چیرۆکی ئەو مامۆستایەی 90 گەورەکچی فێری خوێندن و نووسین کردووە لە چاوی رووداودا

30 August 2024
چیرۆکی ئەو مامۆستایەی 90 گەورەکچی فێری خوێندن و نووسین کردووە لە چاوی رووداودا
چیرۆکی ئەو مامۆستایەی 90 گەورەکچی فێری خوێندن و نووسین کردووە 

ئامینە سۆنبوڵ، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری مەهابادە، مامۆستایەکی ناودارە و زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچەیە گەڕاوە. ئامینە لە ساڵی 1965 لەدایکبووە.

تاقانە کچی ماڵەوەیە و پێنج برای هەیە. بە منداڵی باوکی بە تەواوی رێگربووە بچێتە قوتابخانە، چونکە ئەوکاتە لە کۆمەڵگەکەی کوردی عەیبەبووە ژن بچنە قوتابخانە. جگە لەوەش لەکاتی لەدایکبوونی باوکی 3 ساڵ تەمەنی گەورەتر نووسیوە ''باوکم سێ ساڵ تەمەنی گەورەکردم، بۆ ئەوەی کە گەورەبووم زوو بەشووم بدات، چونکە وایانزانیوە کچ بارگرانین بەسەر سەریانەوە''.

هەرچۆنێکبێت دایکی وای کردووە کە ئامینە بە گەورەیی بنێردرێتە قوتابخانەی شەوان و بخوێنێ. بە زیرەکییەکەی مامۆستاکانی سەرسام کردووە. ئامینە دەڵێ ''کاتێک دەمبینی براکانم لە ماڵەوە دەخوێنن و دەخوێننەوەو کتێبیان لەدەستدایە، زۆر خەفەتم دەخوارد کە رێگە بە من نادرێت، بەڵام دواجار چوومە قوتابخانە و بڕوانامەشم بەدەستهێنا''.


دوای ئەوەی ئامینە سۆنبوڵ دەبێتە مامۆستا، بۆ ئەوەی کچانی کۆمەڵگەکەی فێری خوێندەواری بکات، لە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەهاباد دەگەڕێ، زۆربەی کچانی گوندەکان کە قوتابخانەیان لێ دووربوو، فێری خوێندەواری دەکات و هەروەها کتێبیشیان بۆ دەبات بۆ ئەوەی بخوێننەوە. ''دایکم حەزی دەکرد ببمە مامان، بەڵام من ئاواتم ئەوەبوو ببمە مامۆستا و کچان فێری خوێندن و نووسین بکەم، لە ماوەی 6 مانگدا ٩٠ کچی گوندەکانم فێری خوێندن و خوێندنەوە کرد''.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خوێندن بە زمانی فارسییە، ئەمەش کێشەی بۆ منداڵانی کورد دروستکردووە، بەڵام ئامینە وانەکانی بە زمانی کوردی و بە شێوەی شیعر بۆ منداڵەکان کورت دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی لێی تێبگەن و فێری ببن.

ئامینە سۆنبوڵ ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی موکریانە، تاوەکو ئێستا سێ کتێبی شیعر و شانۆی بۆ منداڵان چاپکردووە. ئەندامی گرووپی پەرەپێدانی کتێبخوێنی و دامەزراندنی قوتابخانەیە لە تاران.

تاوەکو ئێستا بە هاوکاری ئەنجومەنی حامیی تاران، 14 قوتابخانەیان لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە.

بەمجۆرە هەوڵیداوە کچانی کۆمەڵگە و گوندە دوورەدەستەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەخوێندەواری رزگاربکات و هەروەها بۆ زۆربەی گوندەکانیش کتێبخانەی بچووکی دامەزراندووە.

ئەسمەر حەمیدی لە هەولێر چالاکی هونەری دەکات

ئەسمەر حەمیدی، کچە هونەرمەندێکی دیاری خۆراسانە و لە هەولێر درێژە بە کاروچالاکییە هونەرییەکانی دەدات. ئەسمەر لە ساڵی 1995ی زایینی لە شاری سمڵقانی خۆراسان لە دایکبووەو کوردی کورمانجی خۆراسانە. لە ساڵی 2019 دەستی بە گۆرانیگوتن کردووەو لەگەڵ گۆرانیشدا خوێندنی کوردی شێوەزاری کورمانجی خوێندووە.

