چیرۆکی یەکەم قوتابخانەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
چیرۆکی یەکەم قوتابخانەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە ساڵی 1913 یەکەم قوتابخانەی کوردی لە بازاڕی خان سەرای ناوەڕاستی شاری خۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. قوتابخانەکە لەلایەن سمۆی شکاک، بە هاوکاری جەنەڕاڵە رووسەکان کرایەوە. لەم رۆژەدا تەواوی ئامادەبووان وێنەیەکی یادگارییان گرتوو و دواتر بە ئاهەنگێک خۆشی خۆیان دەربڕی.
ئەو رۆژە قایمقامی شارەکە کە بەناوی ئەمیر ئەمجەت کەسێکی فاەرس بوو، زۆری پێناخۆشدەبێت و بۆیە چایی ناخواتەوە.
تاوەکو ئێستا باڵەخانەی قوتابخانەکە ماوەو ئێستا کراوەتە مۆزەخانەیەکی مێژوویی.
ئەوکاتە لە 29 قوتابی لە قوتابخانەکە هەبوون، لە دوای 4 ساڵ خوێندن دەنێردرانە رووسیا بۆ خوێندن.
کاکشار ئۆرەمار، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لەبارەی ئەو قوتابخانەیە دەڵێ ''ئەوە رۆژێکی مێژوویی پەروەردەی کوردستانی گەورەیە''.
شەبنم عەبدوڵڵا تابلۆکانی بە زێڕ دروستدەکات
لەسەر بەنداوی مەهاباد ئامادەکاری دەکات بۆ دروستکردنی تابلۆیەکی سەرنجڕاکێش.
ئەو لە تابلۆکانیدا بەردەوام خۆشنووسی تێکەڵ بە وێنەکانی دەکات.
ئەمە شەبنم عەبدوڵڵا، ژنێکی هونەرمەندی کوردی شاری مەهابادە. لەدایکبووی ساڵی 1983 لەبنەماڵەیەکی هونەری لەدایکبووە، باوک و براکانی خۆشنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنن.
ئەمەش وایکردووە شەبنم رووی لە هونەر بکات و تابلۆی سەرنجڕاکێش دروستبکات. دیواری ماڵەکەی بە جۆرەها تابلۆی رەنگاورەنگ رازێنراوەتەوە، هەروەها بەردەوام دەنگی میوزیک بەرزدەبێتەوە.
جگە لە کارە هونەرییەکانی، شەبنم مامۆستای هونەرە لە قوتابخانەیەکی مەهاباد.
سیمرخ یەکێک لە تابلۆ سەرنجڕاکێشەکانی شەبنمە، کە لە چەندین پێشانگەدا نمایشی کردووە. بیرۆکەی دروستکردنی سیمرخی لە پەرتووکێک وەرگرتووە کە بە منداڵی دایکی پێیداوە. شەبنم دەڵێ ''لە زۆربەی تابلۆکانمدا زێڕی عەیار 24 بەکاردەهێنم''.
شەبنم جگە لە وێنە، زۆر دێرە شیعری شاعیرانی کوردی کردووەتە تابلۆ، کە بە چەندین شێوازی جواننووسی دەیاننەخشێنێ.
لە تابلۆکانیدا ئەفسانە و واقیع تێکەڵ بەیەک دەکات، لە هەموو تابلۆکانیدا، بەشێکی بۆ هونەری خۆشنووسی تەرخانکردووە، بۆیە کارەکانی لە تابلۆکانی زۆربەی هونەرمەندانی دیکە جیاوازە.
دەرەی مەڕ نیشتمانی شەشکەوتەکانی کوردستان
لە سنووری ناحییەی بیارە لە هەورامان، گوندێک هەیە پێی دەڵێن دەرەی مەڕ، دەرەی مەڕ وشەیەکی هەورامییە و بەمانای چەمی ئەشکەوتان دێت.
