دەنگی من - ئاغا بابۆڵی - جووتیار

دەنگی من - ئاغا بابۆڵی - جووتیار
سەرچاوەی ئاوی زۆر، خاکی بە پیت، کەش و هەوای گونجاو و بەرزی لە ئاستی رووی دەریا، وایکردووە سەدان خێزان بۆ بژێوی ژیانیان ررویان لە کەرتی کشتوکاڵ و چاندنی بەرهەمە وەرزییەکان کردووە، ئەوان لە ناوچە گەرمەسێرەکانەوە هاتوونەتە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران.

بەرنامەی دەنگی من خێزانێکی چوار کەسی جووتیاری بەسەر کردووەتەوە، پڕ گلەیی لە بە بازار کردنی بەرهەمە وەرزییەکانیان و لە کاتی تۆمارکردنی بەرنامەی دەنگی من کولەکەیان دەڕنی، بەڵام بێ کڕیار، ماندوو بووی رەنج بەخەسار بوون.

ئەوان نزیکەی 8 دۆنم زەوییان بە کرێ گرتووەو لە بیتوێنەوە هاتوونەتە کوێستانەکە، بڕی تێچووی چاندن و جووت و پەینی کیمیاییان نزیکەی 5 ملیۆن دینار بوو، خەریکە وەرزی کشتوکاڵ بەسەر دەچێت هێشتا نەگەیشتوونەتەوە دەست مایەی خۆیان.

کوڕو دایکێکی خێزانەکە قسە بۆ بەختیار قادر دەکەن و دەڵێن بۆ ئەمجارە نیازیان نییە بچنە دەنگدان، چونکە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگیانداوەو هیچ کەس لە خەمی ئەوان و ئەو کەرتە نەبووەو بڕوایان وایە کە بۆ ئەمجارەش شتێک ناگۆڕدرێت تاوەکو بچن دەنگ بدەن.