بێستوون تۆک - محەممەد شیاع سوودانی

بێستوون تۆک - محەممەد شیاع سوودانی

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق میوان بوو لە بەرنامەی بێستوون تۆک کە لە بەغدا و لەلایەن بێستوون عوسمان پێشکێش کرا.
 
لە بەرنامەکەدا، خوێندکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پرسیاریان لە سەرۆکوەزیران کرد و ئەویش گوتی، ئامادەیە بۆ هەموو پرسیارێک و بە کراوەیی وەڵامیان دەداتەوە.
 
ئەو تەوەرانەی سوودانی لەبارەیانەوە قسەی کرد: بودجە، یاسای بودجە، مووچە، قەرزی مووچە، کێشەکانی وڵات، حکومەتەکانی پێشوو، مادەی 140، سەرژمێریی، هەڵبژاردن، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، یاسا بەرکارەکان، یاسای میلاکات، هێزە سیاسییەکان، کارنامەی حکومەت، سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، ئەرکی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داهاتی نەوت و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
بەر لەوەی هەموو گوتەکانی سوودانی بخوێنیتەوە، هێشتا دەتوانی لە خوارەوە سەیری بەرنامەکە بکەیت:
 
دەقی بەرنامەی بێستوون تۆک بە میوانداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
بێستوون: سڵاوتان لێبێت و بەخێر بێن، هەرهەموومان کۆبووینەتەوە لە زانکۆی بەغدا، کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی بێستوون تۆک تۆمار بکەین، ئەمڕۆ بەرنامەیەکی تایبەتی بێستوون تۆک تۆمار دەکەین، تایبەتە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ هەموو کوردستان لێرەیە، جارێکی دیکە هەڵەبجە هاتووەتەوە بەغدا، هەولێر و سلێمانی و دهۆک و سۆران و  هەڵەبجە جارێکی دیکە گوتمەوە هەر هەمووی، راپەڕین لێرەیە، و کوڕان و کچانی کوردستان ئەمجارە، کوڕان و کچان و گەنجانی بەسڕە و کوفە و عەمارە و ئەنبار و موسڵیان لەگەڵ خۆیان هێناون، ئەڵقەیەکی تایبەت لەبەر ئەوەی بەرنامەیەکی کوردستانی و میدیایەکی کوردستانی ئەو دەستپێشخەرییەی کردووەو بووەتە بە چەتری کۆکەرەوە بۆ هەموو گەنجانی عێراق بە کوردستانەوەو بە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، ئەلقەیەکی زۆر زۆر تایبەت لەبەر ئەوەی کەسەی پاش کەمێکی دیکە لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشێت خۆشەویستان لە ترۆپی هەرەمی دەسەڵاتدایە لەم وڵاتەی کە ئێمەی تێیدا دەژین، دڵنیام ئێوە هەر هەمووتان پرسیارتان هەیە، ئەڵقەیەکی تایبەت لەبەر ئەوەی کە لێرەیە لە بەغدا، ئەو شارەی کە بۆ چەند سەدەیەک یەکێک بوو، نەک یەکێک بوو، بەڵکو گەورەترین شاری هەموو جیهان بوو، گەورەترین شاری هەموو دونیا بوو، لەهەمان کاتدا سەرچاوەی بەرهەمهێنای مەعریفە و زانست بوو  بۆ هەموو جیهان، ئەمڕۆ ئێوەش کۆبوونەتەوە بۆئەوەی لە راستیا نوێگەرییەکی نوێ لەم شارەدا بکەن و نوێگەرییەک کە هەرهەمووتان سبەی شانازی پێوەدەکەن، لەبەر ئەوەی وابزانم ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی میدیای عیراقیدا شتێکی وا رووبدات، کە گەنجانی وڵاتەکە لە کوردستانییەوە تاوەکو بەسڕە کۆببنەوە بەبێ ئەوەی هیچ سنوورێک و هیچ قەید و مەرجێک هەبێت بتوانن پرسیار لەکەسێک بکەن کە لە هەرەمی دەسەڵاتدایە، لەگەڵ مندا ئێوەش پێشوازی لە میوانەکەم بکەن، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ئێوە مێژوو دەنووسنەوە، ئامادەن ئێوە مێژوو بنووسنەوە؟ ئەگەر ئامادەن چەپڵەیەک لێبدەن...
ئێستاش بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەشریف دەهێنێت بۆ هۆڵەکەمان...
 
سوودانی: سەلام و عەلیکوم
 
بێستوون: بەخێربێی
 
سوودانی: بەخێربێی.. ئەم وشەیە دەزانم
 
بێستوون: بەخێربێی، بەخێربێی سەر سەر و سەرچاو، دەولەت ئەلرەئیس (اللە بلخیر)
 
سوودانی: اللە بلخیر
 
بێستوون: هەستی جەنابت چۆنە لەبەردەم ئەم قوتابیانەدا کە لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە و لە کوردستانەوە هاتوون.. پێموایە هەمووشیان پرسیاری قورس و بەهێزیان هەیە، وایە؟
 
سوودانی: ئامادەین.. بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.. سەرەتا سوپاس بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەم هەلەی رەخساند بێمە بەرامبەر رۆڵەکانمان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم دیدارە راستەوخۆ و راشکاوانەیە. بێگومان پرسە و سەرەخۆشیم ئاراستەی گەلی خۆمان لە هەرێمی کوردستان دەکەم بەهۆی ئەو رووداوەی لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی قوتابیان لە شاری سۆران لە هەولێر روویدا. درود بۆ گیانی قوتابیان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم. ئەمە بەڕاستی هەنگاوێکی زۆر گرنگە و وەکو خۆم زۆر لێی ئاسوودەم کە لاوانی ئێمە لە کوڕان و کچان و لە سەرانسەری ولاتەوە هاتوون و لە گفتوگۆ و دیدارێکدا کۆدەبینەوە، زۆر گرنگە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە بەرامبەر سەرۆکی حکومەت دانیشتوون بۆئەوەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەین نە تەنیا دەربارەی کێشەکانی گەنجان، بەڵکو دەربارەی هەموو کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئێوە بەشێکن لەم وڵاتە و بۆتان گرنگە بزانن سیاسەتی وڵاتی خۆتان و پلانەکانی بەجۆرێک بن ئێستا و ئایندەی وڵاتەکەمان مسۆگەر بکات پشتیوان بەخوا.
 
بێستوون: بێگومان جەنابی سەرۆک لەم بەرنامەیەی ئێمەدا، سروشتی بەرنامەکە وایە کە قوتابیان ئازادیی تەواویان هەیە پرسیار دەربارەی هەرشتێک بکەن بەبێ هیچ قەید و بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەخت، من پێمگوتوون، بەڵام پێموایە هەندێکیان هەتا ئێستاش تەواو دڵنیا نین، دەیانەوێ ئەو دڵنیاییە لە زاری جەنابتەوە ببیستن کە دەتوانن هەموو جۆرە پرسیارێک بکەن و هیچ شتێکیش روونادات.
 
سوودانی: بەپێچەوانەوە دەمەوێ گوێم لە هەموو پرسیارەکانیان بێ. ئێمە لێرە دانەنیشتووین چەند کەسێکمان هەڵبژاردبێ و پرسیارمان بۆ دانابن، نەخێر ئەم قسەیەم بۆ هەمووانە ، هەر پرسیارێک لە مێشکی هەر کەسێکی ئەم هۆڵەدایە ، با بفەرموون و ئامادەم وەڵامیان بدەمەوە.
 
بێستوون: سوپاس، من بە زمانی کوردی بەردەوام دەبم و ئەگەر جەنابیشت بتوانی هێدفۆنەکە لە گوێت ببەستی، ئەمە جەنابی سەرۆکوەزیرانە بەڵێنی پێدان کە هەرچی پرسیارێکتان هەبێت دەتوانن بیکەن بە ئازادی، لەبەر ئەوەی هەرچی پرسیارێکتان هەیە دەتەوانن بیکەن ، بێگومان لەبەرئەوەی کە زمانی کوردی یەکێکە لە دوو زمانە فەرمییەکەی عێراق بەپێی دەستوور من لێرە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابتان یەکێک لە بڕگەکانی دەستوور جێبەجێ دەکەم کە هەم زمانی کوردی هەم زمانی عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتەکەن، لەگەڵ هەموو خوێندکاران دەستپێدەکەین و بزانین کێ قورسترین پرسیاری پێیە، لە کوێوە دەستپێبکەین ؟ ئەولەویەت بدەین بە چ پارێزگایەک.
 
سوودانی: با سەرەتا لە هەرێمی کوردستانەوە بێت کە هەنگاوەکەیان ناوە.
 
بێستوون: زۆر باشە فەرموو، مایکەکان زۆر بەپەلە دەبێت بگەن.
 
محەممەد سابیر، خوێندکار: سەرەتا زۆر زۆر بەخێرهاتنت دەکەم ، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی من محەممەد سابر یاسین، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزیم لە زانکۆی ئاکرێ لە ناحیەی کەلەکچی لەناوچە دابڕێنڕاوەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە من لە ناحیەی کەلەکچیم سەر بە قەزای شێخانە کە بە عەرەبی پێیدەگوترێ ئيسفنێ، لەسەر سنووری موسڵم لێرەدا ئێمە لەنێوان دوو دەسەڵاتداین دەسەڵاتی ناوخۆ و دەسەڵاتی عێراق، بۆ نموونە من دەرچووی زمانی ئینگلیزیم یەکێک بووم لە ئەوائیلەکانی سەر بەشەکەم، ئێستا هیچ شتێکم نییە نازانم یانی داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی بکرێم بە ماموستا نییە ، یاخود داوا لە موسڵ دەکەم کە بمکەن بە مامۆستا بەهەمان شێوە نییە، لەم نێوانەدا ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان چیبکەن؟ تێبینییەکی دیکەش...
 
بێستوون: یەک پرسیار تکایە، هاوڕێیان تکایە هەریەکێکتان یەک پرسیار بکەن بۆ ئەوەی کەڵک لەکاتەکە وەربگرین، زۆر زۆر سوپاستان دەکەین.
بێستوون: فەرموو بەڕێز سەرۆکوەزیران.
 
سوودانی: مەسەلەی مادەی 140 و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەمە دەستەواژەکەیەتی، مادەیەکی دەستوورییە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە ساڵی 2005 بڕیاری لەسەر دراوە و چەند لیژنەیەکی بۆ پێکهات، بۆ جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک دانراوە. بەداخەوە حکومەتەکانی پێشوو، هەروەها ئەو لیژنانەی پێکهاتن نەگەیشتنە ئەنجامێک. ناکۆکییەکیش هەبوو دەربارەی ماوەی کارایی ماددەکە و ماوەی جێبەجێکردنی. کاتی خۆی لەیادمە تەنانەت ناکۆکی کەوتە نێوان ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی حکومەت دەربارەی ئەوەی مافی کێیە بڕیارەکانی مەجلیسی هەڵوەشاوەی قیادەی سەورە چارەسەر بکات. کەواتە کێشەیەک هەبوو. لە کارنامەی حکومەتی ئێمەدا ئەمە هاتەوە بەرباس و گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەر کرا. دواجار رێککەوتین لەسەر ئەوەی لیژنەکە پێکبێتەوە و دەست بکەینەوە بە سەرفکردنی ئەو قەرەبووانەی کە دواکەوتبوون، پاشان هەنگاوی دواتر دەستبکەین بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دیکەی کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە، رەنگە لە هەمووشیان گرنگتر سەرژمێریی دانیشتووان بێت. بڕیار وابوو ئەو سەرژمێرییە لە ساڵی 2023 دا بکرێ، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دواخرا بۆ مانگی ئایاری 2024. پێموایە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە.
 
بێستوون: واتە ئێمە لە تێرمی جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی مادەی 140 دەبینین؟
 
سوودانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئەوە شتێکە حکومەت پێوەی پابەندە، بەڵام بۆئەوەی روون بین، بەشە گەورەکەی دابەش دەبێت لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆی ئەمە پاکێجێکی تەواوە پێکەوە، دەبێ هەموویان جێبەجێ بکرێن ئینجا ماددەکە وەکو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ بکرێت.
 
بێستوون: جەنابت بەوە ناسراوی کە زۆر خێرای لە کارکردن و لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لەسەر شانتە وەکو سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆش هەر لێرەدا لەگەڵ جەنابت یەکێک لە بڕگەکانی دەستوورمان جێبەجێکرد کە هەم کوردی و هەم عەرەبیش زمانی فەرمی ئەم وڵاتەن، دەڵێم نوخشە بێت لە ماددەی 140یش جەنابت بتوانی ئاوا لەوکاتەدا کە پێویست دەکات جێبەجێی بکەن.
 
سوودانی: من لە یەکێک لە دیدارەکاندا لە هەولێر پێموایە، کۆنگرەیەک بوو، گوتم کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە دەستەواژەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بهێنین لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەم شتە کە لەگەڵ هەموو حکومەتەکاندا هاتووە، ئیدی هەنگاو بەرەو دەرفەتەکانی ئایندە بنێین کە زۆرن و هەموو سووچ و قوژبنێکی ئەم وڵاتەوە پێکەوە دەبەستنەوە. ئێمە نیەتمان وایە کۆتایی بەو دۆسیە بهێنین و لەو بەشەیدا کە ئەرکی سەرشانی حکومەتە، هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە دەگرینە بەر.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبێ، پرسیارێک با لە بەغداوە وەربگرین، تەنیا با دەستی ئەوانەی بەغدا ببینم فەرموو، بەڵێ.
 
هەمزە ئەحمەد، خوێندکار: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. قوتابی حەمزە ئەحمەد نیزام لە زانکۆی بەغدا، قۆناغی چوارەمی بەشی زانستە سیاسییەکان. بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران سڵاوێکی گەرم بۆ تۆ . بەناوی قوتابیانی زانکۆی بەغدا بەخێرهاتنت دەکەین و سڵاوی مامۆستایانی بەشی زانستە سیاسییەکانت پێدەگەیەنم . لە حکومەتی بەڕێزتدا لاوازییەکی زۆر لە نوێنەرایەتیی تورکمان هەیە. تەنیا یەک بریکاری وەزیر لە کابینەکەی بەڕێزتدا هەیە کە ئەویش بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەیە. پێتوایە ئەم نوێنەرایەتییە رەنگدانەوەی قەبارەی تورکمان و قوربانیدانێتی لە سەردەمی رژێمی پێشوو، هەروەها لە پاش ئازادکردنی عێراق و قەبارەی ئەو پێکهاتەیە و رەسەنایەتییەکەی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا؟ سوپاس.
 
سوودانی: حکومەتی ئێمە حکومەتێکی هاوپەیمانییە. حکومەتی هاوپەیمانی هەموو ئەو لیستانە و ئەو قەوارانە لەخۆدەگرێ کە لە هەڵبژاردن سەرکەوتوون و نوێنەرایەتییان دەبێت. لەکاتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتدا، قسەیەک هەبوو لەسەر ئەوەی ئایا وەزارەتێک تەرخان بکەین بۆ پێکهاتەی تورکمان بەشێوەیەکی راستەوخۆ، یاخود ئەو قەوارانەی کە هەن و لە هاوپەیمانیی دەولەتدا پێکهاتن لەسەر ئاستی سەروەری و چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟ تورکمان لە هەردوو قەوارەکەشدا نوێنەریان هەبوو، لە پەرلەمانتاران. دواتر بڕیارەکە وا کەوتەوە کە نەخێر لەنێو هەر قەوارەیەکدا، بەڵام کاتێک پاڵێوراوەکان پێشکەش کران، سەیرمان کرد هیچ نوێنەرێکی ئەوانی تێدا نییە. من داواشم کرد. داوام کرد لە دوایین... لەیادمە لە دوایین کاژێرەکاندا، گوتمان وەزیرێکی دەوڵەت، گوتیان نەخێر ئەوە دەرگایەک دەکاتەوە.. هێزە سیاسییەکان خۆت دەزانی کەسی راسپێردراو کابینەی وەزارەتی خۆی دەخاتە ڕوو، پاشان چاوەڕێ دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێ. ئەگەر قەوارە سیاسییەکان لەوێ لەسەر پێکهاتەی کابینەکە رێکنەکەون ئەوە مانای وایە پرۆسەی دەنگدان تووشی ئاستەنگ دەبێ، بەڵام ئێمە بەڵێنمان دایە برایانی تورکمان لە دەستە سەربەخۆکاندا چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین و هەروەها لە پۆستەکانی دیکەشدا، لە بریکارەکان و لە راوێژکارەکان پاش کۆتایی هەڵسەنگاندن، ئامادەین بەگوێرەی پێوەرەکان چارەسەری بکەین و بە دڵنیاییەوە لە وەزارەتە جۆراوجۆرەکاندا جێیان دەکرێتەوە.
 
 
بێستوون: زۆرم پێخۆشبوو پرسیاری دووەمیش لە تورکمانێکەوە هات، لە زانکۆی بەغداد دەخوێنێت بەڵام تورکمانی وانییە؟ دەستەکانت خۆشبێ زۆر زۆر سوپاس، ئۆکەی، فەرموو. بەڵێ.
 
مەنال سەعد خويندکار: بەڕێز جەنابی سەرۆک، قوتابی مەنال سەعد عەسکەرم لە قۆناغی چوارەمی زانستە سیاسییەکان زانکۆی بەغدا. بەڕێز جەنابی سەرۆک، دەڵێن قوتابیانی زانستە سیاسییەکان دەرفەتی ئەوەیان نابێت لە بوارەکەی خۆیاندا کاربکەن، هیچ هەلێکیشیان نابێ دابمەزرێن.
 
سوودانی: ئەو پرسیارە پەیوەندی بە وەسفی فرمانی وەزارەتەکانەوە هەیە. ئاگام لەو کێشەیە هەیە. ئێمە بۆ نموونە هەندێ وەزارەت و لایەنمان هەن کە نزیکن لەو بواری پسپۆڕییەی ئێوە، لەوانە وەزارەتی دەرەوە. بەشی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان و هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و هەندێ فەرمانگەی دیکە لە وەزارەتەکاندا. بەڕاشکاوی بڵێم هەیکەلی وەزیفیمان کێشەی زۆری هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە لە هەموو ناونیشانەکاندا، چونکە یاساکانی دەوڵەتی عێراق یاسای کۆنن، ئەمڕۆ چەندین پسپۆڕی و کۆلێژی نوێمان هەن کە ناونیشانەکانیان لەگەڵ جۆری ئەو فرمانەی لە هەیکەلی وەزیفیی دەوڵەتدا هەیە ناگونجێن. یاسای خزمەتی مەدەنی کە بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، ئەوە دەبێتە سەرەتایەک و هەروەها هەموارێکیشمان هەیە لە یاسای میلاکات، دەبێ لەوێ ئەم پسپۆڕییانە پێناسە بکەینەوە بەجۆرێک کە بتوانین پلەی وەزیفی لە وەزارەتەکاندا بۆ ئەو حاڵەتانە مسۆگەر بکەین.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبێ، باشە با تۆزێک دەست ببینم، باشە لێرەوە کێ دەبینم؟ کێ هەیە جلی کوردی لەبەربێ، ئا دەی جەنابت قسەمان بۆ بکە.
 
خوێندکار: سڵاو و رێز من رێبین سیامەندم قوتابی ماستەرم لە زانکۆی سۆران، من لە دەڤەری مێرگەسۆرەوە هاتووم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پرسیارەکەی من لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێوەیە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش وەک لە میدیاکان ئێمە دەیبینین ماشاللە پەیوەندییەکی تارادەیەک باش و لەجێیە، دواسەردانی ئێوە کە سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانتان کرد لە ناوچە گەشتوگووزارییەکان هاتووچۆیێکی باشتان بەو شوێنانەدا کرد، ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وە کوردستان بەگشتی بینیتان چۆن هەڵدەسەنگێنن، وەیەکێکیش لەوانە پێگەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا لە ئاستی سەقامگیریی چۆن هەڵدەسەنگێنن ، پەیوەندییەکانتان لەگەڵیاندا چۆنە ؟ زۆر سوپاس.
 
سوودانی: زۆر سوپاس.. هاوپەیمانیی کوردستان بە هەموو هێزەکانییەوە.. فەرموو دانیشە، بەشێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە ئەم حکومەتەی پێکهێناوە و هاوبەشێکی سەرەکیشە لەو پرۆسە سیاسییەی لە 2003 وە دەستیپێکردووە و لە حکومەتەکانیشدا کە دواترینیان ئەم حکومەتەی ئێستایە. لەم حکومەتەشدا لەسەر بەرنامەیەک رێککەوتووین کە هەنگاو و پابەندیی حکومەتی تێدایە و هانگاو و پابەندیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشی تێدایە. دەتوانم بەوپەڕی متمانەوە بڵێم، جاری یەکەمە کە حکومەت چاودێریی هێزە سیاسییەکان دەکات لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندیانەی دەکەوێتە ئەستۆیان. بە بەڵگە و بە داتا لە هەموو کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا من راپۆرتێک دەخەمە روو، تێیدا باسی ئەو خاڵانە دەکەم کە لە ئەستۆی حکومەت بوونە و جێبەجێ کراون. بەڵێ کێشە هەیە و جیاوازی لە دیدگا و تێڕوانین هەیە بۆ چەندین بابەتی هەمەجۆر لە تەکنیکی و کارگێڕی و یاسایی، ئەمە شتێکی سروشتییە، بەڵام لێکتێگەیشتنیش هەیە و جددیەتیش لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتدا هەیە و بەشێوەیەکیشە کە زیان بە گەلی خۆمان لە هەرێمی کوردستان نەگەیێنێ. جەنابت باسی ئەو سەردانەی منت کرد، ئەوە سەردانێکی تایبەت بوو، بەڕاستیش بۆ من چێژبەخش بوو کە هاوڕێ لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی مەزن مەسعود بارزانی بووم و لەو پیاوەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە چەند کاژێرێک بە ناوچە جیاوازەکاندا گەڕاین و بینیم لە هەر چیایەک چیرۆکێکی هەیە، رووداوێک هەبووە کە بۆ منی دەگێڕانەوە، هەر لەو شەڕانەوە بگرە کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا کراون.. ئینسایکلۆپیدیایەکە لە رووداوی جۆراوجۆر و بەدڵنیاییەوە سەرکردەیەکی سیاسی و خەباتکار بووە لە دژی دیکتاتۆریەت و بەشێکی سەرەکی بووە لە پرۆسەی سیاسیدا کە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکان دامەزراوە.
 
دەمەوێ برایانم دڵنیا بکەمەوە و ئەمەش دەرفەتێکی باشە، هاونیشتیمانیانمان لە هەرێمی کوردستان، زۆر دەزگای میدیایی هەن کە هەوڵ دەدەن راستییەکان ئاوەژوو بکەن و وای پێشان بدەن کە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر هاونیشتیمانیانی ناکات. هەرگیز.. من پێموایە لەڕووی شەرعی و ئەخلاقی و نیشتیمانییەوە لەسەر حکومەتی من پێویستە بە چاوی بەرپرسارییەوە تەماشای هاونیشتیمانیان لە هەرێمی کوردستان بکات وەکو ئەوەی تەماشای هاونیشتیمانیان لە بەسرە و ئەنبار و بەغدا دەکات. ئەمە دروشم نییە و گوتار نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیاسەتی ئێمە کە ئامانجەکەی بنیاتنانی متمانەیە لەنێوان هەموو رۆڵەکانی گەلەکەمان.
 
