چاوی رووداو - خەدیجە ساڵخوردە 70 ساڵە دارتاشە

26 July 2024
چاوی رووداو - خەدیجە ساڵخوردە 70 ساڵە دارتاشە
خەدیجە ساڵخوردە 70 ساڵە دارتاشە

ئەمە چیرۆکی زەحمەتکێش و سەرکەوتنی ژیانی کچێکی کوردە لە ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان. خەجیج ساڵخوردە، لە ساڵی 1954 لە گوندی حاجی خۆشە لە بنەماڵەیەکی هەژار لەداکبووە.

ئەگەرچی رۆژ بە رۆژ تەمەنی بەرەو سەرەوە دەڕوات، بەڵام بە دەستە نەرم و ماندووەکانی بەردەوامە لە کارێک کە تاوەکو ئێستا بە کار پیاوان ناسراوە.

خەجیج ساڵخوردە – دارتاش دەڵێ ''دایکم نەخۆشکەوت، چوار پێنج ساڵان دایکم لەسەر جێگەی کەوت. هەر نە نەخۆشخانە و بیمارستان دەگەڕا، لەوکاتییەوە من زیاتر کارم لەگەڵ باوکم کردووە. رێ و کارەکەم کەوتە سەر کاری پیاوان. براکانم ژنیان هێنا رۆیشتن و منیش بەردەستی باوکمم دەکرد. پیرەباب و پیرە دایکم لە ماڵێ مانەوە، هەرچەندی کردم نەمتوانی بە تەنیا لە ماڵێ بەجێیان بهێڵم. کاتێک باوکم لە ماڵ نەدەبوو، کاتی کارکردن، جیرانەکان و خەڵکی گوند شتێکیان لێدەشکا دەهاتن، دەیانگوت وەستا خەجیجک بە قوربانت بم بۆم چاککەوە. لەوکاتییەوە وەستا خەجیجم بەسەردابڕا و کار کەوتە سەر شانی من''.


بەهۆی زەحمەتییەکانی ژیانی خانەوادەکەی، بەردەوام هاوکاری باوکی بووە لە کارکردن. ئێستاش ئەوکارەی دەیکات ئارامی پێدەبەخشێت.

خەجیج ساڵخوردە – دارتاش دەڵێ ''کە دێمە ئێرە دڵم پێی شاد دەبێت، دڵم پێی رووندەبێتەوە، چونکە بە عیشقەوە ئەم کارەم دەکرد زۆرم پێخۆش بوو. ئەگەر بچمە سەفەرێک و بگەڕێمەوە، لەجیاتی ئەوەی بچمەوە ژوورێ لەپێشدا سەیرێکی ئێرە دەکەم. دڵم بێرە خۆشە، بەڵام بەداخەوە لەکارکەوتووم و جومگە و ئێسکم بەژان کەوتوون''.

وەەستا خەجیج جگە لە کاری ماڵەوە، کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی دایکییەوە، دەست و قاچی گوندنشینەکانی ناوچەی موکریان بوو. بەردەوام کەرەستە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکای بۆ جوتیاران و کارسازان دروستکردووە.

وەستا خەجیج باس لە زەحمەتییەکانی ژنانی گوندنشینی دەکات، کە بە بەراورد لەگەڵ ژنانی ئێستا زەحمەتی زۆریان بینیوە. دەڵێ ''ئەگەر بتەوێ شتێکی دروستبکەی، دەبێ سەرەتا هەمووی ئەندازەگیری بکەی، ئینجا کەلوپەلی بێنی و دروستیبکەی. ئەمەش کاری هەموو کەس نییە. من قایش فووتم هەیە هەمووی دەخوێنمەوە، بەڵام براژنەکانم نازانن بیخوێننەوە، نازانن سانتیم چەندە و مەتر چەندە. ئەوانەی ئەوکاتی خوێندەوارییان نییە، منیش خوێندەواریم نییە، بەڵام دوو ساڵان چوومە دەرسێ کەمێک فێربووم. ژنەکانی ئێستا لەگەڵ هی ئەوکات زۆر جیاوازی هەیە، ئەو کوێرەوەرییەی ئەوکات هەبوو لەەگل ئێستا جیاوازی زۆرە. ژنانی پێشان کاریان زۆر سەختتر بوو، هەموو رۆژێ نانکردن و دواتر بەدوای جووتکردن و کەر و گادا دەڕۆیشتن و کارمان دەکرد. ئەوکات پیاوەکان زەحمەتی زۆریان دەبینی، بەڵام ژنەکان لەوان ناڕەحەتتر بوون. هەموو رۆژێ کاژێر 4ی بەیانی هەڵدەستاین هەویرمان دەکرد و نانمان دەکرد و مەشکەمان دەژاند''. 

