منداڵێکی 7 ساڵان گرێی مێشکی هەیە و پێویستی بە هاوکاریی بەپەلە هەیە

31 July 2024
منداڵێکی 7 ساڵان گرێی مێشکی هەیە و پێویستی بە هاوکاریی بەپەلە هەیە
 
عەدنان رەشید

یوونس محەممەد، تەمەنی 7 ساڵە، لە تەمەنی هەشت مانگییەوە گرێی مێشکی بۆ
دروستبووە. دوای تەمەنی 1 ساڵی دەبردرێتە هیندستان نەشتەرگەریی بۆدەکرێ،
بەڵام دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ دووبارە گرێی بۆ دروسبووەتەوە. ئاو لە مێشکی
کۆ دەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە قەبارەی سەری گەورە دەبێ.
 
دایکی یوونس لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. برای گەورەی یوونس تەمەنی 17 ساڵە،
قاچی شکاوە و لە ماڵ کەوتووە. یەک خوشکی هەیە. دایکیان دەڵێ، بەهۆی
کەمدەرامەتییەوە هەرسێکیان لە خوێندن دابڕاون.
 
ئەو خێزانە لە گەڕەکێکی زاخۆ نیشتەجێن. رووناک هاشم، دایکی یوونس، لە
بەرپرسیار گوتی: "کاسبکارم نییە. مووچەم نییە. توانام نەماوە خەرجیی یوونس
دابینبکەم. ئێستا زۆر پێویستی بە نەشتەرگەرییە بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە
ناتوانین ئەنجامی بدەین."
 
نەشتەرگەرییەکەی یوونس "لە هەرێمی کوردستان دەکرێ". دکتۆر ئەنجام ئیبراهیم،
پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار، لە بەرپرسیار، گوتی: "کردن و سەرکەوتنی
ئەو نەشتەرگەرییە لە هەرێمی کوردستان ئاسانە. بەڵێن بێت هاوکاریی ئەو
نەخۆشە دەکەم."
 
بە گوتەی دایکی یوونس، لە هیندستان پێیان گوتوون، جارێکی دیکە ئەو گرێیانە
سەرهەڵنادەنەوە و تێیپەڕاندووە. بەڵام دکتۆر ئەنجام ئیبراهیم، رەتیدەکاتەوە
لە زانستی پزیشکی شتێک هەبێ بەناوی گەرەنیی نەشتەرگەری. "نەشتەرگەرییەکەی
یوونس لە هیندستان سەرکەوتوو نەبووە و بەشێکی گرێکەی سەری ماوە."