ژینگەپارێزانی راپەڕین سێ مانگ جارێک مووچە وەردەگرن

30 July 2024
ژینگەپارێزانی راپەڕین سێ مانگ جارێک مووچە وەردەگرن

عەدنان رەشید

کەمیی ژمارە و دواکەوتنی مووچەی ژینگەپارێزانی راپەڕین بۆ سێ مانگ جارێک، دۆخی ئەو توێژەی سەختکردووە و بووەتە هۆکاری کەڵەکەبوونی زبڵ. کۆمپانیای پاککەرەوە خەرجنەکردنی تەواوەتیی پێشینەیان بەهۆکاری دواکەوتنی مووچە دەزانێ. شارەوانیی راپەڕین، بەڵێن بە ژینگەپارێزان دەدات "بەمنزیکانە" مووچەکانیان زیاد دەکرێ.
 
570 ژینگەپارێز کاری پاککردنەوەی سنووری راپەڕینیان لە ئەستۆ گرتووە. ئیبراهیم مەعرووف، ژینگەپارێز، لە بەرپرسیار، گوتی: "مووچەی مانگانەمان 335 هەزارە و زۆر کەمە، پێشتریش بۆ زیادکردنی مووچە گردبوونەوەمان کردووە. کارەکەمان ناچارییە و بەشێکمان دەرچووی زانکۆین. 99٪ـی ژینگەپارێزان کرێچین، خێزاندارین و دۆخمان خراپە."
 
بەپێی گرێبەستی نوێی کۆمپانیای پاککەرەوە، مووچەی هەر ژینگەپارێزێک بۆ 400 هەزار دینار زیاد دەکرێ و لە تەندەری نوێی کۆمپانیاش ژمارەی ژینگەپارێز کەمکراوەتەوە.
 
 ئاسۆ عومەر، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان بۆ پاککردنەوە، لە بەرپرسیار گوتی: "قەیرانی دارایی هۆکاری دواخستنی مووچەی ژینگەپارێزانە. مانگانە 300 ملیۆن دینار کە دەکاتە 60٪ـی پێشینەمان بۆ خەرج دەکرێ، کە تەنیا بەشی مووچەی ژینگەپارێزان دەکات."
 
شارەوانییەکانی راپەڕین، هۆکاری خەرجنەکردنی تەواوەتی پێشینەی کۆمپانیای پاککەرەوە بۆ بوونی کێشەی "نەبوونی نەختینە لە بانکەکان" دەگەڕێنێتەوە.
 
یاریدەدری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، لە بەرپرسیار، هۆکاری کەمکردنەوەی ژمارەی ژینگەپارێزان بۆ "پێویستیی سنوورەکە" گەڕاندەوە. ئەندازیار سەباح ئەنوەر، گوتی: "دەستوەردانمان کردووە لە نرخ، لە تەندەری نوێ کرێی ژینگەپارێز لە 400 هەزار کەمتر نابێ و ئاییندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێ."
 
بەهۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ژینگەپارێز، خاشاکێکی زۆر لە سنووری راپەڕین کەڵەکە بووە. سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان دەڵێت: "بەپێی زۆن کاردەکەین. رۆژێک زۆنێک کاردەکات و زۆنەکەی دیکە لەکار نابن. لە گەڕەکەکان رۆژ نا رۆژێک زبڵ هەڵدەگیرێتەوە."
 
سەرجەم ژینگەپارێزانی سنووری راپەڕین سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکانیان بەڵام "هیچ ژینگەپارێزێک بایکۆتی کاری "نەکردووە"  و رۆژانە زیاتر لە 6 کاژێر کاردەکەن. هەر 570 ژینگەپارێزی سنوورەکە"دەستەبەر کراون".