چیرۆکی هاوسەرگیری پیاوێکی ژاپۆنی لەگەڵ ژنێکی کورد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو دا
پیاوێکی ژاپۆنی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی کورد دەکات
تاتسوویا ئابێ کەسێکی ژاپۆنییە، قوتابی زانکۆ بووە لە ئیستەنبووڵ، لەوێ عاشقی کچێکی کورد دەبێت و دەچێتە باکووری کوردستان بۆ خوازبێنی، دواتر ماڵی باوکی کچەکە دەیکەنە زاوای خۆیان، لە ساڵی 2023 ژیانی هاوژینی پێکدێنن. دوای ئەوە موسڵمان دەبێت.
تاتسوویا بەشێوازێکی زۆرباش فێری زمانی کورد شێوەزاری کورمانجی سەروو بووەو و بە کوردییەکی رەوان قسەی پێدەکات. دوای تەواو کردنی زانکۆ لەگەڵ کوبرای هاوژینی دەگەڕێنەوە ژاپۆن و لەوێ دەژین. تاتسوویا دەڵێ ''کوبرا پێیگوتم من کوردم من کوردمانجم، منیش ویستم بزانم کورد چین. بۆیە چوومە خولی فێربوونی کوردی و خۆمم فێری کوردی کرد''.
تاتسوویا بۆ خوێندنی دکتۆرا گەڕاوەتەوە شاری ئامەد، ئەو تێزی دکتۆراکەی لەسەر حوجرە و مەدرەسەکانی باکووری کوردستان ئامادە دەکات. دەیەوێ زیاتر لەبارەی خوێندنی حوجرەکانی کورد بزانێت.
ئەو زۆر حەز بە دەنگی دەنگبێژانی کورد دەکات، بەتایبەت دەڵێ ''من عاشقی دەنگی شاکرۆم و کاتێک گوێی لێدەگرم، ئاگر لە دڵم بەردەدات.
لەیلا مەعرووف زادە پۆرترێتی ناودارانی کورد دروستدەکات
ژنێکی وێنەکێشی شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر هەوادار و هونەردۆستانی ئەو پارچەیەی کوردستان و تەنانەت باشووری کوردستانیش، بە دروستکردنی وێنە و پۆرترێتی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد.
لەیلا مەعرووفزادە، لە ساڵی 1990 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. لە تەمەنی 19 ساڵی ژیانی هاوژینی لەگەڵ گەنجێکی شاری نەغەدە پێکهێناوەو ئێستا لەوێ دەژی.
دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بەهۆی کاروباری ماڵەوەو بوونە دایک، واز لە هونەرەکەی دێنێ. بەڵام دوای زیاتر لە 8 ساڵ جارێکی دیکە دەست بە وێنەکێشان دەکاتەوە. لەیلا دەڵێ ''هەر چاوم لە هونەرەکەم بوو، بەڵام تاوەکو کوڕەکانم گەورەنەبوون نەمتوانی هیچ تابلۆ و پۆرترێتێک بکێشم''.
لەیلا لە هیچ قوتابخانەیەکی هونەری نەیخوێندووە، هیچ خولێکی ئەکادیمیشی نەبینیوە، ئەوەی کە فێری وێنەکێشان بووە بەهرەیەکی خودایی و هەوڵ و ماندووبوونی خۆیەتی.
واحید حەسەنزادە یەکێکە لە پاڵپشت و هاوکارەکانی لەیلای هاوژینی، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و داهێنان لە کارەکەیدا بکات. واحید دەڵێ ''شانازی بە کاری هاوژینەکەمەوە دەکەم، هیوادارم بتوانێ پۆرترێتی تەواوی ناودارانی کورد دروستبکات''.
لەیلا تەواوی تابلۆکانی تەنیا بە رەش و سپی دەکێشێت، وەکو خۆی دەڵێت رەنگەکانی ژیان لە رەش و سپیدا دەبینێت. لە زۆر پێشانگەی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداریکردووە، زۆر پۆرترێتیشی لەسەر داواکاری کڕیارانی دروستکردووە.
تابلۆ 80 هەزار دۆلارییەکانی سیروان شاکر
سیروان شاکر شێوەکارێکی ناوداری پارێزگای دهۆکە. لە ساڵی 1994 کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدای تەواو کردووە. چەند ساڵ جارێک شێوازی هونەری دەگۆڕێت و شێوازێکی دیکە تاقیدەکاتەوە.
نرخی تابلۆکانی سیروان شاکر لەنێوان 20 هەزار تاوەکو 80 هەزار دۆلارن. سیروان شاکر دەڵێ ''دوایین تابلۆم بە 2 هەزار دۆلار فرۆشت، تابلۆی دیکەم هەن بە 8 هەتا 10 دەفتەر نرخەکەیم دیاریکردوون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەفرۆشراون''.
سیروان شاکر ماوەیەک سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی دهۆک بوو. هەروەها لەنێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2023 وەکو مامۆستا لە زانکۆکانی دهۆک، جیهان، نوور و نەورۆز وانەی گوتووەتەوە. زیاتر 21 پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوەو لە 100 پێشانگەی هاوبەشیش بەشداری کردووەتەوە.
سیروان شاکر جگە لە تابلۆ و وێنە هونەرییەکانی، سێ پەرتووکی لەسەر شێوازی هونەری شێوەکاری نووسیوە.
وشککردنەوەی ئاژەڵ لە گەرمیان
کامەران سەلام، خەڵکی شاری کەلارە لە گەرمیان. ئەو دەستی داوەتە کارێکی سەرنجڕاکێش. بۆ نموونە کەسێک لە ماڵەوە ئاژەڵێکی هەیە، وەکو پشیلە، سەگ، مامز، مار، کۆتر، بولبول یاخود هەر شتێکی دیکە، کاتێک تەمەنیان تەواودەبێت و مردار دەبنەوە دەیبەنە لای کامەران و ئەویش وەکو خۆی بۆیان وشکدەکاتەوە بەبێ ئەوەی بۆنی بێت و دەیانداتەوە.
بەمجۆرە تاوەکو لەژیاندابن پەیکەری ئاژەڵە دڵخوازەکەیان لەبەر چاویان دەبێت.
کامەران دەڵێ ''کارەکان بەشێوازێکی زانستی و هونەری بەرز دەکەم، چونکە ئەگەر بە شێوازی هونەری نەکرێ ئاژەڵەکان بۆگەن دەبن''.
کامەران دەڵێ بە هیچ جۆرێک لەسەر ئاژەڵی زیندوو کارناکەین، جۆری ئاژەڵەکە، کارەکان زەحمەت و ئاسان دەکات. بۆ نموونە ئاژەڵی گەورە بە ئاسانتر دەکرێت، بەڵام ئاژەڵی بچووک زەحمەت و کێشەی شکانیان هەیە.
بهشی بكه لە