21 فێنککەرەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە لەکارکەوتوون

27 June 2024
21  فێنککەرەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە لەکارکەوتوون

لە 2010 رێکخراوێکی یابانی فێنککەرەوەکانی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجەی دروستکرد، ئێستا لە کۆی 24 فێنککەرەوە، تەنیا 3 فێنککەرەوەیان کاردەکەن. تەندروستیی هەڵەبجە زیاتر لە ساڵێکە داوای لە وەزارەتەکەی کردووە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.

دکتۆر سەرمەد عیسا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و تازەلەدایکبووان، رۆژانە نەخۆشی ئەو نەخۆشخانەیە دەبینێت، وەک باسیدەکات، بەردەوامبوونی دۆخی گەرمای نێو نەخۆشخانەکە "مەترسیی بۆ سەر نەخۆش زیاتر دەبێت. منداڵ دەخەوێنرێت بۆ باشبوون، بەڵام مانەوەی لەم پلە گەرمایە دۆخی خراپتر دەکات."

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە، لەبەرامبەر وەڵامنەدانی داواکاریی چاککردنی فێنککەرەوەکانیان، رەخنە لە وەزارەتەکەی دەگرێت. ئاراس حەمە سەعید، دەڵێت: "نووسراوەکانمان لە وەزارەتی تەندروستیی دوایین نووسراوە و وەڵاممان نادەن. بەدواداچوون بۆ نووسراوەکەمان دەکەم."

فێنککەرەوەکان 14 ساڵە سیانە نەکراون. بە گوتەی ئەندازیارێکی نەخۆشخانەکە، هۆکاری سیانە نەکردنیان "کەمیی کارمەندە". 

هێمن عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە هەموو تەندروستیی هەڵەبجە تەنیا سێ ئەندازیار هەن. ساڵێکە دەرخستەمان کردووە و داوای چاککردنەوەی فێنککەرەوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی کەمترین خەرجی تێبچێ."

نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە 14 ساڵە دروستکراوە و تەنیا نەخۆشخانەی تايبەت بە ژنان و منداڵانە لە پارێزگاکە.