بێستوون: راست دەفەرمووی، لەسەر ئەمە منیش پرسیارێکم هەیە، راستە بەڕێزت لەسەر ئاستی تاکەکەسی پەیوەندییەکی زۆر باشت هەیە لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، راستیشە دەیبینین نییەتێک لە حکومەتەکەی جەنابتەوە هەیە بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە بە راستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست ئەنجامەکانییان دەناڵێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو هاونیشتمانییەکی کوردستانی لە عێراق من نەمبینی ئەم پەیوەندییە باشەی جەنابت لەگەڵ سیاسییەکانی کوردستان و ئەو نییەتەی کە لە بەرنامەی حکومەتەکەی ئیوەدا هەیە وەربگێڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی دامەزراوەیی کە بەکرداری چارەسەریتی کێشەکان بکات.
 
سوودانی: گوتم کە کێشەمان هەیە، نایشارمەوە کێشەمان هەیە لەسەر دەروازە سنوورییەکان، کێشەمان هەیە لە لێکدانەوەی یاسای بودجە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەخۆران کێشەی وەرنەگرتنی مووچەیان هەیە کە مافی خۆیانە و مافی هەموو فەرمانبەرێکە. لە یاسای بودجەدا، یان لە هەموو یاساکانی بودجە لە حکومەتەکانی پێشتریشدا، بەندێکی روون هەیە بەناوی خەرجیی گشتی، خەرجیی گشتی ئەوەیە کە دەوڵەت چەندە خەرج دەکات، رێژەی 12.6٪ دادەنێین بۆئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە تەمویلێکی مانگانە بدەین. هیچ بەندێکی روون لە یاسای بودجەدا نییە کە تایبەت بێت بە مووچەی فەرمانبەران. 12.6٪ ئەوە بەشی هەرێمە. دەیەوێ بیداتە مووچە، دەیەوێ پرۆژەی پێ جێبەجێ بکات، ئەوە دەسەڵاتی خۆیەتی بەگوێرەی دەستوور. ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی ئەو رێژەیە لە خەرجییە گشتییەکان دەدەین و وەزارەتی دارایی دەڵێت ئێمە ئەوەندەمان خەرج کردووە. ئەو رێژەیە دەربێنن و پارەی هەرێم بدەن، لە بەرامبەریشدا دەبێ هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی بنێرێ. خەریک بووین یاسای بودجەی سێ ساڵیی بودجەمان جێبەجێ دەکرد تووشی کێشەیەک هاتین کە چاوەڕێی نەبووین. یەکەمیان یاساکە بەجۆرێک هەموار کرابوو جیاواز بوو لەوەی لە رەشنووسەکەدا لەسەری رێککەوتبووین و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دابوو. گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئێمەش رێزی ئەو دەستکارییەمان گرت و گوتمان جێبەجێی دەکەین، بەڵام ئەوە کێشەی بۆ دروستکردین، بەتایبەتی لە مەسەلەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت. دووەم بڕیاری دادگای نێوبژیوانی لە پاریس دەرچوو، ئەوەش بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لەڕێی ئەو بۆڕییەوە راگرت کە بە هەرێمی کوردستاندا دەڕوات بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا. لێرەدا هەرێم داهاتی نەوتی لەدەستچوو، تەنیا داهاتی نانەوتی مایەوە و ئەمەش کێشەکەی ئاڵۆز کرد. زیانی لەو داهاتە دا کە وای لە هەرێم دەکرد پابەندییەکانی سەرشانی بەرامبەر هاووڵاتیان جێبەجێ بکات، باشە وەختێک هاتینە سەر ئەوەی پارە بۆ هەرێم بنێرین، هەرچەندە ئەمە وردەکارییەکە نامەوێ سەری ئێوەی پێ بئێشێنم، بەڵام پێویستیشە بیزانن چونکە هەر ئەمە خۆیشی کێشەیە. لە بەغدا ، ئەمڕۆ وەکو حکومەتی فیدراڵی، ئەم سەرۆکوەزیرانە کە ئێستا لە بەرامبەرتانە مەحکومی یاسایە. من ئەو دەسەڵاتە رەهایەم نییە بەسەر یاسادا باز بدەم و بڵێم فڵان شت بنێرن.
 
بێستوون: بەڵام لێرەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی لە ئێوە هەیە لەسەر ئەم بابەتە کە هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە ئایە ئێوە ئامادەن بۆ هەموارکردنەوەی.
 
سوودانی: بەڵێ.. بەڵێ.. خەریک بووم دەگەیشتمە ئەو خاڵە، بۆئەوەی بەرەوڕووی ئەو کێشە ببینەوە، ناچار بووم بچم پارە بە قەرز بدەم.. مەسەلەی ئەو قەرزانەتان بیستووە. ئەمە رێکارێکە چونکە جێبەجێکردنی یاسای بودجە ئەو نەرمییەی تێدا نییە کە رێگە بدات پارە بدەینە هەرێم بۆئەوەی مووچە بدات، بۆیە ناچار بووم بەشێوەی قەرز بیدەم، دوایین قەرزیش رۆژێک پێش ئەم بەرنامەیەی ئێوە درا. واژۆم بۆ وەزارەتی دارایی کرد 700 ملیار دینار رەوانەی حیسابی حکومەتی هەرێم بکەن. چارەسەری کۆتایی بۆئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری جارەسەر بکەین، ئەوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان حاڵیان حاڵی فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتی عێراق بێت. هاونیشتیمانییەکی عێراقییە و فەرمانبەرە و مووچەی خۆی وەردەگرێ بە چاوپۆشی لە هەموو ئەم وردەکارییەی باسمانکرد. ئەمە پێویستی بە چییە؟
 
بێستوون: هەموارکردنی یاسا؟ میکانیزمەکە چییە؟
 
سوودانی: هەموارکردنی یاسا. داوام لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە کە هەموو پێکهاتەکانی تێدایە. تیمی راوێژکاران رەشنووسێکیان داونەتێ کە خۆم ئامادەم کردووە، بۆئەوەی بیخوێننەوە و رەزامەندی لەسەر بدەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە دەنگدانەوە و پاشان پشتیوان بە خوا ئەو هەموارە لە نزیکترین دەرفەتدا دەنێرین.
 
بێستوون: دوو پرسیار هەیە لێرەدا یەکەمیان کە دەفەرمووی بە زووترین کات، ئەگەر بتوانی بۆم بکەی بە رۆژ بە هەفتە بە مانگ چەندێک دەردەچێت؟ دووەمیشیان سەبارەت بە مانگەکانی 10 و 11 و 12 خەڵکی هەرێمی کوردستان بە کرداری چاوەڕێی مووچەی ئەو سێ مانگەن، لەوەشدا جیاوازییەکی لێکدانەوە هەیە لە نێوان ئێوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو مووچانەی کە ئێوە داوتانە هی مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆن بە قەرزەکە، ئێوەش دەڵێن نەخێر هی مانگەکانی 10 11 و 12 بووە، بەڵام نازانم ئێوەو ئەوان چی دەڵێن، ئەوە دەزانم زۆربەی زۆری ئەو خوێندکارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، دایک و باوکیان مووچەخۆرن چاوەڕیی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ن، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئێوە هیچ دەستپێشخەرییەکتان دەبێت بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو سێ مانگە لە هەرێمی کوردستان؟ ئەمە یەک، پرسیاری دووەمیش هیچ رۆژمێرێک هەیە بۆ چارەسەرە بنەڕەتییەکە کە هەمواری یاسایەکە بزانین کەی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە؟
 
سوودانی: یەکەم، حکومەت لە هەر لایەکی دیکە بەپەلەترە لەمەدا، لە هەمواری یاساکە دەڵێم. چونکە دەزانین چ کاریگەرییەکی لەسەر باری بژێویی هاونیشتیمانی و لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری هەیە. هەر ئەوەندەی بەشێوەیەکی مەبدەئی بگەینە رێککەوتن ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ بۆ هەموارەکە دەدات و دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئێستا لە پشوودایە و رەنگە دوای هەڵبژاردنەکانی 18/12 دەست بە دەوام بکەنەوە.
 
بێستوون: لەوە دەچێت جەنابت زۆر شیرین بێت ئەوا مێشت لێیئاڵاوە، ئەڵقەی پێشوو بەڕێز جێنیت پلاسخارت میوانمان بوو ئەویش مێش پێیدا دەئاڵا، میوانەکانمان ئەوەندە شیرینن مێشیش پێیاندا دەئاڵێن...
 
سوودانی: سوپاس.. بابەتی دووەم، بابەتی جیاوازییەکان. ئێمە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەتەڵەی دەکەین، بڕی ئەو پارانەی دراونەتە هەرێم بەراورد بە خەرجییە گشتییەکان، چونکە وەکو گوتم من مەحکومم بە یاسا. من بیرم لە هەمواری یاساکە کردووەتەوە بۆئەوەی لەم کێشەیە دەرباز بین. لەبەر رۆشنایی ئەو تەتەڵەیە، تەماشا دەکەین بەشی هەرێم ئایا کەمتر بووە لە پشکی خۆی؟ ئەوکاتە پارەی دیکە دەخرێتە سەر بەشەکەیان. ئەگەر هێندەی بەشەکەشیان بوو، ئەوە ناچار دەبین بچین ساڵی نوێوە و بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە بڕۆین.
 
 
بێستوون: لەو حاڵەتەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ چاوەڕوانی قەرزی دیکە نەکات بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12؟
 
سوودانی: تۆ قەرز لە چوارچێوەی بڕی پێشبینیکراوی پشکی هەرێم دەدەی. ناتوانی لە دەرەوەی پشکی خۆی پارە بدەی چونکە مەحکومی بە یاسا. من دەمەوێ بڕۆم بۆ هەموارەکە بۆئەوەی ئەو حاڵەتە تێپەڕێنم و بە پلەی یەکەمیش دەمەوێ ئەوە بپارێزم کە مووچەی فەرمانبەران بێ ئاستەنگ بڕوات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتێک کە ناتوانین دوای بخەین مووچەی فەرمانبەرانە. بۆیە دەمانەوێ پەلە بکەین.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت، خوێندکارێک هەبوو دوێنێ هاتە لام گوتی دایک و باوکم مامۆستان ئەمەت فەرموو؟
 
کاڵێ رێناس، خوێندکار: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، ناوم کاڵێ رێناسە، خوێندکاری قۆناخی چوارەمی بەشی راگەیاندنم لە زانکۆی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجەشم، ئێمە سوپاسی جەنابت دەکەین سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە جەنابی سەرۆک و ئومێدەکەم بتوانی وەڵامی پرسیارەکانمان بدەیتەوە، من لە پۆلی 10ی ئامادەیی بووم بیرمە کە چوومە خوێندنگە 30 خوێندکارپێکەوەبووین لە پۆلەکە، من تەنیا یەک کالەم هەبوو لەبەر بکەم، هەمیشە پێیان دەوتم یان لە نێوان خۆیان خوێندکاران دەیانگوت بۆنی پیڵاوێک یان کالەیەکی ناخۆش دێت، رووم نەدەهات بڵێم هی منە، نەشمدەتوانی بە دایک و باوکم بڵێم، چونکە دڵنیابووم لەوەی ئەوانیش پارەیان نییە، شتێک کە هەرگیز لەبیرم ناچێت ساڵێکی خوێندم فەوتاو، لەبەر بێ مووچەیی، کاتێک لە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکاندا کە چوومە تاقیکردنەوە جلەکەم ئەوەندە دڕابوو  نەمەتوانی بیدوورمەوە یان پینە و پەڕۆ بکەم، بە جلێکی ئاساییەوە رۆیشتم و بەڕێوەبەرەکەم نەیهێشت بچمە ژوورەوەو  بۆیە ساڵێک مامەوە لە خوێندن، ئەمە لەوانەیە یەکێک بێت لەدەیان...
 
بێستوون: ببورە ناوت چی بوو:
 
خوێندکار: کاڵێ
 
بێستوون: لە کوێیوە هاتوو؟
 
خوێندکار: لە هەڵەبجە
 
بێستوون: لە هەڵەبجەوە
 
خوێندکار: ئەمە یەکێک بوو لەو سەتان چیرۆکانەی کەلە ماڵی ئێمە و هەزاران ماڵی دیکەی خەڵکی کوردستان هەیە، من دڵنیام جەنابت زۆر بە باشی ئاگاداری دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی، بەپێی دەستووری عێراق دەبێت ژیانێکی شایستە بۆ تەواوی هاووڵاتییان بە باشی فەراهەم بکەی و ئەمە ئەرکی بەڕێزتانە کە ئەو ژیانە شەرەفمەندانە بۆ تاک بە تاکی هاووڵاتییانی وڵاتەکەت فەراهەم بکەی، پێش ئەوەی پرسیارەکەم بکەم، تکات لێدەکەم وەڵامێکی مەتاتیم ناوێت، خۆت دەزانی دوو پایەی سەرەکی ژیان و مسۆگەرکردن و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک کەرتی پەروەردە و تەندروستییە، بەداخەوە ئێستا لە کوردستان بەهۆی بێ مووچەییەوە ئەو دوو کەرتە لە بارودۆخێکی زۆر خەراپدان، ئێوە دەتانەوێت ئەو بارودۆخە تاقەتپرووکێنە تاکەی بەردەوام بێت و تاکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی مووچەکانیاندا بن، یان کەی ئەو دەیان هەزار مووچەخۆرە دەگەیێنە کەناری ئارامی؟
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت، زۆر زۆر سوپاس.
 
سوودانی: ئەو قسانەت زۆر کاریگەر بوون، بەتایبەتی بۆ من کە بەرپرسم و لێرە قسە دەکەم. تەقدیری ئەو بارودۆخە سەختە دەکەم کە گەلی ئێمە لە کوردستان پێیدا دەڕۆن. بەپێچەوانەوە بەردەوامبوون و سووربوونت لەسەر درێژەدان بە خوێندن و تاقیکردنەوەکانت بەڵگەن بۆ ئیرادەی بەهێزی تۆ و شانازی بەوەوە دەکەم، بەتایبەتیش کە لە شارێکەوە هاتووی شاری قوربانیدان و خۆڕاگرییە و نموونەی یەکێ لە تاوانە گەورەکانە کە تاوانی کۆمەڵکوژییە لەسەردەستی رژێمی دیکتاتۆری. ئەوپەڕی رێز و تەقدیرم بۆ هەڵەبجە و شەهیدانی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە هەیە.
 
بێستوون: بەم بۆنەیەوە ئەوانیش چاوەڕیی جەنابتن لەمەڕ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە شتێکیان پێ بڵێی، بێگومان تەنیا شتێک کە ئێوە دەتوان بیکەن کە ئەم یاسایە تێبپەرێنن.
 
سوودانی: بەڵێ، بەڵێ.. ئەوە... ئەوە بوو کە دەمویست باسی بکەم. ئێمە وەکو حکومەت هەوڵێکی زۆرمان دا کە یاساکە پەسەند بکرێ و ئێستاش لە قۆناخی رێکارەکاندایە.. باشە سوپاس.. رێکارە ئیدارییەکانی کە پەیوەندییان بەو پارێزگایەوە هەیە بۆئەوەی مومارەسەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن. دەمەوێ بگەڕێمەوە سەر ئەوە: تاکە رێکارێک کە بە من دەکرێ ئەوەیە یاساکە هەموار بکەم.. بۆئەوەی قەیرانی مووچە کۆتایی بێت. هیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە. لە تەواوکردنیشی نزیکین پشتیوان بەخوا . ئەمە بەڵێنێکە لەبەردەمی ئێوەدا کە حکومەت لەم نزیکانە بڕیاری لێدەدات. هەر ئەوەندەی رێککەوتن بکرێ لەسەر رەشنووسی یەکەمی، وەکو حکومەت بڕیاری لەسەر دەدەین و پاشان دەیدەینە ئەنجوومەنی نوێنەران. هەر بە پەسەندکردنی ئەو هەموارە مەینەتیی فەرمانبەران کۆتایی دێت.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێ. فەرموو تکایە .. مایکرۆفۆنەکە زوو پێی بگەیێنن دەتوانن زوو پێی بگەیێنن؟ بەم بۆنەیەوە کە لە کوردستان بەرنامەمان دەکرد زۆر دڵتان خۆش بوو و چەپڵەتان لێدەدا دەنگتان دەهات، چییە لێرە هیچ دەنگتان نییە و کاردانەوەتان نییە، چییە مەسەلەکە؟
 
هانی ئەلعانی: خوێندکار: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان.. بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران، مامۆستا محەممەد شیاع سوودانی سڵاوێکی گەرمم بۆ جەنابت و بەخێرهاتنت دەکەم.. ناوم هانی ئەلعاتی، قوتابی کۆلێژی راگەیاندنم لە زانکۆی بەغدا بەشی ئیزگە و تەلەڤزیۆن. لەو قسانەوە کە لەبارەی دەستکەوتەکان کران، ئێوەش پشتیوان بە خوا ئەوەتان سەلماندووە و باسی ئەو پەرەسەندنە دەکەین کە واقیعی عێراق بەخۆوەی دەبینێ. من لە جیاتی هەموو قوتابیان و هەموو دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن دەڵێم دەستتان خۆش بێ جەنابی سەرۆک. لە دۆسیەی ئابووریدا کە دەمەوێ ئەو باسە بکەمەوە، شەقامی عێراقی ئێستا بەدەست کێشەی دۆلارەوە گیرۆدەیە، هەرچەندە بەڕێزت لە دیدار و لێدوانەکانتدا باسی ئەوەت کردووە کە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن و سنوورێکی بۆ دادەنێن، هەروەها بانکی ناوەندی رێنمایی دەرکردووە و بازاڕ خەریکە مامەڵە بە دیناری عێراقی دەکات، بەڵام تا ئەم ساتەش بانکی ناوەندی مامەڵە بە نرخێک دەکات بۆ دۆلار و شەقامیش مامەڵە بە نرخێکی دیکە. ئەم بازاڕە ڕەشە هەتا کەی بەردەوام دەبێت و کەی دەتوانن سنوورێکی بۆ دابنێن. چین ئەو رێکارانەی ئێوە کە لەو بارەوە و لە داهاتوودا دەیانگرنەبەر؟ سوپاس
 
بێستوون: تۆزێ بجووڵێن...
 
سوودانی: سوودانی: زۆر سوپاس .. دەروازە بۆ چاکسازیی ئابووری بریتییە لە چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکی. عێراق لە ساڵانی هەشتاکاندا لە جەنگدا بوو.. بانک و شت نەبوو، بازرگانی نەبوو.. نەوەتەکان لەژێر گەمارۆدا بوو. هیچ ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی نەبوو، نە دامەزراوە و نە بانک نەبوون. دوای 2003، لە ساڵی 2007 دا کۆچکردوو خودا لێی خۆش بێ، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بۆ چارەسەری کێشەی هەڵاوسان پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلاری کردەوە.. ئەمە لە 2007. بۆ ساڵانێک رێی لە هەڵاوسان گرت، بەڵام ئیدی دەبوو لەوە زیاتر بەردەوام نەبێ و هەر بەردەوام بوو. درێژەی کێشا و لەیادیشتە، هەمووتان لەیادتانە لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە قسە دەکرا و باسی بەقاچاخبردنی دراو و گەندەڵی دەکرا و باسی بڕە پارەی زۆر دەکرا کە دەچووە دەرەوە و هەمووشمان لەوە ناڕازی بووین. ئێ باشە ئێمە هاتووین ئەمە راست بکەینەوە. کێشەکە لەکوێدایە؟ دەڵێی نرخێک لە بازاڕی رەشدا هەیە و نرخێکیش هەیە فەرمییە. من وەکو حکومەت، ئەمڕۆ و سبەی، پابەندم بەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی 1320 دینار بێت. ئەمە ئەرکی منە، بەڵام دەتەوێ نرخی بازاڕی هاوتەریب دابەزێنم، مانای وایە دەتەوێ بڕۆم پارە بدەمە قاچاخچیان. من ئەوە ناکەم. بازرگان چەندی دەوێ دەیدەینێ. بەڵێندەر ئەوەی لەگەڵ من کاردەکات وەکو حکومەت، دەیدەینێ. وەبەرهێن کە دەیەوێ پارە حەواڵە بکات، دۆلاری بە نرخی فەرمی دەدەینێ. قوتابی کە دەیەوێ پارە حەواڵە بکات بۆ خوێندنەکەی، دۆلاری بە نرخی فەرمی دەدەینێ.. ئەوانەی سەفەر دەکەن دەمخۆش.. ئەوەی بۆ چارەسەری پزیشکی دەڕواتە دەرەوە، ئەمە ئەرکی منە وەکو حکومەت، بەڵام پارە بدەمە قاچاخچی؟ باشە بۆچی بازرگان دەچێ لە بازاڕی رەش دۆلار بە 1580 دەکڕێ؟ بۆچی؟... خۆ دەتوانێ بە 1320 بیکڕێ.. ئەمە کێیە؟ ئەمە کەسێکە کاری نایاسایی دەکات و نایەوێ بچێتە ناو ستەیجە ئەلیکترۆنییەکە. ناچێتە ئەوێ کە دەبێ کۆمپانیای هەبێ، مۆڵەتی هەبێ و گومرگ بدات، باج بدات.. ئەو ماددەیەی هاوردەی دەکات و دەیهێنێتە دەروازەکە دەیپشکنن، ماددەی خۆراکە، کەلوپەلی پزیشکییە، ئەو دەچێ لە پشتی ئەم رێکارەوە دەسووڕێتەوە و دۆلار لە بازاڕی ڕەش دەکڕێ. ئەمە شتێکە ئێوە دەبێ لێی هۆشیار بن و ئەسڵی شەڕەکە بزانن. خۆ بە دڵنیاییەوە ئێستا من وەکو حکومەت بەرەوڕووی ئەو قسەیەش دەبمەوە کە دەڵێن حکومەت شکستی هێناوە لە رێکخستنی نرخی دۆلار.. شکست کامەیە؟ دەتەوێ لەسەر هەمان هێڵی جاران بڕۆم کە تۆ خۆت رەخنەت لێی هەبووە؟ ئەوە هەمووی قاچاخچێتی بوو. ئێمە کێشەی زۆرمان هەن، بۆ نموونە بازرگانیمان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ هەیە و ئێرانیش لەژێر سزادایە، ناتوانی پارە حەواڵە بکەی. هیچ بانکێک لە هەموو ولاتانی ناوچەکەدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە پارە بۆ ئێران حەواڵە ناکات، بۆیە بازرگان ناچارە بچێ لە بازاڕی ڕەش دۆلار بکڕێ و بیبات لە ئێران شت بکڕێ. لەگەڵ ئێرانییەکان دانیشتین گوتمان وەرن ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەوان هیچ کێشەیەکیان نییە، بە دینار، بە تومەن بە یورۆ، دۆلاریان ناوێ چونکە دەیانەوێ کاڵاکانیان بەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان بەردەوام بێ. کێشەمان هەبوو لەگەڵ تورکیا، ئەوە لەگەڵ تورکیا چارەسەرمان کرد، حیسابێکمان کردووەتەوە بە یورۆ و لیرە و لەسەر ئەوە کاردەکەین. ئەم بابەتە کەمێک دانبەخۆداگرتنی دەوێ، بەڵام کۆتاییەکەی ئەوە دەبێت کە ئیدی سیستەمێکی بانکیمان دەبێت و ئاڵوگۆڕی شەرعی و یاساییمان دەبێت، نەک ئاڵوگۆڕی گوماناوی. ئێستا بە هەموو متمانەوە دەڵێم، 95٪ی کاری بازرگانییە شەرعییەکانمان لەڕێی ئەو ستەیجە ئەلیکترۆنییەوە دەڕوات. ئەمە متمانەیەکی داوەتە سیستەمی دارایی و دامەزراوەی بانکیی ئێمە، بەڵام زەرەرمەندەکان؟ بەڵێ قسە دەکەن و دەڵێن ئەوە شکستی هێناوە و ئەوە زیان لە هاووڵاتی دەدات. من هەموو رۆژێ لای بەیانی، راپۆرتێک دێتە بەردەمم لەبارەی نرخی خۆراک، هیچ گۆڕانێک لە نرخی خۆراکدا رووی نەداوە.. ئەوە بۆ ئەوانەی دەڵێن کاریگەری لەسەر هاوولاتی هەبووە. هەموومان پابەند کردوون، تۆ بۆ بە دۆلار شت دەفرۆشی؟ بە دینار بیفرۆشە. ئۆتۆمبێل و مۆبایل و مۆڵەکان و شوێنە بازرگانییەکان، ئەمە کولتوورێکە دەبێ هاوکاریمان بکەن لەوەی جێ بگرێ، بەڵێ فێڵ و ساختەی تێدا هەیە، بەڵام دڵنیابە ئەگەر دەتەوێ دۆلار بگەڕێنمەوە بۆ هاوتاکردنەوەی لەگەڵ نرخی بازاڕ، ئەوە مانای وایە من کاری قاچاخچێتی هاندەدەم و ئەوەش شتێکە قەت نایکەم، سوپاس....
 