ئەسمەر حەمیدی دەڵێ ''مۆسیقای فۆلکلۆر، ئەو مۆسیقا رەسەنەی ئێمە بووە کە دایکان و باوکانمان لەگەڵی ژیاون. ئێستا مۆسیقای پۆپ خەریکە شوێنی دەگرێتەوە لەنێو گەنجاندا."

عەلی رەزا سپاهی لاین، نووسەر و رۆژنامەوان و لێکۆلەری کوردی خۆراسان لەبارەی ئەسمەر حەمیدییەوە دەڵێ "هاوڕێیەکم دەنگێکی بۆ ناردم و گوتی؛ ئەمە خوشکێکی کوردمانە لە باکووری خۆراسان، دەنگێکی خۆشی هەیە. ئەگەر بتوانی هەڵبەستێکی بۆ بنووسی بۆ گۆرانییەکی، دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کوردانی خۆراسان و بە تایبەت لەسەر دەنگبێژانی گەنجی بەرەی نوێی ئەو ناوچەیە دابنێت. لەو کاتەدا بوو کە ئەو هەڵبەستی کوردی خۆراسانەم نووسی. هەڵبەت ئاوازەکەی لەسەر ئاوازێکی شەهریبانی کوردە''.

دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانی کوردی خۆراسانم، ئەسمەر حەمیدی دەنگی بە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا بڵاوبووەوەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.


کازم فەتحی مێکئەپ ئارتێستی سینەمایی لە موسڵ

مێکئەپ لە تەواوی دونیا بەکاردەهێنرێت بۆ رێکخستنی شێوەیان و راکێشانی سەرنجی بەرامبەر.
زۆرجاریش مێکئەپ بۆ سینەما و لە زنجیرە و دراماکان بەکاردەهێنرێت.
لە فیلمە ترسناکەکاندا، بە مێکئەپ دیمەنی زۆر ترسناک دروستدەکرێن کە بە تەواوی نزیکن لە راستییەوە.
کازم فەتحی، گەنجێکی شاری موسڵە و کاری مێکئەپی سینەمایی و فیلمی ترسناکە.
ئێستا یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئامادە دەکات بۆ نمایشێکی سینەمایی.
کازم فەتحی – مێکئەپ ئارتێستی سینەمایی دەڵێ ''سەرەتای دەستبەکاربوونم لە مێکئەپی سینەمایی، چوومە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و رامگەیاند کە ئەم جۆرە هونەرە لەگەڵ فیلم و زنجیرەکان تێکەڵ بکەم، بەڵام کەس لە موسڵ گرنگی پێنەدا.  دەستمکرد بە دۆزینەوەی کەرەستە سەرەکییەکان و چۆنییەتی بەکارهێنانیان، چونکە لە سینەما بە شێوازێک و لە شانۆ بەشێوازێکی دیکە بەکاردەهێنرێت. دوای چوونم بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لەسەر ئەم کارەم بەردەوام بووم''.

عوبێد عەلا – ئەکتەر دەڵێ ''بەردەوام دێمە لای مامۆستا کازم، بۆ ئەوەی فێری مێکئەپی سینەمایی بم. پێکەوە بەشداری شانۆکان دەبین. نموونەی ئەو شەڕە دەردەبڕین کە لە موسڵی کۆن روویدا کە کۆتایی جەنگەکە''.

دەستکەوتنی پێداویستییەکانی ئەم جۆرە هونەرە ئاسان نییە، کازم بە کەرەستەی زۆر سادە لەسەر کارەکەی بەردەوامە و چەندین دیمەنی بۆ فیلم و دراماکان دروستکردووە.

کازم ئاواتی ئەوەیە لە فیلمە جیهانییەکاندا وەکو مێکئەپ ئرتیست بەشداربێت و رۆڵی هەبێت. ئەو دەیەوێ ناوی موسڵ و عێراق بە داهێنانەکانی بەرزبکاتەوە.