چاوی رووداو - پەرستگەی بەهەشت لە پەکینی پایتەختی چین

31 May 2024
چاوی رووداو - پەرستگەی بەهەشت لە پەکینی پایتەختی چین

پەرستگەی بەهەشت لە پەکینی پایتەختی چین
لە پەکینی پایتەختی چین پەرستگەیەکی گەورەو ناودار هەیە، پێیدەڵێن پەرستگەی بەهەشت.
پەرستگەی بەهەشت لەسەدەی 15 لەسەردەمی شانشین یۆنگلێ دروستکراوە.
ئیمپراتۆر لەم پەرستگەیە نوێژی کردوو بۆ ئەوەی بچێتە بەهەشت. ساڵانە لەناوخۆی چین و سەرتاسەری جیهان زیاتر لە 200 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن، جلوبەرگی کۆنی هانەکان لەبەردەکەن و وێنەی یادگاری تێدا دەگرن.
پەرستگای بەهەشت هێمایەکی دیار و سەرسامکەر شاری پەکینی چین.
وانگ یوو خوان | گەشتیارێکی چینییە دەڵێ :پەرستگەی بەهەشت یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی پەکین، بۆیە دەبێت سەردانی بکەم. پێش ئەوەی ئێمە ئێرە بەشێک لە پاشخان و مێژووی پەرستگەی بەهەشتم خوێندووەتەوە.
لە ساڵی 1998 بەهۆی گرنگی کولتووری و دەستکەوتە تەلارسازییە ناوازەکانییەوە لە لیستەکەدا تۆمارکرا. بە تەلارسازی سەرسوڕهێنەر و مێژووە گرنگەکەی ناسراوە. هێمای هاوئاهەنگی نێوان ئاسمان و زەوییە.
چیینەکان بۆ تۆمارکردنی یادگاری بە جلی رەسەن و نەریتی خۆیان رۆژانە سەردانی ئێرە دەکەن.
هەموو رۆژەکانی ساڵ جگە لە سێ پشووە فەرمییەکانی چین بە رووی گەشتیاراندا کراوەیە.
 
 
فرۆنتیسکاڵ- گەشتیاری ئیسپانی دەڵێ :سڵاو، ئێمە لە سپانەوە هاتووین، بەڵێ یەکەمجارە لە چین، وڵاتەکە سەرسوڕهێنەر و نایاب و زۆر سەرنجڕاکێشە، هۆکاری ئەوەی کە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەیە گەشتیاران لە وڵاتانی،
ئەڵمانیا، ئیسپانیا، یان فەرەنسا، پێویستیان بە ڤیزە نییە، بۆیە ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی لێرەم، ئاواتەخوازین لە مانگی ئەیلولدا جارێکی دیکە لێرە بین.
 
ئەمەی لەبەر من دەیبینی جلی" خوان دی فۆیە" یان جلی فەرمانڕوا و شازادەکانی سەدەی پانزەیە لە چین، بەم جلانەوە نزا و پاڕانەوەیان ئەنجامداوە بۆ ڕێژەی بارانی باش و بە پیتی و بەرهەمی خاکی کشتوكاڵی بۆ ئەو سەردەمە، بەڵام ئێستا چینی گەورە بەهۆی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد کە هەیەتی لە جیهان پیشەنگە. پیشەنگی بابەتی ژینگەیی و گۆڕانی کەش و هەواو پیشبینی کەش و هەواشن.
 
