چاوی رووداو - ژن و پیاوێک بە تەنیا لە گوندێک دەژین

19 July 2024
چاوی رووداو - ژن و پیاوێک بە تەنیا لە گوندێک دەژین

 
ژن و پیاوێک بە تەنیا لە گوندێک دەژین
ئەزوەر حەمەد، خەڵکی گوندی (مەندێر)ە لە ناحییەی هیران، لەگەڵ (خەجیج)ی هاوژینی بە تەنیا لە گوندەکەیان دەژین. ئەزوەر لە کاتی گەنجییدا دەبێتە پێشمەرگە و دەچێتە نێو رێکخستنەکانی پێشمەرگە. دوای ئەوەی حکومەتی بەعس پێیدەزانن لە ساڵی 1989 دەستگیردەکرێت و 20 ساڵ زیندانی بۆ دەبڕێتەوە. بەڵام لە ساڵی 2002 بە لێخۆشبوونی گشتی ئازاد دەکرێت. 
مام ئەزوەر دەڵێ '' دوای ئەوەی ئازاد کرام، هێندەم ناخۆشی لە بەندیخانە دیتبوو، نەمتوانی لە شار بژیم بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ هاوژینەکەم بگەڕێمەوە گوند و تەواوی ژیانم لە گوند بەسەر دەبەم''.


میوزیکی کوردی لەنێو ئۆرکێسترای ئۆزبەکستان
لە فیلارمۆنیکی ئۆزبەکستان، میوزیکژەن و ئاوازدانەرانی ئۆزبەکی میوزیکی کوردی نوێدەکەنەوە. ئەوان میوزیکی فۆلکلۆری کوردی نوێدەکەنەوەو لەلایەن ئۆرکێسترای سەمفۆنیای ئۆزبەکی دەژەنرێت.
 
فیلارمۆنیکی ئۆزبەکستان لە ژێر چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری ئۆزبەکستان دامەزراوە. دەیان گروپی گۆرانی و سەما و چەندین ئۆرکێسترای جیاواز هەیە.
 
ئاوازدانەری ئۆزبەکستان ئومێدجان حەبیبوڵڵایێڤ سێ ساڵ لەمەوبەر بە هاوکاری موزیکژەنێکی کورد سەدان گۆرانی کوردی بۆ ئۆرکێسترای سەمفۆنی ڕێکخست.
ئومێدجان دەڵێ ''گەلی کورد مێژوویەکی دوو هەزار ساڵەی هەیە. خاوەنی میوزیک و کولتوورێکی زۆر دەوڵەمەندە. بێگومان میوزیکی کوردی، شێواز و ڕیتمێکی ناوازەی خۆی هەیە. کاتێک ئۆفەرەکە هاتە لای من بۆ هاوکاریکردن لە میوزیکی کوردیدا، بە خۆشحاڵیەوە ئەو ئۆفەرەم قبوڵ کرد. وە دەستم کرد بە ئامادەکردنی ئاواز و پارچە بۆ ئۆرکێسترای سەمفۆنی لەسەر بنەمای گۆرانی فۆلکلۆری کوردی. لە وەرزی یەکەمدا کارمان لەسەر 30 کاسێت کرد و زیاتر لە 100 گۆرانی کوردیمان بۆ سەمفۆنیا تۆمارکرد''. 
 
ئومێدجان بڕوانامەی خوێندنی لە ئەکادیمیای میوزیکی تاشکەند وەرگرتووە. لە ساڵانی خوێندکارییدا زیاتر حەزی لە هونەری میوزیک بووە. بەتایبەت میوزیک بۆ فیلم. کۆمپانیای ئومێدجان میوزیکی بۆ دەیان فیلمی ناوخۆیی و بیانی ئامادە کردووە.
 
 
ئامێرە فۆلکلۆرییەکانی ئۆزبەکستان خۆی بۆ کۆنسێرتەکە ئامادە دەکات. هەروەها بەرهەمێکی کوردیش لە ڕێپرتوارەکەدا هەیە.
 
شێرزۆد شاڤریکۆڤ، سەرۆکی ئۆرکێسترایە دەڵێ ''لەگەڵ مامۆستا ئومێدجان کار لەسەر میوزیکی کوردی دەکەین. میوزیکی کوردی زۆر لە ئێمەوە نزیکە. هیوادارین لەگەڵ ئۆرکێسترای ئامێرە فۆلکلۆرییەکان سەردانی کوردستان بکەین و لەبەردەم ئامادەبووانی کورد نمایش بکەین و میوزیکی نەتەوەیی خۆمان پێشکەش بکەین. هەروەها پێشکەشکردنی میوزیکی کوردی. بەهیوای ئەوەی ئەم هیوایە بێتە دی''.
  
حوسێن محەممەد 50 ساڵە ماسیگرە
حوسێن محەممەد، ماسیگرێکی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە، لە ساڵی 1950 لەدایکبووەو تاوەکو ئێستا لەو شارە دەژی، لەتەمەنی 20 ساڵییەوە خەریکی راوەماسییە لە رووباری سیروان. ئەگەرچی زیاتر لە 50 ساڵە ماسیگرە و ژیانی لە رووباری سیروان بەڕێکردووە، بەڵام هەتا ئێستا مەلە نازانێ.
ئەو رۆژانە 5 بۆ 10 کیلۆ ماسی راودەکات و لە بازاڕ دەیفرۆشێتەوە، داهاتی رۆژانەی لەسەر ئەم کارەیە.
  
 
ژنێکی ژاپۆنی بە کوردی گۆرانی دەڵێتەوە
ئیریکا ئۆیدا، ژنێکی ژاپۆنییە، گەشتێک بۆ ئیستەنبووڵ دەکات و دوو مانگ لەوێ دەمێنێتەوە، لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی کورد دەبێتە هاوڕێ و لەگەڵیان دەمێنێتەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ تۆکیۆ، بەشداری لە کۆرسێکی زمانی کوردی دەکات و لە ماوەی ساڵێک خۆی فێری زمانی کوردی شێوەزاری کورمانجی سەروو دەکات. بەشێوازێکی زۆر جوان بە کوردی قسە دەکات و هەروەها چەندین گۆرانی کوردی فێربووە. ئەو ژنە ساڵانە سەردانی باکووری کوردستان دەکات و لەنێو ماڵی کوردانی ئامەد و شارەکانی دیکە دەمێنێتەوە.