چەند گەڕەکێک لە هەولێر کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و بەرپرسانیش بەڵێنی چارەسەرکردنی دەدەن

27 August 2024
چەند گەڕەکێک لە هەولێر کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و بەرپرسانیش بەڵێنی چارەسەرکردنی دەدەن

بەشێک لە هاونیشتمانییان لە گەڕەکەکانی 32ـی پارک، دارەتووی نوێ و بەحرکە لە هەولێر کێشەی کەمئاوییان هەیە. هاونیشتمانییەک لە بەحرکە دەڵێت، "زستان و هاوین ئاو دەکڕین". بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریش پلانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە هەیە.
 
14 خێزان لە گەڕەکی 32ـی پارک چەند هەفتەیەکە ئاوی خاوێنیان نییە. کاروان مستەفا، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە لە بەرنامەی بەرپرسیار-ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، " لە مانگی شەشەوە ئاو نەگەیشتووەتە ماڵم. یەک تانکەر بە 60 هەزار دینار دەکڕین و ئەویش بەشی چوار رۆژ دەکات؛ هەفتەی دووجار ئاو دەکڕین".
 
چەندین ماڵیش لە گەڕەکی دارەتووی نوێ کێشەی کەمئاوییان هەیە. فاخیر عەبدوڵڵا، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە لە بەرپرسیاردا گوتی، "بەهۆی بێ ئاوییەوە بەدوای خانوودا دەگەڕێم و ماڵم دەگوازمەوە. گەڕەکەکەمان هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، بەڵام بێئاوی هەموو خزمەتگوزارییەکانی دیکەی لەبیر بردووینەتەوە. ئەو ئاوەی دەیکڕین نازانین پاکە یان نا و بۆ خواردن و خواردنەوەش بەکاری دەهێنین". 

بەشێکی گەڕەکی بیرانیش لە بەحرکە بێ ئاوە. دیدار عەزیز، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە لە بەرپرسیاردا گوتی، "زستان و هاوین ئاو دەکڕین. زیاتر لە 45 ماڵ بێ ئاوین و تانکەرێک بە 30 هەزار دینار دەکڕین."

عیسا سەلیم، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی نەهێشتنی زێدەڕۆ لە شارەوانیی هەولێر یەکێک لە هۆکاری ئەو کەم ئاوییەی بۆ زێدەڕۆ گەڕاندەوە و گوتی، "هەرکەسێک پشکی ئاوی زیاتر لە خۆی راکێشاوە دەبێ لیژنەی زێدەڕۆ سزای سەرپێچیکاران بدات."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر سەرقاڵی داڕشتنی پلانی پڕۆژەی راکێشانی هێڵی ئاوی پاکە لە بەنداوی گۆمەسپانەوە بۆ گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی هەولێر. 
 
عیماد عەلی، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، "2%ـی گەڕەکی 32ـی پارک کێشەی ئاوی هەیە و بیرێکی نوێیان بۆ لێدەدرێ. هەر شوێنێک زێدەڕۆیی کردبێتە سەر هێڵی ئاو، لیژنەی زێدەڕۆ لایدەبات. هاونیشتمانییانی هەر گەڕەکێک لە هەولێر گرفتی بێ ئاوییان هەیە یان بیری گەڕەکەکەیان کێشەی هەیە، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."