 
ئەشکەوتی قوڕی قەڵا لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە رۆژهەڵاتی کوردستان سروشتێکی شاخاوی و ئەشکەوتی زۆر سەرنجڕاکێش هەن. کە سەرنجی گەشتیاری ناوەوەو دەروەی وڵاتیش رادەکێشن.
لە پارێزگای کرماشان، ئەشکەوتێکی ئاوی هەیە پێیدەڵێن قوڕی قەڵا. قوڕی قەڵا یەکێکە لە گەورەترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە دامێنی چیای شاهۆ لە سنووری شاری روانسەر لە پارێزگای کرماشان.
ئەشکەوتەکە بەناوی گوندی قوڕی قەڵا ناونراوە، کە لە نزیک ئەشکەوتەکەیە.
درێژی ئەشکەوتی قوری قەڵا 12 کیلۆمەترە و قوڵییەکەشی 3140 مەترە. بەگوێرەی شوێنەوارناسەکان، کە لێکدانەوەیان بۆ ئەشکەوتەکە کردووە، مێژووی دروستبوونی ئەشکەوتی قوڕی قەڵا بۆ 65 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوخۆ و دەروەی وڵاتیش گەشتیار سەردانی ئەشکەوتی قوڕی قەڵا دەکەن.
بۆ یەکەمجار گرووپێکی ئەشکەوتناسی ئەمریکی لەساڵی 1957 چوونەتە نێو ئەشکەوتی قوڕی قەڵا. لە ساڵیه 1966 گرووپێکی بەریتانی و ساڵی 1984یش گرووپێکی فەرەنسی بە مەبەستی پشکین سەردانی ئەشکەوتەکەیان کردووە.
گرووپە فەرەنسییەکە توانیویانە تاوەکو 450 مەتر بچنە نێو ئەشکەوتەکە، بەڵام لە ساڵی 1989 گرووپێکی کرماشانی تاوەکو سێ هەزار و 140 مەتر چوونە قوڵایی ئەشکەوتەکە.
کوکو | گەشتیاری فەرەنسی دەڵێ :من کۆکۆم خەڵکی فەرەنسام، لێرە کوردستانم. هاتووم بۆ ئێرە بۆ بینینی خەڵکی کورد و بۆ ئەوەی لە کولتوورەکەیان تێبگەم. هاتووم بۆ ئەم ئەشکەوتە، زۆر خۆش و گەورەیە. رەنگی زۆری تێدایە، پێموایە وەکو بەهەشتی جیۆلۆجیستەکان وایە. من لە گەشتەکەم بەردەوام دەبم، رۆژی دواتر دەچم بۆ مەریوان. دوای چەند رۆژێک مانەوە لە خورەمئاباد، دەچم لە کرماشان دەمێنمەوە. زۆر حەزم بە ناوچەکەیە، زۆر سەوز و شاخاوییە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ من دوای ئەوەی لە بەشی بیابانیی ئێران بووم. ناوچەیەکی جوانە و پێشنیاز دەکەم هەموو کەسێک سەردانی بکات. خەڵکەکە زۆر سەرنجیان راکێشاوم، زۆر بەڕێز و میواندۆستن. من خۆم زۆر پرسیار دەکەم، هەر پرسیارێک دەکەم بەڕێزەوە وەڵامم دەدەنەوە.
ئەشکەوتی قوڕی قەڵا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 بەڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە. لە ساڵی 2001 لەلایەن رێکخراوی میراتی کولتووری ئێران وەکو حەوتەمین شوێنەواری سروشتی نیشتمانی تۆمارکراوە.
لەنێو ئەشکەوتەکە جۆرێکی شەمشەمەکوێرە هەیە، کە بە شەمشەمەکوێرەی گوێ مشک ناسراوەو لەلایەن کۆمپانیای گەشەپێدانی گەشتیاری ئێران بەڕێدەبردرێت.
 
رەوشی زمانی کوردی لە کرگیزستان
لە شاری بیشکەکی پایتەختی کۆماری کرگیزستان، لەم شارە 60 خانەوادەی کورد هەن، کە لە سەردەمی ستالینەوە لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزراون بۆ ئەم کۆمارە.
ئەگەرچی نزیکەی 100 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راگواستنیان و گەورەکانیان لە ژیاندا نەماون. بەڵام تاوەکو ئێستا زمانی کوردی لە نێویاندا ماوە. بەهۆی قسەکردن بە کوردی لە ماڵەکانیاندا منداڵەکانیشیان فێری زمانی کوردی کردوون.
 
 
شانۆی بێدەنگ لە موسڵ
ئەمە نمایشی شانۆیەکی بێدەنگە، خەڵکی موسڵ ژن و پیاو گەورە و بچووک بەدیار شانۆگەرییەکە دانیشتوون.
گرووپێکی گەنجی کچ و کوڕی موسڵ، لەسەرەتای ساڵی 2021 گرووپێکی شانۆییان دامەزراندووە.
زیاتر لە ساڵێک راهێنانیان لەسەر پێشکەشکردنی شانۆی بێدەنگ کردووە. شانۆکە تەنیا بە دەنگی میوزیک پێشکەشدەکرێت.
ئەم کچ و کوڕانە شانۆکەیان لە چەندین شاری عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشکردووە. بۆ ئەمجارە چیرۆکێکی مووسڵیان کردە شانۆ، بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و ئاشی بگەڕێننەوە نێو پێکهاتەکانی ئەم شارە.
نەبیل ئیبراهیم | یاریدەدەری دەرهێنەر دەڵێ : چیرۆکەکە باس لە دوو خێزاندەکات، کە لەمێژە بەیەکەوە قسە ناکەن. شانۆگەرییەکە ناوی هێلانەیە، ئەو شوێنەی ئێمە تێیدا دەژین پێیدەڵێین ماڵ، بۆ باڵندەش هێلانەیە. زۆر گرنگە ئەو گیاندار و باڵندانەی دەوروپشتی ئێمە هەموویان ماڵیان هەیە. زۆر گرنگە ئەو ئیکۆ سیستەمە بپارێزین، ئەو باڵندانەی بەهۆی شەڕەوە تۆراندوومانن، ئەو دارستانانەی سوتاندوومانن، چۆن جارێکی دیکە دروستیان بکەینەوە، ئاشتبینەوە لەگەڵ یەکدی و سوزایی زیادبکەین. کاتێک باڵندەکە لە سەرەتا دێت هیچی لێ نییە، دەڵێ ئێرە داری لێنییە من دەمەوێ هێلانە لەسەر دار بکەم، جا دەستدەکەن بە دارچاندن و سەوزایی زیاد دەکەن و باڵندەکان دەگەڕێنەوەو دوو خێزانەکەش پێکەوە ئاشتدەبنەوە، دووبارە ئاشتی دروستدەبێتەوە.
ئەندامانی گرووپەکە لە 4 کچ و 4 کوری پێکهاتە جیاوازەکانی موسڵ پێکهاتوون. ئەندامەکان لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی و شەبەکن. بە هەماهەنگی و پێکەوە شانۆکە رێکدەخەن. پێش ئەوەی میوانەکان ئامادەبن، تەواوی پێداویستییەکان ئامادە دەکەن.
محەممەد بەکری | شانۆکار دەڵێ : بەڕێگەی ئەم فکرەیە و بە رێگەی ئەم شانۆ بێدەنگە کە ماوەی یەک ساڵ راهێنانمان لەسەر کرد و (دوومە)مان درووستکرد. هونەری (دوومە) هونەرێکی تازەیە لە موسڵ و هیوادارین پاڵپشتی و هاوکاری بۆ ئەم هونەرە هەبێت، چونکە هونەرێکی جوانە و منداڵان بە خێرایی لێی تێدەگەن. لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا نمایشمان کردووە، ئێستاش لە مووسڵ پێشکەشی دەکەین و لە شارەکانی دیکەش بەردەوام دەبین، تاوەکو پەیامەکانمان بە زۆربەی خەڵک بگەیەنین، لە رێگەی هونەری دوومە و ئەو هونەرانەی کە تازەن و دێنە ناو شاری مووسڵ.
مەبەستی ئەم شانۆیە سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵە دوای جەنگی سێ ساڵەی موسڵ، کە بە هۆیەوە زۆربەی ناوچەکانی موسڵ بە تایبەت لای چەپی مووسڵ بە تەاوی وێران بوو. هەروەها ئامانجێکی دیکەی شانۆگەرییەکە ئاشتەواییە لەنێوان پێکهاتەکانی موسڵ.
ئەنوار کازم | مامۆستا دەڵێ : کارێکی زۆر جوان بوو، رۆشنبیری ئەم شارەی بەبیرهێناینەوە. چیرۆکەکانی ئەم شارەی بەبیرهێناینەوە کە داپیرەکانمان بۆیان باسکردووین. ئەمە دەگوارێتەوە بۆ نەوەکانمان، من هەمیشە نەوەکانم لەگەڵ خۆم دەبەمە ئەم جۆرە چالاکییانە. هیوادارم مووسڵ دووبارە نوێبکرێتەوەو بەرەو باشتر هەنگاو بنێت.
ئەم شانۆگەرییە بێدەنگە جگە لە گەورەکان، سەرنجی منداڵەکانی بە تەواوی راکێشاوە، چونکە هونەرەکی تازیە لە شانۆگەری بێدەنگ، کە لە عێراق پێیدەڵێن شانۆگەری بووکەڵە کە لە موسڵ پێیدەڵێن (دوومە). پلانی گرووپەکە ئەوەی ئەم شانۆیە لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان نمایش بکەن.