چاوی رووداو - چیرۆکی سەرکەوتنی شەوق لە موسڵ

10 May 2024
چاوی رووداو - چیرۆکی سەرکەوتنی شەوق لە موسڵ

چیرۆکی سەرکەوتنی شەوق لە موسڵ

لە شاری موسڵ، کە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە، دوای جەنگی سێ ساڵەی عێراق خەڵکێکی زۆر لەم شارە بێکاربوون. هەروەها بەهۆی داب و نەریتی شارەکە کچان کەمتر ئەم دەبنە خاوەنکار.

شەوق عەلی، کچێکی گەنجی موسڵە، دوای ماندووبوونێکی زۆر توانی کۆمپانیایەکی چاپ و دیزایین دامەزرێنێ و ئێستا چەندین کارمەندی هەیە. 

شەوق دوای ئازادی موسڵ هیچ کارێکی نەبوو، بۆیە هەوڵیداوە کۆمپانیایەک دابنێ بۆ چاپکردنی لۆگۆی کۆمپانیا و شوێنەکانی فرۆشتن.

شەوق عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەسمە دەڵێ "سەرەتا زۆر زەحمەت بوو. یەکەمین بەربەست رازیکردنی خێزانەکەم بوو بەوەی کە ناچاردەبم بچمە دەرەوە و بڕۆمە کۆمپانیاکان، لە کاتێکدا هیچ پلەیەکی فەرمیم نییە و بە تەنیا دەڕۆمە کۆمپانیا گەورەکان و هەوڵدەدەم رازییان بکەم بۆ ئەوەی ناسنامەی بینراوی خۆیان بگۆڕن. زۆربەی خاوەن کۆمپانیاکان چاوپێکەوتنەکانیان دەکەونە شەوەوە، چونکە بەیانیان بە کاروباری دیکەوە سەرقاڵن. لەبەر هەندێ وردەکاری کاتی چاوپێکەوتنەکانیان زۆر درەنگ دادەنا. منیش وەک ژنێک زۆر پێم زەحمەت بوو، چونکە پێویست بوو هاوژین و خێزان و کەسوکارم رازیبکەم بەوەی ئەم شتە گرنگە. چونکە بە گرنگ نەیادەبینی."

ئەگەرچی ئەمە بۆ کچێک زەحمەتبوو، بەڵام بەهاوکاری باوکی و خانەوادەکەی توانی ببێتە خاوەنی کۆمپانیایەک و ئێستا چەندین کەس لە کۆمپانیاکەی کاردەکەن.

جلوس هانی عەلی، بەرپرسی فرۆشتن لە کۆمپانیای بەسمە دەڵێ "بە راستی رووبەڕووی زۆر زەحمەتی بوومەوە، چونکە کۆمەڵگەکەمان موسڵە،  کچ زانکۆ تەواو دەکات و لە ماڵ دادەنیشێت یان ئەگەر هەبوو کارێکی حکومی دەکات. خۆیان لە کەرتی تایبەت زۆر بەدوور دەگرن، کچی تێدا کارناکات، کەرتی تایبەت نییە، کاری تایبەت نییە، هیچ کچێک هەر پۆستێکیشی نییە. بە راستی هەرگیز چاکەی لەبیرناکەم. شەوق زۆر کاریگەریی لەسەرم هەبوو. بە پلە یەکیش کاریگەریی لەسەر ماڵەوەمان هەبوو، چونکە هەندێجار کارەکە وا دەخوازێت تا درەنگ بمێنمەوە و ئەو منی دەگەیاندەوە ماڵەوە. بێگومان ئەوەش وایکرد ماڵەوەمان پشتیوانی لە کارکردنم بکەن و بوونە هاندەر و پشتیوان بۆم."


گرووپی کێودۆستانی کوردستان
لە گەرمیان چەند گەنجێک گرووپێکیان پێکهێناوە بەناوی گرووپی کێودۆستانی کوردستان، کاری ئەم گرووپە گەرانە بەنێو شاخ و کێوەکانی کوردستان و تۆمارکردنی ڤیدیۆ و وێنەی ئاژەڵەکێوییەکان و پێشاندانیان بە هەموو جیهان.

نیعمەت مەلۆ سەرۆکی گرووپی کێودۆستان دەڵێ "گرووپەکەمان لە ساڵی 2018 دامەزراند، چونکە دەمانبینی لە گەرمیان و لە کوردستانیش بە گشتی مەترسی لەسەر ژینگە هەیە و ئاژەڵی کێوی راودەکرێن و دارستانەکان دەسووتێن، بۆیە گرووپەکەمان دامەزراند بۆ ئەوەی ژینگەی کوردستان بپارێزین و ئاژەڵەکان لە لەناوچوون بپارێزین".

نەجیب عومەر، ئەندامی کۆمەڵەی کێودۆستانی کوردستان دەڵێ "بەپێی ئامارەکان 80%ی گیاندارە کێوییەکانی وەکو ئاسک لە گەرمیان لەناوچوون، هۆکارەکەشی سروشتی و مرۆییە، راوکردنی هەڕەمەکی و هەروەها کەمبارانی و وشکەساڵی ساڵانی رابردوو، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی ئاسکەکان".


گۆڕی دەیڤد حەزانی پیاوچاکی جوو لە ئامێدی
ئامێدی یەکێکە لە قەزا جوان و سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان، لەم قەزایە گۆڕێکی کۆن و مێژوویی هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1560ی زایینی.
ئەمە گۆڕی پیاوچاکێکی جووە، کە پێیدەڵێن دەیڤد حەزانی، بە پیتی عیبری لەسەر گۆڕەکە چەند زانیارییەک نووسراوە،  دکتۆر فرسەت مەرعی مێژووناسی کورد دەڵێ "ئەمە گۆڕی دەیڤد حەزانییە، کە یەکێکە لە پیاوچاک و وەلییەکانی جوو لە ئامێدی، مێژووی ئەم پیاوچاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییەکان و ئەسکەندەری مەگدۆنی".
تاوەکو ئێستاش موسڵمان و مەسیحی سەردانی ئەم گۆڕە دەکەن و دووعا بۆ مرازەکانیان دەکەن.


پاڵەوانانی زۆرانبازی ئاسیا کوردێکی کرگیزستانە
دەزانی لە زۆربەی ئەو کۆمارانەی کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیێت بوون، ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. لە شاری بیشکەک لە کۆماری کرگیزستان. گەنجێک هەیە بەناوی ئیسماعیل حەسەنۆڤ، کە پاڵەوانی زۆرانبازییە لەو وڵاتە.

لەساڵی 2000 تاوەکو ئێستا گەنجانی کورد زیاتر لە 20 جار بوونەتە پاڵەوانی کرگیزستان و ئاسیا. ئیسماعیل حەسەنۆڤ تاوەکو ئێستا سێجار بووەتە پاڵەوانی ئاسیا و هەروەها کرگیزستانیش. ئەو ئاواتی ئەوەیە کە دەوڵەتێکی کوردی هەبێت و بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکات.