جیاوازی هاوسەرگیری لە کوردستان و ئەوروپا

جیاوازی هاوسەرگیری لە کوردستان و ئەوروپا

 
پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە  نێو گوندو دێهاتەکانی کوردستان داب و نەریتی وشێوازی تایبەتی  خۆی هەیە، وەک باس دەکرێت دانیشتووانی لادێیەکان زیاتر پابەندبوونە بە داب و نەریتی کۆنی کوردەواری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەکێشەو گیروگرفتی  فرە ژنی و ژن بەژنی بەدوور نەبوونە، بەرنامەی چۆپی وچارە ئەمجارە سەردانی دۆڵی رووست دەکات ، کە سرووشتێکی جوان و دڵگیری هەیە، چۆپی دەیەوێت بزانین ئایا تاوەکو ئێستا فرە ژنی و ژن بەژنی لەو دەڤەرە ماوە؟
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە، هونەرمەند چۆپی دێهاتەکانی کوردستان جێدەهێڵێت و روو دەکاتە ئەوروپا، لەوێ سەردانی هامبۆرگی ئەڵمانیا دەکات، لەوێ پڕۆسەی هاوسەرگیری زۆر جیاوازە و کولتوورێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، لەم شارەدا چۆپی سەردانی ژن ومێردێک دەکات کە ماوەی چەند ساڵێک بەیەکەوە ژیاون بێ ئەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامبدەن، دوای ئەوەی منداڵێکیان دەبێت ئەو کات بە فەرمی پڕۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا یاسا لەم وڵاتە رێگە بە فرەژنی نادات.
لە بەشی دووەمی بەرنامەی چۆپی وچارە،  چۆپی روو دەکاتە شاری کەرکوک، دەخوازێت بزانێت پڕۆسەی هاوسەرگیری لەم شارەدا چۆن بەڕێوەدەچێت، گرفت وکێشەکانی هاوسەرگیری چین و رێژەی جیابوونەوە و پێکهێنانی ژیانی تازەی هاوسەرگیری لە چ ئاستێکدایە. 
بەشێکی زۆری گەنجانی کوردستان، سەرەتا لەلایەن مامۆستای ئاینییەوە مارە دەکرێن و دواتر لەلایەن دادوەرەوە بەشێوازێکی فەرمی مارە دەکرێن، ئایا لەرووی ئاینییەوە جیاوازی چییە؟  ئایا داواکردنی زێری زۆر و پێشەکی وپاشەکەی بەچ جۆرێک رێگەپێدراوە، مامۆستایەکی ئاینی لە کەرکوک وەلامی ئەم پرسیارانە بۆ بەرنامەی چۆپی و چارە دەداتەوە.
هەڵبەتە لە ئەوروپا مەڕاسیمی مارەکردن زۆر جیاوازە لەگەڵ کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، لەوێ تەنیا لە رێگەی دادوەر یان کەسێکی تایبەت مارە بڕین بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەپێی یاساوە جێبەجێ دەکرێت.
دانیشتووانی ئەوروپا راوبۆچوونی جیاوازیان لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری هەیە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت پێش پڕۆسەی هاوسەرگیری ژن وپیاوەکە باش یەکتر بناسن ئینجا بڕیاری هاوسەرگیری بدەن.
بەرنامەی چۆپی وچارە هەموو  رۆژانی چوارشەممە لە کاژێر 22:30 پەخش دەکرێت، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 14:30 دووبارە دەبێتەوە.