بێستوون: زۆر باشە دەستەکانت خۆش بێت، فەرموو بەڵێ..
 
خوێندکار: سەرەتا بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی دەکەم، محەممەد ئەنوەرم دەرچووی زانکۆی کەرکووک، پرسیاری من بۆ بەڕێزیان ئەوەیە، ئایە چی دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعس، ئێستا  ئێمە لە کەرکووک رووبەڕووی دۆخێکی زۆر ناخۆش بووینەتەوە رۆژانە، ئێمە پێش ساڵی 2003 لە کەرکووک دەرکران و زۆربەی کەس وکاری ئێمە ئەنفالکراون و گولـلەباران کران لەنێو کۆڵانەکاندا، ئێستاش دەبینین سەربازی عێراقی دێتە سەر زەوییەکانمان و  ناهێڵن کشتوکاڵ بکەین، لەکاتێکدا کە تاپۆی فەرمیمان هەیە، تەنانەت گۆرستانەکانیش گۆڕی باب و باپیرانمانی تێدان. زۆر سوپاس
 
بێستوون: راستە جەنابی سەرۆکوەزیران ناوچەی پەلکانە لە کەرکووک هەیە نازانم لەو راپۆرتانەی دێنە بەردەم جەنابت بۆیان باسکردووی یان نا، ناوچەی پەلکانە کێشەی زۆری تیدایە، خاوەن زەوییەکان بەهۆی کۆمەڵێک بڕیاری دادگای (محکمە قیادەی سەورە) دادگای شۆرشی سەردەمی سەدام حوسێن، بۆیە ئەو کەسانەی کە خاوەنی زەویین ناتوانن زەوییەکانیان بەکاربێنن، لەبەرامبەردا خەڵکی هێنراو بۆ ئەوەی مافی خاوەن راستەقینەکانیان زەوتکردوون، ئەمە چۆن چارەسەر دەکەن؟
 
سوودانی: ئەوەش یەکێکە لەو کێشانەی بە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوورەوە بەستراوە. بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە لە دەستگرتن بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا ئەم گۆڕینە دیمۆگرافیەی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو بڕیارانە هەتا ئێستا هەڵنەوەشاونەتەوە، هەڵبەتە بەشێکیان، بەشی زۆریان هەڵوەشاونەتەوە. جێبەجێکردنی وەکو گوتم بەگوێرەی ئەو هەنگاوە یەک لەدوای یەکانە دەبێت کە لە ماددەکەدا هاتوون. بەرەوڕووی کێشەیەک بووینەتەوە لەنێوان جووتیارانی نەتەوە جیاوازەکان، ئەمە بە رێکاری ئێستایی چارەسەر دەکەین، بەڵام چارەسەرە ریشەییەکە بەڕاشکاوی بڵێم بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکان دەبێ و ئەوەش پێویستی بە دانانی یاسای نوێ هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140. 
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێ. کێ لە دەرەوەی بەغدا هاتوو، هەمووتان دەست دابنێن، کێ لە پارێزگاکانی دیکەوە هاتووە، نەجەف؟ کوا نەجەف فەرموو .. فەرموو
 
خوێندکار: سڵاوت لێبێ جەنابی سەرۆکوەزیران.. سوپاس بۆ مامۆستا بێستوون بۆ ئەم دەرفەتە. پرسیارێکی زۆر سادەم هەیە و زۆربەی گەنجەکانیش دەیانەوێ ئەمە لە جەنابت بپرسن: کەی بکوژانی خۆپیشاندەرانی تشرین دادگایی دەکرێن؟ کەی فەرمان دەدەیتە وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ و ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری کە دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان بکەن بۆئەوەی بکوژانی ئەو خۆپیشاندەرانە بدرێنە دادگا و سزا بدرێن، بۆئەوەی ئێمەش وەکو گەنجان لە ئایندەی خۆمان دڵنیا بین.. زۆر سوپاس.
 
سوودانی: زۆر سوپاس. هەندێ رێکار هەبوون لە کاتی خۆیدا گیرانەبەر، بەتایبەتی لە پارێزگای زیقار، دوای ئەوەی ئەرکی پێکهێنانی حکومەت درایە ئێمە، یەکێ لە پابەندییەکانمان لە کارنامەی حکومەتدا تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە رووداوەکانی تشرین بوو کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر گەنجی ئێمە لە زیاتر لە پارێزگایەک. لیژنەیەک بە فەرمانی حکومەتی پێشوو پێکهاتبوو، لیژنەیەک بوو لە دادوەران. ئەو لیژنەیە لە کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا کۆمەڵێ راسپاردەی خستەڕوو. من و تیمێکی یاسایی ئەو راسپاردانەمان خوێندنەوە، بینیمان هەندێ لایەنی دیکەیان فەرامۆش کردووە کە گرنگن بۆ لێکۆڵینەوە. بێگومان راسپاردەی زۆر خراونەتە روو بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران و لە ئەفسەرانی پلە بەرز، دەبوو ئەمانە بکرێنە یەک راسپاردە بۆئەوەی لەگەڵ راپۆرتەکەدا بڕوات بۆ ئەنجوومەنی دادوەری. لە خوێندنەوەی دۆسیەکەدا، بینیمان بەشی زۆری رووداوەکە هەر باس نەکراوە. دامودەزگای ئەمنی هەن کە بەشێک بوون لە کێشەکە، بێگومان بە حوکمی ئەو راپۆرتانەی لای ئێمەن.. بۆیە من بەنیازم ئەو لیژنەیە بەرفراوان بکەم بۆئەوەی بتوانین هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە رووماڵ بکەین و ئەمەش ئەرکێکە لە ئەستۆی حکومەت. ئێمە سبەی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ئاهەنگ دەگێڕین. دەستوورەکەمان لە نزیکەی 32 ماددەدا باسی مافەکانی مرۆڤی کردووە. لەو رووەوە سەیری بکەی یەکێکە لە دەستوورە نموونەییەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، بەڵام عیبرەت لە جێبەجێکردنی ئەو ماددانە و لێپرسینەوەدایە لە هەموو بکوژان جا هەر کەسێک بن. بەهیچ جۆرێک ناکرێ لە مەسەلەی دیاریکردنی تاوان و پەردەپۆشکردنی هیچ لایەنێکدا نەرمی بنوێنین جا لایەنی ئەمنی بن یان سیاسی. بەڵام وەکو خۆت دەزانی ئەمە شتێکە دەبێ لێکۆڵینەوە بیسەلمێنێ. واتە ئەو دادوەرە تایبەتمەندانەی کە بوونەتە ئەندامی لیژنەکە. ئەمەش دیسان بەڵێنێک بێت لە منەوە، راسپاردەکان و ئەنجامی کاری لیژنەکەش هەرکە تەواو بوون، هەمووی پشتیوان بەخوا ئاشکرا دەکەین.
 
بێستوون: ئەنبار، کێ لە ئەنبارەوە هاتووە، ئەها فەرموو . تۆ لە کام پارێزگاوە هاتووی؟ عەممارە. ئۆی عەممارەکەی سەرۆکوەزیران.... دوای ئەو دێینە لای تۆ 
 
نەدا: خوێندکار: من نەدام لە پارێزگای ئەنبار، قوتابیم لە کۆلێژی پەروەردە، بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکان و لە قۆناغی چوارەمم. گەورەم دوایین لێدوانی ئێوە ئەوە بوو کە حکومەت ناتوانێ..... دوایین لێدوانی ئێوە ئەوە بوو کە حکومەت ناتوانێ ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووانی زانکۆ دامەزرێنێ .. ئەو لێدوانە زۆر بێهیوای کردین، دەمانەوێ بزانین حکومەت چی دەکات بۆئەوەی ئێمەش لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێبەش نەبین.
 
سوودانی: بەڵێ.. زۆر سوپاس. بە داتا، ژمارەی دەرچووان لە هەر ساڵێکدا نزیکەی 300 هەزار کەسە. لە 2017 ـەوە .. ناوەڵا لە ... بەڵێ لە 2017ـەوە هیچ دامەزراندنێک لە یاسای بودجەدا نەبووە. ئێستا حیسابی بکە، لە ماوەی شەش ساڵدا، هەر ساڵێک 300 هەزار دەکاتە ملیۆنێک و 800 هەزار، سروشتییە هیچ بودجەیەک نییە بتوانێ ملیۆنێک و 800 هەزار کەس دامەزرێنێ، بەڵام ئایا حکومەت هەروا دادەنیشێ و تەماشای کێشەی دەرچووان دەکات و دەڵێت هەلی کاری حکومیمان نییە؟ بێگومان نەخێر.. ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە وەکو دەوڵەت بە هەموو دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە کە هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان ببینینەوە، دەرچووان و ئەوانی دیکەش. ئەوە ئەرکی ئێمەیە. قەتیش وا بیر مەکەنەوە کە حکومەتێک بیەوێ سەقامگیری هەبێ، ئاسایش هەبێ، عەدالەت هەبێ و ئەم بابەتە پشتگوێ بخات... هەرگیز. من رۆژانە نزیکەی 16 بۆ 17 کاژێر کار دەکەم و فۆکەسیشم لەسەر دوو شتە... 16 بۆ 17 کاژێر... رۆژانە... بەڵێ
 
بێستوون: ماشاللە
 
سوودانی: رەنگە تێبینیتان کردبێ لەماوەی ئەم ساڵەدا فۆکەسم لەسەر دوو شت بووە: خزمەتگوزاری و ئابووری. چونکە قەناعەتم وایە ئەم کەرتانە... خزمەتگوزاری متمانە لای خەڵک دروست دەکات بەوەی کە ئەم حکومەتە جدییە لە خزمەتکردنی هاووڵاتی.. ئەمە یەکەم، بەتایبەتیش کە کێماسییەکی زۆر هەیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان.. دووەم ئابوورییە. ئێمە هیچ رێگەیەکمان نییە ، هیچ چارەیەکمان نییە بۆ ئێوە و بۆ ئایندەی ئێوە ئەگەر چاکسازی لە ئابووری نەکەین. ئێمە ئێستا چاوەڕێی کۆتایی ساڵ دەکەین و وا کۆتایی ساڵیش هات. وەزیری نەوت دێتە لام و وەزیری داراییش دێت. دێن دادەنیشن و داتام دەدەنێ.. ئەوەندەمان نەوت هەناردە کردووە و بایی ئەوەندە بووە .. دەیهێنین و دەیخەینە بودجەوە، ئەوەندەی بۆ مووچە، ئەوەندەی بۆ کۆبوونی خۆراک و بۆ فڵان و فڵان، ئێ باشە کوا بەشی گەشەپێدان؟ سبەی نرخی نەوت دادەبەزێ وەکو چۆن لە مانگی شوباتی 2020 دابەزی..
ئەو مانگە بوو لەیادمە.. داهاتمان ملیار و نیوێک بوو، لەکاتێکدا پێویستمان بە چوار ملیار و نیو بوو بۆئەوەی بتوانین مووچەی فەرمانبەران بدەین... رەسیدمان هەیە؟ رەسیدمان هەر بەشی شەش مانگ دەکات، ئەنجامەکەی چییە؟ وەکو بەرپرسیارێتی ناچارین بیر لەو کەرتە بکەینەوە و چاکسازیی تێدا بکەین. نابێ وا بیر بکەمەوە کە کابینەکەی من یەک دوو ساڵی ماوە بەڕێی دەکەم و ئەوەی دوای من کە دێت با بۆخۆی گیرۆدە بێت. من شتی وا ناکەم. من دانیشتووم کار لەسەر پلانی سێ ساڵە و پێنج ساڵە و دە ساڵە دەکەم. بەبیریشتان دێنمەوە. کە کەرتی گازمان هێنایە ناو چاکسازییەوە، ئەم کەرتە هیچ کەس و لایەنێک بە سەردەمی رژێمی پێشووشەوە بیری لەوە نەکردبووەوە چاکسازی تێدا بکات. گازی سروشتی و گازی هاوەڵ، هیچ کەسێک وەبەرهێنانی تێدا نەکردووە. ئێمە هەر رۆژێک ملیارێک و 300 ملیۆن پێ سێجا غاز دەسووتێنین.. ملیارێک و 300 ملیۆن، چەندین هاوردە دەکەین.. بێگومان نرخی ئەوەی کە دەسووتێ نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە.. ملیارێک پێ سێجا گازیش لە ئێران دەکڕین بۆ وێستگەکانی کارەبا کە لە بودجەدا دەبێ چوار ملیار دۆلاری بۆ دابنێم..
 
بێستوون: ساڵانە؟
 
سوودانی: ساڵانە.. واتە زیانی ئێمە چەندە؟ نۆ ملیار. لە هەمان کاتیشدا، ئەو گازە سروشتییەی خۆمان کە لە ئەنبار و نەینەوا و نەجەف و سلێمانی هەیە سوودمان لێ وەرنەگرتووە. بۆئەوەی چاکسازیی ئابووری بکەین، لە گرێبەستەکانەوە پێیدا هاتووین، ئێستا پرۆژەمان هەیە لە جێبەجێکردندایە، ناڵێم دەیکەین.. بەنیازین.. نەخێر ئێستا وا جێبەجێ دەکرێ، کۆمپانیاکان دەستیان بە کار کردووە و لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دەگەینە ئاستی خۆبژێوی.. ئەمە هەنگاوێکە. ئەم پارەیە.. ئەو چوار ملیار و پێنج ملیار و نۆ ملیارە بۆ چی تەرخان دەکەین؟ بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی کە ئەمانەش هەلی کاری نوێمان بۆ دەڕەخسێنن، بۆ دەرچووانی زانکۆ. وەختێک وەزیری کار بووم، یەکێ لە یاسا گرنگەکان کە شەڕم بۆ دەکرد، یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی بوو. یاساکە لە ساڵی 2016 دەرچوو کە ئەوکاتە وەزیری کار بووم. حکومەتەکانی پێشوو هەر دوایانخست ئەگەرچی من هەر دەستبەرداری نەدەبووم، لە هەموو کابینەیەکدا رەشنووسەکەم داونەتێ و گوتوومە ئەم یاسایە گرنگە.. سوودی ئەم یاسایە چییە؟ هەتا ئێستاش، بەم دەستەبژێرەشەوە کە لێرە دانیشتوون و قوتابین و هۆشیارن، کەس سەیری سوودەکانی ئەو یاسایەی نەکردووە. ئەو یاسایە ئیمتیازاتی مووچەخۆری کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی یەکسان دەکات، ئەوکاتە ئیدی پێویست ناکات لە حکومەتدا دابمەزرێم ، لە کەرتی تایبەت کار دەکەم و هەمان ماف و ئیمتیازی کەسێکم دەبێت کە لە کەرتی گشتی کار دەکات. هەمیشەش وایە کارمەندی کەرتی تایبەت مووچەی لە کارمەندی کەرتی گشتی زیاترە. بژارەی ستراتیژیی ئێمە، بۆئەوەی کێشەیەکی سەرەکی چارەسەر بکەین، رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارەم زۆریش درێژ کردبێتەوە، بەڵام ئەمە زۆر گرنگە، بۆ ئێستا و بۆ ئایندەشتان گرنگە.. عێراق سامانێکی زۆری سروشتیی هەیە، هەلی ئەوەی هەیە وەبەرهێنان بکات و ئەوەش توانای ئەوەی دەداتێ کە پەرە بە کەرتە هەمەجۆرەکان بدات و هەلی کاری زیاتر و زیاتر بڕەخسێنێ، ئیدی هیچ کەسێک لە عێراقدا چاوەڕێی دامەزراندن لە کەرتی گشتی ناکات، تەنانەت دەتوانم بڵێم ئەوەی لە حکومەتیشدا کار دەکات، رەنگە واز لەوێ بێنێ و بڕوات لە کەرتی تایبەتدا کار بکات وەکو چۆن لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا روویدا کاتێک جووڵە کەوتبووە پرۆژە ستراتیژییەکان. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە لەسەری دەڕۆین و ئەم شتە مومکینیشە.. زێدەڕۆیی نییە دڵنیا بن. کەرتی هەمەجۆرمان هەن و هەلی وەبەرهێنانمان هەیە کە کاریان لەسەر دەکەین و پشتیوان بە خوا دەگەینە ئەو ئامانجەی کە چاومان لێیە و ئەوەش کاری نەکردە نییە.
 
بێستوون: زۆر زۆرم پێ باش بوو، دەستەکانت خۆش بێ... بمبوورن زۆرم پێخۆش بوو باسی کەرتی تایبەتت کرد، کە یەکێکە لە ئەولەوییەتەکانی کابینەی حکومەتەکەت وەک گرنگیدان بە کەرتی تایبەت، پێش ئەوەی بێمە بەرنامەکەتەوە یەکێک لە سپۆنسەرەکان و پشتیوانانەی ئەم بەرنامەیە کۆمپانیای سەردار گرووپە نوێنەریان لێرەیە، پێش ئەوەی بێمە ژوورەوە گوتی ئێمەش پرسیارێکمان هەیە دتوانین لە بەرنامەکەتدا بیکەین، پێم گوت تەنیا خوێندکاران دەتوانن پرسیار بکەن، بەڵام مادام لۆگۆی ئێوەتانمان لابردووە ئێوەش دەتوانن پرسیارێک بکەن ئەمجارە، فەرموو.
 
لینا زیاد: نوێنەری سەردار گرووپ: ئێوارە باش..
 
سوودانی: بەخێربێی
 
لینا زیاد: نوێنەری سەردار گرووپ: ئێوارە باش.. جەنابی سەرۆک بەخێرهاتی.. سوپاس کاک بێستوون بۆ ئەم دەرفەتە.. من لینا زیاد لە گروپی کۆمپانیاکانی سەردارم.. بێگومان گروپی کۆمپانیاکانی سەردار، راستە من قوتابی نیم، بەڵام ئێمەش رۆڵمان هەبووە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووان، بەڵام جەنابی سەرۆک ئەگەر رێگەم بدەن، من نزیکەی 11 ساڵە لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی سەردار کار دەکەم و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی کار دەکەم. چەندین جار نامە گۆڕینەوەمان لەگەڵ کابینەکانی حکومەت هەبووە بە حکومەتی جەنابیشتەوە، چەندین پێشنیازمان بۆ کردوون، پێشنیاز بۆ هەموارکردنی سیستەمی بریکارنامەی بازرگانی، پێشنیاز لەبارەی ئازادکردنی کاری بازرگانی کە هەموویان لە بەرژەوەندیی عێراق بوونە.. لە بەرژەوەندیی گەل بووە، لە بەرژەوەندیی ئەوە بووە کە ئەڵقەیەک یان پردێک لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دروست بکەین، چونکە ئێمە کە هانی کەرتی تایبەت دەدەین، ئەمە رۆڵی دەبێت لە گەشەکردنی عێراقدا و لە بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتیمانی، بەڵام بەڕاستی هیچ ئەنجامێکمان دەستگیر نەبوو، هیچ وەڵامێک، کەس لەگەڵمان دانەنیشت. تەقەلایەکی زۆرمان کردووە هەموو ئەوانەی لەو دامەزراوەیە کار دەکەین بۆئەوەی دەنگمان بگات، ئەم شتانە بگەن کە ئاسۆیەک دەکەنەوە بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی لە بازاڕی عێراقدا کار دەکەن...
 
 بێستوون: باشە دەتوانم دە چرکەی دیکەت پێبدەم، بەڵام کاتەکەت کۆبکەرەوە، بۆ ئەوەی مافی خوێندکارانی دیکە نەفەوتێ.
 
لینا زیاد: نوێنەری سەردار گرووپ: زۆر سوپاس، درێژی ناکەمەوە، بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە، چونکە ئەوەی باسی دەکەم خزمەتی ئەم قوتابیانەش دەکات کە لێرەن...
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت، ببورە جەنابی سەرۆکوەزیران من زۆر زۆرم پێخۆشە کە بیستوون تۆک بووەتە سەکۆیەک کە بزنسی وڵاتەکەی دەنگی خۆی بگەیێنێت بە دەسەڵات، ئەمە دەستکەوتێکە بۆ رووداو و بۆ بێستوون تۆکیش، چونکە باوبووە لە وڵاتەکەماندا سەرمایەداران پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سیاسەکان هەیە و بە ئاسانی پێیان دەگەن، بەڵام دونیا وایلێهاتبێ، ئێوە مەمانانیش هاتبن لە بەرنامەکەدا دەنگی خۆتان بگەیێنن من چەپڵەیەک بۆ ئەمە لێدەدەم...
 
