مەلا بەختیار: "لە هەڵبژاردن دەترسین"

مەلا بەختیار: "لە هەڵبژاردن دەترسین"

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەگەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بیەوێ کۆنگرەی پێنجەمی وەکو کۆنگرەی چوارەم بێت، "نەکردنی  باشترە". دەشڵێت؛ "کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی دەبێت ژووری بووژانەوە بێت بۆ رزگارکردنی یەکێتی".
 
رۆژی دووشەممە، 21ـی ئابی 2023 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بەرنامەی بێستوون تۆک بوو کە لەلایەن بێستوون عوسمانەوە بە ئامادەبوونی خوێندکارانی زانکۆ پێشکێشیکرد.
 
"لە هەڵبژاردن دەترسین"
 
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەمجارەیان لە هەڵبژاردن دەترسین، زۆر لە خەونە جوانەکانی میللەتەکەمان کە دەبوو لەدوای راپەڕین بێنەدی، کەمتەرخەمی تێدا کرا و ئەم کەمتەرخەمییە حیزبەکانی کوردستان دەترسێنێت، هیوام وایە، ئەو ترسە ببێتە مایەی ئەوەی سەرلەبەری سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان بگۆڕێت و بەرنامە و بڕیاری حیزبەکان لە قۆناخی رابردووەوە بگوازرێتەوە قۆناخی هاوچەرخ و پێشکەوتووی دیموکرات و دادپەروەرانە".
 
مەلا بەختیار پێیوایە؛ "ئەگەر حیزب لە رەخنەکانی خەڵک نەترسێت، جا ئەو حیزبە یەکێتی بێت یان پارتی، ئەم بێباکییەیان خراپ دەبێت، ترسان لە ناڕەزایی و رەخنەی خەڵک قاڵبوونەوەیە لە خەبات، بۆیە ترسان بە واتای شکان نییە، بەڵکو بەو واتایەیە میللەتەکەمان بە چاوێکی کراوە سەیرمان دەکات، بۆیە دەبێت رەخنەکانیان قبوڵ بکەین و ئەگەر هەڵەمان کردبوو، دانی پێدا بنێین".

پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
 
مەلا بەختیار، لەبارەی ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسیانەی پێشبینی دەکرێت رووبەڕوویان ببێتەوە، گوتی؛ "لەدوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن رژێمی بەعسەوە، پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە تاوەکو ئێستا ئەو نیگەرانییە قووڵەی تێدا نییە، کە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی ترسناک، کە پشتمان بەربدرێت، واتا نیگەرانییەکە بەو ئاستە نییە، کە پڕوپاگەندەی بۆ بکرێت".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "تائێستا باشووری کوردستان بەشێکە لەو سیاسەتە پێویستییەی کە بۆ عێراق و ناوچەکە دانراوە و دەستووریش لە عێراقدا مافی فیدراڵیی بۆ کورستان سەلماندووە، کاتێک دەستوورێک بە هەمیشەیی دەکرێت، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی قبوڵ دەکرێت، بۆیە ئەو مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام نیگەرانی هەیە لەلایەن دەوڵەتانەوە بەرامبەر کێشەکانی ئێستای کوردستان".
 
مەلا بەختیار روونیدەکاتەوە؛ "نیگەرانییەکان بەرامبەر یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگە، گرتن و کوشتنی رۆژنامەنووس، کێشە ئابوورییەکان، کێشەی هەرێمی کوردستان و بەغدا و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، هەموو ئەوانە نیگەرانییان لای دۆستەکانمان دروستکردووە".
 
پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران
 
مەلا بەختیار بەدووری دەزانێت جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا بگەڕێتەوە پێش روخانی رژێمی بەعس و دەڵێت؛ "تورکیا و ئێران نەیانتوانی لەو چوارچێوە نێودەوڵەتییەدا، وەکو پێش داگیرکردنی کوێت هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەی کورد لە باشووری کوردستان بکەن، پێش ئەو رووداوە، وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات کە کوردستانیان لەنێودا دابەشکراوە، کۆ دەبوونەوە بۆ ئەوەی چۆن لەناومان ببەن و بمانتاسێنن".
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ "دوای داگیرکردنی کوێت کە بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کورد دەرچوو، تورکیا و ئێرانیش وەکو جاران لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکەدا دانەدەنیشتن بۆ لەناوبردنمان، بەتایبەتی لەدوای رووخانی سەدام حوسێن، عێراق خۆی دانی بە فیدراڵیدا نا، واتا یەک لەو دەوڵەتانەی پێش رووخانی سەدام دادەنیشت بۆ ئەوەی ئێمە لەناوبەرێت، خۆی دانی بە فیدراڵیدا نا و کوردیش دەورێکی گەورەی هەبوو لەوەی عێراق دروستببێتەوە".
 
مەلا بەختیار باس لە پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا دەکات و پێیوایە؛ "لەدوای ساڵی 2003ـوە ئێران لە روانگەی سیاسەتی خۆیەوە، مامەڵەیەکی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی وردتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و تورکیا لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکی گونجاوی لەگەڵ عێراق و کوردستان هەیە و ئەمساڵ تاوەکو ئێستا شەش ملیار و 400 ملیۆن دۆلار قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بووە، لەکاتێکدا قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران نیوەی ئەو ژمارەیە".
 
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە؛ "من ئەو ترسە گەورەم، کە نییە تورکیا و ئێران وەکو سەردەمی عوسمانی و سەفەوی بێنە سەرمان، بەڵام لەوە دەترسم خۆمان کێشەکانمان چارەسەر نەکەین و ئەو پاساوەی کەوتووەتە دەست ئەوان و خەڵکێکی دیکەش بۆ ئەوەی دژایەتیمان بکەن، ئەگەر ئەو پاساوانە لای ئەوان لاواز نەکەین، زەرەر دەکەین".
 
"نەمانتوانی خەونەکانی سەردەمی راپەڕین بەدی بهێنین"
 
مەلا بەختیار ئاماژە بەو شۆڕشانە دەدات کە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دیموکراسی خەباتیان لە دژی دیکتاتۆری کردووە، بەڵام کاتێک هاتوونەتە سەر دەسەڵات، خۆیان لە پیادەکردنی دیموکراسیدا شکستیان هێناوە و دەشڵێت؛ "یەک لە گەورەترین عەیبەکانی بەرەی کوردستانی و بەتایبەت یەکێتی و پارتی ئەوەبوو کە شەڕی ناوخۆیان کرد".
 
بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدارە؛ "لە راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا 32 ساڵە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین، دەپرسم ئایا لەو ماوەیەدا توانیومانە هەموو خەون و بەڵێنە جوانەکانی شاخ بەدی بهێنین، بە بۆچوونی من نەمانتوانیوە" و دەشڵێت، "وڵاتێکی وەکو سەنگاپوور کە نە نەوتی هەیە و نە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی سروشتی، بەڵام لە 30 ساڵدا بووە نموونەیەکی هەرە جوانی پێشکەوتوو لە دیموکراسی و ئابووریدا، بەڵام ئێمە لەدوای 32 ساڵ حوکمڕانی نزیکەی 40 ملیار دۆلار قەرزدارین".
 
وەکو مەلا بەختیار ئاماژەی پێدەدات؛ "یەکەم سێکتەر کە تێیدا سەرنەکەوتین، ستراتیژیی ئابووری بوو، لە تورکیا رێککەوتنی 50 ساڵەمان کۆتایی پێهات، دادگای پاریس ئەو سیاسەتە نەوتییەی گرتوومانەتەبەر و گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی قبووڵ نەکرد، دەبینین ئێستا عێراق وردە وردە مەرجەکانی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، نەک نەوت، بەڵکو داهاتی نانەوتی ئێمەشی دەوێت، شکستی ئەو سیاسەتەش لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەرکەوتەی خۆی دەبێت".
 
"نێچیرڤان بارزانی شای ئوردنی هێنایە سەرهێڵ"
 
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەو کاتە دەکات کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووبووە ئوردن و ئەڵمانیا و دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شای ئوردنی هێنایە سەر هێڵ و خێرا فریای کەوتن.
 
