گێچەڵی سێکسی

15 June 2024
گێچەڵی سێکسی

گێچەڵی سێکسی بەشێک لە خاوەنکار و بەڕێوەبەر و مامۆستایان لە هەندێک ناوەندی خوێندن بەو کارمەندە کچانەی لە دامەزراوەکانیاندا کاردەکەن، مژاری بەرنامەی یەکەمی دەروون بوو. سەرەتا دەروون گێژەن چیرۆکێکی راستەقینەی لەوبارەیەوە گێڕایەوە. د. دیلمان خۆشناو، دەروونناس، میوانی بەرنامەکە بوو لەو بارەیەوە رایگەیاند، گێچەڵی سێکسی لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرە و  بەشەرمەوە باسدەکرێت. هەروەها دەڵێت ''ئەوانەی گێچەڵی سێکسی بە کارمەندە کچەکانیان دەکەن بۆیان دەچێتەسەر، چونکە یان خاوەنکارن یاخود کەسانی دەستڕۆیشتوون." د. دیلمان گوتیشی "ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کاتێک رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە لەلایەن بەڕێوەبەرەکانیان نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.''
 
د. یوسف حەمەساڵح،  مامۆستای زانکۆ، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەوباریەوە گوتی "گێچەڵی سێکسی دەستدرێژییە بۆ سەر کۆمەڵگە، ئەوانەی ئەم کارە دەکەن لەڕووی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە هەژارن هەروەها نەخۆشن و تاکە چارەسەر بۆیان یاسایە". د. یوسف دەشڵێت "هەموومان بەرپرسیارین لە رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی سێکسی و پیاو سالاریش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، دیاردەکەش لە نێو دامودەزگا و کۆمپانیا و تەنانەت زانکۆکانیش هەیە و بەداخەوە هیچ لێپێچینەوەیەکیشی نییە".

ئاسۆ هاشم، وەکو پارێزەرێک بەشداری لە بەرنامەکەدا کرد و لە بارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی یاسا لەگەڵ کەسانەی گێچەڵی سێکسی بە کارمەندەکانیان دەکەن رایگەیاند، کارەکە لەڕووی یاساییەوە تاوانە و سزای تووندیشی هەیە، دەڵێت  "لە عێراق سزای زۆر تووندی هەیە، بەشێک لە قوربانییەکان شەرمدەکەن باسی بکەن و تەنانەت سکاڵاش بکەن، بەڵام قوربانی دەتوانێت داوا بکات دادگاییەکە بە نهێنی بکرێت و ئاشکرا نەکرێت".
 
لە بەرنامەکەدا درامایەک ئامادەکرابوو و نمایشکرا، ڤانیا سالار کە ئەکتەری دراماکە بوو، باسی چیرۆکی کچێک دەکات کە چۆن لەلایەن کوڕی خاوەن کۆمپانیایەکەی دووچاری گێچەڵی سێکسی بووەتەوە. ڤانیا سالار دوای پێشاندانی دراماکە، هاتەنێو ستودیۆی دەروون و گوتی "دەمەوێ هاوارێک بم بۆ دەنگی ئەو کچانەی دەنگیان کپکراوە".

هەر لە بەرنامەکەدا کچێک کە قوربانیی گێچەڵی سێکسی بوو لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکەی گوتی "کێشەکە ئەوەیە ناتوانین باسی بکەین و تەنانەت شەرمدەکەین لەلای کەسە نزیکەکانیشمان باسی بکەین و سکاڵاش تۆمار بکەین".
 
خاوەنکارێک بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهاوە هاتە نێو ستودیۆ و بێ ئەوەی دابەزێت گفتووگۆیەکی لەگەڵ دەروون کرد و دەردەدڵی خۆی دەربڕی و گوتی "بەشێک لەو خانمانەی لە کۆمپانیاکەی ئەو کاردەکەن خۆیان داوای لێدەکەن و سێکسی لەگەڵ بکەن و لێی نزیک ببنەوە، ئەگەرنا زۆربەی خاوەنکارەکان کارمەندەکانیان وەک کچی خۆیان سەیر دەکەن".