پڕۆژەی بەخشینی کاکەییەکان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

20 December 2024
پڕۆژەی بەخشینی کاکەییەکان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

پڕۆژەی بەخشینی کاکەییەکان

هاوار یەکێکە لەگوندە کاکەیی نشینەکانی پارەزگای هەڵەبجە، نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە سەر سنووری هەڵەبجە و سێ گوندی کاکەیی نشین هەن. ئەمە گوندی هاوارە، هەروەها هاوارەکۆن و دەرەتوێش گوندی کاکەییەکانن.

لەم سێ گوندە کاکەیی نشینە زیاتر لە 500 خێزان نیشتەجێن. ئەم گوندانە بە خاکی پیرۆزی کاکەییەکان دادەنرێن. چونکە ژمارەیەکی زۆر مەزارگەی پیاوچاکانی کاکەییەکانی لێیە.

ساڵانە لە رۆژێکدا زۆربەی کاکەییەکانی جیهان لە گوندی هاوار کۆدەبنەوەو پڕۆژەیەکیان هەیە پێیدەڵێن ''بەخشین'' لەم پڕۆژەیە هەرکەسێک بە شتێک بەشداردەبێت و خواردن گۆشت یاخود هەر شتێکی دیکە دەبەخشن. بۆ ئەوەی لە یەکدی نزیکببنەوە.


حەدیقە حوسێنزاد چیرۆکی نێو کتێبەکان دەکاتە تابلۆ

لە شاری پیرانشار ژنێکی وێنەکێش هەیە کە ماڵەکەی بە تابلۆکانی خۆی رازاندووەتەوە. کاتێک دەچیتە ماڵەکەی هەستدەکەی چوویە پێشانگەیەکی شێوەکاری.

حەدیقە حوسێنزادە، لە ساڵی 1995 لە شاری شنۆ لەدایکبووە. بەشی زۆری ژیانی لە شنۆ بەڕێکردووە، بەڵام بەهۆی کارکردن لە نەخۆشخانە ئێستا لە شاری پیرانشار دەژی.

حەدیقە بەهۆی زۆر خوێندنەوەی کتێب، زۆر وێنەی لەنێو چیرۆکی کتێبەکان بۆ دروستدەبێت و ئەویش بە فلچە و رەنگەکانی دەیانخاتە سەر کاخەز و خام و تابلۆی سەرنجڕاکێشیان پێ دروستدەکات.

حەدیقە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بەشداری چەندین پێشانگەی شێوەکاری بە کۆمەڵ کردووە. 

حەدیقە راوێژکاری کۆمەڵاتی نەخۆشخانەی پیرانشارە و لەوێ لەگەڵ رێکخراوەکانی مەدەنی و خەڵکی خێرخواز هاوکاری ماددی بۆ ئەو نەخۆشانە کۆدەکاتەوە کە توانای نەشتەرگەری و چارەسەرییان نییە.


کچێکی تەمەن 13 ساڵ زنجیرە پەرتووکێک دەنووسێت

لێوان ئالان، کچێکی تەمەن 13 ساڵی شاری سلێمانییە، لە خانەوادەیەکی رۆشنبیر و خوێندەوار لەدایکبووە، ئەگەرچی باوکی نەماوە، بەڵام بە هاوکاری دایکی دەستی بە خوێندنەوەی پەرتووک کردووە. ئێستا تەمەنی 13 ساڵە و دەستی بە نووسینی زنجیرە پەرتووکێک کردووە.

لێوان جگە لە نووسینی پەرتووک، دەستی وێنەکێشانی هەیە و وێنەی سەر بەرکی پەرتووکەکانی و ناوەوەی لاپەڕەکانیشی بەخۆی دەکێشێت.

لە قوتابخانە بە یەکێک لە خێندکارە زیرەک و لێهاتووەکان دادەنرێت و ناوی لێوان لەپاڵ 10 خوێندکاری دیکە هەڵواسراوە وەکو نووسەرێکی سەرکەوتوو.


سەروپێی موسڵ بەناوبانگترینی عێراقە
یەکێک لە خواردنە خۆش و ناودارەکانی بازاڕی شەعارین لە موسڵ خواردنی سەروپێیە. لە خاوەن چێشتخانەکان کاژێر پێنجی بەیانی دەرگا دەکەنەوەو خەڵکی بۆ خواردنی سەروپێ رووی تێدەکەن.
شاهل پاچەچی، خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکانە و بەناوباگترین سەروپێی هەیە، هەموو رۆژێک لە کاژێر 5ی بەیانی تاوەکو 8 سەرپێ دەفرۆشێت و دواتر تەواودەبێت.
شاهل دەڵێ "خەڵک بۆ خواردنی باش و ناوبانگی باش دێن. من لە باو باپیرانمەوە سەروپێم بۆ ماوەتەوە، باوک و باپیرم پاچەچی بوون. سەروپێ خواردنێکی کەلەپووریی موسڵییە. لە هەموو موسڵ و عێراقدا ناسراوە. ئێمە بە نزیکەیی لە هەشتاکانەوە کاری سەروپێ دەکەین، باوکم ئەحمەد کارەکەی بە میرات بۆ ماوەتەوە و دووکانێکی سەروپێی لە بازاڕی شەعارین کردەوە''. 
پێشتر نرخی سەروپێ زۆر گران نەبوو، بەڵام وەکو خاوەن دووکانەکان باسی دەکەن، ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و ئاژەڵ، نرخی سەروپێش بەرزبووەتەوە.
لە موسڵی کۆن زیاتر لە 10 چێشتخانە له‌ به‌ره‌به‌یانیان سەروپێ دەفرۆشن، زیاتر لە وەرزی زستان و بەتایبەت به‌یانیان زۆرترین فرۆشی هەیە. زۆربەی چێشتخانەکان ئێوارانیش پێشکەشی دەکەن.