چاوی رووداو – ناسر رەزازی بەرهەمی نوێ تۆماردەکات

19 April 2024
چاوی رووداو – ناسر رەزازی بەرهەمی نوێ تۆماردەکات


ناسر رەزازی بەرهەمی نوێ تۆماردەکات
ناسر رەزازی یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستانە کە توانیوییەتی بە هەموو شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی بڵێت.

ناسر لە ساڵی 1955 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. هەر لەوێ دەستی بە گۆرانیگوتن کردووەو لە تەمەنی 14 ساڵی لەسەر شانۆ گۆرانی دەسماڵێ و دەسماڵێی گوتووەتەوە.

ناسر رەزازی لە ساڵی 1978 ژیانی هاوژینی لەگەڵ مەرزیە فەریقی خانمە هونەرمەندی کورد پێکدێنێ. 
لە راپەڕینی ساڵی 1979ی ئێران ناسر رەزازی دەستگیردەکرێت و دەخرێتە زیندان، دوای ئازادبوونی دەچێتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. 

لە ساڵی 1985 لەگەڵ مەرزییە و دوو منداڵەکەی چووەتە ئەوروپا و لەسەر کاری هونەری بەردەوام بووە.

دوای ئازادی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003، ناسر رەزازی دێتەوە هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای مام جەلال لە قەزای دووکان نیشتەجێ دەبێت.

لە ساڵی 2005 بەهۆی نەشتەرگەری دڵ، مەرزییەی هاوژینی کۆچی دوایی دەکات. دواتر دووبارە لەگەڵ کچێکی دیکەی رۆژهەڵاتی بەناوی ئێران ژیانی هاوژینی پێکدێنێتەوە.

ناسر رەزازی، ئێستا لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان خەریکی چەند بەرهەمێکی نوێیە.

زۆرجار رووداو یاخود بەسەرهاتێک دەبینێت و خێرا لیریکێکی بۆ نووسیوەو کردوویەتی بە گۆرانی. ناسر باسی ئەو ساتە دەکات کە فەتانەی وەلیدی بینیوە.

ناسر رەزازی جگە لە گۆرانی گوتن، خەریکی نووسین و وەرگێڕانیشە، تەواوی چوارینەکانی خەیامی کردووەتە کوردی، هەروەها چەند بەشێکی لە بیرەوەرییەکانی خۆی نوویسوەتەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی کوردییە، بە کۆکردنەوەی ئەو وشە کوردییانەی کە لە ناوچە دوورە دەستەکان و تەنیا لەلایەن کەسانی بە تەمەنەوە ماون و بەکار دەهێنرێن.

ئێستا ناسر رەزازی ناوێکی دیاری هونەری کوردییە، بە بەرهەمەکانی توانیوییەتی ئەرشیفی هونەری کوردی دەوڵەمەند بکات و لەگەڵ ئەوەشدا توانیوییەتی مێژووی هونەری کوردی لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا لە کتێبێکدا کۆبکاتەوە.



هێدی ئەحمەد - ئاژەڵدۆستێکی سلێمانی

لە شاری سلێمانی، باس ژیانی ئاژەڵدۆستێک دەکەین، کە رۆژانە خواردن بۆ ئاژەڵە بێ خاوەنەکان دابیندەکات و هەروەها بریندار و نەخۆشەکانیش چارەسەر دەکات.

هێدی ئەحمەد، ئاژەڵدۆستێکی گەنجە، ئاژەڵە بێ خاوەنەکان دەنگی هێدی دەناسنەوەو کاتێک دەیبینن بە کلکە کوتێ لە دەوری کۆدەبنەوە. هێدی تاوەکو ئێستا دەیان سەگ و پشیلەی نەخۆش و برینداری چارەسەر کردووەو سەدان ژەم خواردنیشی بۆ ئامادەکردوون.

