چیرۆکی تریفە ئەمیری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاوی رووداودا

06 September 2024
چیرۆکی تریفە ئەمیری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاوی رووداودا
چیرۆکی تریفە ئەمیری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاوی رووداودا 
 
بە دەنگە خۆش و ناسکەکەی گوێگرانی دەباتە دونیایەکی دیکە. تریفە ئەمیری، لە ساڵی 1989ی زایینی لە بنەماڵەیەکی هونەری شاری مەهاباد لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لە ماڵەوە گۆرانی گوتووە. ماوەیەکە بە گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دیکە هاتووەتە مەیدانی کاری هونەری. 
 
تریفە قوتابخانەی لەشاری مەهاباد تەواوکردووەو بڕوانامەی لە بەشی ئایتی لە کۆلێژی تەورێز بەدەستهێناوە. دواتر لە سابلاخ دەستی بەکارکردووەو لەگەڵ کارەکەشی درێژەی بە هونەر داوە. 
 
تریفە ئەمیری جگە لە دەنگەخۆشەکەی ئامێری عودیش دەژەنێ. کاتێک قوتابی بوو، لە نێو هاوڕێکانی و بۆ مامۆستاکانیش گۆرانی گووتووە. 
 
ئەم کچە هونەرمەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ بەشێکی ئەکادیمی هونەری نەخوێندووە، بەڵکو خۆرسکانە لەگەڵ باوک و برا و پوورەکانی دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە. 
 
بەشی زۆر هونەرمەندانی کورد، یەکەمجار کە دەستیان بە گۆرانی کردووە، حەیران و بەستەی کوردییان گووتووەتەوە. تریفە جگە لەوەی دەنگێکی خۆشی بۆ گۆرانی هەیە، حەیران و بەستەش بەشێوازێکی تایبەت دەڵێتەوە. 
 
تریفە ئەمیری یەکەم کاری هونەری لەگەڵ عەلی سخاوەتی بە دووێت بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زۆربەی گرووپە میوزیکییەکان گۆرانی گووتووە. 
 
ئێستا هونەرمەندێکی دیاری کوردە، لە زۆربەی فێستیڤاڵ و میوزیکی گەلان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران و تەنانەت بەشووری کوردستانیش بەشداری کردووە. هەروەها چەند کلیپێکی بڵاوکردووەتەوە. 
 
دەیەوێ بە دەنگەکەی ئەرشیفی گۆرانی و میوزیکی کوردی زیاتر دەوڵەمەند بکات. 


ماڵی میوزیکی زەهاوی میوزیکی کوردی و جاز تێکەڵدەکات 
 
ماڵی میوزیکی زەهاوی یەکێکە لە ماڵە میوزیکییەکانی کوردستان، لە سەرتاسەری جیهان میوززیکژەنە جیهانییەکان بانگهێشت دەکات و تێکەڵ بە میوزیکی کوردییان دەکات. 
 
ئەمجارە هەژار زەهاوی خاوەنی ماڵی میوزیکی زەهاوی، هەشت هونەرمەندی کورد، بەریتانی، سویسری، فەرەنسی و هەنگاری بانگهێشت کردووەو میوزیکی کوردی و جاز تێکەڵ دەکەن. 
 
ڤیکتۆر هێگە، بە ئامێری سوزەفۆن  لە سویسراوە هاتووە، یەکەمجارە بێتە هەرێمی کوردستان و میوزیکی کوردی بە دەوڵەمەند دەبینێت، پێیوایە دەتوانرێت تێکەڵ بە جاز و جۆرەکانی دیکەی میوزیک بکرێت. '' راستییەکەی تۆزێک دەترسام لەوەی میوزیکی کوردی و جاز تێکەڵ بکەم. بەڵام تا ئێستا زۆر باش و لەسەر ریتمێکی زۆر گونجاو دەڕوات. پێموایە ئەم تێکەڵکردنەی میوزیکی جاز و کوردی زۆر گرنگە و دەتوانین لە رێگەی رێکخستنەوە هەوڵ بدەین شێوازی نوێ بدۆزینەوە. بە راستی ئەزموونێکی زۆر جوانە''.  
 
