چاوی رووداو - گۆرانی کوردی و ئیتاڵی تێکەڵدەکرێن

21 June 2024
چاوی رووداو - گۆرانی کوردی و ئیتاڵی تێکەڵدەکرێن
 
گۆرانی کوردی و ئیتاڵی تێکەڵدەکرێن
دەنیز دیماریا، کچە هونەرمەندێکی ئیتاڵییە، لەگەڵ سەما خودایی خانمە هونەرمەندی کورد، گۆرانی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی و ئیتاڵی تێکەڵدەکەن و پێکەوە دەیڵێنەوە.
دوو زمانی تاوەکو سەر ئێسقان جیاواز، بەڵام تێکهەڵکێشکردنێکی سەرنجڕاکێشیان بۆ کردووە.
 
دنیز دیماریا | کچە هونەرمەندێکی ئیتاڵیی دەڵێ :ئیتاڵیا نەریتێکی زۆر قووڵی میوزیکی هەیە، هەروەها مێژووەکەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵات و نەریتی دەشتەکی هەیە. ئێمە پڕین لە ئاواز و گۆرانی کە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانە و کشتوکاڵەوە هەیە، سەما و ئاواز و گۆرانی پێکەوە. یەکەمجارمە لە کوردستان، تێبینیم کرد کە رەگ و ریشەیەکی هاوبەشمان هەیە. 
 
دەنیز لەسەر داواکاری ماڵی میوزیکی زەهاوی هاتە کوردستان. سێ رۆژ راهێنانی لەسەر میوزیک و گۆرانی کوردی کرد و زۆر بەجوانی دەیگوتەوە. ئەویش هاوکاری خانمە هونەرمەندی کورد سەما خودایی تێدابوو. سەما خودایی، دەڵێ : هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، کە جگە لە کوردی بە ئیتاڵیش گۆرانی دەڵێم.
 
 
سێ ساڵە ماڵی مۆسیقای زەهاوی کار بۆ تێکەڵکشکردنی موزیک و گۆرانی کوردی لەگەڵ گەلانی دیکە دەکات، هونەرک لە نێو گەلانی دونیادا باوە، بەڵام یەکەم جارە لە کوردستان تاقیدەکرێتەوە. هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکی زەهاوی دەڵێ : ئەمە تەجرووبەیەکی تازەیە لەنێو میوزیکی کوردیدا. کەم دەرکەوتووە میلۆدی کوردی ژەنیاری کوردی، میوزیکی کوردی لە تەنیشت میوزیکی نەتەوەکانی دیکە دابێت.
 
 
گۆڕستانی پێشمەرگە بارزانییەکان لە ئۆزبەکستان
لە ناوچەی ئاڵمازاری ئۆزبەکستان، گۆڕستانێک هەیە تەرمی چەند پێشمەرگەیەکی تێدا نێژراوە، کە ساڵی 1948 لەگەڵ مەلا مەستەفا بارزانی دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد روویان لە یەکێتی سۆڤیێت کرد.
پێشمەرگەکان بەسەر کۆمارەکاندا دابەشکران و بەشێکیان لە ئۆزباکستان نیشتەجێبوون. ژنیان هێنا و بوونە خاوەن منداڵ، ئەگەرچی هەندێکیان گەڕانەوە کوردستان، بەڵام بەشێکیان لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیان مانەوە.
فاتیمە عومەرۆڤا، کچی یەکێک لە پێشمەرگەکانە و ئێستا بە تەنیا ماوەتەوە، تەنیا گۆڕی باوکی شک دەبات رۆژانە و هەفتانە سەردانی بکات و کەمێک ئارامی بکاتەوە.
فاتیمە دەڵێ: زۆر حەزدەکەم بچمەوە وڵاتی خۆم لە کوردستان، بەڵام چۆن بچم؟ دەرفەتم نییە، لە تەمەنی گەورەییم نەمتوانی باوکم ببینم، دەمەوێ بەردەوام سەردانی گۆڕی باوکم بکەم.
 
 
چیرۆکی خۆشنووسێک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا
کە منداڵ بوون دایک و باوکمان دەیانگوت کچەکەم یا کوڕەکەم دەبێتە دکتۆر. ئەندازیار یان مامۆستا. هەمیشە دایک و باوک لە هزری خۆیاندا پیشەیەکمان بۆ دیاریدەکەن، بەڵام زۆرکات منداڵەکان تەواو کارێکی جیاواز هەڵدەبژێرن.
ئەمە بەسەر محەمەد حاجی قابە، کە خۆشنووسێکی دیمەشقی پایتەختی سوریایە. دیمەشق یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی وڵاتەکە و شوێنەواری زۆری تێدایە، زەخرەفە و نووسینی سەر دیواری مزگەوتەکان هونەرێکی کۆن و دیاری شارەکەیە. محەمەد یەکێکە لەو خۆشنووس و هونەرمەندانەی ئەو کارە دەکات و چیرۆکی خۆی و هونەرەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
محەممەد حاجی قاب، یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و ناودارەکانی دیمەشق، لە ساڵی 1977 لە دایکبووە، لە قۆناخی خوێندنی سەرەتایی خولیای هونەری خۆشنووسی بوو، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە، ئەمە ببێتە پیشەی سەرەکی.
محەممەد حاجی قاب – هونەرمەند و خۆشنووس دەڵێ :کاتێک منداڵ بووم خۆشنووسی بە کارێکی زۆر گەورە و سەخت دەهاتە بەرچاوم، پێموابوو تەنیا کەسی بەهرەمەند توانای هەیە دەست بۆ ئەم پیشە زۆر گرنگە ببات. چاوم کردەوە و خۆم لەنێو ئەم هەموو هونەرە جوانەدا بینییەوە. باوانم دەیانگێڕایەوە بە منداڵی خولیای گوێگرتنی موزیکم زۆر بوو. پێش ئەوەی بچمە قوتابخانە، هۆگری موزیک بووم. باوانم پێیانوابوو لە داهاتوودا دەبمە موزیکژەن. بەڵام هونەری خۆشنووسی عەرەبیم زۆر خۆش دەویست. تا رۆژی دواییش دەڵێم، بە هەڵە هاتوومەتە نێو ئەم بوارە.