جیاوازی راوکردن لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا

جیاوازی راوکردن لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا

راوکردنی زۆر و هەڕەمەکی دەبێتە هۆی قەڵاچۆکردنی ئاژەڵان و باڵندەکان، قەدەغەکردنی راوکردنیش دەبێتە هۆی کوشتنی ئارەزووەکان و تێکدانی سروشت و نەمانی بەلانسی ژینگەیە، هونەرمەند چۆپی فەتاح لەم بەرنامەیەدا دەیەوێت ئەو جیاوازییە نیشان بدات، کە لە شێوازی راوکردنی ماسی وئاژەڵی کێوی لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا پەیڕەو دەکرێن.
لە سەردەمێکدا دەریاچەی دووکان گەورەترین سامانی ماسی تێدا بوو، بەڵام ئێستا ماسی زۆر بەکەمی تێدا ماوە، راوچیەکان دەڵێن هەندێك رۆژ تەنانەت یەك ماسیش ناگریین، چۆپی لە نێو دەریاچەی دووکان لەگەڵ چەند ماسیگرێک دەدوێت.
چۆپی فەتاح، لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا لە ئەوروپا، لەگەڵ راوچییەکی زۆر باش و شارەزا کە ناوی پەیتر سخۆڵتەیە، دەچێتە راوە ماسی، پەیتر ئەوەی بۆ چۆپی ئاشکرا کردووە، کە راوکردن بۆ ئەو زیاتر ئارەزووەو زۆر جار تەنیا ماسی دەگرێت و دواتر دەیخاتەوە نێو رووبارەکان.
چۆپی فەتاحی پێشکەشكاری بەرنامەکە دەربارەی ئەوروپا دەڵێت "من هیچ کاتێك بەخیلی بە ئەوروپا نابەم، تەنیا بەخیلی بە یاساو رێساکانیان دەبەم، پێم سەیرە کە ئەمان هێندە وڵاتی خۆیانیان خۆش دەوێت، تەنانەت دڵیان نایەت یەك ماسیش بگرن بەبێ یاسا، ئەی کەی دەسەڵاتدارانی ئێمەش دەتوانن یاساو رێساکانیان توێکمە بکەن و لەو سەرگەردانییە رزگارمان بکەن".
چۆپی لەم بەرنامەیە ئەوە نیشاندەدات، کە لە ئەوروپا ئاژەڵە کێویەکان دێنە ناو ماڵەكانەوە، بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت لە راوکردن و ئازاردانیان، بەڵام لە بەشێکی زۆری کوردستان ئەو دیمەنانە نابینیت، کە ئاژەڵەکان بەبێ ترس بێنە نێو ماڵەکان.
لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا چۆپی دەیەوێت بزانێت تا چەند لە کوردستان گرنگی بە ئاژەڵی کێوی و ئەو سامانە نەتەوەییە دەدرێت، کە هەندێك کەس دەڵێن زیاتر بەرپرسەکانن راودەکەن نەك خەڵکی ئاسایی، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستانی هەرێمی کوردستان  لەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان ناڕازییەو دەڵیت ،کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان فەرامۆشکراوەو خەڵکی نەک بە چەکی تاپر ئاژەڵی کێوی دەکوژن، بەڵکو بە چەکی بیکەیسی و چەکی جۆراوجۆریش ئاژەڵ راو دەکەن.
بەرنامەی چۆپی و چارە هەموو دووشەممەیەک لە کاژێر 22:30 بڵاودەکرێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش لە کاژێر 14:30 دووبار دەکرێتەوە.