وەستا خەجیج 70 ساڵ خزمەتی خەڵکی جوتیار و ئاژەڵداری گوندەکانی ناوچەی موکریانی کردووە، ئێستا بەتەمەندا رۆیشتووەو توانای جارای نەماوە، بەڵام ئەگەر کەسێک کارێکی پێ بسپێرێت، بەپێی توانای خۆی ئەنجامیان دەدات.


دەنگی میوزیک لە مووسڵ

ژمارەیەک کچ و کوڕی موسڵ، لە سەنتەری ئاشی درێژخایەن لە موسڵ کۆبوونەتەوە. هەموو رۆژێک دوای نیوەڕۆ لێرە لەلایەن کەسانی شارەزا فێری میوزیک و گۆرانی دەکرێن.

بەشداربووانی خولەکە لە رێگەی هەڵبژاردن و تێستکردنەوە لەلایەن بەرپرسانی سەنتەرەکە هەڵبژێردراون، ئەو کەسانەی حەزیان بۆ میوزک هەیە و هەروەها توانایان هەیە لە پێکهاتە و ئایینی جیاواز دیاریکراون بۆ پێکهێنانی ئەم گرووپە

د. موهەنەد حازم | بەڕێوەبەری سەنتەر دەڵێ ''لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژەیەدا هەوڵى هێنانەدى ئاشتى دەدەین لەرێگەى یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانى ئاشتى کە میوزیکە، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ 150 فێرخوازکرد، لەسەر بنەماى ئەوە 20 کەس دەستنیشان کران، 10 کچ و 10 کوڕ  بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى دامەزراوەکە بکەن، لە رێگەى ئەو گرووپەى کە لە سەنتەری ئاشی درێژخایەن راهێنان دەکەن''.

ئەم گرووپە بە هەموو شێوەزارەکانی عەرەبی و هەروەها زمانی کورد، تورکمانی و کریستیانییش گۆرانی دەڵێن. ئەوان زیاتر حەز بە گۆرانی فۆلکلۆری عێراقی دەکەن.

ئایا موسڵی | بەشداربووی خوڵەکەیە دەڵێ ''10مانگە هاتووین بۆ ژەنینى ئامێرى میوزیک، میوزیکمان بۆ چەندین گۆرانى کوولتوریى موسڵ و عێراق ژەنیوە، چووینەتە سەر شەقام و سەرتەختى شانۆ و میوزیکمان ژەنى، هەوڵماندا ئەو پەیامە بگەیێنین کە میوزیک بناغەى کۆمەڵگەیە، ویستمان ئەو بەربەستە بشکێنین کە کچانى موسڵ دەتوانن میوزیک بژەنن و گۆرانى بڵێن، کەسانێک دژى ئەمە بوون، هەمووان لە هەموو پێکهاتەکان گۆرانى دەچڕین، بووینە یەک خێزان، پێکەوە گۆرانى دەچڕین، پێکەوە راهێنان دەکەین، یارمەتى یەکدى دەدەین، ئەمە ئەو شتە جوانەیە کە ئەزموونمان کرد. سەرەتا ترس هەبوو، من خۆم پیانۆ دەژەنم، ترسم هەبوو، بەڵام مامۆستاکەم ئەو ترسەى شکاند و بە ئاسوودیی دەیژەنم''.
  
زۆربەی ئەندام و تەنانەت مامۆستایانی گرووپەکە هیچ بەشێکی هونەرییان نەخوێندووە، واتە لە رووی ئەکادیمییەوە خوێندنەکەیان زۆر دوورە لە میوزیک.

موهەنەد ئەلحەیالی | کەمانژەنی سەنتەرەکەیە دەڵێ ''بە نزیکەیی هەموو ئەوانەى کە لێرەن بە مامۆستایانەشەوە کە وانە دەڵێنەوە، لە رووەى ئەکادیمییەوە دوورن لە میوزیک، سەرەتا وەک بەهرە  فێرمان کردن و دواتر چڕمان کردەوە، وەک ئەکادیمیست من پزیشکى کیمیا و مافناسم، مامۆستا محەممەد ئەندازیارى کشتوکاڵ و مافناسە، مامۆستا ئۆرهان بڕوانامەکەى زۆر دوورە لە میوزیکەوە، بەشێوەى ئەکادیمى نەمان خوێندووە، لە بنەڕەتدا لە مووسڵ بەشی میوزیک نییە لە کۆلێژى هونەر، تەنیا لە پەیمانگاى هونەر ئەو بەشە هەیە''.