مەلا بەختیار دەڵێت؛ "کاک نێچیرڤانم لە وەفادا، بۆ خزمەتکردنم لەکاتی لێقەومان، گەیاندە ئاستی مام جەلال، لای من مام جەلال پیاوێکی زۆر گەورەیە، ئەگەر ئێستا باسی وەفای مام جەلال بکەم تا دوو رۆژی دیکە تەواو نابێت، بەڵام من لە میحنەتێکدا، دەردەدارکرابووم، وەکو پزیشکەکەم لە ئەڵمانیا پێیگوتم، ئەگەر 10 رۆژی دیکە دواکەوتبام، کۆتاییم پێدەهات".
 
بە گوتەی مەلا بەختیار؛ "لەوکاتەدا کاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگی منی زانی و دۆخەکەمی لێکدایەوە، یەکەمجار لە ئوردن زوو فریام کەوت و شای ئوردنی هێنایە سەر هێڵ و ئەوانیش لە ئوردن فریام کەوتن و 30 دەرزییان پێدام تا دەگەیەنرێمە ئەڵمانیا، ئەو دەرزیانەش بۆ ئەوە بوون ژەهرەکە نەگاتە مێشکم تووشی جەڵتەم بکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت؛ "لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بەناوی ڤیڤان 16 رۆژ نەشتەرگەرییان بۆ کردم، هەموو رۆژێ شەش سەعات لە ژووری نەشتەرگەری بووم، پیاوێکی وەکو کاک نێچیرڤان لە رۆژێکی ئاوادا بەدەممەوە دێت، لای من لوتکەی وەفایە".
 
یەکێتی و رەوتی سەلەفی
 
خوێندکارێکی ئامادەبووی بەرنامەکە رەخنەی ئەوەی لە یەکێتی گرت کە سەرباری ئەوەی حیزبێکە باوەڕی بە سیکولاریزم هەیە، پاڵپشتی رەوت و کەسایەتییە سەلەفییەکان دەکات و پۆستیان پێدەدات و تەنانەت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوای لە رێکخستنەکانی لە سنووری رانیە کردووە دەنگ بە بەربژێرێکی سەلەفی بدەن و بەربژێرەکە ئێستا بووەتە پەرلەمانتار.
 
لەو بارەوە، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەدا کە سیستمی سێکیولاریزم "دژایەتی دین ناکات و زیاترین ئازادی بۆ دین لەو سیستمانەدایە کە سیکۆلارن" و دەشڵێ؛ "ئەگەر یەکێتی یان سەرۆکی یەکێتی چاوەڕوان بێت سەلەفییەکان دەنگ بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە، لەو میحنەتەی میللەتەکەمان و لەو تەنگوچەڵەمەیەی یەکێتی تێیکەوتووە، رزگاری بکات، بەهەڵەچووە، چونکە ئەستەمە سەلەفی دەنگ بە حیزبێکی عەلمانی بدات".
 
"ئێستا گەندەڵەکان لە کوردستان بێژمارن"
 
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە ئەگەر یەکێتی و پارتی لەماوەی حوکمڕانییاندا 10 گەندەڵکاریان بە ئاشکرا دادگایی کردبا، "ئێستا ژمارەی بەرپرسە گەندەڵەکان لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە بێژمار نەدەبوو".
 
مەلا بەختیار دەڵێت؛ ئێستاش لەسەر ئەو قسەیەی خۆم سوورم و گوتومە گەندەڵەکان لە نەوتەوە تاوەکو جەوت دەدزن، ئەوەندەی بزانم، گەندەڵکاران چڕووکن و ناوێرن پارەکانیان بخەنە بانک و رەنگە ئێستاش بەشێکی زۆری پارەکانیان لە ژێرزەمینەکاندا شاردبێتەوە". 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت؛ پڕوپووچترین سەرکردە سیاسییەکان، گەندەڵەکانی کوردستانن. یەکێتی و پارتیش تاوەکو ئێستا 10 گەندەڵیان بە ئاشکرا دادگایی نەکرد، ئەگەر 10 بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر ئەوەیان کردبا، ئێستا ژمارەی گەندەڵەکان نەدەگەیشتە بێژمار".
 
