هەزار پارچە زەویی کارت لە سنووری هەولێر کێشەی تاپۆکردنیان هەیە

28 August 2024
هەزار پارچە زەویی کارت لە سنووری هەولێر کێشەی تاپۆکردنیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ 

هەزار پارچە زەویی کارت لە 2009 و 2010 وەک قەرەبووی زەویی کشتوکاڵی دابەشکران کە لە 2018ـەوە تاپۆکردنیان راگیراوە. کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "بە کەمتر لە مانگێک، کێشەکە چارەسەر دەبێت." 
زەوییە کارتەکان 14 ساڵە کێشەیان هەیە و تاپۆ ناکرێن. بەکر عەلی، یەکێک لە خاوەن زەوییە کارتەکان، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی "بەناوی 50 خاوەن کارتەە هاتوومەتە بەرنامە. حەوت ساڵە سێ پارێزگار، دوو وەزیر، چوار سەرۆک شارەوانی و وەزارەتم ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام چارەسەریان نەکردووە."
لیژنەی وردبینی بۆ کێشەکە پێکهێندراوە. سەرچاوەیەک لە کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، کەمتر لە مانگێک کێشەی ئەو پارچە زەوییانە چارەسەر دەکرێت و چاوەڕێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
ئەو زەوییە کارتانەی تاپۆ ناکرێن، کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە و هەندێ لە کڕیارانی زەوییەکان بە مەرجی "تاپۆکردن" کڕیویانە. ئیبراهیم یاسین، یەکێکی دیکە لە خاوەن زەوییە کارتەکان، لە بەرپرسیار گوتی "دوو کەس ئێستا داوای پارەم لێدەکەنەوە، ئەو کات بە 440 وەرەقەم کڕی، ئێستا نرخی تەنیا 120 وەرەقەیە. ئەگەر تاپۆ بکرێن کێشەی کۆمەڵایەتی نامێنێ."
ئەو زەوییانە ساڵانی 2009 و 2010 وەک قەرەبووی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە دابەشکراون کە کەوتوونەتە سنووری ماستەرپلانی شاری هەولێر، بەڵام ساڵی 2018 بەهۆکاری ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان پەسندکراو نین، تاپۆناکرێن، تەنانەت ئەوانەی رەزامەندیی تاپۆکردنیشیان هەیە راگیراون.
وڵات یاسین، پارێزەرە و شەش ساڵە کار لەسەر بەشێکی ئەو کەیسانە دەکات، لە بەرپرسیار گوتی "دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم لیژنەیەک بۆ دووبارە وردبینیکردن پێکهێنرا. ئەوانەی کێشەیان نەبوو تاپۆکران، زەوییە کێشەلەسەرەکانیش راگیران. لیژنەکە ئێستاش کارەکانی بەردەوامە و ئەوانەی گرێبەستی کۆنیان پەسندە تاپۆ دەکرێن، ئەوانەیشی کێشەیان هەیە، نووسراوێک کراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێی دوابڕیارن."
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە شەش ساڵی رابردوودا کار لەسەر 96 هەزار کارتی زەوی کراوە و 71 هەزاریان وێنەی تۆماریان بۆ ئامادەکراوە.