بەرنامەی چۆپی و چارە خاوەن پێدایستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان وئەوروپا

بەرنامەی چۆپی و چارە خاوەن پێدایستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان وئەوروپا


جیاوازییەکی زۆر لە نێوان خاوەن پێداویستی تایبەت لە کوردستان و ئەوروپادا هەیە، بۆیە چۆپی فەتاح ئەمجارە لەم بەرنامەیدا دەیەوێت ئەو جیاوازیانە بخاتەڕوو، لەبەر ئەوە سەرەتا سەردانی پەیمانگەی نابینایانی رووناکی لە شاری هەولێر دەکات، لەگەڵ چەند قوتابییەک و مامۆستایەکی ئەم پەیمانگەیە دەدوێت، کە رۆژانە دووچاری گەلێک کێشە دەبنەوە.
شەنگە، یەکێکە لە قوتابییە نابینایەکانی ئەم پەیمانگەیە، ئەو دەیەوێت چۆنیەتی نووسین و خوێندنەوەی " برێل " بە چۆپی نیشان بدات، کە نابیناکان لەم رێگاییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین دەکرێن، زۆر دڵخۆش وشادومانیشە کە لەم پەیمانگەیە دەوام دەکات.
لە بەشێكی دیکەی بەرنامەکە چۆپی فەتاح پەیمانگەی نابینایانی هەولێر و شەنگەی جوانکیلە جێدەهێڵێت و روو دەکاتە ئەوروپا، لەوێ دەچێتە ماڵی ڤێلاماین، کە ئەو نابینایە، بەهۆی سەگی چاوساخەوە رۆژانە دەچێتە دەوام و دەگەڕێتەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک هاوکاری بکات.
هونەرمەند چۆپی دەیەوێت بۆ ئەو سەنتەرە بچێت کە راهێنان و مەشق بەم سەگانە دەکات، لە هۆڵەندا سەردانی ناوەندی راهێنان و مەشقی سەگی نابیناکان دەکات، تاوەکو بزانێت چۆن راهێنان بەم سەگانە دەکەن و ئامادەیان دەکەن بۆ نابیناکان.
دواتر چۆپی دەگەڕێتەوە کوردستان و سەردانی گرووپی میوزیکی نابینایان  دەکات، ئەو گرووپەی تاوەکو ئێستا دەستی یارمەتیان لەلایەن حکومەتەوە پێنەگیشتووە، بەڵام بەردەوام لە رێگەی میوزیک و میلۆدییەوە خەمەکانیان دەردەبڕن.
لە شاری هەولێر سەنتەرێكی گەورە هەیە، کە خاوەن پێداویستی تایبەتییەکان لە دەوری یەکتری کۆدەکاتەوە، چۆپی لەم سەنتەرەدا خەمی چەند خاوەن پێداویستی تایبەت دەخاتەڕوو. 
چۆپی فەتاحی پێشكەشکار لەگەڵ کاک ئیسماعیل نابینا سەنتەری خاوەن پێداویستی تایبەت جێدەهێڵین و روو دەکەینە ماڵی کاک ئیسماعیل، ئەو دەیەوێت ژیان و ئیش و کارە هونەرییەکانی نیشانی چۆپی بدات و چۆپیش لەگەڵ ئامێری کیبۆردی ئیسماعیل دەست دەکات بە گۆرانی گوتن.
خوس، خاوەن پێداویستی تایبەتەو لە ئەوروپا دەژیت، هەرچەندە ئەو ناتوانێت قسە بکات و بەرێگادا بڕوات، بەڵام بەهۆی تەکنەلۆژیاوە تواندراوە هەموو کەم و کوڕییەکانی ژیانی رۆژانەی پڕ بکرێتەوە، ئێستا ژیانی خوس بەستراوەتەوە بە کۆمپیوتەر و هەموو کارەکانی لە رێگەی شاشەیەکەوە رادەپەڕێنێ، لێرەوە چۆپی دەیەوێت ئەم جیاوازییە گەورەیە نیشان بدات، کە لە نێوان کوردستان و ئەوروپادا هەیە.
بەرنامەی چۆپی و چارە هەموو دووشەممەیەک لە کاژێر 22:30 بڵاودەکرێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش لە کاژێر 14:30 دووبار دەکرێتەوە.