عوبەید ئەلتائی | بەشداربووی خولەکەیە دەڵێ''من پسپۆریم لە دەرمانسازیدایە، کە پڕۆژەکەم بینى حەزم پێکرد لە پێناو گەڕانەوەى کولتوورى موسڵ بەتایبەت لەم ماوەیەدا دابڕانێک روویدا، کە شارەکە پێیدا گوزەری کرد، هەستێکى خۆشە لەبەرئەوەى بەردەوام میوزیک دەبینین 
و بەگوێمان خۆشە،  کاتێک کار لەسەر دروستکردنى پارچە میوزیکێک دەکەیت زیاتر هەست بەبەهاکەى دەکەیت''.

ئەندامانی گرووپەکە دەیانەوێ دوای ئەو ناخۆشییانەی لە ماوەی رابردوو بەسەر موسڵدا هات، بە میوزیک قەرەبووی بۆ بکەنەوە، ئامانجیان ئەوەی ئاهەنگێکی میوزیکی گەورە بکەن و توانای خۆیان بە خەڵکی موسڵ پێشان بدەن و گۆرانییەکانی فۆلکلۆری موسڵی و عێراقی زیندوو بکەنەوە.


کۆنفۆشیۆسیزم بیروباوەڕێکی چینییەکان


کۆنفۆشیۆسیزم، بە تەواوی کاریگەری لەسەر کولتووری چینی هەیە. کۆنفۆشیوس، کە مە کۆنگ فوزی یاخود ماستەر کۆنگ ناسراوە، لە ساڵی 551ی پێش زایین لە شاری لوو، کە دەکاتە پارێزگای شاندۆنگی ئێستا لەدایکبووە. کاریگەری زۆری لەسەر بیرکردنەوەی حوکمرانی و رەوشتی کۆمەڵگە هەبوو.

لە کولتووری کۆنی چینی ژن و پیاو زوو زوو یەکدییان نەدەبینی. بۆ لەو سەردەمەدا ئەگەر ژن پێویستی بە ئاو بوایە، لە پشت ئەم دیوارە پێیان دەدان. ئاوەکە لە پشتەوەی ئەم بەردە، بۆ پشتەوەی دیوارەکە دەڕۆیشت، تاوەکو ژنان کاروباری رۆژانەیان جێبەجێ بکەن.

ئێرە شوێنی مانەوەو ژیانی ماستەر کۆنگ بوو کە ئێستا کراوەتە پەرستگەی کۆنفۆشیۆسیزمە لە شاری چوفوو. وانەکانی شینگ تانگ لەسەر ئەم سەکۆیە بە قوتابیان دەگوترایەوە. ئێستا ئەم پەرسگەیە بەشێکە لە میراتی یونسکۆ.

خەو لی | مامۆستای قوتابخانە دەڵێ ''ئەمڕۆ هاتووینەتە پەرستگەی کۆنفۆشیۆس لە شاندۆنگ، بۆ ئەوەی ساتێک منداڵەکان لە کتێب دووربکەینەوەو پێکەوە بە شێوەی پراکتیزەکردن کەمێک فێربین. هاتووین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ قولایی کولتوور و نەریتی چینی بکەین. هیواداراین ئەم جۆرە چالاکی و لێکۆڵینەوانە وزەیەکی رۆحی بۆ منداڵەکانمان بهێنن. بۆ ئەوەی بگەڕێینەوەو بە جدیتر بخوێنن و خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن''.

فێرکارییەکانی کۆنفۆشیۆس لەلایەن شاگردەکانییەوە کۆکراونەتەوە، ئێستاش وەکو دەقێکی ناوەندی لە بیری کۆنفۆشیۆسدا تۆمراکراوەو بە پێنج دەقە نەگۆڕەکە دەناسرێ، یەکەمیان رێن واتە هاوکاری، دووەم یی واتە راستگۆیی، سێیەم لی واتە رەفتاری دروست، چوارەم ژی واتە زانین و پێنجەم شین واتە یەکگرتوویی.

ئێستا وانەکانی کۆنفۆشیۆس تێکەڵ بە سیستەمی پەروەردەی چین کراون، بۆ ئەوەی هەستی بەرپرسیارێتی، رێزگرتن و راستگۆیی لە منداڵێکی تەمەن بچووک بچێنن.

مامۆستا یانگ | مامۆستای قوتابخانە دەڵێ ''کۆنفۆشیۆس  خەڵکی هەرێمی لوو، فەیلەسووف، پەروەردەکار و سیاسەتمەداربوو. 73 ساڵ ژیاوە، 14 ساڵی گەشتی وڵاتی جۆراوجۆی کردووە بۆ بانگەشەی خوێندن. یەکەم کەسبوو ناوەندی فێرکردنی دامەزراندووە. لەسەر سەکۆیەک و لەژێر دار قەیسی وانەی دەگووتەوە. هەف لەوێش دەژیا. ئەوکات وانەگوتنەوە زۆر سادەبوو. هەموو ئیمپراتۆرەکان رێزیان لە کۆنفۆشیۆس گرتووە. زۆربەی خوێندکار و خەڵک و ئیمپراتۆرەکانیش هاتوونەتە چۆفۆ بۆ ئەوەی قوربانی پێشکەش بە کۆنفۆشیۆس بکەن''.

