زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و لە ئەوروپا

زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و لە ئەوروپا
بەرنامەی چۆپی وچارە

زانکۆ لە هەرێمی کوردستان وئەوروپا

بەرنامەی ئەمجاری چۆپی چارە تیشک دەخاتەسەر پرۆسەی خوێندن و فێرکردن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەراوردێک لە نێوان سیستەمی زانکۆکانی ئەوروپاو کوردستان دەکات، سەرەتاش هونەرمەند چۆپی روو دەکاتە بەشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، لەوێ لەگەڵ چەند قوتابییەکی کچ دەدوێت، کە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بۆ خوێندن هاتوونەتە هەولێر.

چۆپی فەتاح دەیەوێت بزانێت لە هەرێمی کوردستان سیستەمی زانکۆکان چۆن رێکخراوە، بۆچی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی زانکۆکانی جیهانی لە ئاست زانکۆ خراپەکان هەژمار دەکرێت، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە چۆپی دەچێتە کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین، کە رێژەیەکی زۆر لە قوتابیان لەم زانکۆیە بەردەوامی بە خوێندن و فێربوون دەدەن.

دواتر هونەرمەند چۆپی دەگەڕێتەوە ئەوروپاو دەچێتە یەکێک لەو بەشە ناوخۆییانەی کە قوتابیانی کوڕ و کچ بەیەکەوە تێیدا دەمێننەوە، ئاستی خزمەتگوارییەکانی ئەم بەشە ناخۆییە دەخاتەڕوو. دواتر یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا نیشاندەدات، کە لە هەموو جیهان قوتابیان بۆ خوێندن وفێربوون رووی تێدەکەن.

لەبەشێکی دیکە بەرنامەکە، هونەرمەند چۆپی فەتاح قسە لەگەڵ هەردوو براکەی دەکات، کە لە ئەوروپا دەخوێنن و ماستەریان وەرگرتووە، هەردوو براکەی چۆپی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەگەڵ خوێندن کاریشیان کردووە بۆ ئەوەی خەرجی زانکۆکەیان پێ دابین بکەن، بۆیە دەڵێن خوێندن لە ئەوروپا زۆر سەختەو بارگرانێیەکی زۆریشە بەسەر خانەوادەکانیان.

لە کۆتایی بەشی بەرنامەکە چۆپی فەتاح لەگەڵ چەند مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین باس لە کاریگەری ئەم قەیرانەی کە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە دەکات،  ئەوانیش نایشارنەوە، کە قەیران و کێشەکانی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی زۆری بەسەر مامۆستا و قوتابیانی کوردستان هەبووە.