هێدی ئەحمەد – ئاژەڵدۆست دەڵێ :سەگێک هەبوو فیشەکیان لێدابوو،بەچکە لە سکیدابوو، ئێستا چوار بەچکەی بووە ناتوانین هیچی بۆ بکەین لەبەر بەچکەکانی، هەمانە ژەهرخوارد کراون، داواکارم لە خەڵک کارێک بکەن خزمەتی ئاژەڵ بکەن لە پێناو خوا.

هێدی جگە لە چارەسەر خواردنیش ئامادەدەکات بۆ سەگەکان.

هێدی ئەحمەد، دەڵێ : مریشک، ماسی قوتوو وردە نانیان بۆ تێکەڵ دەکەم و پێیاندەدەم.

هێدی بەتەنیا خۆی کارەکان ئەنجامدەدات و کوردانی دیاسپۆرا هاوکار و پاڵپشتی دەکەن.

هێدی ئەحمەد، ئاژەڵدۆست دەڵێ :سوپاسی هەموو کوردەکانی ئەوروپا دەکەم کە زۆر هاوکاریم دەکەن بە ماددی و مەعنەوی.

باوک و دایکە بەتەمەنەکەی، هێدی پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەون هەردووکیان، دەڵێن کاری کورەکەیان ئاسوودەی کردوون.

هێدی ئەحمەد، ئاژەڵ دۆست دەڵێ :ئەمە نە قورسە نە کاتی دەوێ تەنیا ئەوەی دەیخۆیت پاشماوەکەی فرێمدە و بیدە بە ئاژەڵێک لەپیناو خوا.

دروستکردنی تەنووری نان لە موسڵ

لە گەڕەکی کۆنی موسڵ، سەدان جۆر پیشە هەیە، کە هەندێ لە پیشەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان و بگرە کۆنتریش.

لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە رەعد عەبدولجەبار لەگەڵ منداڵەکانی خەریکی ئامادەکردنی قوڕن بۆ دروستکردنی تەنوور.
رەعد تەمەنی 53 ساڵە لە بنەماڵەی کەوازییەکانە. لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکی ئەم کارەی کردووە، تاوەکو ئێستاش لەسەر کارەکە بەردەوامە.

رەعد عەبدولجەبار ، وەستای تەنوور دەڵێ :خەڵکی شاری موسڵم و لە ساڵی 1970 لەدایکبووم، تەمەنم 53 ساڵە، هەموو تەمەنم لەگەڵ دروستکردنی تەنوور بەسەر بردووە. ئەم پیشەیەم لە باب و باپیرانەوە بۆ بەجێماوە. دروستکردنی تەنوور بە سێ قۆناخدا تێدەپەڕێت، لە خۆڵ و کا و خوری مەڕ و ئاو دروستدەکرێت.

سەرەتا هەموو کەرەستەکان تێکەڵ دەکەن و بە قاچ دەیشێلن وەکو هەویر تاوەکو باش نەرم بێت. دواتر ئەو هەویرە لەسەر مێزێک دادەنێن و بە دەست پانیدەکەنەوە، تاوەکو درێژییەکەی دەگاتە مەتر و نیوێک و پانییەکەشی بگاتە 40 سانتیمەتر. بەم شێوازە قۆناخی یەکەمی دروستکردنی تەنوور دروستدەکەن.

رەعد عەبدولجەبار ، وەستای تەنوور دەڵێ :من و کوڕەکەم ئەم هەویرە دادەنێین و یەکەم قۆناخ دەستپێدەکەین کە ئەساسەکەیە، دوای وشکبوونی قۆناخی دووەم دەستپێدەکەین، تەنوور بە سێ قۆناخ تێدەپەڕێت، کە ئەساس، نیوەو سەرەکەیە.

دوات تەواوبوونی هەرسێ قۆناخەکە، تەنوورەکان ئامادە دەکرێن بۆ وشککردنەوە، ئەگەر زستانبێت بۆ وشککردنەوە ئاگرت تێدا هەڵدەکەنەوە، ئەگەر هاوینیش بێت لەسەر تیشکی خۆر دایدەنێن.
ئێستا خەڵکی شار کەمتر تەنوور دەکڕن، زۆربەی کڕیارەکانیان لە گوندەکانی دەوروبەری موسڵن.

رەعد عەبدولجەبار ، وەستای تەنوور دەڵێ :زۆربەی تەنوورەکانمان لەلایەن خەڵکی گوندەکانەوە دەکڕدرێن، چونکە دار و سووتەمەنی لە گوندەکان بەردەوام لەبەر دەستن. خەڵکی گوندەکانیش زیاتر حەزیان لە نانی تەنوورە.

سالح محەممەد خەڵکی گەیارەیە لە باشووری موسڵ، چەند رۆژ جارێک سەردانی رەعد دەکات، هەر جارەی زیاتر لە 10 تەنووری لێدەکڕێت و بۆ گوندەکانی دەوروبەری گەیارەی دەبات.

سالح محەممەد، یەکێک لە کڕیارەکان دەڵێ :ئێمە تەنووری قوڕ زۆر بەکاردێنین بۆ نانکردن، چونکە نەوت و کارەبامان نییە، بەڵام دارمان هەیە بۆ دروستکردنی نان. باب و باپیرانیشی ئەم کارەیان دەکرد. خەڵکی دیکەی زۆر هەن وەکو رەعد تەنوور دەکەن، بەڵام وەکو ئەو لێینازانن. ئێمە پێشوەخت دێین و تەنوورەکان حجز دەکەین، پێش هەفتەیەک چاوەڕێم کردووە، تاوەکو ئەمڕۆ نۆرەی من هاتووە.

نرخی هەر تەنوورێک 15 بۆ 20 هەزار دینارە.

رەعد عەبدولجەبار ، وەستای تەنوور :نامەی باوکم ئەوەبوو کە هەموو ژیانمان لەگەڵ تەنوور بێت، ئێستا ناتوانین کارێکی دیکە بکەین، بەم تەنوورانە منداڵی خۆمان گەورەکردووە. پێداوسیتییەکانی ژیانمان لەسەر ئەم تەنوورەیە. لە باپیرەمەوە تاوەو ئێستا ئەم کارە دەکەین و منداڵەکانیشم ئەم کارە دەکەن. وەسیەتم کردووە بۆ منداڵەکانم دەستبەرداری ئەم کارە نەبن.

لەنێو شارەیش تەنووری رەعد هەن، بەڵام تەنیا فڕنەکانی نان ئەم تەنوورانە بەکاردێنن. ئەگەرچی داواکاری زۆر لەسەر تەنوورەکانی رەعد هەیە، بەڵام ئەو رۆژانە تەنیا 5 بۆ 8 تەنوور دروستدەکات.

تەها سالح - خۆشنووس و نیگارکێش

تەها ساڵح، لە ساڵی 1967 لە سلێمانی لەدایکبووەو هەر لەوێ دەستی بە کاری خۆشنووسی و هونەری وێنەکێشان کردووە. بەهۆی ئەوەی نابێتە ئەندامی حیزبی بەعس لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدا وەرناگیترێت، ئەو لە ساڵی 1993 روو لە ئەوروپا دەکات و  تاوەکو لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، بە تابلۆکانی بەشداری لە دەیان پێشانگە کردووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیشی گرووپێکی شانۆگەری دامەزراندووەو وەکو ئەکتەر لە شانۆگەرییەکان  بەشداری دەکات. 
تەها ساڵح، کەرەستە و جیاواز لە تابلۆکانی بەکاردێنێ، نیگارەکانی سەر بەرگی پەرتووکەکانی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی خۆیەتی.

تەها، ئەکتەرێکی سەرکەوتووی شانۆگەرییە و لەگەل چەند هاوڕێیەکی لە ئەڵمانیا گرووپێکی شانۆیی پێکهێناوە بەناوی سکێچ، بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 20 ساڵی لە شانۆگەریدا بەشداری کردووە.
تەها ساڵح، لە دیەان پێشانگەی تایبەت و هاوبەش لە ئەوروپا و کوردستان بەشداری کردووە.