چیرۆکی کچە پاڵەوانێکی بەرزکردنەوەی قورسایی لە چاوی رووداودا

13 September 2024
چیرۆکی کچە پاڵەوانێکی بەرزکردنەوەی قورسایی لە چاوی رووداودا

شەرارە ئەحمەدینەژاد، پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێران
ئەمە کچێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەیە، یەکێکە لە ناسراوترین کچە وەرزشوانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێران.

شەرارە ئەحمەدی نەژاد، کچێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەیە، لەساڵی 2006 لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی وەرزشی لەدایکبووە. ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و یەکێکە لە ناسراوترین کچە وەرزشوانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە تەواوی ئێران.

تەها ئەحمەدی نەژاد باوکی شەرارە و شیرین ئەحمەدی نەژاد پوری شەرارە، راهێنانی رۆژانە بە شەرارە دەکەن. شەرارە لە تەمەنی 15 ساڵی دەستی بە راهێنان کردووەو لە 16 ساڵی لە هەموو ئێران ناسرا بەهۆی پلە بەرزەکانی لە پاڵەوانێتییەکاندا. ''لە یەکەم پاڵەوانێتی لەگەڵ کەسانی لەخۆم گەورەتر بەشداریم کرد و ملوانکەی برۆنزم بەدەستهێنا. تەنیا ئەو برۆنزەم هەیە، ئەوانی دوای ئەوە هەموویم زێڕن''.

شەرارە ئێستا قوتابی زانکۆیە لە بەشی پەروەردەی وەرزشی، ''لە زانکۆ قوتابیم و راهێنانی وەرزشیش دەکەم، ئەگەر مەبەستت بێت دەتوانی کاری باش بکەی و بشخوێنی''.

تەها ئەحمەدی نەژاد، باوکی شەرارە دەڵێ ''دەمەوێ شەرارە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا ببینم''.

شەرارە ئێستا لە هۆڵەکانی لەشجوانی بە هاوکاری شیرینی پووری راهێنان دەکات، خۆی ئامادە دەکات تاوەکو لە پاڵەوانێتی داهاتوو بەشداری بکات و پلەی یەکەم بەدەستبێنێت.
  
پێشڕەو راد، سەرمایەداری کورد لە فەرەنسا 
پێشڕەو راد گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتە، لە ساڵی 1997 وڵاتی جێهێشتووەو لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ فەرەنسا کۆچیان کردووە. 

وەکو هەموو کۆچبەرێکی دیکە، سەرەتا کە گەیشتنە فەرەنسا ژیانیان زەحمەتبوو بەهۆی نەزانینی زمان و جیاوازی کولتوور. بەڵام دوای 6 مانگ دایک و باوکی دەست بە خوێندن دەکەن و بڕوانامە بەدەستدەهێنن.

پێشڕەو بیر لە بزنس دەکاتەوە بۆیە رێستوورانتێک دەکاتەوەو دەست بە کار دەکات، ئێستا پێشڕەو خاوەنی زنجیرە رێستوورانتێکە و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کوردی فەرەنسا، زیاتر لە 100 کەس لەلای پێشڕەو کاردەکەن و بەنیازە پڕۆژەکەی هێشتا فراوان بکات.

رادیۆی یەریڤان، دەنگی کوردی یەکێتی سۆڤیێت
کاتێک باسی دەنگ و رەنگی کوردی دەکەن لە سەدەی رابردوو، رادیۆی دەنگی یەریڤان بە ناوێکی دیاری دەنگی کوردی دەردەکەوێت.
رادیۆی یەریڤان لە ساڵی 1930 دەستی بە پەخشی پرۆگرامە کوردییەکانی کردووە، بەلام لەساڵی 1937 لە دەرئەنجامی سەرکوتکارییەکانی دەستەڵاتی ستالین داخرا. دوای ستالین لە سەردەمی خرۆشۆڤ لە ساڵی 1955 جارێکی دیکە کرایەوەو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

لە رادیۆی یەریڤان هەفتانە سێ جار و هەرجارەی 15 خولەک بە زمانی کوردی پەخشی دەکرد. لەم رادیۆیە سەدان گۆرانی کوردی تۆمارکراون و ئەرشیڤ کراون. ئێستا سێ کارمەندی هەیە و ماوەکەشی بۆ 30 خولەک درێژکراوەتەوە. تیتالی کەرەم بەڕێوەبەری رادیۆی یەریڤان باسی رەشی ئێستای رادیۆکە دەکات.