چیرۆکی جۆگەی گاوری یەکێک لە شوێنەوارە دیارەکانی گەرمیان لە چاوی رووداودا
زوبەیدا محەممەد: دەمەوێ خانەوادەکەم خۆشتر بژین
زوبەیدا محەممەد کچێکی گەنجی شاری موسڵە، بە وشککردنەوەی میوەو فرۆشتن و دابەشکردنی بەسەر مارکێت و دووکانەکانی شاری موسڵ، هاوکاری خانەوادەکەی دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بەدەستبهێنن.
موسڵ یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی تێدایە. دوای ئازادی شارەکە لە دەستی داعش کچان و کوڕان شانبەشانی گەورەی ماڵەکەیان دەستیان بە کار کردووە.
زوبەیدا محەممەد دەڵێ ''دەمەوێ ژیانێکی خۆشتر بۆ خانەوادەکەم فەراهەم بکەم''.
زوبەیدا هەموو رۆژێک دەچێت بازاڕ و جۆرەها میوە دەکڕێت، بەتایبەت ئەوانە دەکڕێت، کە لەلایەن کڕیارانەوە زۆرتر دەکڕێن. دواتر لەماڵەوە بەهاوکاری خوشکێکی وشکیان دەکاتەوە. زوبەیدا دەڵێ ''هەموو جۆرەکانی سێو، ئەناناس، مانگۆ دڵخوازی خەڵکن و بەردەوام خواستیان لەسەرە''.
زوبەیدا زەرفی تایبەت بەخۆی دروستکردووەو لە هەر مارکێت و دووکانێکی موسڵ میوە وشککراوەکانی دەناسرێنەوە ''زەرفی کاخەزم بۆ میوەکانم دیاریکردووە، چونکە نامەوێ ژینگەی شارەکەم پیس بکەم''.
ئەمە ژیانی بەشێکی زۆری کچ و کوڕی موسڵە، دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەیی و ئازادکردنی موسڵ، بەم شێوازە هاوکاری خانەوادەکانیان دەکەن بۆ ژیانێکی خۆشتر و دەرچوون لەو بارودۆخە ناخۆشەی پێشتر تێیکەوتبوون.
سارا قوربانی بەرهەمەکانی بە فارسی بڵاودەکاتەوە
سارا قوربانی ژنێکی چیرۆکنووسی شاری شنۆیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکی لە دانیشتنەکاندا چیرۆکی گێڕاوەتەوە. زۆرجاریش لە قوتابخانە و لەنێو هاوڕێ منداڵەکانی چیرۆکی گوتووە. بۆیە ناویان لێناوە سارای چیرۆکبێژ.
سارا لە ساڵی 1989 لەدایکبووە، لە تەمەنی 15 ساڵی یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی چاپکردووە. لە ساڵی 2007 پلەی یەکەمی چیرۆکنووسانی شاری شنۆی بەدەستهێناوە.
سارا زۆربەی ئەو پەرتووکانەی دەیخوێنێتەوە، رۆمانە جیهانییەکانن و بە زمانی فارسی دەیانخوێنەتەوە، بۆیە شیعر و چیرۆکەکانی بە فارسی دەنووسێ.
ئەو ژنە چیرۆکنووسەی شاری شنۆ، 14 ساڵ لە مەهاباد ژیاوە، لەوێ ئاشنای مەریەم قازی بووە، مەریەم زۆر کاریگەری لەسەر سارا داناوە، بۆیە ژیان لە شاری مەهاباد و بیرکردنەوەکانی مەریەم قازی کاریگەری لەسەر ژیانی سارا جێهێشتووە.
سارا لە تەمەنی 25 ساڵی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، دایکی کوڕێکە و کوڕەکەی لەلای باوکی دەژی. ئێستا خەریکی نووسینی رۆمانێکە لەسەر ژیانی خۆی، دەیەوێ لە رۆمانەکەدا ژیانی زەحمەتی خۆی و دوورکەوتنەوەی لە کوڕەکەی باس بکات و هەموو جیهان بە چیرۆکەکەی ئاشنا بکات.
جۆگەی گاوری یەکێک لە شوێنەوارە دیارەکانی گەرمیان
کاتێک دەچتە دەڤەری گەرمیان، زۆر شوێنەواری مێژوویی دەبینی، دیارترینیان کە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە قەڵای شێروانەیە. بەڵام زۆر شوێنی دیکە هەن کە تەنیا چەند شوێنەوارێکی ماوەو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە لەناودەچن.
یەکێک لەو شوێنەوارانەی کە چەند بەشێکی کەمی ماوە، ''جۆگەی گاور''ییە. جۆگەی گاوری لە باکووری خۆرهەڵاتی شاری کەلار، لە رووباری سیروانەوە دەستپێدەکات و بە چەند قۆناغێک بە چەند ناوچەیەکی شاردا درێژدەبێتەوە.
مێژووی دروستکردنی جۆگەی گاوری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، هەندێک دەڵێن لەسەردەمی پاشا کیسری یەکەم دروستکراوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. دەگوترێ جۆگەی گاوری لەنێوان ساڵانی 550 بۆ 628ی زایینی دروستکراوە.
جۆگەکە لە بەردی داتاشراو دروستکراوەو لە سەردەمی خۆیدا ئاوی خواردنەوەی لە رووباری سیروانەوە بۆ تەواوی شار دابینکردووە.
بهشی بكه لە