جانا لە باکووری کوردستانەوە هاتووە، لەگەڵ ئەم کۆمەڵە میوزیکژەنە دەیەوێت گۆرانی و میوزیکی کوردی و باکووری کوردستان بەتێکەڵ لەگەڵ جازدا بەگوێی گوێگراندا بدات. 
 
لەکەشێکی گەرمی هاوینەدا لە مێرگەپان ئامادەکاری بۆ کۆنسێرتی میوزیکی کوردی و جاز دەکەن، پاشانیش لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئەم تێکەڵکێشە بەدۆکیۆمێنت دەکرێت. 
 
 

پزیشکێکی موسڵ چێشتخانەیەکی بۆ ژنانی موسڵ کردووەتەوە

موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق، دوای بەغدای پایتەخت.لەم شارە چەندین نەتەوەو پێکهاتەی جیاواز هەن و چەندین ساڵە پێکەوە دەژین.بەم هۆیەوە بووەتە شارێکی فرەڕەنگ و فرە کولتوور.
لە گەڕەکی حەمام مەنقوشەی موسڵی کۆن، چێشتخانەیەکی ژنان هەیە بەناوی ماڵی دایکم. تەواوی کارمەندەکانی ژنن. نوهاد عەبدولوەهاب، خاوەنی چێشتخانەکەیە. ئەگەرچی خۆی پزیشکە، بەڵام ئەم چێشتخانەیەی کردووەتە دەرفەتێکی کار بۆ چەندین ژنی شارەکە.

نوهاد عەبدولوەهاب - خاوەنی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ ''شوێنەکە،مێرگێکە لەنێو شوێنێکی وێرانەییدا.بەری راستی موسڵ تووشی زۆرترین وێرانەیی بووەتەوە لە موسڵ دا. ئێرەمان کردووەتە مێرگێکی خۆش، خەڵک رووی تێدەکەن و یادەوەرییەکانی بەری راستی موسڵ-یان دێتەوە یاد. ژنانی بێدەرەتان لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە  بە دەنگێکی بڵندەوە دەڵێن ئەو دۆخە خراپەی کە تێیدابووینە دەیگۆڕین بۆ دۆخی سەرکەوتن. ژنان ئەمڕۆ ئەم  پرۆژەیە بەڕێوەدەبەن کە سوپاس بۆ خودا خۆیان و خێزانەکەیان پێ دەژیێنن بە مووچەیەکی مانگانە''.
 
ئامانجی نوهاد لە دامەزراندنی ماڵی دایکم ئەوەیە ژنەکان کاری تێدا بکەن و مانگانە داهاتێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی منداڵەکانیان دابین بکەن. 

لە چێشتخانەی ماڵی دایکم لە موسڵ، زیاتر لە 12 ژنی بێ هاوژین کاردەکەن کە ئەرکی خێزانەکانیان لەسەرە، ژنەکان مووچەی مانگانە وەردەگرن، بەشێکیان سبەینان و بەشێکیشیان ئێواران دەوام دەکەن.

هەوزان عەلی – شێفی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ '' بیرۆکەی چێشتخانەکە بیرۆکەیەکی نوێ و نایابە لە شاری موسڵ؛ چونکە ئەو کارمەندانەی کە لێرە کاردەکەن هەمووی ژنن، پێکهاتوون لە ژنانی بێ هاوژین، ئەوانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، دەرەتان و تەنانەت دەرچوانی زانکۆیش . ئەم  پرۆژەیە پشتیوانییکردنە لە ژنانی موسڵ بەگشتیی و ژنانی بەری راست موسڵ بەتایبەتی.

بەشی زۆری چێشتخانەکە خەڵکی موسڵن و زۆرجاریش گەشتیارانی شارەکانی دیکەی عێراق کە سەردانی موسڵ دەکەن، لەم چێشتخانەیە نان دەخۆن.

موسڵ بەگشتی بە چێشتخانەکانی بەناوبانگە، لەسەر ئاستی عێراق خواردنی تایبەتیان هەیە کە تام و چێژی لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە. ماڵی دایکم تاوەکو نیوەشەو بە رووی گەشتیارانی موسڵدا کراوەیە.