سوودانی: بێگومان ئێمە.. ئەگەر رێم بدەن وەڵام بدەمەوە. گرووپی سەردار لە کۆمپانیا پێشەنگەکانە. هەر بەهۆی ئەویش بوو لە گرێبەستی تایبەت بە دابینکردنی ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی ناوخۆ، گفتوگۆیەکمان کرد.. لەبیرتە.. ئەوکاتیش کێشەکە لە بریکارنامەدا بوو، وا نییە؟ ئەوە ئێستا پرۆژە یاسایە. پرۆژەیەکە حکومەت ئامادەی کردووە و پێموایە ناردوویشمانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. ئەوە یەکەم، بۆ شتەکانی دیکە، ئێمە پاکێجێکی چاکسازیمان هەیە. دوو رۆژ لەمەوبەر لە وۆرکشۆپێکدا بووین و کەرتی تایبەتیش لەوێ بوون و تایبەت بوو بە چاکسازی لە سیستەمی باج کە ئەوە کێشەی هەموو کۆمپانیاکانە، ئەمە چاکسازییەکی راستەقینە دەبێت و دەمانەوێ چاکسازییەکی وا لە باجدا بکەین کە هەموو کۆمپانیا جیهانی و عەرەبییەکان بیبینن و بزانن بەڕاستی حکومەت جدییە لەو چاکسازییە. یاسای هاوبەشێتی، ئەویش هەفتەیەک لەمەوبەر وۆرکشۆپێکمان بە ئامادەبوونی کەرتی تایبەت هەبوو، بۆ ئەوە بوو کە یاسایەک بۆ هاوبەشی بە جۆرێک دابنێین بەرژەوەندیی کەرتی تایبەت مسۆگەر بکات. پێموایە ئێستا حکومەت دەستی داناوەتە سەر هەموو ئەو جومگانەی پێویستیان بە چاکسازی هەیە، جا یان چاکسازییە لە یاساکان یان لە رێکارە حکومییەکان. سوپاس
 
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبی، بەڵێنم بەو کوڕەدا کە لە عەممارەوە هاتووە، بەڵام بیرم چووەوە، فەرموو هەستە بزانم ناوت چییە؟ 
 
مەهدی ریاز: خوێندکار: سڵاوت لێبێ جەنابی سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی. سڵاوی رێز و خۆشەویستی بۆ تۆی بەڕێز. من مەهدی ریاز لە پارێزگای میسان، چالاکوانی ژینگەم و کار لەسەر کێشە ژینگەییەکانی پارێزگای میسان دەکەن.
 
جەنابی سەرۆک، پرسیارەکەی من لەبارەی وشکبوونی هۆڕەکان و ئەو ئاسەوارانەیە کە لێی دەکەونەوە. ئایا کێشەکە لە خراپ بەڕێوەبردنی ئاوە لە ناوخۆ، یان کەم بەردانەوەی ئاوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و گۆڕینی ئاراستەی رووبارەکان و دروستکردنی بەنداوە. جگە لەوە، مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاستی کاریگەرییەکەی لەسەر هۆڕەکان. دەبینین شاندی عێراقی بەشداری لە دیداری کۆپ 28 دەکات لە ئیمارات و لە پێشەنگی وڵاتە زەرەرمەندەکانیشە لەو رووەوە.. جەنابی سەرۆک دەمەوێ پرسیارێکی گرنگ بکەم، ئایا حکومەت بەو چاوە سەیری پارێزگای میسان دەکات کە پارێزگایەکی نەوتییە یان پارێزگایەکی کشتوکاڵی، ئێمە لە هیچکام لەو دوو کەرتەدا هیچ مافێک وەرناگرین. ئەگەر پارێزگایەکی نەوتین، ئەوە لەسەر حکومەت پێویستە پرۆژەی ئەوتۆی هەبێ و کارخانەی هەبێ کە دانیشتووانی پارێزگاکە بخاتە کار، ئەگەر پارێزگایەکی کشتوکاڵین، ئەوە دیسان دەبێ حکومەت پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات کە لە راپۆرتەکەماندا هاتوون. رێزم قبوڵ بفەرموون جەنابی سەرۆک.
 
سوودانی: زۆر سوپاس. لە کام قەزای پارێزگای میسانی
 
مەهدی ریاز: خوێندکار:  لە ناوەند
 
بێستوون: قرائیبکم؟
 
سوودانی: ئەوە پارێزگای منە و شانازیی پێوە دەکەم. خوێندنم و کارم و شەرەفمەندم کە لە چەندین پێگەی ئەو پارێزگایە خزمەتم کردووە، لە قایمقامەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و هەتا پارێزگار. پارێزگای میسان پارێزگای دووەمە لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و ژمارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لەوێ کار دەکەن. بەپێچەوانەوە ئەوە هەلی کاری زۆری بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە رەخساندووە. جەولەکانی بەخشینی مۆڵەت بەشێکیان بەو کۆمپانیایانە دران کە لەوێ کاردەکەن. لەڕووی کشتوکاڵیشەوە پارێزگایەکی چالاکە تەنانەت لەسەر ئاستی پلانی وەرزی پێشوویش، بۆیە ئێمە پشتیوانی لە هەردوو ئاراستەکە دەکەین و چەندین پرۆژەشمان هەیە لە بواری وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و هەروەها لە وێستگەکانی کارەبا، چەند وێستگەیەکی گرنگمان لەو پارێزگایە هەیە. هەر پارێزگایەک بەگوێرەی ئەوە لێی دەڕوانین کە چ سامانێکی هەیە، لەبەر رۆشنایی ئەو سامانەش جۆری ئەو چالاکییە ئابوورییە دەستنیشان دەکەین کە بەهایەکی دیکە بۆ پارێزگاکە زیاد دەکات و هەروەها بۆ کۆبەرهەمی نیشتیمانیش، جا هەم وەزارەتەکان ئەمە دەبینن و هەم حکومەتیش، بەڵام بابەتی یەکەمیان کە ئاماژەت بۆ کرد زۆر گرنگە. ئێمە بە راشکاوی بڵێم لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە لەوانەیە هەندێک وا بیربکەنەوە کە لە هەرێم کێشەی کەمئاوی نییە. لە هەولێریش کێشەی کەمئاوی هەیە. لەویش بیر لێدەدەن و لەوێش کێشە هەیە. هەموومان کێشەی کەمئاویمان هەیە و هەموومان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە تووشی کێشە هاتووین. ئەم کێشەیە لە زۆر ناوچە گەیشتووتە ئاستی هەڕەشە لە بەردەوامیی ژیان بەهۆی کۆچ و ئاسەوارەکانییەوە. کەواتە ئاو کەم بووە.. رێژەی بەبیابانبوون زیادی کردووە.. سووتاندنی گازی هاوەڵمان هەیە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر قەتیسبوونی گەرما هەیە.. کێشەگەلێکمان لە ژینگە هەیە. بەداخەوە وێڕای هەنگاوی گرنگ لەسەر ئاستی ژێرخان و بەتایبەتی تۆڕەکانی ئاوی زێراب، بەڵام چووین تۆڕەکانی زێرابمان دروستکرد و ئەوەمان فەرامۆش کرد کە ئاوی زێراب چۆن چارەسەر بکەین. هەموو ئەو ئاوەی دەچێتە تۆڕەکانی ئاوی قورسەوە بۆ کوێ دەڕوات؟ دەڕژێتە رووبارەکانەوە. ئینجا قەبارەی ئەم کێشەیە بهێننە پێش چاوتان، تۆ لەلایەک ئاستی ئاوی رووبارەکانت دابەزیوە، بەڵام لەولاوە پاشماوەی ئاوی بەکارهاتوو لەڕێی تۆڕی زێرابەکانەوە زیاد بووە. ئەمە کارەساتی ژینگەیی دەخاتەوە وەکو ئەوەی ئێستا روودەدات. پلانی من ئێستا بۆ 2024 هەمووی بۆ وێستگەکانی چارەسەرە.. لە مووسلەوە بۆ بەسرە، چونکە هیچ پرۆژەیەک وەکو ئەمە گرنگ نییە کە پەیوەندی بە تەندروستی و ژینگەوە هەیە.
 
بێستوون: لە مووسڵەوە بۆ بەسرە؟
 
سوودانی: بەڵێ، مەبەستم رووباری دیجلە و رێڕەوەکانی دەبنە وێستگەی ئاوی قورس. لە بێجی دانراوە، لە سەلاحەدین و دەچێتە خوارەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە. خاڵی دووەم، ئێمە کێشەیەکیشمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. ولاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە رێژەی ئاوی خۆیان بکەن پرۆژە جێبەجێ دەکەن، بۆ نموونە تورکیا کۆمەڵێک بەنداوی دروستکردوون کارەبای بۆ بەرهەم دێنن، بەڵام ئەوە لەسەر حسابی ئەو بڕە ئاوەیە کە دەڕژێنە دیجلە و فوراتەوە. ئێرانیش هەروا لەڕێی چەند پرۆژەیەکەوە رێڕەوی هەندێ لە رووبارەکانی گۆڕیوە و ئەوەش کاریگەری خستووەتە سەر ئاستی ئاوی ئەو رووبارە لاوەکییانەی دەڕژێنە دیجلەوە. ئەمە کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی کاری دیپلۆماسیدایە، چونکە ناتوانین بڕۆین لەڕێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە گرژتری بکەین، ئەوە کاتی زۆری دەوێ و کاریگەری لەسەر ئەسڵی کێشەکەش دەبێ. حکومەتی ئێستا، بۆئەوەی لەم کێشەیە دەرباز بین، پلانێکی ستراتیژیمان ئامادە کردووە کە بێستوون هەر لەم بەرنامەیەی ئێوەوە بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکەین. پلانەکە پەیوەستە بە ئیدارەدانی ئاو، چونکە کێشەی ئێمە، لەپاڵ هەموو ئەو کێشانەی ئاماژەم بۆ کردن، گۆڕانی کەشوهەوا و رەفتاری وڵاتانی دراوسێ، ئێمە کێشەمان لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئاودا هەیە. زۆربەی جووتیارەکانی ئێمە هەتا ئێستاش بە شێوازە کۆنەکان ئاودێری دەکەن. تۆیش ئەوە باش دەزانی خەڵکی خۆمان لە عەمارە و لە پارێزگاکانی دیکەش رەنگە برایان هەموو ئەوە بزانن. لەم پلانە کشتوکاڵییەدا نرخێکمان داناوە بۆ بەرهەمی گەنمی ئەو جووتیارەی شێوازی رشاندن بەکاردێنێ، نرخەکەی زیاترە لەو گەنمەی جووتیارەکە بەهەمان شێوازی کۆن ئاودێری کردووە. ئەمە یەکەمجارە شتی وا دەکەین. دەبێ گرنگی بەمە بدەین. گرنگی بەو ئاوە بدەین کە بۆ کشتوکاڵ تەرخان کراوە و بڕەکەی نزیکەی 65٪ دەبێت لەکۆی ئەو ئاوەی بۆ ئێمە دێت. واتە تۆ ئەگەر ئیدارەدانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵیدا بگۆڕی بۆ شێوەیەکی زانستی، بیهێنە پێش چاو لەو رێژەی 65٪ـە چەندی بۆ ئاوی خواردنەوە دەگەڕێتەوە. کەواتە ئەمە پرۆسەی بەڕێوەبردنێکی یەکتر تەواوکەرە بە ئاوی قورسیشەوە . هەموو دەوڵەتانی دنیا ئاوی زێراب بۆ کشتوکاڵ بەکاردێننەوە. ئەو ئاوە بەفیڕۆ نادەن، ئەوە بەشێکە لە داهاتی ئاو. هەمووان دڵنیا دەکەمەوە کە پلانێکی ستراتیژیمان ئامادە کردووە و بەهیواین لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لە سەردانی داهاتوویدا بۆ بەغدا کە نزیکە، واژۆی بکەین.
 
بێستوون: لەو پرۆژە ستراتیژیەی کە هەتانە بۆ ئیدارەکردنی ئاو  من هەستدەکەم کە کەموکوڕییەک هەیە، ئەویش حیسابنەکردنە بۆ ئەو ئاوی باراناوەی کە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان دەبارێت و بەفیڕۆ دەڕوات، من زۆر زۆر لێکۆڵینەوەم خوێندووەتەوە لەسەر  ئەوەی کە چۆن کەڵک لە سوودی ئاوی باراناو و بەفراوی چیاکانی کوردستان هەم دیجلە و هەم فورات و هەروەها هەموو ئەو لقە ئاوانەی دەرژێنە نێو زێی دیجلە سەرچاوەی زۆربەیان لە دەرەوەی خاکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام تاکە زێیەکمان هەیە کە 90٪ی سەرچاوەکەی لەنێو هەرێمی کوردستان دایە ئەویش زێی گەورەیە، ئەوەی کە جێگەی پرسیار و رەخنەیە لە حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی بەڕێوەبردنی ئاو  ئەوەیە کە حکومەتی بەغدا بە هۆکاری سیاسی رێگە نادات بە بەرەوپێشبردنی کەرتی ئیدارەکردنی ئاو  لە هەرێمی کوردستان، چۆن وەڵامی ئەو رەخنەیە دەدەیەوە؟
 
سوودانی: پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە. ئێمە لە 2003 وە هەتا ئێستا هیچ بەنداوێکمان دروست نەکردووە، ئەوەش بەهۆی تێچووە زۆرەکەی و ئەو پارەیەی دەبێ بۆی تەرخان بکرێ، هەروەها لەبەر ئەوەش کە دۆسیەی ئاو بەجددی وەرنەگیرابوو. لەبیرتە ساڵانێک ئاوی بارانمان زۆر بوو، ستراتیژیانە بیرمان لەوە نەکردبووەوە. ئێستا ئەمڕۆ باران هەیە، سبەی.. لەبیر نەکەین ئەم حاڵەتی وشکەساڵییە جیهانییە، ئەمە قەیرانێکی جیهانییە و هەر تایبەت نییە بە عێراق. هەر حەوت ساڵ جارێک، ئەمە قسەی دوایین راپۆرتە، هەر حەوت ساڵێک ئاستی ئاو هەندێک دادەبەزێ. لەو پلانەدا کۆمەڵێک بەنداویشمان داناون کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن. ئەمە لە چوارچێوەی پلانەکەیە چونکە پلانێکی تەواوە بۆ سەرانسەری عێراق. ئەمانە بەنداوی بچووکن بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران بۆئەوەی دواتر بۆ پێداویستیی دیکە بەکاربێت. من گەشبینم و قەناعەتیشم وایە کە ئەم پلانە و ئەم پرۆژە ستراتیژییە چارەسەرێکی نموونەیی دەبێت بۆ کێشەی ئاو بەشێوەیەکی ریشەیی. بە پشتبەستن بە قسەی تەکنیککاران و خەڵکانی پسپۆڕیش دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەو داهاتە ئاوەی هەمانە، ئەگەر بەباشی مامەڵەی لەگەڵ بکەین بەشی هەموو پێداویستییەکانمان دەکات.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبێ و دەستەکانت خۆشبێ. من داوەتی جەنابت دەکەم کە هەندێک لێکۆڵینەوە توێژینەوەی زۆر باش لە زانکۆکانی کوردستان کراون بە تایبەتی لە زانکۆی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە زۆر زۆرم پێخۆشبوو ....
 
سوودانی: لە کوردستانیش، لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئاو کە خۆم سەرۆکایەتی دەکەم، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم و چەند پسپۆڕێک لە هەموو دانیشتنەکاندا ئامادە دەبن.
 
بێستوون: زۆر باشە دەستەکانت خۆشبێت، فەرموو .. فەرموو. مایکێک بۆ ئیرە
 
هەمزە ئیسماعیل: خوێندکار: پێشەکی بەخێرهاتنت دەکەین جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێز سوودانی و  سوپاسی بێستوونیش دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە، من رۆڵەی گەرمیانم لە پایتەختی ئەنفالەوە هاتووم لە چەمچەماڵ، لە چەمچەماڵەوە هاتووین تا ئێرە سوپاسی کاک بێستوون دەکەین.
 
بێستوون: من سوپاست دەکەم.
 
هەمزە ئیسماعیل: خوێندکار: پرسیارەکەی من دەربارەی ئەنفالە بەپێی یاسا جیهانی و نێودەوڵەتییەکان، کاتێک رژێمێک یان دەوڵەتێک تاوانێک دەکات بەرامبەر شوێنێکی دیکە، قەرەبوو دەداتەوە بەو شوێنە، بۆ نموونە عێراق ئامادەبوو تاوەکو ئەو ساڵانەی دوایی قەرەبووی کوەیت بکاتەوە، کە هێرشی کردبووە سەری، ئەی قەرەبووی ئەنفال چیلێهات؟ ئایە حکومەتی عێراق چ کارێکی کردووە بۆ ئەوەی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت؟ ئایە رووفاتی ئەنفالەکان کە هێشتا لە زێدی خۆیان نەنێژراون داواکاری کەسوکارییان ئەوەیە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان، ئایە بەڕێزت وەکو حکومەتەکەت چۆن هاوکاری گەڕانەوەیان دەکەی کە پرسیاری زۆرینەی کەسوکاری ئەنفالەکانە، پرسیارێکی دیکەشم هەیە من وەک کەسێکی خاوەن پیداویستیی تایبەت کە دەرچووی زانکۆی چەرمۆم، ناوم هەمزە ئیسماعیلە، دەمەوێ پرسیاری ئەوەت لێبکەم کەلە سەرەتای بەرنامەکەدا گوتت کە بەڕێزت لە زاخۆوە تاوەکو بەسڕە بەهەمان چاو بە رۆڵەی ئەم نیشتیمانە تەماشا دەکەی منیش وەک خاوەن کەسێکی تایبەت لە زمانی ژمارەکان تێناگەم و لە زمانی سیاسی تێناگەم و نەهاتووم بەرگری لە سیاسەت بکەم، بەڵکو من وەک هاووڵاتییەک لەلای بەڕێزتم و وەک هاووڵاتییەک دەمەوێت پیتبڵێم ئایە ئاگاداری کە ئەو بڕیارانەی لە بارەی بودجە و مووچە دەدرێن پەیوەندی بە یەکێکی وەک منی کەم ئەندامەوە هەیە کە مانگانە 150 هەزار دینا مووچەکەمە جار وایە بۆ دوو یا سێ مانگ دوادەکەوێت و نادرێت، ئایە بۆچی بەڕێزت لە حکومەتەوە کارێکی بنبڕ و کۆتایی ناکەی بۆ مەسەلەی بودجە و مووچەی کوردستان، چونکە تەنانەت من ناشتوانم داشبمەزرێم لەبەر ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا ناگات، ئایە چ کەسێک دەتوانێت بە 150 هەزار دینار بژیت لە بەرپرسە سیاسییەکان، ئەگەر هەر بەرپرسێکیش لە حکومەتەکەت رازی نییە بە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بابێت رۆژێک وەک هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان و وەکو من بژیت زۆر سوپاس.
 
بێستوون: زۆر سوپاست دەکەم...
 
بێستوون:  دەستەکانت خۆش بێت زۆر باشە، سەماوە گەراندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوەکان.
 
سوودانی: لە کۆتایی قسەکانتەوە دەستپێدەکەم. مووچەی ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە. لە بابی بودجەی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمواری یاساکە ئەو توێژەش دەگرێتەوە. یاساکە هەموار دەکرێ کە لە رێگەی تەرخانکردنی بودجەوە دەبێت و مووچەکان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە راستەوخۆ دەچێ بۆ ئەو توێژانە. دەستکاریی مووچە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمە، چونکە بەگوێرەی یاسایەک کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بڕیاری لێدراوە. لەڕووی دەستووریشەوە، ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە شەهیدان و زیندانیان و چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئەوە لە هەرێمە، دەسەڵاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە نەک پەرلەمانی فیدراڵی. بەڵام بابەتی یەکەم کە پەیوەندی بە ئەنفالەوە هەیە، ئەنفالیش یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی رژێمی دیکتاتۆری لە دژی گەلی ئێمە لە هەرێمی کوردستان. لەیادمە کاتێک وەزیری مافەکانی مرۆڤ بووم لە حکومەتی دووەمی بەڕێز نووری مالیکیدا...
 
بێستوون: 2010
 
سوودانی: 2010 بۆ 2014. بەشدار بووم لە ئابڕووبردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی ئەو رژێمە و لە چەند کۆنگرەیەکی جیهانیدا پێشانی هەموو جیهانمان دان. کێشەیەک کە ئەوکاتە لەبەردەمماندا بوو، لە مەسەلەی تاوانبارکردن بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە ئێمە نەچووبووینە پاڵ یاساکانی دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان و سیستەمی رۆما، ئەوە بووە بەربەست لەبەردەم ئەوەی مۆرکێکی جیهانیانە بەو تاوانانە بدەین کە رژێمی پێشوو کردبوونی. چونکە ئەگەر تێبینیت کردبێ ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکان کران، لە پەرلەمانی چەند دەوڵەتێکدا خرایە دەنگدانەوە نەک بڕیاری دادگای تاوانەکان بووبێ کە ئاستەنگێک بوو لەبەردەم ئێمە. چارەسەری بارودۆخی خێزانی شەهیدان، من زیاتر لە حاڵەتێک و روونکردنەوەیەک هاتووەتە بەردەمم تەنانەت لە بەرپرسی تایبەتمەندیشەوە، کێشەکە لە یاسادایە. لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دا باسی ئەوە هاتبوو کە هەندێک لە مافەکانی، پێموایە هەڵەبجە بوو، بخرێتە پاڵ مەلەفی رەفحا، بەڵام بەهۆی تەرخاننەکردنی پارە جێبەجێ نەکرا، ئەمانە باسی هەندێک کێشەن کە تۆ پەیوەندیت پێیانەوە نییە، بەڵام من ناچارم روونی بکەمەوە تا بزانی کێشەکە یاساییە نەک مەسەلەی نەسەلماندنی حەق. قوربانییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە قوربانیی تاوانی جۆراوجۆرن، بۆ نموونە گولـلەبارانکردن و لەسێدارەدانی ئەندامانی بزاڤی ئیسلامی لە هەشتاکاندا، یان قوربانیانی راپەڕینی شەعبانی لە نەوەتەکان، ئەمانەش هەموو تاوانن و قوربانیی تاوانەکانی رژێمی پێشوون. ئەو کێشەیە کە روویداوە، لە مێژووی ئەم پرۆسە سیاسییەدا لە 2003 وە هەتا ئەمڕۆ، ئێمە باسی 20 ساڵ دەکەین، هەمیشە مامەڵە لەگەڵ کێشەی قوربانیانی ناو هەرێم لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا کراوە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەریکردوون، لەکاتێکدا قوربانیانی دەرەوەی هەرێم، لە پارێزگاکانی دیکە بەگوێرەی ئەو یاسایانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە کە پەرلەمانی فیدراڵی دەریکردوون. هەر یاسایەک بۆ چارەسەری ئەو جۆرە کێشانە دەرچووبێ، ئێمە وەکو حکومەت بە دڵنیاییەوە جێبەجێی دەکەین جا لە هەر شوێنێکی عێراق بێت.
 
بێستوون: دەستخۆش سەماوە، ئەی گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوەکان؟
 
سوودانی: پرۆسەکە بەردەوامە، پێموایە دوایین کار لە سەماوە بوو. گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەسەر نەخشەیەک دیاری کراون، بەڵام پرۆسەکە بەهۆی هاتنی داعش دواکەوت و ئینجا گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش زیاد بوون. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە بەردەوامە. تیمێکی تایبەتمەندمان هەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانیان پێدانراوە. رێکارەکانی گەڕان لە دوای گۆڕی دیکە و دەرهێنانەوەی روفاتەکان و پشکنینی دی ئێن ئەی، ئەمانە هەموو کاتیان پێویستە، بەڵام تیمی تایبەتمەند کە سەر بە دامەزراوەی شەهیدانە، بەگوێرەی پلانێک بەردەوامن لە کاری خۆیان.
 
