دەنگی من - ئاسیا لوقمان

دەنگی من - ئاسیا لوقمان

ئاکرێ جگە لەوەی پایتەختی نەورۆزە و ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز سەردانی دەکەن، هەڵکەوتەی ناوچەکەش خۆڕسکانە کردوویەتی بە ناوچەیەکی دیاری گەشتیاریی پارێزگای دهۆک.

بەرنامەی دەنگی من کچێکی گەنجی ئاکرەیی کردووەتە میوان بە ناوی ئاسیا لوقمان کە دەرچووی زانکۆیە و دانەمەزراوەو هەروەها بێکاریشە، و ئەو لە بارەی گەشتیاریی ناوچەکەی ونەبوونی هەلی کار گلەیی دەکات و رێگە چارەش دەخاتەڕوو. ئەو لەبارەی پرۆسەی دەنگدان دەڵێت" لە ئاکرێ زیاتر دەنگدەر وەک باوک و براکانیان بیردەکەنەوەو ئەوان پێیان دەڵێن کە چ لایەنێکی سیاسی و چ بەربژێرێک دەستنیشان بکەن بۆ دەنگدان، بەڵام رای ئەو جیاوازە، ئەو پێیوایە کارنامەی جوانی بەربژێر سەرەنجی دەنگدەر رادەکێشێت، دەشڵێت" بەربژێری ئەو ئەو کەسەیە کە باس لە رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئاکرێ و دەوروبەری بکات و هەروەها لە کارنامەکەشیدا گرنگیدانی زیاتر بە گەشتوگوزاری ئاکرێ هەبێت.

ئاسیا ئاکرەیی روونیدەکاتەوە لە ناوچەکەی ئەو کچ لە تەمەنیی زوو بەشوو دەدرێت و هیوای خواست ئەو دیاردەیە نەمێنێت، دەخوازێت لە پەرلەمانی داهاتوودا یاسایەکی نوێ و باش بۆ ژن دەربکرێت و ژنان زیاتر هەلی سەرکردایەتییان بۆ بڕەخسێت و رێگەیان بۆ خۆشتر بکرێت بۆ دەرخستنی توانا شاراوەکانیان.