ئەگەرچی سروشتێکی ناوازەی هەیە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتگوزاری و نەبوونی رێگەیەکی باش و کارەبا. کەس لەم گوندە ناژیێت و چۆلکراوە.
حەمەڕەشید حەمەخان، خەڵکی گوندەکەیە، منداڵی و گەنجی لەم گوندە بەڕێکردووە، بەڵام ئێستا لەوێ نەماوە. دەڵێ ''بەهۆی بێخزمەتگوزاریی گوندەکەمان چۆل کردووە''.
لەم گوندە زیاتر لە 80 ئەشکەوت هەن، هەندێکیان سروشتی و هەندێکیشیان دەستکردن. لەکاتی ئاوەدانی گوندەکە ژیان لە ئەشکەوتەکان هەبوو، لە زستان گەرم و لە هاوینیشدا فێنک بوون. بۆیە گوندەکە بە نیشتمانی ئەشکەوتەکان ناسراوە.
یەکەم هۆڵی وەرزشی ژنان لە ناحیەی بەعشیقە
مارلین حەسەن، کچێکی کوردی ئێزدییە، لە منداڵییەوە ئارەزووی لە وەرزش بووە و مامۆستای وەرزشە لە قوتابخانەیەکی ناحیەکەیە، هۆڵێکی لەشجوانی بۆ ژنانی بەعشیقە کردووەوتەوەو هەموو رۆژێک راهێنانیان پێدەکات.
مارلین حەسەن – راهێنەری وەرزشی و خاوەنی هۆڵەکەیە دەڵێ ''لە منداڵییەوە بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیەم هەبوو. هەندێکجار بێرەدا رەتدەبووم، ئێرە تەواونەکراوبوو. هەرجارێک بێرەدا دەڕۆیشتم دەمگوت بە ئیزنی خوا رۆژێک لە رۆژان ئێرە دەکەمە سەرنتەرێکی وەرزشی. دوای گەڕانەوەمان لە ئاوارەیی سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، ئومێدی خۆمم لەدەستنەدا. هەمووجارێک ئومێدی من زیاتر دەبوو کە ئەم سەنتەرە دادەمەزرێنم''.
چەندین ژن لە ئایین و نەتەوەی جیاواز لەم هۆڵە لەشجوانییە هەریەکەیان بۆ مەبەسێک وەرزش دەکەن.
رەیام داود، ژنێکی ناحییەی بەعشیقەیە، لەساڵی 2021ەوە هەموو رۆژێک سەردانی هۆڵەکە دەکات بۆ وەرزشکردن. دەڵێ ''زۆربەی ئەو کچانەی ئێرە لە هەموو پێکهاتەکانی بەعشیقە و عێراقن، وەکو ئێزدی، مەسیحی، شەبەک، سوننە، شیعە و تورکمانی هەموویان دێنە ئێرە. هەموو تەمەنەکان دێنە ئێرە، تەمەنێکی جیاوازمان نییە، من زۆر هانیان دەدەم و پشتگیرییان دەکەم هەروەها چاودێریشییان دەکەم. ئەمە باشترین شتە بۆ ئافرەتەکان و دەبێتە هۆی دڵخۆشی دەروونی و جەستەیی''.
لە بەعشیقە بەهۆی داب و نەریتی ناوچەکە، ژنان کەمتر سەردانی هۆڵەکانی لەشجوانییان دەکرد، بەڵام ئێستا رۆژ بەڕۆژ ژمارەی ژنان لەم هۆلە لەشجوانییە زیاتر دەبێت.
مارلین لە ساڵی 2021 دەستی بەم پڕۆژەیە کردووە. وایکردووە ژمارەیەکی زۆر ژنی ناحییەی بەعشیقە بۆ وەرزشکردن رووی لە هۆڵەکە بکەن و رۆژبەڕۆژ ژمارەی وەرزشوانە ژنەکان زیاد دەبێت.
بهشی بكه لە