بێستوون: بەڵام زۆر زۆر درەنگ کەوتوون دەزانی جەنابت بەهۆی پشکنینی دی ئێن ئەی و ئەو بابەتە تەکنیکیانەوە، واتە درەنگکەوتنێک هەیە کە لە مانگ و ساڵدا نییە حەق و حیسابی، ئەو خەڵکەش دڵیان بەوە خۆشە کە ئێسک و پروسکی کەسوکاری خۆیان ببینەوە و لە نیشتمانی خۆیان بیاننێژن، ئەمە هەست ناکەی ئیهمالکراوە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراقەوە؟
 
سوودانی: وەکو باسم کرد من ئاگاداری ئەم مەلەفەم چونکە ئەو بەشە تایبەتمەندە لە چوارچێوەی فەرمانگەکانی سەر مافی مرۆڤدا بوو. شاهێدییان بۆ دەدەم تیمێکی پرۆفیشناڵن، لە دەوڵەتانی دیکەوە داوای هاوکارییان لە ئێمە کردووە. لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چوونەتە کار و ئەرکی هاوبەشەوە، بەڵام بەرفراوانیی رووبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەوانەش کە بەم ساڵانەی دوایی پاش 2014 دەرکەوتن، ئەمانە کاریگەرییان لەسەر باش بەڕێوەچوونی کاری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە هەبووە کە بەشێکن لە تاوانەکانی رژێمی پێشوو. بەشەکە هەیە و بودجەی هەیە و کاریان بەردەوامە لە مەسەلەی پشکنینی دی ئێن ئەی جا لە دامەزراوەی شەهیدانەوە بێت یان وەزارەتی تەندروستی.
 
عیسام عارف خوێندکار: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان. بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران سڵاوی خوات لێبێ.. من عیسام عارف، ماستەرم هەیە لە بودجەی گشتیی دەوڵەت و قوتابیی ئابووریی داراییم و لە پارێزگای موسەننام.
 
سوودانی: بەخێربێی
 
عیسام عارف خوێندکار: بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران لە سەرەتاوە لەجیاتی هاوشانەکانم کە هەڵگری بڕوانامەی باڵان، سوپاست دەکەین بۆ هاوکارییەکانت لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێمە کە لە 2014ـەوە هەتا ساڵی 2023 چارەسەر نەدەکرا. بەڕاشکاوی دەڵێم وشەکان بەشی ئەوە ناکەن سوپاست بکەم بۆ هەوڵەکانت لە کۆتاییهێنان بە کێشەی توێژێکی بەرفراوان لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا کە بە دەستەبژێری کۆمەڵگە دادەنرێن.
خاڵی دووەم، من پسپۆڕی بواری ئابووریم، پارێزگای موسەننا و پارێزگای قادسیە لە پارێزگا هەرە بێبەشەکانن لەنێو پارێزگاکانی عێراقدا، بەتایبەتیش پارێزگای موسەننا کە بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی هەژاری تێیدا گەیشتووەتە 64٪. بۆیە قەبارەی پارەی تەرخانکراو لە بودجەدا کە بۆ ئەو پارێزگایە دانراوە لەگەڵ ئاستی خراپی خزمەتگوزارییەکان و بارودۆخە ئابوورییەکەی ناگونجێ، ئێمە سەرچاوەیەکی ئابووریمان هەیە ئەگەر بەڕێزتان گرنگیی پێبدەن، دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ گەورەترکردنی بودجەی پارێزگاکە، ئەویش دەروازەی سنووریی جومەیمەیە لەگەڵ عەرەبستانی سعودی. جەنابی سەرۆک ئەو دەروازەیە، بە ئەمانەتەوە دەیڵێم، حکومەتەکانی پێشوو سەردانیان کردووە و بەڵێنیان دا ئەو دەروازەیە بکەنەوە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ رێکارێکی راستەقینە نەگیراوەتە بەر بۆ کردنەوەی. داوا لە بەڕێزت دەکەین، ئەمە شتێکە من بە ئەمانەتی دادەنێم، قسەی خەڵکی سەماوەیە و داوایان کردووە بیگەیەنمە جەنابت، داوا دەکەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزیتەوە و زۆر سوپاست دەکەم.
 
سوودانی: زۆر سوپاس.. سوپاس دکتۆر.. لە کوێ دەوام دەکەی؟
 
عیسام عارف خوێندکار: ئێستا من لە وەزرەتی دارایی دامەزراوم، لە بانکی رافیدەین 
 
بێستوون: پیرۆزە، چ ساڵێک دامەزراوی؟ 
 
عیسام عارف خوێندکار: 2023
 
سوودانی: دامەزراوەکانی خاوەن بڕوانامەی باڵان.
 
بێستوون: بڕیاری دامەزراندنەکە هی پێشترە نەک ئێستا؟
 
سوودانی: نا فەرمانەکە دواکەوت. ئەم حکومەتەی ئێستا رەزامەندی لەسەر بڕیارەکە دا و دەستبەکار بوون.
 
بێستوون: دەبێ داوەتمان بکا کە دامەزراوە...
 
عیسام عارف خوێندکار: ئینشاللە
 
سوودانی: پەنا بەخوا دەیگوازینەوە بۆ بەغدا... ئەو پسپۆرییەی زۆر گرنگە.
 
بێستوون: ئەمجارە داوەتەکەمان بە یەکجاری حەڵاڵ کرد...
 
سوودانی: دکتۆر، با بە زمانی ئابووری قسە بکەین.. تۆ دەتەوێ ئەو دەروازەیە کارا بکەین.. باشە ئەوە لە پلاندایە، بەڵام دەروازە هەلی کار ناڕەخسێنێ. هەلی کار بۆ ئەوانە دەڕەخسێنێ کە لە بواری ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کاردەکەن. من دەمەوێ هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی کارا بکەم کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کار دەڕەخسێنێ. سەماوەش ناوچەیەکی مژدەبەخشە. زەویی گرنگمان لەوێ هەن کە لە چوارچێوەی پلانەکەدا دەیکەینە زەویی کشتوکاڵی. واتە ئێستا نزیکەی 230 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیمان زیاد کردووە، هەموویشی بە شێوازی نوێ دەچێنرێ. خۆی لە ئەسڵی پلانەکەدا نزیکەی 200 هەزار دۆنم بوو. سەماوە بۆ یەکەم جار بەربەستی 150 هەزار تۆن بەرهەم دەبەزێنێ. پارێزگای ژمارە یەکە، ئەمە زانیارییەکە بۆ هەمووتان، پلە یەکە لە وەبەرهێناندا. پرۆژەکانیشی لە کەرتی هەمەجۆردان، بۆیە من بە خەڵکی سەماوەم گوت و ئێستاش بەتۆی دەڵێمەوە. لە رووپێوییەکانی داهاتووی وەزارەتی پلانداناندا، پارێزگای سەماوە هەرە هەژارترین پارێزگا نامێنێ.. پشتیوان بەخوا، چونکە بینیم ئاستی خزمەتگوزاری لەوێ باشە، ئەوەی لە بودجەدا تەرخانمان کردبوو، لە دەرەوەی پارەی تەرخانکراوە بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان، لەسەر ئاستی قەزاکان، لە بودجەکانی 2023 و 2024 دا پشت بەخوا. 
 
بێستوون: دەستەکانت خۆس بێ. بەڵام ناوت چی بوو؟ عیسام وانییە؟ 
 
عیسام : بەڵێ عیسام
 
بیستوون: کاک عیسام بیرت نەچێت و هێدفۆنەکەت بخە سەر گوێت، بیرت نەچێت چ خواردنێکی سەماوە زۆر بەناوبانگە کێ دەزانێت؟ چ خواردنێکی سەماوە زۆر بەناوبانگە جەنابی سەرۆکوەزیران؟
 
سوودانی: چی؟
 
بێستوون: خواردن خواردن چ جۆرە خواردنێکی ناوچەی سەماوە زۆر بەناوبانگە؟
 
سوودانی: نا ماسی نییە، چممە، بەڵێ بەڵێ چممە
 
ىیستوون: چمە چییە؟ دۆمەڵان ئێ، ئەبێ داوەتی دۆمەڵانمان بکەی هەموو جەماعەت دێن کاکە..... تکایە ژمارەکەی وەرگرن هەیە لە لیستەکە وانیە، پەنا بەخوا کە گواستنەوەکەی بوو، هەموویان ئەهێنم بۆ سەماوە داوەتی تۆ دەبین باشە.
 
عیسام عارف خوێندکار: یەک خولەک، بەناوی خۆم و بەناوی جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە هەمووتان داوەت دەکەم بۆ سەماوە و بە میوانداریتان شەرەفمەند دەبم. سەماوەش شوێنی پەیدابوونی یەکەم وشەیە لە مێژوودا و لە شوێنەواری وەرکایە. بە سەردانتان شەرەفمەند دەبم.
 
سوودانی: بارک اللە فیک.
 
بێستوون: ئێستا  دەمەوێ خاتوونێک چونکە تائێستا  خاتوونی زۆر قسەیان نەکردووە دەبێت هاوسەنگی بپارێزین و پەنجا بە پەنجا بێت فەرموو.
 
خوێندکار: زۆر سوپاس کاک بێستوون بۆ ئەم دەرفەتە.
 
بێستوون: زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
 
خوێندکار: زۆر بەخێرهاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم، پرسیاری من دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە ئایە کەی دەستپێدەکاتەوە؟ ئایە کیشەکان بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کە ئێستا کارەکانیان وەستاوە لە هەرێمی کوردستان بەکوێ گەیشتووەو کەی دەستپێدەکەنەوە ؟ زۆر سوپاس.
 
بیستوون: دەستەکانت خۆش بێت، جەنابی سەرۆک وەیزران هەستەدەکەم مەتەڵێک هەیە لێرە، عێراق دەڵێت من ئامادەم و تورکیاش دەڵێت من ئامادەم و هەرێمی کوردستانیش دەڵێت من ئامادەم، بەڵام نازانم بۆ دەستپێناکرێت؟ چییە وەڵامی ئەم مەتەڵە چییە؟
 
سوودانی: هەمووان ئامادەن، بەڕاستی. کێشەکە لە... پێمگوتی لە سەرەتای قسەکانمدا باسمکرد. ئەنجوومەنی نوێنەران ماددەیەکی داناوە دەڵێت: تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بەگوێرەی تێکڕای نیشتیمانی دەبێت. ئەمە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانراوە.. لیژنەی دارایی دایناوە، حکومەت داینەناوە. ئەم کێشەیە کاتێک هاتین... پاش ئەوەی تورکیا رایگەیاند کە ئامادەیە بۆئەوەی دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە، هاتین قسەمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کرد، گوتیان ئێمە ناتوانین، چونکە تێکڕای تێچوو هەشت دۆلار بوو...
 
بێستوون: واتە پێمدەڵێ: عێراق ئامادەیە، تورکیا ئامادەیە و هەرێمی کوردستان ئامادەیە تەنیا کۆمپانیاکان ئامادەنین؟
 
سوودانی: نا با تەواوی بکەم، کۆمپانیاکان لەبەر رۆشنایی ئەو ماددە یاساییە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانراوە، دەبێ بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک هەشت دۆلار تێچوو بدەین، لەکاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە گرێبەستەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان 21 دۆلار دانراوە، ئەم جیاوازییە کێ دەیدات؟ نە حکومەتی هەرێم هەیەتی و نە ئێمەش دەتوانین سەرپێچیی یاسا بکەین. ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی ئەو یاسای بودجەیەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بۆ داوە. ئێستا کۆمپانیاکان چاوەڕێن ئەم ماددەیە هەموار بکرێ..
 
بێستوون: لە یاسای بودجەدا؟
 
سوودانی: لە یاسای بودجە، هەتا بتوانین تێچووی بەرهەمهێنانەکە بدەین.
 
بێستون: ئێوە وەک ئەنجوومەنی وەزیران ئەو هەموارکردنەوەیە بەو کولفەیە رازیدەبن و بینێرنە پەرلەمان؟ 
 
سوودانی: بەدڵنیاییەوە، چونکە ئێمە ئێستا نزیکەی 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زەرەر دەکەین، ئەمە ئەو بڕەیە کە دەبوو لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە دەرەوەی هەرێمیشەوە هەناردە بکرێ. بۆیە پێش ماوەیەک ئەگەر لەیادت بێت وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانمان نارد بۆ هەرێم و لەوێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان کرد و هەروەها دیدارێکیان لەگەڵ گروپێک لە کۆمپانیاکانی نەوت سازکرد، لەوێ ئەو ماددەیەیان دایە ئێمە کە پێویستی بە هەموارکردنە و ئێمەش خستمانە ئەو رەشنووسەوە کە دەبێ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی بکەین.
 
بێستوون: ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە چەند هەزار بەرمیل نەوت دابین دەکات بۆ عێراق؟
 
سوودانی: 470 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرا، لەوە نزیکەی 380 بۆ 400 هەزار بەرمیلی بەرهەمی هەرێم بوو.
 
بێستوون: ئێستا هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەرمیل نەوتە دابین دەکات بۆ بازاڕی ناوخۆی عێراق؟
 
سوودانی: ئێستا وەستاوە.. وەستاوە.. بەڵێ بەهۆی ئەو کێشەیە.
 
بێستوون: تەنانەت ئێستا هیچ بەرمیلێکیش نییە؟
 
سوودانی: نا نا، هەشتا بۆ نەوەت هەزار بەرمیل بەرهەمدێنن دەیدەینە پاڵێوگەکان کە وەکو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستمان لەگەڵ کردوون، پاڵێوگەی کار، ئەوانیش بەرهەمە نەوتییەکانمان دەدەنێ.... بەڵێ.
 
بیستوون: زۆر سوپاس، دڵنیام پرسیار لەسەر غازیش دەبێت، من پرسیارم لەسەر گازی کۆرمۆری دەبێت لە جەنابت، بەڵام دێمە لای ئێوە، تائێستا زۆربەی ئەوەی قسەیان کردووە کوڕبوون دەبێت تۆزێکیش کچەکان قسە بکەن، فەرموو، نان کچ، بەڵێ دەگەڕێمەوە بۆ بەغدا.
 
دێرسم محەممەد ئەمین خوێندکار: سڵاو.. ناوم دێرسم محەممەد ئەمین ئەحمەدە، من خوێندکاری زانکۆی سۆرانم لە بەشی کیمیا زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ من تۆم لێرە بینی، من نە سیاسیم و نە پەیوەندیم بە سیاسەتەوە هەیە، بەڵام کاتێک جەنات پۆستی سەرۆکوەزیرانت وەرگرت خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆش بوون و ئێوە بوونە جێگەی ئومێد و هیوا بۆ ئەوان، بەڵام بەم دوواییانە هەندێک بێ ئومێدیمان بینی کە بەرپرسیارییەتی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جەنابت لێی بەرپرسی، لەم دواییانەش هەم هێرش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە دەرگایەکی ئەمنییە بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ عێراقیش، هەروەها شوێنێکی وەکو دەشتی هەریریش کە ناوچەیەکی دانیشتوانە و مەدەنیشە کە خەڵکی تێدا نیشتەجێیە هەڕەشەیان لەسەرە وەکو ئەوەی ئاگامان لێیە و باسی دەکرێت کە هەندێک لایەنی عێراقین کە ئەو هێرشانە دەکەن ناشزانین تاچەند ئەمە راستە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ کە جەنابت پێمان بڵێی بۆچی هیچ کاردانەوەیەکت بۆی نییە یان جیاوازی لەنێوان کابینەی جەنابت و ئەوانی دیکە نابینن لەڕووی کاردانەوەکان، جگە لەوەش دەمەوێ جەنابت باسی پەیوەندی نیوان خۆت و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بکەی، کە پێش ئێستا  باسی پەیوەندی نیوان خۆت و سەرۆک مەسعود بارزانیت کرد و دەمانەوێ بۆمان باسی ئەمەش بکەی، لە دوواین سەردانت بۆ هەولێر  جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئۆتۆمبێلی خۆی تۆی گەیاندە فرۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر  پێدەچێت ئێوە هاوڕێیەتی و برادەرایەتییەکی باشتان هەبێت دەشمەوێ باسی رۆڵی ئەومان بۆ بکەی لە ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا؟
 
 بێستوون: چییە دەتەوێ بزانی کە شوفێرییەکەی کاک نێچیرڤان بارزانی چۆن بووە...
 
سوودانی: پێموایە باسی کێشە تەکنیکی و ئیداری و داراییەکانمان کرد، ئەوەی پەیوەندی بە مووچەوە هەیە. رەنگە ئەوە جۆرێک لە... ناڵێم نائومێدی، دڵەڕاوکێی دروست کردووە. پشت بەخوا بە هەمواری یاساکە تێدەپەڕێ کە گوتمان پەیوەندی بە یاسای بودجەوە هەیە و بەوەش کێشەی مووچە چارەسەر دەبێ. لە بابەتەکانی دیکەدا هیچ کێشەیەکمان نییە بەگوێرەی ئەو پابەندیانەی لەسەریان رێککەوتووین. کێشەی هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکان جا لە هەرێمی کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی دیکەی عێراق، ئەمەش یەکێکە لە مشتومڕەکانی ئێستا و رووداوی هەرە دیارە لەم بارودۆخە هەستیارەدا. زۆر گرنگە ئاگاداری وردەکارییەکەی بن.
 
پێش هەر شتێک ئێمە کێشەیەکمان هەیە، نایشارینەوە. راشکاوانە قسە دەکەم. کێشەی چەکمان هەیە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت. لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت. گرووپی چەکدار هەن کە ناسراون، ئاشکران. ئەمانە باوەڕ و هەڵوێستێکیان هەیە لەوەی لەناو خاکی عێراقدا هێزی بیانی هەیە.. بوونی ئەو هێزە، ئەمە قسەی ئەوانە، پێیانوایە جۆرێکە لە داگیرکاری و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات. ئەمەش یەکێک بوو لەو بابەتە گرنگانەی قسەم لەسەر کردووە کاتێک راسپێردرام . خۆ کێ منی راسپارد، کوتلەی هەرە گەورەی پەرلەمان، دەڵێن وەرە تۆ رادەسپێرین ببیتە سەرۆکوەزیران حکومەت پێکبێنە. باشە.. کێشەکان چین؟ گوتم کێشەی بەردەمی ئێمە چەکە، گەندەڵییە و و و یەک دوو سێ...
 
بێینە سەر بابەتی چەک، ئەمە ئەو ئاریشە و ئەو پرەنسیپەیە کە باسی دەکەن. ئەمە چۆن چارەسەر بکەین؟ بە بۆردومان و بە مووشەک و هەریەک لای خۆیەوە بڕیار بدات؟ لە جیاتی دەوڵەت و دامەزراوەکانی؟ ئەوە دروست نییە. ئەمە عێراق وا نیشان دەدات کە دەوڵەتێکە کۆمەڵێ گروپی چەکدار سەرکردایەتی دەکەن و ئەوان لەجیاتی گەل بڕیار دەدەن. رای تۆ هەرچییەک بێت وەکو گرووپ و تاقم، ئەوە رای تۆیە و مەرج نییە رای هەموو گەلی عێراق بێت. گەل ئەوەتا نوێنەری هەیە، بەچاوپۆشی لەوەی پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرەکانی چۆنە، بەڵام بەگوێرەی یاسا و دەستوور، نوێنەرمان هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو نوێنەرانە حکومەتێکیان هەڵبژاردووە. تەنیا ئەم دامەزراوانەشن کە مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن. بۆئەوەی ئەم ئاریشەیە چارەسەر بکەین، رێککەوتین لەسەر ئەوەی حکومەت، بەوەدا کە حکومەتێکە جێی متمانەیە، بە گفتوگۆ دانوستاندن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات، چونکە ئێمە بەڕاستی ئیدی پێویستمان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەماوە. بوو بە چی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.. تیرۆر سوپاس بۆ خوا بەسەریدا سەرکەوتین و کۆتایی هات، چیدی مایەی هەڕەشە نییە. داعش چیدی هەڕەشە نییە لەسەر دەوڵەتی عێراق. دەزگا ئەمنییەکانمان بە هەموو ناونیشانە جیاوازەکانیانەوە، لەژێر هەر ناوێک بن، دەتوانن ئاسایش و ئارامی لە هەموو ناوچەکانی عێراق بپارێزن، کەواتە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە عێراق رزگاری بێت لەم هێزەی ئەوان کە تووڕەیی خەڵکێک هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە دەبزوێنێ. لایەن هەیە ئەم بابەتە وەکو پاساو بەکاردێنێ، دەیکاتە پاساو بۆ دەستێوەردان لە کاروباری عێراق، بۆ هاندانی ئەم لایەن و ئەو گرووپ و ئەم دۆخەش ئێمە تووشی شڵەژان دەکات. ئەوەتا مشتومڕێکی ناوەتەوە کە رۆژانە دەیبیستین، دەمانەوێ لەمە دەرباز بین. بۆیە قسەی ئێمە بەدرێژایی یەک ساڵی تەمەنی حکومەت لەگەڵ دۆستانمان لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە بوو کە کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکشێتەوە، پێویستمان نییە. ئەوانیش قەبووڵیان کرد. بە بەڵگەی ئەوەی هەڵوێستیان دەربڕیوە، چ سەرۆک ترەمپ و چ سەرۆک بایدن رایانگەیاندووە کە کۆتایی بە مانەوەی هێزە شەڕکەرەکانیان دێنن و تەنیا هەندێ راوێژکار دەمێننەوە ئەویش بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەت. ئێمە ئیدی کە لەسەر خاکی عێراقین لەسەر داوای حکومەتە، بەڕاستیش ئەوان کە لێرەن لەسەر داوای ئێمەیە. ئەم قسەیە و ئەم راگەیاندنە چ مانایەکی هەیە؟ ئەوەی کە ئەو لەسەر داوای من لێرەیە. کەی ئەرکەکەی کۆتایی هات دەڵێم زۆر سوپاس، کاری ئێوە کۆتایی هات. ئێمە لەم بڕیارە تەقدیری کات دەکەین و حیسابی بەرژەوەندی دەکەین، ئەمە بەگوێرەی تێڕوانینێکە نە بەگوێرەی دروشمی شۆڕشگێڕانەی دەرچۆ دەرچۆ. ئەوانە دەوڵەتی زلهێزن و لە بەرژەوەندیی ئێمەیە پەیوەندیی هەمەلایەنمان هەبێت، بەتایبەتیش ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەنێوان ئێمە و ئەواندا رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی هەیە. ئەمە چەندین بواری تێدایە.. لە ئابووری، لە تەکنۆلۆژیا... 
بێستوون: زانکۆ و خوێندنی باڵا و...
 
سوودانی: بەدڵنیاییەوە، پەروەردە و کۆمەڵێ بواری دیکە. 
 
بێستوون:  کۆمەڵێک پرسیارمان بۆ دروست بوو، پرسیارەکانی تۆشمان بیر ناچێتەوە خەمت نەبێت، ئایە مەترسی داعش لە عێراقدا هیچ نەماوە، واتە بۆ نموونە لە هەفتەی رابردوو لە مەخموور داعش هێرشی کردە سەر  هێزی پۆلیسی عێراقی مەترسی ئەوە نابینن کە جارێکی دیکە بتوانن خۆیان رێکبخەنەوە؟
 
سوودانی: گرووپی بچووکن، تۆقیون، خۆیان لەو ئەشکەوت و چیایانەدا شاردووەتەوە. هیچ جێپێیەکی لە عێراقدا نییە.
 