گوان یی چێن | خوێندکار دەڵێ''بە هەموو رەفتارەکانی کۆنفۆشیۆس سەرسامم. لە دەقێکی کۆندا باس لەوە دەکات، کە کاتێک کۆنفۆشیۆس لەدەروەبووە، چاوی بە دوو منداڵ کەوتووەو باس لە خۆر دەکەن. ئەمە کۆنفۆشیۆسی سەرسام کردووە. ئەمەش وایکردووە منداڵان هانبدات بۆ خوێندن و فێربوون، هیچ کاتێک بیرۆکەی منداڵانی رەتنەکردووەتەوە''.

کۆنفۆشیۆسیزم کاریگەری لەسەر تەواوی لایەکانی ژیان لە چیندا هەیە. وەکو پێکهاتەی خێزان، پەروەردە و حوکمرانی.
لە چین هەموو ساڵێک کۆڕبەندێک بۆ رێزگرتن لە کۆنفۆشیۆس سازدەکات و بیرمەند و کەسایەتییە جیهانییەاکن بانگدەکات.

وێن های مینگ | پرۆفیسۆری فەلسەفە لە زانکۆی رێنمینی چین دەڵێ ''پێویستە بەردەوام بین لە پێشخستنی کۆنفۆشیۆسیزم، گرنگترین ناوەڕۆکی کۆنفۆشیۆسیزم بریتییە لە جەختکردنەوە لە چاکەی نێوان مرۆڤ. فەیلەسووفەکانی دوای ئەویش بە ئێمەیان گوت کە شتەکانمان خۆشبوێت و جیهانێکی یەکگرتوومان هەبێت. کاتێک ئێستا باس لە کۆمەڵگەیەک دەکەین کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەیە بۆ مرۆڤایەتی، ئەو کۆمەڵگەیە لە بنەڕەتدا کۆنفۆشیۆسیزمە''.

ئێستا لە چین زیاتر گرنگی بە ئایینی کۆنفۆشیۆس دەدرێ، ئەگەرچی چین زۆر بە خێرایی بەرەو مۆدێرنە دەروات، بەڵام زۆرکەس رەگ و ریشەی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ هاوسەنگی و ئاراستە. پەیمانگە و ئەکادیمیای کۆنفۆشیۆس لەسەرتاسەری جیهاندا دادەمەزرێن و زانیاری بڵاودەکەنەوە.

لە گۆشەکەی دیکەی ماڵەکەیدا کارگەی بەرهەمهێنانی (شەڕابی کۆنفۆشیۆس) هەیە. کە شەڕابی تایبەتی لێدروستدەکرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە کۆنفۆشیۆس شەڕابخۆرێکی باش بووە. 

کۆنگ شیانگ لیانگ | حەفتاو پێنجەمین نەوەی کۆنفۆشیۆس دەڵێ ''کحول بەشێکە لە کولتووری چن، دەتوانین بڵێین تامدارترین کولتووری چینە. چونکە تامی جیاوازی هەیە وەکو ترش و شیرین و تاڵ و سوێر و هەروەها فرێش. نزیکەی 40 جۆری جیاوازمان هەیە. کۆنفۆشیۆس زۆر حەزی لە شەراب بوو، شەش جار لە گوتارەکانی کۆنفۆشیۆس باسی شەراب کراوە. بەڵێ باپیرە گەورەمان شەڕابخۆرێکی باش بووە''.

کۆنفۆشیۆس 72 قوتابی هەبوو، بۆیە پەیکەرێکی بە بەرزی 72 مەتر بۆ دروستکراوە، پەیڕەوانی لە ژاپۆن، کۆریا و ڤێتنام هەن. ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن. 

یەکێک لە قسەکانی ئەم فەیلەسوفە ئەویە کە دەڵێت ئەو شتە مەکە کە ناتەوێت بەرامبەرت ئەنجامبدرێ، نازانم چەند ئاشنای کۆنفیشیزمن، بەڵام کاریگەری وانەکانی و هەروەها ڕێنوێنی کۆنفیشیزم لەسەر تاکی چینی و کۆمەڵگەی چینی و 
تەنانت حکومەتی چینیش زۆر بە زوڵالی دیارە.