دەنگی من - سازان محەممەد
دیزاینەری کارێکە هەلیکار لە نێوخۆدا دەڕەخسێنێت، کاتێک دیزاینەر هەبوون و مۆدێلی جلوبەرگ دیزاین کرا، فرۆشتنی قوماش، بەرگدرووەکان بازاڕیان گەرمتر دەبێت و خواست زۆر دەبێت لە سەر ئەو جۆرە جلوبەرگەی بە شێوازێکی نوێ دەکەوێتە بازاڕەکان.
کورد خاوەن دیزاینەری لێهاتووی جلوبەرگە، زۆرجار دیزاینەری کورد لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان وەک خاوەن بیرۆکەی جلوبەرگ بەشداربوونەو جێگەی سەرسامی کۆمپانیا گەورەکانی جلوبەرگیش بوونە.
سازان محەممەد ژنێکی دیزاینەرە لە سلێمانی، میوانی بەرنامەی دەنگی من بوو، ئەو جلوبەرگێکی پۆشیبوو کە خۆی دیزاینی کردووە و خۆشی دووریویەتی و دەڵێت"کۆی تێچووی 11 هەزار دینار بووە، بەڵام ئەگەر هەمان جل لە بازاڕ بکرێت رەنگە نرخەکەی نزیکەی 150 هەزار دینار بێت".
گلەیی لە لایەنی پەیوەندیدارە کە ئەوەندەی پشت بە هاوردەکردنی جلوبەرگ دەبەستن ئەوەندە گرنگی نادرێت بە دەستی کاری نێوخۆ و دەڵێت"لەو 32 ساڵەی حکومڕانی خۆماڵی دەبوو لانی کەم 5 کارگەی دروونی جلوبەرگ هەبوایە بۆ ئەوەی ناچار نەبووباین جل لە وڵاتان بێنین و خۆشمان مووی بزن و خوری مەڕ بسوتێنین".
سازان، داواکارە لەو بەربژێرانەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن و هەروەها کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئایندەدا بیر لەوە بکرێتەوە کارگەی دروستکردنی جلوبەرگ بکەنەوە بۆ ئەوەی هەزاران کەس لە سایەیەوە هەلی کاری بۆ دروست بێت.
بهشی بكه لە