بێستوون: توانای خۆ رێکخستنەوەیان نییە؟
 
سوودانی: نەخێر.. نەخێر.. ئێمە راوەدوویان... بەس با وەڵامەکەم تەواو بکەم. لە هەموو شوێنێک راویان دەنێین و لە هەر شوێنێک بن لێیان دەدەین...
ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێککەوتووین، لەم شاندەی ئەم دواییەدا کە چوو بۆ واشنتن، رێککەوتین لیژنەیەکی دووقۆڵی پێکبێت، گفتوگۆ بکەین و خشتەیەکی زەمەنی بۆ دەرچوونی هێزەکانیان دابنێین و کۆتایی هات. پێشهاتی لەناکاو کە هاتە پێش، رووداوەکانی غەززە بوو. ئەمە پێشهاتێکە بە دڵنیاییەوە سەرلەبەری ناوچەکەی شۆك کردووە.. رۆژانە کۆمەڵکوژی دەبینین.. کۆمەڵکوژی دژی گەلێکی بێچەک لە ناوچەیەکی قەرەباڵخدا. وەکو حکومەت هەڵوێستی فەرمیی خۆمان دەربڕیوە و هەڵوێستێکی روونیش بوو. هەڵویستی سیاسی و میللی و مەرجەعیمان دەربڕیوە.. هەموو مەرجەعە ئاینییەکان شەرمەزاریان کردووە.. ئەمە تا ئێرە روونە، بەڵام بچین خۆمان بئاڵێنینە ناو ململانێ؟ ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە. بۆیە هەموو ئەو دەستدرێژییانەی کراون، بە دەستدرێژیی ئەم دواییەشەوە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، دەستدرێژی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمانە کاری تیرۆریستین. تیرۆریستین و حکومەتیش بە دەزگا ئەمنییەکانیەوە بەدوای بکەرەکانیاندا دەگەڕێ و پشتیوان بەخوا رایدەگەیێنین کێ بوون ئەو تاوانانەیان کردووە و هیچ نەرمییەکیش لەو بابەتەدا نانوێنین. ئەمە شتێکە پەیوەندی بە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەوە هەیە.. هیچ موجامەلەی تێدا نییە و حکومەتیش زۆر جدییە لە بەجێهێنانی ئەرکی خۆی.
 
بێستوون:  یەکەمجارە زمانێکی واتووند بەکاردەهێنن بەرامبەر بە هێرشێک کە بەخۆتان دەلێن لەوانەیە لەلایەن فەسیلەکانەوە ئەنجام درابێت،.
 
سوودانی: کاتێک بارودۆخەکە مەترسیدار بێ و هەڕەشە لە ئایندەی عێراق و عێراقییەکان بکات، بەنیسبەت خۆم هیچ دوودڵییەک نانوێنم.
 
بێستوون: ئەو فەسائیلانەی لە هەڵبژاردنا دەنگیان هێنا لەژێر چەتری پەرلەماندا نوێنەرایەتی دەکرێن هاوڕان لەگەڵ جەنابتان ئەوانەی لەناو پەرلەمانن باسی کۆمەڵێک هێزی دیکە دەکەن یان گۆرانکارییەک لە هەڵوێستی ئەوان دروست بووە.
 
سوودانی: بێگومان هێزە سیاسییەکان و فەسیلە جیاوازەکان هەڵوێستێکی روونیان هەبووە. هەموو هێزەکان ئەمڕۆ لەسەر یەک هەڵوێست کۆک نین تا بۆ هەموو لایەک روون بێت، ئێمەش لەو بابەتەدا لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەمووان. دوێنێ کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبوو. من بانگهێشتی کۆبوونەوەکەم کردن و پێموایە بەیاننامەکەشیان روونە. داوا لە حکومەت دەکەن.. بەیاننامەکە داوا لە حکومەت دەکات کە رێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ ئاشکراکردن و راوەدوونانی بکەرەکانی.. ئیتر لەمە روونتر نابێ.
 
بێستوون: بەڵام لە قسەکانت واتێدەگەم کە ئێستا  فەسائیلی فەسائیل دروست بووە.. لە ناو فەسائیلیشدا گرووپی بچووک بچووک دروست بوونە بە قسەی ئەوانەش ناکەن کەلەگەڵ ئێوەدا رێککەوتبوون کە عێراق ئارام بێت بۆ ئەم ماوەیە.
 
سوودانی: ئێمە وەکو حکومەت ئەوەمان بۆ گرنگە کە هەڵوێستێکی سیاسیی روون هەیە پشتیوانی لە رێکارەکانمان دەکات.. ئەمە یەک. دووەم، ئەرکی فەرمیی ئێمە، ئەرکی حکومەت.. ئەرکی حکومەت ئەوەیە یاسا جێبەجێ بکات.. ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێ. چاوەڕێی زەید و عەمر ناکەم تا رازی دەبێت بەم کارە. فەرمانەکانم بۆ دەزگا ئەمنییەکان روونن، هەرکەس ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدات، بەگوێرەی یاسا و کاری دادوەری بەدوایدا دەچین، جا هەر کەسێک بێت.. هەرکەسێک بێت بۆئەوەی روون بم. ئەم تاوانانەی کراون، حکومەت هەڵوێستی دەبێ و ئاشکرایشی دەکات.. ناوەکانیشیان دەڵێین، هەر لایەنێک کە لەمەوە تێگلاوە.. ئەرکی ئێمە ئەمەیە.
 
بێستوون: کەی دەیبینین ئێمە ئێمەی هاونیشتیمانی کەی دەیبینین ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە.
 
سوودانی: من رۆژانە خەریکی بەدواداچوونم... هەر لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.. لێکۆڵینەوە هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە و پشت بە خوا لەم نزیکانە، لەم نزیکانە ئەنجامەکەی رادەگەیەنین.
 
بێستوون: ئەو تۆمەتبارانەش کە هەولێر دەکەنە ئامانج و هەریر دەکەنە ئامانج ، لەگەڵ ئەوانیشا لێکۆڵینەوەتان کردووە ؟
 
سوودانی: ئێمە کاری هاوبەشمان هەیە لەگەڵ پێشمەرگە و لەگەڵ ئاسایش. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لە هەموو کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، فەریق عیسا و هەڤاڵەکانی ئامادە دەبن. هاوکاری لەنێوانمان بەردەوامە خۆ ئەوە نییە هەرلایەکمان بەبێ ئەوی دیکە کار بکەین. چونکە ئاسایش بەرپرسارێتیی هەموومانە.. کارێکی بەکۆمەڵە.. ئێمە باسی بەرپرسیارێتی ئاسایشی وڵاتێک دەکەین.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبێ ، پرسیاری دیکەی هەبوو بەس بیرمان چۆوەوە پرسیارەکانی دیکە ، پرسیارێکی دیکەی لێکردی لەبارەی پەیوەندیت لەگەڵ کاک نێچیرڤان ، نازانم ، وابزانم دەشیەوێ بزانێ شۆفێرێکی چۆنە ها ؟
 
سوودانی: بەدڵنیاییەوە من لە سەرەتاشەوە باسمکرد، پەیوەندیم لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی کورد زۆر باشە، هەر لە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە هەتا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەوپەڕی رێزی دەگرم، مرۆڤێکە تێدەگات و لە هەموو کاروبارێکدا لەگەڵمان لە پەیوەندیدایە. بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش برام مەسرور بارزانی هەر بە هەمان شێوە. سروشتی کارەکەی ئێمە پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاریکاری و پەیوەندی هەیە کە بە گیانی بەرپرسیارییەوە بەرەوڕووی هەموو ئاستەنگەکان ببینەوە و بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکەین کە دەستوور و یاسا لێمان دەخوازن.
سوپاس بۆ خوا پەیوەندییەکە زۆر باشە و ئەوەش پشتیوان بەخوا رەنگدانەوەی لەسەر هەموو ئەو کێشانە دەبێت کە یەخەی گەلی ئێمەیان لە هەرێم گرتووە.
 
بێستوون: دەستخۆش، لە بەغداوە ، دوو خوێندکارمان لەگەڵن شەهد فەرموو.ئەمە خوێندکاری کۆلێژی راگەیاندنە، کە هەفتەی رابردوو هاتمە بەغدا هاتەلام گوتی من یەکەم کەس دەبم بێمە بەرنامەکەت قسە دەکەم، فەرموو.
 
شەهد کەریم،: خوێندکار: سڵاوێکی گەرم بۆ جەنابی سەرۆک و ئامادەبووانی بەڕێز، من شەهد کەریم، قوتابیی راگەیاندنم لە بەشی ئیزگە و تەلەڤزیۆن. پرسیارەکەم ئەوەیە چەندین خانەی بڵاوکردنەوە لە عێراقدا هەن کە داخراون و ئێستا کتێب لە میسر و لوبنان چاپ دەکرێن، ئەمانە بۆچی داخراون و جگە لەوە... پرسیارەکەم ئەوە بوو: بۆچی خانە عێراقییەکانی بڵاوکردنەوە داخراون. جگە لەوەش، لە ئەمساڵدا قوتابخانەکان کەموکوڕییەکی گەورەیان هەبوو لەڕووی کتێبەوە، سوپاس.
 
سوودانی: چاپکردنەکە بەهۆی هەندێ رێکاری وەزارەتی پەروەردە دواکەوت و باسی ئەو حاڵەتە نەرێنییەشمان کرد، کێشەکە لە پارە نەبوو، بەڵکو بەهۆی هەندێ رێکاری ئیداری بوو لە گرێبەستەکاندا و ئەوەش کاریگەری خستە سەر دابەشکردنی کتێب بەسەر قوتابخانەکاندا. خانەکانی بڵاوکردنەوە بەگشتی و لایەنە رۆشنبیرییەکەی بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا وەکو پێویست پشتیوانی نەکراوە. رەنگە دوایین دەستپێشخەریی حکومەت بۆ پشتیوانی لەو بوارە، دەستپێشخەریی "بەغدا پایتەختی رۆشنبیری" بووبێ. لەم دواییە تەواوکردنی رێکارەکانی حکومەتمان راگەیاند کە تایبەت بوو بە تەرخانکردنی پارە بۆ کەرتی رۆشنبیری بە هەموو بەشەکانییەوە، هەر لە سینەما و دراما و هونەری میوزیکەوە هەتا هونەری شێوەکاری و هەروەها تەرخانکردنی پارە بۆ یەکێتیی ئەدیبان و نووسەران. بڕەکەی ملیار و نیوێک بوو بۆ چالاکییەکان و فێستیڤاڵەکان و ملیارێک دیناریش بۆ چاپکردنی کتێب. ئەمە پارەیەک بوو راستەوخۆ بۆ ئەو بوارە و بەردەوامیش دەبین لەو پشتیوانییە داراییە، چونکە باوەڕمان بە گرنگیی ئەو بوارە رۆشنبیرییە هەیە.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت، برایەکمان لێرە لەگەڵدایە کە خاوەن پیداویستی تایبەتە لە کام پارێزگاوە هاتووە؟ نیسان فەرموو.
 
مەیسەم سەعدوون: خوێندکارێکی خاوەن پێداویستی تایبەت: جەنابی سەرۆک سڵاوت لێبێ. بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران، سڵاوی رێز و خۆشەویستیم بۆ جەنابتان. من مەیسەم سەعدوون عەبدولساحب، قوتابیم لە کۆلێژی یاسا، قۆناغی دووەمم و لە خوێندنی ئێوارانم..... ئیرادە مەحاڵ دروست دەکات و پشت بە خوا توێژی ئێمە، توێژی نابینایان و توێژی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەگشتی تەحەدای هەر بەربەستێک دەکەین. 
 
سوودانی: زۆر باشە...
 
مەیسەم سەعدوون: خوێندکارێکی خاوەن پێداویستی تایبەت: پرسیارەکەم دوو خاڵە و پشتیوان بەخوا زۆر بە کورتی دەیڵێم بۆئەوەی بوار بدەمە ئەوانی دی. بەنیسبەت ئێمە لە پارێزگای میسان، هیچ پەیمانگەیەکمان نییە بۆ نابینایان. لە یادمە لە سەرەتای کارکردنمدا لە کۆمەڵەی نابینایان لەگەڵ جەنابت کە پارێزگار بووی، دەربارەی ئەوە قسەمان کرد. پەیمانگەی نابینایانمان نییە، لە بەسرە هەیە لە ناسریە هەیە، لە باقی پارێزگاکانی دیکەش هەیە، بەڵام لای ئێمە نییە. ئەوە خاڵی یەکەم. دەمەوێ تێڕوانینی جەنابیشت بزانم لەبارەی گرنگیدانی زانکۆکان بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. خۆزگە دەکرا لە هەر زانکۆیەکدا بەشێک هەبێ بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. لە کۆتاییشدا من مەسەلەیەکم هەیە دەیڵێم و هیوادارم پاش ئەم بەرنامەیە دوو بە دوو بەڕێزت ببینم ئەگەر بۆ دوو خولەکیش بووە. سوپاس.
 
بێستوون: دەستخۆش
 
سوودانی: زۆر سوپاس، بە دڵنیاییەوە ئیرادەی ئێوە و پێداگریتان لەسەر تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان شایانی رێز و تەقدیرە لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە. من بەدواداچوون دەکەم بۆ مەسەلەی پەیمانگەی نابینایان ئەگەر بەڕاستی تەنیا لە پارێزگای میسان نەبێت، لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار قسە دەکەم. بابەتی دووەم کە تایبەت بوو بە کردنەوەی بەش، ئێمە بۆ ئەوانەی کەمئەندامن و خاوەن پێداویستی تایبەتن نامانەوێ لەوانی دیکەیان جیابکەینەوە. دەمانەوێ لە کۆلێژ و لە فەرمانگەکان و هەموو شوێنەکاندا ئەوانیش تێکەڵ بن، بەڵام خراپ نییە بەشێکی تایبەتمەندیش هەبێ بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی لایەنە یاساییەکان کە گەلێک ماف لەخۆدەگرن، ئێمە لای خۆمانەوە پابەندین بەو رێژەیەی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و لە دامەزراندن لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا دەستنیشانکراوە.
 
بێستوون: دەستەکانتان خۆش بێت، زۆر باشە بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران جەنابتان ئاسوودەن بە وەزعەکە؟ فەرموو
 
سوودانی: بەدڵنیاییەوە مورتاحم.
 
بێستوون: کەی حەز دەکەی تەواوی بکەین، ئێمە ئێستا 18 پرسیارمان کردووە و هەمووشیان پرسیاریان هەیە... جا بڕیارەکە جەنابیت بیدە. 
 
سوودانی: با وەڵامی زۆرترین پرسیار بدەینەوە... وەڵامی زۆرترین پرسیار بدەینەوە... بەڵێ.
 
بێستوون: کەواتە بەردەوامبین. دەستخۆش
 
رۆژین چەلەبی: خوێندکار: سەرەتا بەخێرهاتنت دەکەم جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، من رۆژین چەلەبیم، قوتابی کۆلێژی پزیشکیم لە زانکۆی زاخۆ  و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆم پرسیارم بۆ جەنابت ئەوەیە ئەرێ کەی حکومەت دەتوانێت ژمارەیەکی باشی دەرمان و بە کوالیتی باش لە نەخۆشخانە حکومییەکان دابین بکات بۆ ئەو کەسانەی کە توانایان نییە لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومەییەکان بكرن، بەتایبەت هەژاران و دەستکورتەکان، کەی حکومەت دەتوانێت دەرمانیان بۆ دابین بکات بۆ چارەسەری نەخۆشەکانیان.
 
بێستوون: دەستخۆش  
 
سوودانی: سوودانی: پێش، پێموایە مانگێک یان هەندێک زیاتر لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکومەتی فیدراڵی چاومان بە وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان کەوت. بینیم هاوئاهەنگییەکی باش لە هەموو بوارەکانی تەندروستی لەنێوانیاندا هەیە. مەسەلەی تۆمارکردنی دەرمان، ئێستا بە رێکاری دیاریکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تۆمار دەکرێ. لە بڕیارەکانی ئەم دواییەدا.. بڕێکی زۆری دەرمان بە قاچاخ دەبران و بێ هیچ پشکنینێک، یان تۆمار نەدەکران. دەزانن مەسەلەی تۆمارکردن بەتایبەتی لە عێراق بە رێکاری زۆر تونددا تێپەڕ دەبێ. هەمیشەش مواسەفاتی عێراقی لە دەرماندا وردتر و باشتر و ئاڵۆزتریشە، بۆیە کۆمەڵێک بڕیارمان دەرکرد بۆئەوەی تۆمارکردنی دەرمان ئاسانتر بکرێ و بتوانرێ دەرمانی تۆمارکراو کە پشکنینی بۆ کرابێ بگەیێنرێتە هەموو شوێنێک جا لەناو هەرێم بێت یان لە دەرەوەی هەرێم، چونکە گەورەترین قاچاخچێتی لە بازرگانیی دەرماندا دەکرێ کە راستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستیی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە وەکو مەسەلەیەکی مەبدەئی هاوئاهەنگییەکی باش هەیە و وەکو گوتم پێش مانگێک لەو رووەوە کۆبوونەوەیەکمان هەبوو.
 
بێستوون: لەسەر ئەم بابەتە زۆر زۆرم پێمخۆشە بەتایبەتی سەرەنجی جەنابت رابکێشم بۆ  نەخۆشخانەی هیوا، لە شاری سلێمانی ئێمە نەخۆشخانەیەکمان هەیە بە ناوی نەخۆشخانەی هیوا کە تاکە سەنتەری رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەیە لەسەر ئەو ئاستە لەسەرانسەری عێراق، نەخۆشخانەی هیوا تەنیا 60٪ ی نەخۆشەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن ئەوانی دیکە نەخۆشی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، من وەک رۆژنامەڤانێک کە ماوەی سێ ساڵە زۆر لە نزیکەوە چاودێری ئەو نەخۆشخانەیە دەکەم کە ناوی هیوایە، تکایە ناوەکەی بۆ وەربگێڕن بۆ عەرەبی ناوی نەخۆشخانەکە ئەمەلە بووەتە بە هیوا بۆ دەیان هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لەسەرتاسەری عێراق ، بەڵام سێ ساڵە من هەفتانە لە هەواڵەکانا دەبینم و خۆم سەردانیان دەکەم . دەبینم لەبەر کەمی دەرمان لەبەر نەبوونی مووچە ، لەبەر دانەمەزراندن ناچارن کە نەخۆشی دیکە وەرنەگرن ، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رۆژێک نەخۆشی تاز وەردەگرن ، زۆر مەبەستمە لەسەر ئەوە بوەستم لێرەش یەک دوو خوێندکار هەبوون کە لە نەخۆشخانەی هیوا بوون لەگەڵماندا ، لەوێوە لەگەڵماندا بوون ، کامتان بوون ؟ ‌حەزەکەم یەک دەقیقە لەسەر نەخۆشخانەی هیوا قسە بکەن ، زۆر بە کورتی کاک ئە‌حمەد ، لەسەر نەخۆشخانەی هیوا زۆر بە کورتی شتێکمان پێبڵێ ، کاک ئەحمەد یەک خولەک کاتت هەیە ، کەمتریش. مایکەکە نزیک بکەرەوە و قسە بکە .
 
ئەحمەد جەمال: دەرچووی کۆلێژی پزیشکی: حەزەکەم لەسەر نەخۆشخانەی هیوا دکتور ئاسۆ قسە بکات ، من پرسیارێکی دیکە دەکەم .
 
بێستوون: ئۆکەی دەستەکانت خۆشبێت، لەسەر نەخۆشخانەی هیوا هیچ شتيکت هەیە بیڵێی؟ 
 
خوێندکار: پرسیارەکەی من هەر لەسەر کەرتی تەندرووستییە ، من ئەحمەد جمال دەرچووی کارگێری تەندروستی لە زانکۆی گۆیژە لە شاری سلێمانی . زۆر سوپاسی جەنابتان دەکەم بە رەخساندنی ئەو دەرفەتەی وەک کاک بێستوون ئاماژەی پێدا کە لە حوکمڕانی عێراقا بۆ یەکەمجارە بەرزترین بڕیاربەدەستی وڵات لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج دابنیشێت بەتایبەتی گەنجانی هەرێمی کوردستان ، ئەوە یەکەم دیدارە و بۆ ئەوە سوپاست دەکەین.
 
بێستوون: تکایە پرسیارەکەت زۆر بەپەلە تەنها 30 چرکەت هەیە.
 
ئەحمەد جەمال: دەرچووی کۆلێژی پزیشکی: پرسیارەکەم لەسەر تەندرووستییە ، لەماوەی کابینەی جەنابتان لەو ساڵەدا چەند گرنگیتان داوە بە کەرتی تەندرووستی ، من لە بوارەکەی خۆمدا کە ئەزموونیکم هەیە و شەش ساڵە خۆبەخشم لە بواری تەندرووستیدا ، رۆژانە نەخۆشییەکان رۆژ بە رۆژ تەشەنە دەکەن ، بەتایبەتی نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی ، دەزانن کێ بەڕێوەی دەبەن ! خێرخواز واتا لایەنی پەیوەندیدار بەشداری ناکا ، نەخۆش هەیە شەش بۆ هەشت مانگ نۆرەی بۆ دەنووسرێ و لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە ، بەڵام کە نۆرەکەی دێت دەزانن چییان پێوتراوە ؟! پێیگوتراوە ''انا للە و انا الیە راجعون''.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت.
 
ئەحمەد جەمال: دەرچووی کۆلێژی پزیشکی: تۆ بەرپرسی باڵای عێراقی ، ئەو رستەیەی کۆتایی کە گووتم چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر جەنابتان ؟! لەبەر چی ؟ لەبەرنەبوونی دەرمان ، لە رووی چارەسەر کردنەوە هاوشێوەی وڵاتانی ئەورۆپان بەڵام لەرووی دەرمان و ئامێرەوە هیچ پشتگیری و پاڵپشتییەکیان نییە و خێرخواز بەڕێوەی دەبات.
 
بێستوون: تەواو، پەیامەکەت روونە و دەستەکانت خۆشبێ، زۆر زۆر سوپاس... نەخۆشخانەی هیوا بە پاڵپشتی دارایی خێرخوازان بەڕێوەدەبرێت و کارکردنی خۆبەخشانەوە بەڕێوەدەچێت ، لەسەر ئەوە هیچ شتێکتان هەیە  بیڵێن؟
 
 
سوودانی: ئەوە لەناو هەرێمە...
 
بێستوون: بەڵام خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو دانیشتوانی عێراق دەکا ، بەشێوەیەک 40 لەسەدا نەخۆشەکانیان دانیشتووی بەسڕە، عەمارە ، کوفە بەغدا و دیالە و موسڵن.
 
