهرەیەکی تایبەت و شتێکی  سوودمەندیان نییە بۆ پیشاندان بە خەڵک و گوتیشی مرۆڤێک بییەوێت ژیانێکی ئاسایی و تەندرووستی بێت، پێویستی بە ناوبانگ نییە و بەردەوام بە دوای ناوبانگدا بوون و خۆ دەرخستن بە بێ هۆکار و تەنیا بە مەبەستی خۆدەرخستن، نێشانەی ئەوەیە کەسەکان هەست بە بۆشایی دەکەن.
هەروەها وتیشی" من لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دوور کەوتومەتەوە و خۆم لەو ئاستەدا نابینم لەبەر پارە پەیداکردن لە سۆشیاڵمیدیادا، قسەی نەشیاوم پێبدرێت" 
کامەران سوبحان، نووسەر، میوانی دیکەی بەرنامەکە باسی لە کاریگەریە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر گۆڕینی چەمکی ناوبانگ لە نێو نەوەی نوێ کرد. کامەران سوبحان گوتی: ناکرێت لایەنە باشەکانی تەکنۆلۆژیا لەبەرچاو نەگیرێت و بە چاوێکی دوژمنکارانە لێی بڕوانین. کامەران سوبحان ئاماژەی بەوەش کرد کە تەکنۆلۆژیا خزمەتێکی زۆر گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە بەڵام رەخنەی من لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیایە و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەریکە بە شیوەیەکی نادرووست بەکاردەبرێت.
کامەران سوبحان گوتیشی"بە دڵنیاییەوە، ئەگەر کەسە بەناوبانگەکانی کۆن وەکوو پیرەمێرد لە ئێستادا بژیابا، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بەکاردەهێنا و لاپەڕەی خۆی دەبوو بەڵام دڵنیا نییم لەوەیکە گوێی لێبگیرابا".