16ـی ئۆکتۆبەر
 
مەلا بەختیار لەبارەی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دەڵێت: "بەرپرسیاریەتی ئەو رووداوە لە ئەستۆی بەشێکی یەکێتییە و ناکەوێتە سەر شانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە" و باس لەوە دەکات کە "ئەو کەسانەش نەک سزا نەدران، بەڵکو لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیشدا کودەتایان بەسەر ئەوانی دیکەدا کرد".
 
وەکو مەلا بەختیار ئاماژەی پێدەدات؛ "سێ رۆژ دوای 16ـی ئۆکتۆبەر گوتم ئەوە کەتنێکی ستراتیژی بوو لە کوردستان کرا، کاک کۆسرەت گوتی ئەمە لاپەڕەیەکی رەش بوو لە مێژوودا، بە کورتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەرپرس نەبوون لە رووداوی 16ـی ئۆکتۆبەر، حەز ناکەم ناوی کەس بهێنم، بەڵام ئەوانە لێی بەرپرسن کە کردیان و هەتا هەتایە بەرپرسیارێتی ئەو رۆژەش هەڵدەگرن".
 
لەبارەی سزادانی ئەوانەی بەرپرسبوون لە رووداوی 16ـی ئۆکتۆبەر، مەلا بەختیار دەڵێت، "نەک سزا نەدران، بەڵکو لە کۆنگرەی چوارەمدا کودەتاشیان کرد و یەکێتییان کۆنتڕۆڵکرد".
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
 
بڕیارە 27ـی ئەیلوولی ئەمساڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی ببەستێت، مەلا بەختیار دەڵێت: "ئەگەر بڕیاربێت ئەم کۆنگرەیەش وەکو کۆنگرەکەی پێشوو بێت، نەکردنی باشترە، بەڵام ئەگەر بەر لە کۆنگرە کۆببینەوە و بچینە نێو بنج و بناوانی کێشەکان و چۆنیەتی رێکخستنەوە و رێککردنەوەی یەکێتی و دواتر لە کۆنگرەدا بڕیار لەسەر ئەو رێککەوتنانە بدرێت، ئەوە کۆنگرەیەکی باشە".
 
مەلا بەختیار پێیوایە؛ "کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی یان دەبێت ژووری ئینعاش بێت، یان نەکرێت باشترە، ژووری ئینعاش بێت بۆ رزگارکردنی یەکێتی" و بۆ خۆپاڵاوتنی لە کۆنگرەی یەکێتیش، گوتی: "من بەش بە حاڵی خۆم لە بەرپرسیارێتی تێرم خواردووە، لە تەمەنی 21 ساڵییەوە کە سەرکردایەتی کۆمەڵە بووم، تاوەکو ئێستا من بەرپرسیارێتیم لە یەکێتیدا هەبووە و قەتیش ئەوە خەمی من نییە کە ئایا سەرۆکی یەکێتی ببم یان نا".
 
مەلا بەختیار گوتی؛ "تەنیا خەمم ئەوەیە حیزبەکەم ببێتەوە حیزبێکی سۆسیال دیموکراتی مۆدێرن و دنیایی و جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکانی بەرامبەر پارتی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکە بپارێزێت، ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو من قبوڵم نابێت و بەشداری کۆنگرەی یەکێتیش ناکەم".
 
کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف
 
لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف لەنێو شاری هەولێر، دادگای کەتنی هەولێر رۆژی 4ـی حوزەیرانی ئەمساڵ فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەرکرد و ئەو بڕیارە بووە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
 
مەلا بەختیار دەڵێت، "من خەفەت لەو کێشانە دەخۆم کە لەنێو یەکێتی و لە هەموو هەرێمی کوردستاندا هەیە، کوشتنی مرۆڤ بە هەموو شێوەیەک بە تاوان دەزانم، تەنانەت تاوانباریش تاوەکو دادگا بڕیار لە تاوانباربوونی نەدات، ئەگەر ئازار بدرێت، بە تاوانی دەزانم".
 
مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەدات کە یەکێتی داوای لیژنەیەکی بێلایەنی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە کردووە و دەشڵێت؛ "من لەگەڵ کاک مەسرور دانیشتووم و گوتوومە ئەو لیژنەیە دروستبکرێت باشە و لە زانکۆی ئەمریکی دهۆکیش گوتم با ئەو لیژنەیە زوو دروستبکرێت".
 
هەر لەسەر ئەو پرسە، رۆژی  19ـی نیسانی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب کە سەر بە کۆمکاری عەرەبییە داواکارییەکی ئاراستەی ئینتەرپۆل کرد کە تێیدا هاتبوو؛ "لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی کۆماری عێراق، داواکارین بگەڕێن بە دوای وەهاب هەڵەبجەیی، کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و دۆمینیکایە و لە کاتی دۆزینەوەی رابگیرێت بەمەبەستی گەڕاندنەوەی." 
 
مەلا بەختیار لەبارەی ئەو بڕیارەی کۆمکاری عەرەبی دەڵێت؛ "ئەگەر کۆمکاری عەرەبی بەڵگەکانی لا سەلماوە و وەهاب بەرپرسیارێتی ئەو کارە هەڵدەگرێت و بەڵگەکان سەلماون، پێویستە ئەوانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بەڵگانە پێکبهێنن" و گوتیشی؛ "ئەو کێشەیە بەم بابەتانە چارەسەر ناکرێت، ئەمە گرێکوێرەیەکە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، من بەرگریش لە وەهاب ناکەم و تەنیا شینم بۆ ئەوەیە، ئەو جۆرە کێشانە یەکێتی و پارتی زیاتر لەیەک دوور دەخاتەوە".
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران. 
 
ئەفسەرەکەی دژەتیرۆری یەکێتی ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بوو لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر نیشتەجێبوو، خێزاندار و باوکی 2 منداڵ بوو. عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف، بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام نزیکەی 7 مانگ پێش کوشتنی، وازی لە کارەکەی هێنابوو.
 
جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی
 
مەلا بەختیار لەبارەی زیادکردنی خاڵێک لە بودجەی گشتی عێراق سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کە یەکێتی داوای کردووە "ئەگەر لە دابەشکردنی بودجەی هەرێمی کوردستاندا ستەم لە سلێمانی بکرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستوەردان بکات" دەڵێت، "من لەگەڵ زیادکردنی ئەو بڕگەیە نیم و پشتگیری ناکەم".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە؛ "یەکێتی ئەگەر زۆر لەوە زیاتریش رەخنەی هەبووایە، دەبوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە" و دەشڵێت؛ "هەر جۆرە رێککەوتنێکی هەر لایەنێک لەگەڵ بەغدا، بەدەر لە ریزی یەکگرتووی کوردایەتی، لادانە لە کوردایەتی".
 
"نەوەی نوێ دەنگەکانی زیاد دەکات"
 
مەلا بەختیار پێیوایە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەرجەم حزبەکان بە یەکێتی و پارتیشەوە دەنگەکانیان کەمدەکەن و باس لەوەش دەکات، کە نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی دروشم و رەخنەکانی جێگەی سەرنجی بەشێک لە هاووڵاتییانە، ئەمجارەیان رێژەی دەنگەکانی بەرزدەبێتەوە.
 
مەلا بەختیار دەپرسێت: "لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمان، حیزبەکانی دیکە کامە لەو بەڵێنانەیان هێناوەتە دی، کە بە خەڵکی کوردستانیان داوە، ئاخۆ توانیویانە مووچەی پاشەکەوت بگێڕنەوە، یان توانیویانە دۆخی گوزەران و ئابووری خەڵک بگۆڕن؟ ئەوەتا بۆ سێ مانگ دەچێت، هێشتا مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانیان داوە، ئەی خەڵک بەو شێوەیە چۆن دەنگیان پێبدات؟".