سوودانی: بێگومان نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، خۆ هەمووتان بەدوور بگرێ چەند ئاستێکی هەیە، بنکەی هەیە بۆ کەشف و بنکەی هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. ئەمانە خەریکە لە پارێزگاکانی دیکەشدا زیاد دەبن. لە پارێزگای میسان بنکەیەکی تایبەتمەندمان بۆ چارەسەر هەیە.. لە بەسرە هەروەها و هەروەها ئەو نەخۆشخانەیەی سلێمانی. بەشێک لە گفتوگۆی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی لە حکومەتی فیدراڵی و لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هاریکاری بوو لەو بوارەدا. شتێک کە حەز دەکەم بۆ ئەو برایەم ئەحمەد روونی بکەمەوە، ئێمە لە کارنامەی حکومەتدا ئەولەویەتمان داوە بە بنکە پسپۆڕییەکان بەو بنکانەشەوە کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، ئەمە چ لەڕووی تەرخانکردنی پارە بۆ فەراهەمکردنی چارەسەر و چ زیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ دەرمان. بۆ یەکەمجارە رووماڵی 90٪ی هەموو ئەو دەرمانانە دەکەین کە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان پێویستیان پێیە. پێشتر شتی وا نەبووە. ئەو پارەیەی ئێمە تەرخانمان کردووە سەرووی تریلیۆنێک و 600 ملیار دینارە. هەروەها بۆ جاری یەکەمە پێشنیازی ئیدارەی هاوبەش دەکەین بۆ نەخۆشخانەکان، ئەمەش لەگەڵ دامەزراوەی تایبەتمەند، واتە ئیدی لەجیاتی ئەوەی هاووڵاتیی ئێمە سەفەری دەرەوەی عێراق بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەم ئیدارە هاوبەشە پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی پێویستی بۆ دابین دەکەن. بابەتێکی دیکەی گرنگ پەیوەندی بە فەلسەفەی سیستەمی تەندروستییەوە هەیە، ئەویش یاسای بیمەی تەندروستییە. ئێمە ئێستا لەو قۆناغی گواستنەوەیەداین کە تێیدا ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێ و بۆ ئەمسالیش 300 هەزار فەرمانبەرمان هەڵبژاردووە وەکو تێست و وەکو سەرەتا و وەجبەی یەکەم پاش ئەوەی دەستەی بیمەی تەندروستیمان پێکهێنا، بێگومان ئەمە نەخۆشخانە تایبەتەکان هاندەدات بۆئەوەی چارەسەری پێویست دابین بکەن بەگوێرەی سیاقە یاساییەکانی بیمەی تەندروستی. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو گۆڕینی واقیعی تەندروستی. هەروەها.. چونکە کەرتی تەندروستی بەڕاستی گرنگە و بەشێکی گەورەی فۆکەسی ئێمەی لە کارنامەی حکومەتدا داگیر کردووە. نەخۆشخانەمان هەیە لە 2013 دا چەقیوە. لە بەغدا ، لە فزێلییە، لە شەعب، لە پارێزگاکانی دیکە.. لە مووسڵ ئیبن سینامان هەیە، کەرتی تەندروستی لە مووسڵ بەڕاستی کێشەی گەورەیان هەیە. دەستمان کردووە بە خێرا راییکردنی گرێبەستەکان و تەواوکردنی کاری ئەو نەخۆشخانانە. بەهیواین لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەوە بگاتە هەموو نەخۆشخانەکان، بەشێک لە نەخۆشخانەکان بەتایبەتی لە بەغدا لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەست بەو خزمەتگوزارییە دەکەن.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆشبێ، بەس هەر نەخۆشخانەی هیوات لەبیر بێ، بۆچی بە تێبینی لای خۆت نانووسی جەنابی سەرۆکوەزیران، تکایە با نەخۆشخانەی هیوات لەبیر بێ
 
بێستوون: فەرموو. کاتەکەمان زۆر زۆر کەمە تکایە پرسیارەکەت لە تەنیا 30 چرکەدا بکە. فەرموو
 
خوێندکار: زۆر سوپاست دەکەم، بەخێرهاتنی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم، سوپاس بۆتۆ، ئەوەندە خۆشحاڵم مەزەندە ناکرێت کە پەیامێک و هەمیش ئەمانەتێکی چەند هەزار خوێندکارم پێیە کە بیگەیێنم بە جەنابی سەرۆکوەزیران، لە ساڵی 2016ەوە نۆ هەزار دەرچووی زانکۆمان هەن، بەشێک لەو زانکۆیانە دەکەونە شاری خانەقین ئەویش ناوچەی جێناکۆکە، ئێستاش شەش هەزار خوێندکارمان هەن.. دەنگ هەیە
 
بێستوون: بەردەوام بە گوێمان لێتە.
 
 خوێندکار: هەزاریان دەکەونە خانەقین و پێنج هەزارەکەی دیکەش دەکەونە کەلار و کفری، گەورەترین کێشەیان ئەوەیە کە حکومەتی عێراق دان بە بروانەمەکانیان نانێت، بۆیە ئەو دەرچوو و خوێندکارانە ناتوانن لە بۆردی عێراقی و نێودەوڵەتییەکاندا بخوێنن، کێشەی سەرەکی زانکۆکەش کۆلێژی پزیشکییە و نۆ هەفتەیە بایکۆتی دەوامیان کردووە بەهۆی ئەوەی دان بە بڕوانەمەکانیان نانرێت، بەپێی سەرچاوەکان کە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان دەڵێت رێککارە ئیداری ،
 
بێستوون: بە کورتی پێمان بلێ کیشەکەتان ئەوەیە دانپێدان نییە بۆ زانکۆکەتان وانیە؟ 
 
خوێندکار: بەڵی دانپێدان نییە، ئایە چ بەربەستێک ماوە لەبەردەم حکومەتی عێراق بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان، یان کێشەکە سیاسییە، ئایە سیاسییەکان رازی دەبن کە داهاتووی ئەو هەموو خوێندکارە ببێتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.
 
بێستوون: زۆر سوپاس دەستەکانت خۆشبن،، بەتەنیا زانکۆی گەرمیان نییە زانکۆی دیکەش هەن هەمان کێشەیان هەیە.
 
سوودانی: سوودانی: ئەوانە زانکۆی ئەهلین؟
 
بێستوون: ئەمانە زانکۆی حکومین لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2005ەوە دامەزراون ئێستا  وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق دان بە بروانامەکانیاندا نانێت.
 
سوودانی: وەزارەت هەندێ پێوەری خۆی هەیە بۆ دانپێدانان، بەتایبەتیش لەسەر کۆلیژە پزیشکییەکان توندن. بە وردی نازانم سروشتی کێشەکە چۆنە، بەڵام پرسیار لە جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا دەکەم و وەڵامت دەدەمەوە.
 
بێستوون: زۆر گرنگە، چونکە زانکۆی گەرمیان زیاتر لە پێنج بۆ شەش هەزار خوێندکارن کە ئەم کێشەیان هەن و بەم ئازارەوە دەناڵێنن، ئا دەی ئەم بەغدادییە هەردووکتان، یەکەمجار تۆ قسە بکە خوشکە فەرموو.
 
روقیە نوعمان: خوێندکار: بەڕێز جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەخێربێی. من قوتابی روقیە نوعمان، لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکانم زانکۆی بەغدا، بەڕاستی پرسیارەکەی من هەندێ جیاوازە. تێبینی دەکەی لە زۆربەی وڵاتان، رۆڵێکی کارا و سەرەکی بە خانمی یەکەمی وڵات دەدرێ، وایە؟ ... بەتایبەتیش کە ئەم رۆڵە پەیوەستە بە کاروباری ژنان و دامەزراوە چالاکەکانی ئەو بوارە، بەڵام بەڕاستی تێبینی ناکەین رۆڵێکی کارا و راستەقینە بە خانمی یەکەمی عێراق درابێ.. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەم شتە دەرخەری لایەنێکی شارستانییە و هێزێک و پەیامێک دەداتە توانابەخشین بە ژنانی عێراق بۆئەوەی رۆڵی سیاسی بگێڕن. دەمەوێ بزانم بۆچی ئەم رۆڵە سەرەکیەی خانمی یەکەمی عێراق غایبە لە دوای ساڵی 2003 وە.. زۆر سوپاس.
 
سوودانی: زۆر سوپاس.. لێرە ئەو یاسایە نییە.. لە وڵاتان دەقی یاسایی هەیە بۆ پێگەی خانمی یەکەم و ئەرکەکانی و تەنانەت کارەکانی دیاڤی دەکات. لە عێراق ئەمە بووە بە عورف. بەڕێز سەرۆک کۆمار خانمی یەکەمی هەیە، بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.. بەڵام بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.. ئێستا خانمی یەکەم لە ماڵەوەیە و ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵەکانە...
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت، زۆ زۆر گرنگە، فەرموو.. لەسەر ئەو قسەی جەنابت هاوژینەکەم دوو بڕوانامەی هەیە، هەم ئەندازیارە و هەمیشە زمانی ئینگلیزی تەواوکردووە، بەڵام کاتێک خوای گەورە منداڵی پێداین وازی لە هەموو کارەکانی هێنا و لە ماڵەوە پەروەردەی منداڵەکان دەکات و چونکە ئەمە یەکێکە لە ئەرکە زۆر قورسەکان بۆ جێبەجێکردن، بێگومانیش کارکردن لە دەرەوەش کارێکی زۆر گرنگە کە دەبێ هەموو ژن و پیاوێک یەکسان بن تێیدا، بەس من دەستخۆشی لەوەدەکەم. فەرموو 
 
خوێندکار: بەڕێز جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سڵاوت لێبێ... بەڕاستی کەمێک دەترسێم لەوەی کاتەکەم بەشی ئەوە نەکات ئاماژە بۆ دەستکەوتە باشەکانی جەنابت بکەم، ئێمە وەکو گەنجان، وەکو خۆم چەندین کەس رایانسپاردووم کە پەیامی سوپاسیان بە جەنابت بگەیێنم بۆ ئەو کارە باشانەت.. ئێمە لەوکاتەوە کە هاتووینەتە ژیانەوە، هەڵبەتە زۆریش نییە، بەڵام تازە وا کاری ئاوەدانکاری لە واقیعدا دەبینین، تازە وا دەبینین ئامێرەکان لەسەر شەقامەکان کار دەکەن، بۆیە لە دڵەوە سوپاست دەکەم. خاڵی دووەم، من دوو ئەمانەتیان پێ سپاردووم، یەکەمیان ناچارم بە تەنیا پێتیبگەیێنم ئەگەر کات رێگەت بدات، ئەمانەتی دووەمیش لە قوتابیانی کۆلێژی راگەیاندنەوەیە. جەنابی سەرۆک، قوتابیانی کۆلێژی راگەیاندن کێشەی ئەوەیان هەیە زۆربەی دامەزراوەکانی دەولەت بەشێکی تایبەت بە راگەیاندن و پەیوەندییەکانیان هەیە. زۆربەی کارمەندانی ئەو بەشانە بواری راگەیاندنیان نەخوێندووە، قوتابیانی کۆلیژی راگەیاندنیش بە دەرچووان و قوتابیانی قۆناغی چوارەمەوە وەکو ئێمە، دوای ئەوەی زانکۆ تەواو دەکەین کارمان دەستناکەوێ، تکام وایە جەنابی سەرۆک ئاوڕێک لەو گەنجانە بدەنەوە. زۆر سوپاس.
 
بێستوون: هەستەکەم ئەم ریزە بۆ دامەزراندن هاتوون...  ئەم ریزە بۆ دامەزراندن هاتوون
 
سوودانی: سوودانی: زۆر سوپاس... ئەوە هەمان تێبینی پێموایە یەکێک لە خوشکان بوو یان...
بێستوون: زانستەسیاسییەکانن
سوودانی: زانستە سیاسییەکان بوو بەڵێ.. بەڵێ راگەیاندن سەیرمان کرد لە وەزارەتەکاندا خەڵکی شارەزایان دانەناوە، لەوانەیە تەکنیکی بێت و لە بەشی راگەیاندن دانرابێ.. وەزارەتەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و هەمواری یاساکەش هەیکەلی ئیداری و پلە وەزیفییەکان روون دەکاتەوە. 
 
بێستوون: دەستەکانت خۆس بێ. ئەلێرەوە فەرموو ، نانا ئەو خاتوونەی پشتەوە ، بەڵێ خێرا خێرا 30 چرکە بۆ ئەوەی پرسیارەکان زۆر کورت بێت و پێڕابگەین.
 
مسک عەلی، خوێندکار: سڵاوت لێبێ جەنابی سەرۆک، من قوتابی مسک عەلی محەممەد ، لە زانکۆی بەغدام، کۆلیژی ئەندازەی خواریزمی، بەشی ئەندازەی کیمیای زیندەوەرزانی. وەکو جەنابت ئاماژەت بۆ پرۆژەکانی گازی هاوەڵ کرد و باسی ئەوەت کرد کە سنوورێک بۆ سووتاندنی گاز دابنرێ کە کاریگەری لەسەر ژینگە هەیە و کاریگەری لەسەر بودجەی ولاتیش هەیە، چونکە ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بەفیڕۆ دەدەین، پرسیارەکەی من ئەوەیە بە دیاریکراوی کەی دەگەینە ئەوەی بە تەواوی پشت بە گازی عێراقی ببەستین و گاز بدەینە وێستگەکانی کارەبا لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی کراوە.. سوپاس.
 
بێستوون: پرسیارەکە زۆر گرنگ بوو، ئافەرین...
 
سوودانی: زۆر سوپاس. پرسیارێکی بەڕاستی گرنگ بوو، سەرنجڕاکێشیشە کە گەنجان بەدواداچوون دەکەن بۆ دۆسیەی ئابووری و سەرنج دەدەنە لایەنە پۆزەتیڤەکانی. ئێمە گرێبەستی تۆتالمان هەیە.. هەروەها گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتی و چینییەکان هەیە و لە ناوخۆشدا تەقەلای نیشتیمانیمان هەیە. ئێمە پشتیوان بە خوا کار لەسەر زیاتر لە دوو هەزار مەقمەق دەکەین کە زیاترە لە پێداویستیی خۆمان، ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە کە هەندێ ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرفراوان بکەین و ئەوەش پێویستی بە گاز دەبێت. ئەو ماوەیەی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە پێویستە کە ئێستا دەستمان بە کارەکە کردووە، ئەوە نییە هەر گرێبەست کرابێ، نەخێر دەستمان پێکردووە و دەست بە جێبەجێکردنەکەی کراوە. ماوەی جێبەجێکردنەکەی لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵە، پشت بەخوا کەمتریش.
 
بیستوون: بەڕێز سەرۆکوەزیران وابزانم مانگی حەوت بوو لەگەڵ تۆتاڵ ئێنێرجی رێککەوتنەکە واژۆکرا، لەسەر ئەرزی واقع ئێستا لە بەسڕە کار دەستیپێکردووە بەردێک خراوەتە سەر بەرد؟
 
سوودانی: تۆتاڵ؟
 
بێستوون: بەپێی ئەو خشتە دانراوە دەڕۆن.
 
سوودانی: تۆتال لە کێڵگەکە کار دەکەن: بەڵێ بەشێوەیەکی مەیدانی
 
بێستوون: بەرەوپێشچوونەکە چەندە گەیشتوونەتە بەکوێ؟
 
سوودانی: شوێنەکەیان وەرگرتووە، بەگوێرەی ئەو پلانەیە کە لەبەردەستی ئێمەیە. خشتەیەکی زەمەنی هەیە بۆ جێبەجێکردنی.
 
بێستوون: بەپێی خشتەکە دەڕۆن؟
 
سوودانی: سروشتی دەڕوات.. سروشتی دەڕوات.
 
بێستوون: واتە تاوەکو دوای سێ ساڵ ئێمە کێشەی کارەبامان لە عێراق نامێنێت؟ 24 کاژێر کارەبامان دەبێت بە غازی خۆمان.
 
سوودانی: پشت بەخوا.. سێ ساڵی دیکە دەست لە هاوردەکردن هەڵدەگرین.
 
بێستوون: هەروەها دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری؟
 
سوودانی: بەڵێ.. کۆمپانیا ئیماراتییەکان و چینییەکانیش دەستیان بە کار کردووە و بەشێکی گەورەی کارەکەیان تەواو کردووە. کەرتی کارەبا مەنزومەیەکی تەواوە: بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن. ئێمە لە هاوینی رابردوودا.. پێمان نایە هاوین و ئێمە خشتەی پێنج کاژێر کارەبا و یەک کاژێر بڕانمان هەبوو. گاز راوەستا و سیستەمەکە هەمووی تێکچوو، ئەوەش کاریگەری لەسەر هاوولاتیان هەبوو.. کێشەکەی ئێمە لە غازە نەک لە بەرهەمهێنان، واتە ئێمە وێستگەمان هەیە راوەستاوە چونکە سووتەمەنی نییە. ئەمە ئەو شتەیە کە قسەم لەسەر دەکرد.. کەرتی گازی ئێمە بە درێژایی تەمەنی حکومەتەکانی پێشوو هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەی بەخۆوە نەبینیوە، ئەم حکومەتە لە ماوەی ئەم ساڵەدا، ئێستا گەیشتووینەتە ئەوەی لە بەرهەمهێنانی غازدا باسی ئەوە دەکەین شەمەندەفەرەکە بخەینە سەر هێڵەکەی.
 
بێستوون: با پرسیارێکی شەخسیت لێبکەم پێدەچێت ئەمە ڤێرژن و دیدگەی کەسی خۆت بێت، چونکە بیست ساڵ زیاترە هەموو دونیا دەزانێت، سەت ساڵە هەموو دونیا دەزانێت کە ئێمە غازمان لە عێراق و کوردستان دەسووتێت و دەچێتە ئاسمان، بابە گوڕگوڕ چەند ساڵە دەسووتێت و دەچێتە ئاسمان، کێمان لەگەڵە لە کەرکووک دواتر پرسیار بکات، بەڵام کەسیان نەیدەتوانێ هەنگاو بنێت یان جورئەتی نەدەکرد هەنگاو بنێت، چونکە عێراق ئەگەر پێداویستی بە غازی دەرەکی نەمینێت سەربەخۆیی و سەروەرییەکشی بەهێزتر دەبێت، جەنابت چۆن پرسیارێکی شەخسییە هیچ ترست نییە لەو هەنگاوەی کە عێراق لەو کاتە ئێستای رزگار بکەی و رووبەڕووی ئەوە بکرێیەوە لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە نایانەوێ عێراق بەو شێوەی سەربەخۆ و سەروەر بێت؟
 
سوودانی: بێگومان وەبەرنەهێنان لە کەرتی گاز بە درێژایی ساڵانی رابردوو کۆمەڵێک هۆکاری هەبووە. بەڕێوەبردنی خراپ، پلانی خراپ و هەروەها کێشەی دیکەش، خۆت دەزانی ئەو ماوە زەمەنییەی بەجێمانهێشت، پڕ بوو لە ئاستەنگی گەورە، قاعیدە و داعش و تیرۆر و ناسەقامگیری و بەڵام فەشەلیش هەبووە، گەندەڵیش هەبووە، بۆئەوەی روون بین. تۆ بڕوانە ئێمە لە ساڵی 2009 دا وێستگەی کارەبامان هێناوە، ئەوکاتە لەگەڵ هاوردەکردنی ئەو وێستگانە، وەزارەتی نەوت راسپێردراوە وەبەرهێنان لە گازدا بکات بۆئەوەی سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابین بکات، کەچی ئەم هەنگاوە سەری نەگرت. مەسەلەی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەدا، پێموانییە هیچ وڵاتێک هەبێ داوا لە عێراق بکات هەر لە ئەسارەتی ئەم بارودۆخەدا بمێنێتەوە.. با بە ڕاشکاوی و بە روونی قسە بکەم. ئێران، ئێمە ئێستا لە ئێرانەوە گاز دەهێنین. ئێران خۆی کێشەی هەیە لە کارەبا و گاز. ئێران لەسەر ئاستی سەرکردە باڵاکانی بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە لە مەسەلەی فرۆشتنی گاز بە عێراق، ئەوان گاز بۆ ئێمە دەنێرن بەڵام پارەکەیان وەرناگرن.. وەریناگرن، ئێستا گەیشتووەتە 11 ملیار یورۆ.
 
بێستوون: کە ئێمە قەرزاری ئێرانین؟
 
سوودانی: نا قەرزار نین، ئێمە وەکو حکومەت پارەکەمان داوە، بەڵام لە کوێ داومانە؟ لەو حیسابەی خۆیان لە تی بی ئای، بەڵام ئەو حسابە بەهۆی سزاکانەوە ناتوانێ پارەکە حەواڵەی خەزێنەی ئێرانی بکات. ئەو ئێستا ناچارە گاز بۆ من بنێرێ، بەڵام من پارەکەی نادەم بە ئەوان. ئەمە ئیدی لە میدیای ئێرانیدا قسەوباسی دروستکردووە و باری ئابووریی وڵاتەکە زەحمەتە و دەڵێن بۆچی گاز بدەین و ئەوە کێشەی عێراقە و با بڕوات لەگەڵ ئەمریکا چارەسەری بکات، واتە ئەوان دووچاری کێشە هاتوون لەپای ئەوەی گاز دەدەنە ئێمە نە ئەوەی لەسەر پارەی ئەو گازە بژین. بە پێچەوانەوە ، ئەوان بەحوکمی پەیوەندی، خۆت ئاگاداری سروشتی پەیوەندیی عێراق و ئێران چۆنە، یەعنی مەعقول نیە گاز هەبێ و رایگرن و لێکەوتەی کۆمەلایەتی بەدواوە بێت. کەواتە هەموو لایەک لەگەڵ ئەو پرۆژەیەن و پرۆژەکەش سوپاس بۆ خوا... دەستمان پێکرد و نە ڤیتۆمان لە هیچ لایەک بینی و نە کەسمان بینی دەست وەربداتە کارەکە و ئیعتیرازی هەبێ. ئەمە بڕیارێکی نیشتیمانییە و داومانە...
 
سوودانی: نەخێر نەخێر نەبووە.. دەڵێ ئیعتیراز هەبووە؟
 
بێستوون: باشە، کێ ئیعتیرازی هەیە؟ باشە فەرموو.. خوابکەم ئەمیش بۆ دامەزراندن نەهاتبێت.
 
