چاوی رووداو - خزمەتکردنی رۆحە جوانەکانی سلێمانی

17 May 2024
چاوی رووداو - خزمەتکردنی رۆحە جوانەکانی سلێمانی

خزمەتکردنی رۆحە جوانەکانی سلێمانی
لە پارێزگای سلێمانی ژنێک هەیە بەناوی نگین محەممەد، ئەو ژنە ئاژەڵدۆستە و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپێکیان پێکهێناوە بۆ پاراستن و دەرمانکردن و خواردن پێدانی ئاژەڵە بێ خاوەنەکان، بەتایبەت سەگی بێخاوەن.

نگین کە ناوی لە ئاژەڵەکان ناوە رۆحە جوانەکانی سلێمانی، رۆژانە لەگەڵ هاوکارەکانی خواردن و دەرمان بۆ ئاژەڵەکان کۆدەکاتەوەو بۆیان دەبات.

نگین محەممەد دەڵێ : چەند ساڵیکە ئەوە ئیشمانە کە رۆژانە خواردن دابین ئەکەین بۆ رۆحە جوانەکان. کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکە زیاتر رۆحەکانیان پێ پاک  نییەیاخوود لێیان ئەترسن. ئامانجمان ئێمە رزگارکردنی خەڵکە لە دەست رۆحەکان هەم رزگارکردنی رۆحەکانیش لەدەست خەلک.

دیار حەسەن یەکێکی دیکەیە لە ئاژەڵدۆستەکان و لە گرووپەکەی نگین هاوکارە دەڵێ :لەم سرووشتە هەم گۆلی ئاومان بۆ کردوون هەم خواردنیان بۆ دابینکراوە. زیاد لە 150 بۆ 200 سەگ لە لۆفەی ئەزمەر تاوەکودۆڵە میران ئەو هەموو سەگە گۆلی ئاوی بۆ دانراوە هەموو رۆژێک ئەگەر تەنها  رۆژێکیش خواردنیان بۆ دەبەین.


گۆڵی مام شێخ لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 
لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ورمێ لە داڵانپەڕ، چەندین لوتکە چیای بەرز و گۆلی ئاوی سروشتی و رووبار و تاڤگەی سەرنجڕاکێش دەبینی، کە وەکو بەهەشتی سەر زەوی دەردەکەون.

یەکێک لە گۆلە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی گۆلی مام شێخە، کە دەکەوێتە بناری چیای بۆزی سینا، کە زیاتر لە 3 هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە. 

ساڵانە سەدان گەشتیار و شاخەوان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بەتایبەت لە وەرزی بەهار سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن.

مۆزەخانەی ئیسلاف لە قەرەقووش
قەرەقۆش یان بەغدێدا، ناوەندی قەزای حەمدانییەیە. ناوچەیەکە زۆرینەی مەسیحییە سریانییەکان تێیدا نیشتەجێن. دوای کۆنترۆلکردنەوەی و دەرکردنی ڕێکخراوی بەناو "دەوڵەتی ئیسلامی" داعش خەڵکی ناوچەکە کاردەکەن بۆ زیندووکردنەوەی میراتی کولتووری خۆیان و چاندنی لە دڵی نەوەی نوێدا.

ئەم هەوڵانە لەلایەن کۆمەڵێک ژنی قەرەقوشەوە سەرپەرشتی دەکرێن، کە بە ئیرادە کار بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆحانییەتی ئەم میراتە و تیشک خستنە سەر ڕەسەنایەتییەکەی.

غادە فەسیح – خاوەنی مۆزەخانەی ئیسلاف دەڵێ "دوای ئەوەی دۆخی ئێرە واتە بەغدێدەم بینی کە داعش هاتبوو، هەموو شتێکی جوانی لێرە لەنێو بردبوو، گوتم با ئەم شتانە کۆبکەمەوە وەک خۆشەویستییەک لە منەوە بۆ کەلەپوور، دەستمکرد بە کۆکردنەوەی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە بەغدێدەوە هەیە، لە شاڵگەردنەوە بگرە، تا دەگاتە فەرش و دەرگای دار بۆ ئەوەی لە لەنێوچوون بیانپارێزم. بەو شێوەیە لێرە دەستمپێکرد."

ئەگناتیوس ئوفی – قەشەیەکی ناوچەکەیە و دەڵێ "ناوچەکە رووبەڕووی داگیرکاری بووەوە. ئەو داگیرکارییەش زۆر شتی لەنێوبرد و زۆر شتی شکاند، ئەوەش وایکرد زۆر لەو مۆرک و هێمایانەی کە هەبوون لەنێوبچن. بەڵام دوای ئەوەی لە ئاوەرایی زۆرەملێ گەڕاینەوە،  کە سێ ساڵی خایەند، ژنان لە نێو کۆمەڵگەدارۆڵێکی گەورەیان بینی و کارەکانی وەک نەخشاندن و دوورمان و کارەکانی دیکەی دەستی گەڕانەوە، بە تایبەتیش ئەو شتانەی کە پەیوەستن بە کولتووری ناوچەکە. بۆیە رۆڵی ئەو ژنانە بەرزدەنرخێنین و هانیان دەدەین و داوا دەکەین بەرەوپێشبچێت و بەردەوامبێت بۆ ئەوەی میرات، کولتوور، دابونەریت و کۆمەڵگەکەمان بپارێزین."

خێزانێکی کوردی ئاژەڵدار لە کرگیزستان
لە کرگیزستان ژمارەیەکی زۆر کورد هەن کە زۆربەیان لە سەردەمی ستالین لە ناوچەکانی خۆیانەوە راگوێزراون بۆ کۆمارەکانی سەر بە یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو. کوردی کرگیزستان زۆربەیان لە گوندەکان نیشتەجێن و بە ئاژەڵداری و کشتووکاڵەوە سەرقاڵن. 

لە کرگیزستان باسی خێزانی رەسووڵ حەسەن دەکەین کە لە یەکێک لە گوندەکان نیشتەجێیە و خەریکی ئاژەڵدارییە. 

ئەم خێزانە لە ساڵی 1937 کۆچەری بوون، لە باکووری کوردستان بۆ دەچوونە کوێستانەکانی ئەرمینیا، کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، سنوورەکان داخران و نەیانتوانی بگەڕێتەوە، دواتر لەلایەن ستالینەوە راگوێزراون بۆ کرگیزستان.

نزیکەی 90 ساڵ بەسەر ئەم راگواستنەدا رۆیشتووە، لەکاتێکدا هیچ قوتابخانە و ناوەندێکی خوێندنی کوردی نییە، بەڵام منداڵەکانیان بەهەوڵی دایک و باوکیان بە کوردی قسە دەکەن.