جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین

10 August 2024
جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین

جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین بابەتی ئەمجارەی بەرنامەی دەروون بوو، مشتومڕێکی زۆری لە نێوان میوانەکاندا دروستکرد و باس لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی جنێودان لە نێو کۆمەڵگەدا کرا.

رێژەیەکی بەرچاوی جنێودان لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا گوازراوەتەوە بۆ نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەندێک کەس لە رێگەی جنێودان هەستاون بە رووخاندن و بێڕێزیکردن بە خەڵک و کەسایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و بوونەتە هۆی بریندارکردنی زۆرکەس.

خوسرەو جاف، نووسەر و هونەرمەند، میوانی بەرنامەکە بوو و لەسەر مێژووی جنێودان لە کۆمەڵگەی کوردیدا قسەی کرد و گوتی" ئەم دیاردەیە لە کۆنەوە و لە سەردەمی ئیمپراتوورییەکانەوە دەستیپێکردوە و لەو سەردەمانە پاشاکان شوێنێکیان بووە بە نێوی حەرەمسەرا و ئەم شوێنە سەرچاوەی نەشیاوترین جنێوەکان بووە و هەر لەوێوە تەشەنەی کردووەتە نێو کۆمەڵگەکان و کۆمەڵگەی کوردیش بێبەری نەبووە لەم بابەتە" هەروەها خوسرەو جاف پێیوابوو زۆرێک لە لاپەرە و سایتەکان بە دەست حیزبەکانەوەیە و حیزبەکان ئەم سایتانە بۆ جنێودان بەکاردەهێنن.

خوسرەو جاف ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاستی رۆشنبیری لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە خراپترین قۆناخی خۆیدایە و خەڵک لە خوێندنەوە و کتێب تۆراون و لە کۆتاییشدا نائومێدی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی نێو کۆمەڵگە دەربڕی.

رێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عەراق، میوانێکی دیکەی بەرنامەی دەروون بوو، سەرەتا قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە ژن یەکەم قوربانی نێو جنێودانەکانە و خۆی وەک نموونە هێنایەوە کە چەندین جار لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە ئامانجی جنێودەران و بێڕێزی پێکراوە و دەشڵێت" زۆرکەس سکاڵایان لەسەر جنێودەران تۆمار کردوە، بەڵام لە ئەنجامدا خەڵک و میدیاکان پشتگیری جنێودەرەکانیان کردووە تاوەکو کەسی سکاڵاکار"هەروەها گوتیشی" کەسانێک هەن بە جنێودان بەناوبانگ دەبن و پاشان خۆیان بەربژێر دەکەن بۆ پەرلەمان و ئەمە خەتەرێکی گەورەیەو نابێت خەڵک دەنگ بەم کەسانە بدەن".

رێزان شیخ دلێر لە کۆتاییدا جەختی خستە سەر کاریگەری هونەرمەندان و سینەما و رۆڵیان لە سەر باوکردنی وشەی نەشیاو لە فیلمەکاندا و گوتی" هونەرمەندان لە دراماکان و فیلمەکانیاندا بەکارهێنانی وشەی نەشیاویان کردووە بە شتێکی ئاسایی و پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و هەوڵبدەن وشەی جوانتر لە نێو فیلمەکانیاندا بەکاربهێنن.