چاوی رووداو | چیرۆکی کچی پێشمەرگەیەکی مەلا مستەفا لە ئۆزباکستان

07 June 2024
چاوی رووداو | چیرۆکی کچی پێشمەرگەیەکی مەلا مستەفا لە ئۆزباکستان

عەزیمە عەمرۆڤا: داکم دوای باوکم شووی نەکردەوە
عەزیمە عەمرۆڤا، کچی پێشمەرگەیەکی کوردستانە و لە ئۆزباکستان دەژیی، چیرۆکی باوکی دەگێڕێتەوە کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی چووەتە یەکێتی سۆڤیێت.
مەلا مستەفا، لەگەڵ 500 پێشمەرگە لە رێگەی پەڕینەوەیان لە رووباری ئاراس، بەرەو یەکێتی سۆڤیێت رۆیشتن. سەرەتا لە ئازەربایجان نیشتەجێکران. بەڵام لە ساڵی 1952 دەگوازرێنەوە بۆ کۆماری ئۆزباکستان. لەوێ لە ناوچەی ڤرەڤسکی نیشتەجێ دەبن و خانوو بۆ خۆیان دروستدەکەن.
بەشێک لە پێشمەرگەکان لەوێ ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن و دەبنە خاوەن ماڵ و منداڵ. 
عەزیمە عەمرۆڤا، ئەوکاتە تەمەنی بچووک بووە، دوای رووخانی حوکمی پاشایی لە عێراق و هاتنە سەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم، بەهۆی رێککەوتنێک پێشمەرگەکان دەگەڕێنرێنەوە. عەزیمە و دایکی لە ئۆزباکستان دەمێننەوە. 
عەزیمە دەڵێ : دایکم هێندە باوکمی خۆشدەویست، دوای باوکم هەرگیز بیری لە شووکردن نەکردەوە.
کاتێک عەزیمە گەورەدەبێت، بە دوای باوکیدا دەگەڕێت، لە ساڵی 1972 دێتە هەرێمی کوردستان و بە باوکی شاد دەبێتەوە. هەروەها ساڵی 2005 جارێکی دیکە دێتەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆک بارزانی میوانداری دەکرێن. عەزیمە دەڵێ: سەرۆک بارزانی پێیگوتم، ئێوە نزیکترین خزمی ئێمەن.
عەزیمە ئێستاش لەم خانووە دەژی کە باوکی لە ساڵی 1952 لە ئۆزباکستان دروستیکردووە.

سازڤین : دەمانەوێ لەگەڵ براکەم ببینە دوو هونەرمەندی دیاری کوردستان 
دوو منداڵی جوان و دەنگخۆش لە گوندێکی دڵڕفێن و سروشتێکی ناوازەی کوردستان بە دەنگێکی زۆر خۆش گۆرانی دەڵێن و باوکیشیان سازیان بۆ لێدەدات. لاوین و سازڤین ناوی دوو منداڵەکەیە و دانیشتووی گوندی درین شێخن لە بەرواری باڵا. 
عەدنان باوکی ئەم منداڵە جوانانەیە. ئەو خەونی ئەوە بووە ببێتە هونەرمەند، بەڵام لەبەر سەختی ژیان نەیتوانیوە خەونەکەی بەدیبهێنێت، ئێستا دەیەوێت خەونەکەی خۆی لە منداڵەکانیدا بژێنێتەوە و ئەوەی خۆی پێینەکرا منداڵەکانی بیکەن.
سازڤین عەدنان دەڵێ: دەمانەوێ ببینە دوو هونەرمەندی دیار و بەناوبانگ و گۆرانی خۆش بڵێینەوە.

‌حاجی سلێمان: وێنەی زۆر کەسم گرتووە لە ژیاندا نەماون
لە قەزای خورماڵ لە هەورامانی تەخت، وێنەگرێک هەیە بەناوی سلێمان حاجی رەحیم، کە یەکەم و کۆنترین وێنەگری ئەم دەڤەرەیە. 
حاجی سلێمان لە ساڵی 1957 لەدایکبووەو لە تەمەنی 19 ساڵی یەکەم کامێرای فۆتۆگرافەری بە 35 دیناری چاپی سویسری کڕیوە. لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە وێنەگرتن و وێنەی زۆر کەسی گرتووە.
حاجی سلێمان دەڵێ: وێنەی زۆر کەسم گرتووە لە هەورامان و گوندەکانی، کە بەشی هەرە زۆریان ئێستا لە ژیاندا نەماون.
حاجی سلێمان ئێستاش دووکانی فۆتۆگرافەری هەیە و رۆژانە وێنەی خەڵک دەگرێ. 

ئینتیسار تاریق: لە تەمەنی 43 ساڵیی دەرفەتی گۆرانی گوتنم بۆ رەخسا
ئینتیسار تاریق، لە ساڵی 1981 لە موسڵ لەدایکبووە، لەمنداڵییەوە حەزی لە گۆرانی و میوزیک بووە. رۆژانە پیانۆکەی هەڵدەگرێ و بەرەو ستۆدیۆ دەڕوات بۆ  تۆمارکردنی گۆرانییەکانی.
ئینتیسار تاریق، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانە لە موسڵ و تایبەتمەندی ئامێری پیانۆیە.
ئینتیسار ئێستا دایکی سێ منداڵە، زیاتر گۆرانی فۆلکلۆری موسڵاوی دەڵێتەوە، لەبەرئەوەی لە موسڵ گەورەبووە، بۆیە حەزی بە فۆلکلۆری ئەم شارەیە.
فازیل ئەلبەدری، میوزیکژەن و گۆرانیبێژێکی موسڵە، ستۆدیۆیەکی داناوەو رۆژانە هاوکاری ئینتیسار دەکات بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی.
فازیل ئەلبەدری، دەڵێ :هەموو کاتێک بەدوای ئەو کەسە دەگەڕێم کە ئارەزووی هەبێت، بەتایبەت رەگەزی مێ لە شاری موسڵ، ئەم شارە بە باروودۆخێکی قورسدا تێپەڕیوە، پێویستە ئێمە رۆشنبیرییەت بۆ ئەم شارە بگەڕێنینەوە وەکو پێشتر چۆن بوو. وەکو ئێوە دەزانن رەگەزی مێ لە شاری موسڵ لە مەجالی هونەری زۆر کەمە. من هەمیشە بەدوای ئەو کچانەدا دەگەڕێم کە ئارەزوویان لە میوزیک بێت.
ئینتیسار هەفتەی 4 رۆژ لەلای مامۆستاکەی راهێنان دەکات، زۆرجار پێکەوە پیاسەیەک بەنێو خانووە مێژووییە رووخاوەکانی موسڵدا دەکەن و گۆرانی دەڵێنەوە.
ئینتیسار تاریق، دەڵێ :هونەر شتێکی زۆر جوانە، من پاڵپشتی هەر ژنێک دەکەم کە خۆی پێشبخات و خۆی ماندوو بکات لە مەجالی هونەردا. 
ئینتیسار دوای کارەکانی ماڵەوەی بەردەوام پرۆڤە لەسەر ئامێری پیانۆ و گۆرانیگوتن دەکات، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا لە ئاهەنگەکان بەشداری بکات و گۆرانی بڵێت.