دەنگی من - جەبار ناوەندەیی هەنگەوان

دەنگی من - جەبار ناوەندەیی هەنگەوان
 

لە باشووری کوردستان هەنگ لە دەرەوەی کێڵگە داخراوەکان بە خێودەکرێت. هەر ئەوەش هۆکاری باشی بەرهەمەکەیەتی. هەنگەکان بۆ دروستکردنی تەنیا یەک کیلۆ هەنگوین بەسەر چوار ملیۆن گوڵدا دەنیشنەوە.

لە هەرێمی کوردستان 16 هەزار مێشەوان خاوەنی 700 هەزار پورەنگن.

کۆی بەرهەمی ساڵی رابردووی هەنگوینی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 تۆن بووە.

ساڵانە لە بازارەکانی باشووری کوردستان نزیکەی هەزار و 200 تۆن هەنگوین دەفرۆشرێت، سێ جۆر هەنگوین لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەنگوینەکانی شاخ، خەڵێف و سەندووق، نرخی هەنگوینی کوردستان لە 30 هەزارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 250 هەزار دینار بۆ یەک کیلۆ.

 

بۆ بەرنامەی ئەمجارەی دەنگی من جەبار ناوەندەیی میوانی بەختیار قادری پێشکەشکاری بەرنامەکە بوو، جەبار خاوەنی زیاتر لە 200 پورەنگە لە بناری چیای هەڵگوردی باڵەکایەتی هەنگەوانی دەکات.

 

باس لەوە دەکات لە تەواوی وڵاتان هەنگ و بەرهەمەکەی کە هەنگوینە بووەتە جێگەی بایەخی زۆر، بەڵام لێرە کەمتر ئاوڕیان لێدەدرێتەوەو لایەنی پەیوەندیدار بە دەمیانەوە ناچێت.

 

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی هەنگەوانان هێنانی هەنگوینی وڵاتانی دراوسێیە بە رێگای قاچاخ و شکاندنی نرخ و تێکەڵ بوونی کوالێتیان لە گەڵ بەرهەمی بیانی.

 

جەبار دەڵێت"رۆژانە بەربژێر دێنە چیاو کوێستانەکانیش سەردانی کاسبکاران دەکەن بەڵام کەمتر پڕژاونەتە سەر کاری هەنگەوانی لە کاتێکدا تەنیا هەنگەوان رەنگە دەنگی کورسیەکی پەرلەمانیان زیاتر هەبێت و خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی کارەکەن".