خوێندکار: پرسیار: سڵاوتان لێبێ.. ئێمە هەرسێکمان قوتابی کۆلیژی ئەندازەی نەوتین لە زانکۆی بەغدا.. جارێکی دیکە بەخێرهاتنت دەکەین.. هەر بەم بۆنەیەوە ئێمە هاتووین باسی شتێک بکەین پێشبینی ناکەی لە چ توێژێکەوە راسپێردراوین. تۆیش باسی هەمان بابەتت کرد بەڵام باسی ئەو خاڵەت نەکرد کە دەمانویست بگەیتە سەری، ئەویش مەسەلەی خولی مۆڵەتەکانە.. خولی مۆڵەتەکانی پێنجەم و شەشەم کە پەیوەندیدارە بە کۆمپانیای تۆتاڵ و وەبەرهێنان لە کەرتی گاز. پرسیارەکە ئەمەیە: خولەکانی مۆڵەت بۆ ئەوانەی کە نازانن، بریتییە لە گرێبەستی خزمەتگوزاری، ئەوەی لە دوای 2003 واژۆ کراوە ئەرکەکەی ئەوە بووە بەرهەم زیاد بکەن بۆ قەرەبووی زیانەکان و بەرزکردنەوەی توانای کادری عێراقی، ئەگەرچی توانای کادری عێراقی باشە نەک مامناوەند. پاش تێپەڕینی ماوەیەک بەرزکردنەوەی ئاستی کادری عێراقیمان نەبینی و زیادبوونی ژمارەی کادری عێراقیشمان لەو کۆمپانیایانەدا نەبینی کە کۆمپانیای تایبەتن نەک کەرتی گشتی، ئەمە نە لە هەرێم کرا و نە لە حکومەتی ناوەندی. بیرۆکەی خولی مۆڵەتدان، ئێستا ئەوەی روودەدات، گرێبەستەکان وەکو گرێبەستی هاوبەشییان لێهاتووە زیاتر لەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری بن، چونکە کۆمپانیا بیانییەکە کارمەندی بیانیت بۆ دەهێنێ، ئەم کارمەندە بیانییە دواتر کە کەمکردنەوە روودەدات، کەمکردنەوەی ئابووری، رێژەیەکی زیاتر لە نرخی هەر بەرمیلێک وەردەگرێ بۆئەوەی پێداویستی کارمەندە بیانییەکە پڕ بکاتەوە. خاڵی دووەم، نا تەنیا یەک قسەم ماوە، تەواو.. بەنیسبەت خولی مۆڵەتپێدانی شەشەم، هیچ شتێک نابینین کە ئاستی کادری عێراقی باشتر بکات و مافی کرێکارەکان زامن بکات، لەکاتێکدا زیادبوونی بەرهەم دەبینین، واتە ئێمە تەنیا گاز رەوانە دەکەین و سوودی لێوەردەگرین ، بەڵام توێژێکی بەرفراوان پەراوێز دەخەین کە لە کەرتی نەوتدا بێکارن، بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2014. سوپاس.
 
بێستوون: جەنابی سەرۆکوەزیران بمبوورە 15 خولەکی دیکە کۆتایی پێبێنین؟ 
 
سوودانی: باشە ماشی.
 
بێستوون: وەڵا کوردیش فێربوو.. 
 
سوودانی: باشە بەڵام با زانیارییەکانت راست بکەمەوە. یەکەم خولی شەشەم هێشتا نەبووە، راگەیێنراوە.. باشە، خولی شەشەم بۆ گازە بۆ نەوت نییە، ئەمە یەکەم. لە خولەکانی مۆڵەت، گرێبەستەکانی ئێمە خزمەتگوزارین نەک هاوبەشی.. تەنیا بڕە پارەیەکی سادەیە. خولی پێنجەم، بێگومان کۆمپانیاکانی خولی مۆڵەتی یەکەم، یەکەم و دووەم و سییەم و چوارەم دەستیانپێکردووە بڕۆن چونکە زەرەر دەکەن. خولی پێنجەم کە گرێبەستەکانی کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی و کۆمپانیا چینییەکان لەخۆدەگرێ، ئەمانە جۆرێک تێکەڵن لەنێوان گرێبەستی هاوبەشی و گرێبەستی خزمەتگوزاری، بووە بە هاوبەشی لە قازانج، ئەوەش شتێکی عادیلانەیە لەنێوان ئێمە و ئەو کۆمپانیایانە. کادری عێراقی بەپێچەوانەوە هەن. من لە دوایین کۆبوونەوەم لە وەزارەتی نەوت پرسیارێکم کرد، گوتم کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت دەڵێن ئەم گرێبەستانە بەکەڵکی ئێمە نایەن، پرسیار لە ئێوە دەکەم وەزارەتی نەوت، سبەی ئەگەر ئەم کۆمپانیایانە رۆیشتن چۆن چوار ملیۆن و 652 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبێنین.. چوار ملیۆن و 652 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمە پرسیارەکەیە، بۆیە ئێمە بەرەو ئەوە دەڕۆین پەرە بە توانا نیشتیمانییەکانمان بدەین و وەبەرهێنان لە کارمەندی خۆماندا بکەین.
 
بێستوون: دەستەکانتان خۆش بێت کۆمەڵێک پرسیار بە پەلە وەردەگرین، چونکە 15 خولەکمان ماوە، فەرموو فەرموو، بەڵێ بەڵێ فەرموو.
 
خوێندکار: سڵاوت لێبێ من کاربینم لە شاری سلێمانییەوە بەخێرهاتنت دەکەم و سوپاس، پرسیارەکەی من ئەوەیە کە لە ساڵی 1997ەوە تۆ مێژوویەکی سیاسیت هەیە و پلە و پۆستیشت هەبووە لە 1997 بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای میسان بووی و لە ساڵی 2004یش قایمقامی عەممارە بووی ، لە 2009 بوویە پارێزگاری میسان و لە 2010ش بوویتە وەزیری مافی مرۆڤ، پرسیارەکەی من ئەوەیە بۆ بەڕێزتان لە سەردەمی مام جەلالی رەحمەتیدا کە پلە و پۆستی باڵات هەبووە لەناو کابینەکانی حکومەتدا ئایە هیچ پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی لە نێوانتاندا هەبووە، مام جەلال بە نوکتە مەشهور بوو، چ نوکتەیەکی خۆش بووە بۆتۆی گێڕابێتەوە وتۆش لێرە بۆمان بگێڕییەوە.
 
بێستوون: یادی بەخێر سەرۆک مام جەلالی رەحمەتی..
 
سوودانی: خودا بیبەخشێ، سەرۆکی کۆچکردوو کە یەکێکە لە سیمبوڵە نیشتیمانییەکانمان بەڕاستی.. وەزیری مافی مرۆڤ بووم لە حکومەتی دووەمی بەڕێز مالیکیدا، بڕیارێک درا کە حکومەت بچووک بکرێتەوە، چونکە بۆئەوەی کابینەکە پێکبێت چەند وەزارەتێکی دەوڵەتمان زیاد کرد.. چوار بوو شەش بوو.. دوای پێکهینانی حکومەت، بڕیار درا بچووک بکرێتەوە.. چەند وەزارەتێک هەڵوەشانەوە.. پاش ماوەیەک مانگی رەمەزان هات، سەرۆکی کۆچکردوو داوەتی نانی ئێوارەی کردین. کورسییەکیان لە دەرەوە بۆ دانابوو نەیدەتوانی بەپێوە راوەستێ، یەک یەک پێشوازی لێدەکردین. پاش ئەوەی ... بێگومان وەزیرەکان هەندێک لەوانە بوون کە بەر تەرشیق کەوتبوون و هەندێک بەهۆی پابەندیی دیکە نەهاتبوون.. سەیری کرد ژمارەکە کەمە، گوتی بەڕاستی حکومەت خۆی باش لاواز کردووە و من ئاگام لێی نییە.
 
بێستوون: دەستەکانت خۆش بێت.. دوایین پرسیار وەردەگرم دەبێت کۆتایی پێبێنین، هاورێیان بڕیارەکە بەجێدە‌ێڵم بۆ خۆشەویست بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران، سەرەتا گوتت با یەکەم پرسیار لە کوردستانەوە بێت، ئایە دوواین پرسیار لە کوێیوە بێت، بێگومان تیمەکەی جەنابت ئاگادارییان کردینەوە کە درەنگە و جەنابت بەرنامەی دیکەت هەیە، ئەگەر نا ئێمە حازرین تاوەکو بەیانی لەگەڵت بمێنینەوە و لە خزمەتتدا بین.
 
سوودانی: موسڵ
 
بێستوون: موسڵ، ئا دەی موسڵ فەرموو.. ئەهاخۆ تۆ یەکەمجار قسەت کرد، دەولەت رەئیس بە نەینەوا دەستمان پێکرد و هەر بە نەینەواش کۆتایی پێدەهێنینن. 
 
خوێندکار: پرسیار: سڵاوت لێبێ جەنابی سەرۆک.. بەوەدا کە مووسڵ تاکە پارێزگایە لەنێو پارێزگاکانی دیکەدا کەمتر باسی کێشەکانی کرا، من و ئەم هاوڕێیەم لە مووسڵەوە هاتووین. مووسڵ کێشەی زۆری هەیە، راستە لای تۆ نزیک و ئازیزە و هەمیشە گرنگیت پێداوە، بەڵام دەمانەوێ گرنگیی زیاتر بە مووسڵ بدەن چونکە کێشەی زۆری هەیە. من دوایین جار کە هاتم بۆ بەغدا پێش زیاتر لە ساڵێک بوو، هۆیەکەی ئەوە بوو کە کێشەی هاتوچۆ هەبوو بەهۆی دروستکردنی پرد و شەقام و رێگە، ئەوانە هەر کەسێکیان بێزار دەکرد کە دەهات بۆ بەغدا.. ئێستا کە هاتم زۆر خۆشحاڵ بووم بەو هەموو ئاوەدانی و پرد و بینیم کارەکان تەواو کراون و هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوە کۆتایی هاتووە و هیچ نەماوە نەکرابێ، تەنیا لایەنی تەندروستییە کە خۆت ئاماژەت بۆ کرد. لایەنی تەندروستی لە مووسڵ زۆر وێرانە. لێشم ببوورن لەبەر شێوەزارەکەم ناتوانم باش ئەوە کۆنترۆڵ بکەم کە شێوەزاری خۆم بگۆڕم، ناشمەوێ درێژەی بدەمێ. نەجم جبووری پارێزگارێکی زۆر باش بوو، هەمووان خۆشماندەویست، ناڵێم هەمووی بەڵام زۆرینەی مووسڵ خۆشیاندەویست. پارێزگاری نوێ جا هەر کەسێکە کە دێت، هیوادارم پشتیوانی بکەن و پشتیوان بەخوا مرۆڤێکی دەستپاک دەبێ. من قوتابی کۆمەڵەی پزیشکیم، پزیشکی ددان لە زانکۆی موسڵ، تێکڕای نمرەکانم 99.7 بوو، کێشەیەکمان هەیە کێشەی قوتابیانی کۆمەڵەی پزیشکییە لە کۆلێژە حکومییەکاندا. ئێمە کۆنمرەمان ساڵانە لە 99 کەمتر نەبووە، ئەگەر زۆر نزم بووبێ 98 و نیو بووە، کێشەکە لەکوێدایە؟ ئێمە دامەزراندن وەکو خۆتان دەزانن مەرکەزیە، ئێمە ئێستا لەژێر هەڕەشەی ئەوەداین کە دامەزراندن راوەستێ بەهۆی کۆلیژە ئەهلییەکانەوە، تێکڕای نمرە لە کۆلیژە ئەهلییەکان ساڵ لە دوای ساڵ دادەبەزێ لە 85 بۆ 80 و ئێستا بووە بە 79 و قوتابی هەیە بە نمرەی 75 وەردەگیرێ. جەنابی سەرۆک هیوادارم ئەم بابەتە چارەسەر بکرێ و کۆلیژە ئەهلییەکان پلەی بەرزتر وەرگرن و ژمارەی وەرگرتن کەمتر بکەنەوە، چونکە ئەو کێبڕکێیەی روودەدات و ئەو هەڕەشەیەی لەسەر دامەزراندنی قوتابیانی کۆمەڵەی پزیشکی هەیە، یەعنی قوتابییەک نمرەکەی 99 بێت، یەکێک لە کۆلیژی ئەهلییەوە هاتبێ بە نمرەی 79.. ئەمە بۆ زۆربەی بەشەکانی دیکەش هەر وایە، بەشەکانی بێهۆشکردن و شیکاری تەنیا لە ئەهلی هەن، هەیە بە نمرەی 60 وەردەگیرێ، پەیمانگەی حکومی 79 وەردەگرێ، ئەوکاتە ئەمەیان دەبێتە یاریدەدەری ئەوەیان لەکاتێکدا جیاوازیی نمرەیان 20- 30 نمرەیە، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان. کێشەیەکی دیکەش هەیە، پزیشکیی سەربازی.. من لە خێزانێکی عەسکەریم ، باوکم و مامەکانم هەموو ئەفسەرن. خەونی من کۆمەڵەی پزیشکی بوو بەڵام حەزیش دەکەم هەردوو بوارەکە کۆبکەمەوە، بەڵام پزیشکیی سەربازی راوەستاوە و لە کۆمەڵەی پزیشکیدا نەماوە.. هیوادارم ئەو خەونە بهێنمە دی و بتوانم هاوکات ئەفسەریش بم و پزیشکیش بم.. چەندین جار داوامان کردووە ئەو بەشە بکرێتەوە بەڵام سوودی نەبووە. ساڵانی پێشتر خەڵک لەوێ وەرگیراون بەڵام ئێستا نییە و تکام وایە لەو رووەوە شتێک بکەن. سوپاس
 
سوودانی: زۆر سوپاس. سبەی پشتیوان بەخوا ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا کە لە مووسڵ بوو.. ئەو شارە قوربانییەکی زۆری داوە. گرنگیدانی ئێمە بەو شارە چەند هۆیەکی هەیە. مووسڵ مێشکی عێراقە. شارێکی گرنگە گەلی عێراق لەوێ هەموو قوربانییەکیان دا بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمی داعش. هەلی ئابووریی گرنگیشی تێدایە بۆ خەڵکی شارەکە و بۆ تەواوی عێراق. لە هەموو روویەکەوە پشتیوانی لێدەکەین. چ پارێزگاری پێشوو کە بەڕاستی مرۆڤێکی لەخۆبوردووی جددی بوو، کاری زۆریشی بۆ شارەکە کرد، بەڵام بەهۆی کێشەی یاسایی برایانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رازی نەبوون بەردەوام بێت، ئەوە جگە لە تەمەنەکەشی کە نزیک بوو لە تەمەنی خانەنشینی. پارێزگاری ئێستا کۆمەڵێ ئەرکی پێسپێردراوە، ئەویش منداڵی شارەکەیە و یەکێکە لە ئەندازیارە باشەکان، بە دڵنیاییەوە پشتگیریی دەکەین. ئێمە ئێستا نزیکین لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هیوادارم، ئەم قسەیەم بۆ هەمووانە. من تەرەفێک نیم لەم هەڵبژاردنەدا وەکو خۆم و هیچ لیستێکیشم نییە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە بۆئەوەی هەنگاو بۆ باشتر بنێین، دەبێ نوێنەرەکانمان لە ئاستی دامەزراوەکاندا بن، جا لەسەر ئاستی لۆکاڵی بێت لە پارێزگاکاندا یان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی. من لە هەڵبژاردنی پێشترەوە تێبینی ئەوەم کرد کە رێژەی هەرە بەرزی خۆبەدوورگرتن لە بەشداری لەنێو گەنجاندایە.. ئەمە کێشەیەکە و پێویستی بەوەیە گفتوگۆی بکەین. کێشەمان هەیە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی.. کێشەمان هەیە رەنگە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن، بەڵام هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە بۆ گۆڕانکاری جگە لەم میکانیزمە. وجودی ئێوە و پشتیوانیتان و بەشداریتان گرنگە چونکە ئێوە سەرکردایەتی کۆمەڵگە دەکەن.. هەریەک لە ئێوە سەرکردایەتی خێزانەکەی دەکات، بۆیە تکام وایە ئاوڕ لەو لایەنە بدەنەوە، بێگومان خەڵک هەن جێی متمانەن، متمانەی خۆتانیان بدەنێ بۆئەوەی لە پارێزگاکەتاندا هەبن. پارێزگا شتێکی سادە و لاوەکی نییە، ئەسڵەن رۆڵەکەی سەرەکییە. من وەکو حکومەتی فیدراڵی، شەو و رۆژ دوعا دەکەم ئەنجوومەنگەلێکی پارێزگا دەستبەکار بن، پارێزگارێک دەستبەکار بێت پرۆفیشناڵ بێت بۆئەوەی هاوکاریم بکات. چونکە بەشێکی گەورەی دەسەلاتەکە لای ئەوە، لای پارێزگارە، من ناتوانم ئەو دەسەڵاتەی ئەو هەڵوەشێنمەوە کە لە دەستوور وەریگرتووە. جا ئەمە دەوەستێتە سەر هۆشیاریی کۆمەڵگە و هەڵبژاردنی دروستی ئەو. ئەوە ئاسانکاریم بۆ دەکات پرۆژەکانم جێبەجێ بکەم و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەم. مەسەلەی خوێندنی پزیشکی لەسەر خەرجیی وەزارەتی بەرگری، ئێستا ژمارەیەکی زۆر زۆرمان هەیە کە زیاترە لە توانای ئێمە. ئێستا نزیکەی سێ هەزار کەسمان هەن کە گیرمان خواردووە چۆن دەرماڵەکانیان بدەین. بۆ مەسەلەی کۆنمرەکانیش لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا قسە دەکەمەوە بزانم چۆنە.
 
بێستوون: زۆرباشە دەستەکانتان خۆش بێت، زۆر سوپاست دەکەین، نازانم کاتەت چۆ رۆیشت، هەستت چی بوو ئێستا کە تەواو بوون، بەهۆی نەمانی کاتی جەنابتەوە، رۆژێک و کاتێکی چۆنت بەسەربرد لە بەرامبەر ئەم گەنجانەدا. 
 
سوودانی: سەرەتا سوپاسی تۆ دەکەم، چونکە ئەمە کارێکە یەکەمجارە دەکرێت، چونکە بە دەگمەن... نا پشتیوان بەخوا دووبارە دەبێتەوە. گفتوگۆی ئاوا کراوە بە دەگمەن رێکدەکەوێ، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەم دەستەبژێرەی کۆمەڵگەی ئێمە. هەموو عێراقییەکانت کۆکردەوە، ئەمەش شتێکە بۆ تۆ و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو حیساب دەکرێ.. هیوادارم بەردەوام بیت.. بە دڵنیاییەوە زۆر خۆشحاڵ بووم بەم دیدارە و بەم ئامادەبووانە. تەمەنا دەکەم کە لە دڵنیاییدا بن و هیواتان بە ئایندە هەبێ. ولاتەکەمان سوپاس بۆ خوا سامانێکی سروشتی و مرۆیی مەزنی هەیە و ئەگەر وەبەرهێنانی لەسەر بکەین هەموو کێشەکانمان تێدەپەڕێنین. متمانەشتان هەبێ، دوور لە دروشم و گوتار، هیچ کێشەیەک نییە... وا بیرنەکەنەوە کە کێشەیەک هەیە چارەسەری مەحاڵە و دۆخەکە هیچ هیوای تێدا نەماوە و قابیلی چارەسەر نییە، هەرگیز.. ئەم قسەیە بە متمانەوە دەڵێم.. هەلی سەرکەوتنمان هەیە پشت بەخوا، گرەوی ئێمە لەسەر ئێوەیە.. ئەم هەستە نیشتیمانییە کە لێرەدا هەیە. ئەم جۆرە دیدارانە هیوادارم چەندبارە ببنەوە. من پێش بەرنامەکە قسەم لەگەڵ کردی، لەگەڵ برایانم وەزیرەکان باسی ئەوەمان کردبوو کە شتێک بکەین پشتیوانی بێت بۆئەوەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پارێزگاکانی دیکەدا هەبن و بەپێچەوانەشەوە، واتە خوێندنیان لە پارێزگاکانی دیکە تەواو بکەن.. ئەمە جۆرێک لە نزیکایەتی دروستدەکات.. جۆرێک لە گفتوگۆ دروست دەکات. زمان و کولتووری یەکدی فێردەبن.. ئەمە شتێکە هیوا دەخوازم بتوانین لە هەموو پارێزگاکان بیهێنینە دی.
 
بێستوون: من وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان بەناوی هەموو هاونیشتمانیانەوە داوەتی هەموو خوشک و برا عەرەبەکان دەکەم، خوێندکارەکانی زانکۆ دەکەم بێنە ئەوێ زمانی کوردی فێرببن و کولتوورەکەمان بناسن و پردی پەیوەندی دروست بکەین لە نێوانماندا بۆ ئەوەی بتوانین بە رێگەیەکی ئاشتیانە بژین.
 
سوودانی: انشاللە...
 
بێستوون: پێش ئەوەی تەواوبین دوواین شت بەپێی فۆرماتی بەرنامەکە پێش ئەوەی جەنابت دەربچیت چاڵنجی دوو کەسایەتیمان بۆ بکەی پێمان بڵێی بەپێی ئەزموونی جەنابت، کە دوای جەنابت پێویست دەکات کێ ببێتە میوانی بەرنامەکە و کێ لەسەر ئەم کورسیەی جەنابت دابنیشێت و با خۆی بڕیار بدات... ناوی دوو کەسمان پێ بڵێ دەکرێ کەسایەتی عێراقی بن و کوردستانی بن دەکرێ هی دەوڵەتەکانی دەروبەر بن یان نێودەوڵەتی بن، بەس جەنابت چاڵنجیان دەکەی و داوەتی بەرنامەکەیان دەکەی رووبەڕووی خوێندکارانی نیشتمانەکەمان دابنیشن.
 
سوودانی: بێگومان هەر کەسایەتییەکی فەرمی، چونکە ئێمە کێشەیەکمان هەیە، لاوازیمان لە متمانە هەیە لەنێوان کۆمەڵگە و چینی سیاسی، بەشێکی ئەمەش بۆ نەبوونی گفتوگۆی کراوە دەگەڕێتەوە، جگە لەو هەڵا میدیاییەش کە هەیە.. هیوادارم لەگەڵ کەسایەتییە فەرمییەکان بەردەوام بی، ئەوانەی سەرچاوەی بڕیارن بۆئەوەی بێن و ئەم گفتوگۆیە بکەن جا لەسەر ئاستی یاسادانان بێ یان جێبەجێکردن.. خراپ نییە ئەڵقەی داهاتوو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بێت و لە بەغداش بێت.
 
بێستوون: باشە ناوی کەسایەتییەکی دیکەشمان دەوێ، چونکە دەبێ دوو کەس بن کە جەنابت چاڵنجیان بکەی.
 
سوودانی: دووەمیان جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری...بەڵێ... بەڵێ
 
بێستوون: دکتۆر فایەق زەیدان...
 
سوودانی: پێش ئەوەی بێم لەگەڵم بوو .. من لە کۆنگرەیەک بووم لە وەزارەتی ناوخۆ .. کۆنگرەی ساڵانەی یەکەم بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ئەویش لەگەڵم بوو. گوتم من دەڕۆم بۆ ئەو بەرنامەیە، گوتی ئەوە کارێکی زۆر گرنگە. 
 
بێستوون: واستەمان بۆ دەکەی کە ئەویش بێت؟
 
سوودانی: بەڵێ خۆم واستەم
 
بێستوون:  لای کاک نێچیرڤانیش واستەکمان بۆ بکە..
 
سوودانی: لای هەردووکیان واستە دەکەم
 
بێستوون: داوەتی جەنابتانە بۆ بەغدا و هەموو خوێندکارانی عێراق و کوردستان بەشداری دەکەن تێیدا، ئەی ئەوەی دکتۆر فایەق زێدان لە کوێ بێت؟ بێتە کوردستان لەوێ بیکەین؟ 
 
سوودانی: لە هەولێر                                   
 
بێستوون: لە کۆتاییدا سێڵفییەک دەگرین هەموو خوێندکاران هەڵدەستن و لە پشتمانەوە دەوەستن، من و جەنابت دەوەستین و جەنابت مۆبایلەکە دەگری و سێڵفییەکە دەگری. زۆر سوپاس.